به‌ڵێ بۆ ئه‌وه‌ى ئیسلام ده‌ستوور بێت
بەروار: 2015/07/20سەردارن: 3660نوسەر: له‌ لایه‌ن چه‌ند مامۆستایه‌كى سه‌له‌فییه‌وه‌

به‌ڵێ بۆ ئه‌وه‌ى ئیسلام ده‌ستوور بێت
په‌یامێك بۆ لیژنه‌ى نوسینه‌وه‌ى ده‌ستوور
له‌ لایه‌ن چه‌ند مامۆستایه‌كى سه‌له‌فییه‌وه‌
به‌ ناوى خوداى به‌خشنده‌ى مهیره‌بان

به‌ڕێزان ئه‌ندامانى لیژنه‌ى نوسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان :
السلام علیكم ورحمة الله وبركاته
به‌ڕێزان : ئه‌وه‌ى به‌ ئێوه‌ سپێردراوه‌ بێ گومان كارێكى ئاسان نیه‌، به‌ڵكو به‌رپرسیارێتێكى قورس و گرانه‌ له‌به‌رده‌م خوداى گه‌وره‌ و خه‌ڵك و مێژووشدا، چونكه‌ به‌و كاره‌تان قسه‌ له‌ ئایدۆلۆژیا و ئه‌خلاَق و سیاسه‌ت و ئابورى و ژیان و دواڕۆژى خه‌ڵك ده‌كه‌ن و ده‌نوسنه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌رێمێكدا كه‌ زۆرینه‌ى زۆرى دانیشتوانه‌كه‌ى موسڵمانن وه‌ خاوه‌نى زیاتر له‌ پێنج هه‌زار مزگه‌وت و هه‌زاره‌ها مامۆستاى ئایینى و چه‌ندین كه‌له‌پور و شوێنه‌وارى ئیسلامى و پیاوان و ژنانى هه‌ڵكه‌وتوو و كه‌سایه‌تى شكۆدار و مێژوویه‌كى زێڕینن .
به‌ڕێزان : ئاینى پیرۆزى ئیسلام ئاینێكى كامڵ و ته‌واو و گشتى یه و نێردراوى خواى ئاسمانه‌كان و زه‌وى و هه‌موو بونه‌وه‌ره‌، وه‌ كۆتا ئاینى ئه‌و خودایه‌یه‌ و ئه‌ویش باش ده‌زانێت چى بۆ دروستكراو و به‌نده‌كانى شیاو و به‌كه‌ڵكه‌ بۆیان ، وه‌ ناكرێت باوه‌ڕمان پێى هه‌بێـت كه‌ دروستكارمانه‌ بەڵام شه‌ریعه‌ت و یاسا و حوكم هى ئه‌و نه‌بێت یان پێچه‌وانه‌ى فه‌رمانى ئه‌و بێت وه‌ك له‌ قورئانى پیرۆزدا ده‌فه‌رموێت : [أَلَا لَهُ الْخَلْقُ وَالْأَمْرُ] واته‌ : وریابن دروست كردن و فه‌رمان و شه‌ریعه‌ت ته‌نها تایبه‌تى ئه‌وه‌ ، یان ده‌فه‌رموێت : [إِنِ الْحُكْمُ إِلا لِلَّهِ] واته‌ : حوكمى وه‌رگیراو ته‌نها هى خوایه‌ ، وه‌ به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م ڕاستیه‌ زۆره‌، بەڵام به‌داخه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى موسڵمانان له‌ لایه‌ن دوژمنه‌كانیانه‌وه‌ گیرۆده‌بوون و ئه‌وان ده‌ست وه‌رده‌ده‌ن له‌ هه‌موو كاره‌كانیان.
به‌ڕێزان : ئیسلام له‌ لایه‌ن خواى گه‌وره‌وه‌ كامڵ كراوه‌ وه‌ك ده‌فه‌رموێت : اليوم أكملتُ لكم دينكم وأتـممتُ عليكم نعمتي ورضيتُ لكم الإسلام دينا واته‌ : ئاینه‌كه‌تانـم بۆ كامڵ كردووه‌ و نیعمه‌تى خۆمم بۆ ته‌واو كردن (كه‌ نیعمه‌تى به‌رنامه‌ى ژیانه‌) وه‌ ڕازیم كه‌ ئیسلام ئاینتان بێت .
ته‌نانه‌ت یه‌هودیه‌كان و نه‌یاره‌كانى تریش سه‌رسام بوون به‌م ئایه‌ته‌ و كامڵێتى به‌رنامه‌ى ئیسلام وه‌ك هه‌ندێكیان به‌ پێشه‌وا عومه‌ریان وتوه‌ : (آيةٌ في كتابكم لو علينا معشر اليهود نزلت لاتخذنا ذلك اليوم عيدا) . واته‌ : ئایه‌تێك له‌ قورئانه‌كه‌ى ئێوه‌دا هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر ئێمه‌ى گرۆى جوله‌كه‌دا دابه‌زیبا ئه‌وا ڕۆژى دابه‌زینى ئه‌و ئایه‌ته‌مان ده‌كرد به‌ جه‌ژن .
یان بێ باوه‌ڕ و موشریكه‌كان به‌ سه‌لـمانى فارسیان وت وه‌ك له‌ صه‌حیحى موسلیمدا هاتووه‌ : (په‌یامبه‌ره‌كه‌تان هه‌موو شتێكى فێر كردوون ته‌نانه‌ت شێوه‌ى دانیشتنیش له‌ سه‌رئاودا، ئه‌ویش به‌ شانازیه‌وه‌ فه‌رمووى: به‌ڵێ، ...) .
كه‌وا بوو به‌ڕێزان ئه‌بێت ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرن به‌ جیاوازى له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له‌ وڵاتانى تر كه‌ ئاینه‌كه‌یان ئاینى ئیسلام نیه‌ وه‌ دانیشتوانیشیان به‌م ڕێژه‌یه‌ موسڵمان نین.
ئێمه‌ ده‌پرسین ئێوه‌ ده‌ستوور بۆ كێ ده‌نووسن؟ مه‌گه‌ر بۆ گه‌لى كورد نیه‌ كه‌ زۆرینه‌یان موسڵمانن؟
یان بۆ كه‌سانێكى كه‌م كه‌ بیروباوه‌ڕى نامۆیان هه‌یه‌ وه‌ له‌وانه‌یه‌ نوێنه‌رایه‌تى خه‌ڵكى كوردستانیش بكه‌ن له‌ په‌رله‌مان یان له‌ ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان، به‌لێم ئه‌وه‌ ئه‌وانه‌ ئه‌بێت بزانن له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ بێباوه‌ڕ و دژى ئیسلامن به‌ڵكو له‌به‌ر كوردبونیانه‌ یان له‌ نێو حزباكانه‌وه‌ هه‌ڵبژێراون و ملمانێى حزبه‌كان هۆكاره‌ ئه‌گینا ئه‌گه‌ر وه‌ك كه‌سانى بێ ئاین و چه‌پ و سیكۆلار خۆیان كاندید بكه‌ن ئه‌وه‌ ئه‌و متمانه‌یه‌ به‌ده‌ست ناهێنن، باشترین نـمونه‌ش سه‌رنه‌كه‌وتنى حیزبه‌ ئیلحادی و كۆمۆنیسته‌كانى كوردستانه‌ .
بۆ مه‌گه‌ر زۆربه‌ى لایه‌نگرانى حیزبه‌ كوردستانیه‌كان موسڵمان نین؟ كه‌وابوو نوێنه‌راكانیان ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌به‌رچاوبگرن ئه‌و متمانه‌یه‌ى پێیان به‌خشراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ نیه‌ دژى ئایدۆلۆجیاكانیان كار بكه‌ن .
هه‌روه‌ها كه‌مینه‌یه‌كى كه‌م كه‌ ئیسلام (وه‌ك ئایدۆلۆژیا و شه‌ریعه‌ت و یاسا) قه‌بوڵ نیه‌ ، نابێت زوڵم له‌ زۆرینه‌یه‌كى ڕه‌ها بكات وه‌ ببێته‌ هۆكارى توندوتیژى و پێشێلكردنى مافى خه‌ڵكی موسڵمانی كوردستان .
ئه‌نجا هه‌ندێ له‌وانه‌ى خۆیان به‌ ڕۆشنبیر ده‌زانن به‌ شێوه‌یه‌ك وێناى غه‌رب ده‌كه‌ن كه‌ دیـموكراسیه‌ت و مه‌ده‌نیه‌ت به‌ ته‌واوه‌تى به‌رقه‌راره‌و پێویسته‌ ئێمه‌ش لاسایى ئه‌وان بكه‌ینه‌وه‌! له‌ ڕاستى دا ئه‌مه‌ وا نیه‌ با هه‌موو لایه‌ك ئه‌مه‌ بزانن.
وه‌ نابێت نوسینه‌وه‌ى ده‌ستوور ببێته‌ ده‌سته‌واژه‌ و هۆكارێك بۆ به‌ده‌ستهێنانى خواستى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند كه‌س و لایه‌نێك كه‌ كه‌مینه‌یه‌كى كه‌من له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى موسڵماناندا، وه‌ نابێت ببێته‌ هۆكارى دوورخستنه‌وه‌ى ئاینى ئیسلام كه‌ دینى زۆرینه‌ى خه‌ڵكى كوردستانه‌ ئه‌گه‌ر ڕاسته‌ دیـموكراسیه‌ت زۆرینه‌ له‌به‌رچاو ده‌گرێت؟ بۆ مه‌گه‌ر زۆرینه‌ى خه‌ڵكى كوردستان موسڵمان نین؟
مه‌سه‌له‌یه‌كى تریش ئه‌گه‌ر بگوترێت كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تى و ئاینه‌كانى تر جگه‌ له‌ ئیسلام زیانیان پێ ده‌گات ئه‌گه‌ر ئیسلام سه‌رچاوه‌ى ده‌سه‌ڵات و یاسادانان بێت یان سه‌رچاوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى بێت بۆ ته‌شریع! ئه‌مه‌ش وانیه‌، چونكه‌ له‌سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌هاى ئیسلامدا پێكه‌وه‌ ژیان هه‌بووه‌ و مافى هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌سته‌به‌ر كراوه‌، وه‌ له‌ ئێستاشدا ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ماده‌ى 6 له‌ ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان ساڵی 2006 وه‌ هه‌مواركراو له‌ ساڵی 2009 هه‌مان شتى ده‌سته‌به‌ر كردووه‌ وه‌ك ئه‌ڵێ : (ئه‌م ده‌ستووره‌ ئیقرارى ئه‌وه‌ ده‌كات وه‌ ڕێز له‌ شوناسى ئیسلامى زۆرینه‌ى گه‌لى كوردستانى عێراقى ده‌گرێت ...) .
به‌ڵام هه‌ندێ له‌ چه‌په‌كان و عه‌لـمانیه‌كان هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن ئه‌م مادده‌یه‌ له‌ ده‌ستوردا هه‌ڵگرن وه‌ ده‌ستورى كوردستان وه‌ك ده‌ستورى ئه‌مریكى و فه‌ره‌نسى لێ بكه‌ن وه‌ پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى به‌ گومانى خۆیان به‌وه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌ ، به‌ڵام سێ وه‌ڵامـمان هه‌یه‌ :
یه‌كه‌م : ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ده‌ستووری ولاَتی میسر بكه‌ین كه‌ هه‌زاره‌ها ساڵه‌ ولاَته‌ ، له‌مادده‌ی (دوو) دا هاتووه‌ كه‌ ده‌ڵێت : (الإسلام دين الدولة واللغة العربية لغتها الرسمية ومبادئ الشريعة الإسلامية المصدر الرئيسي للتشريع)، وه‌ له‌ماده‌ی (سێ)دا هاتووه‌ كه‌ ده‌ڵێت : (مبادئ شرائع الـمصريين من المسيحيين واليهود المصدر الرئيسي للتشريعات المنظمة لأحوالهم الشخصية وشؤنـهم الدينية ...).
ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنج بده‌ین ڕێژه‌ی كه‌مه‌ ئاینه‌كان له‌و ولاَته‌دا (20%)، وه‌ له‌كاتی نوسینی ده‌ستووردا نه‌یانتوانیوه‌ ڕۆڵ و پێگه‌ی ئیسلام له‌بیر بكه‌ن ، به‌ڵكو ئیسلامیان به‌سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی یاسادان داناوه‌ ، به‌لاَم هه‌ندێك كه‌س له‌ هه‌رێمی كوردستان فرمێسكی تیمساحی ده‌ڕێژن به‌وه‌ی كه‌ باسی كه‌مه‌ ئاین و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌كه‌ن (ئه‌گه‌ر زۆرترین ڕێژه‌یان بۆ حساب بكه‌ین ده‌بینین له‌ (3%) تێناپه‌ڕن) تاوه‌كو ببێته‌ هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و نه‌هێشتنی ڕۆڵی ئیسلام له‌ ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستاندا ، كه‌وابوو نابێت ڕێگه‌ بدرێت به‌ هه‌ندێ له‌ سیكیولاره‌ تووندڕه‌وه‌كان به‌ ناوی مه‌ده‌نیه‌ت و مافی كه‌مینه‌كانه‌وه‌ بۆچونی خۆیان به‌سه‌ر به‌ڕێزان لیژنه‌ی ده‌ستور و ده‌ستوردا بسه‌پێنن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر واش بكه‌ن ئه‌وه‌ دڵنیابن به‌ فلته‌ری ڕاپرسی جه‌ماوه‌ردا تێپه‌ڕ نابێت، بۆیه‌ داواكارین له‌ به‌ڕێزتان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌تان پشگیری له‌ ئیسلام ده‌كه‌ن كه‌ ڕۆڵی كارای هه‌بێت له‌ ده‌ستوردا به‌ شتی لاوه‌كی و لاواز ڕازی نه‌بن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی زۆرنه‌ی خه‌ڵكی موسڵمان نه‌بوو با بـخرێته‌ به‌رده‌ستی جه‌ماوه‌ر بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ری نه‌ك خنكاندن و له‌باربردنی له‌ نێو لیژنه‌یه‌كدا كه‌ له‌وانه‌یه‌ زۆرێكیان باگراوندێكی ئیسلامییان نه‌بێت .
دووه‌م: زۆرینه‌ى وڵاتانى دیـموكراسى له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا كڵێساكان حوكم ده‌كه‌ن له‌ پرۆسه‌ ڕامیارى و دیـموكراسیه‌كاندا وه‌ك ڕلفرید إستیڤان ده‌ڵێت : زۆربه‌ى ولێتانى ئه‌سكه‌ندینافیا كڵێسایان هه‌یه‌ و كڵێساكانیان ڕۆڵى به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌ دانانى بڕیاردا له‌ هه‌ردوو ئاستى ته‌شریعى و جێ به‌ جێ كردنیشدا، بۆ نموونه‌ مادده‌ى دوو له‌ ده‌ستورى وڵاتى نه‌رویج دیانه‌تى ئینجیلى (اللوثریه) به‌ ئاینى فه‌رمى ولێت داده‌نات، وه‌ پێویستیشه‌ دانیشتوانى وت نه‌وه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌و بیرباوه‌ڕه‌ په‌روه‌رده‌ بكه‌ن .
وه‌ له‌ مادده‌ى چواردا له‌و وڵاته‌ ئه‌ڵێت : پێویسته‌ پاشا له‌ هه‌ڵگرانى بیرباوه‌ڕى كڵێساى ئینجیلى له‌وثرى بێت .
وه‌ ده‌ستورى دانیماركى ئه‌وه‌ پێویست ده‌كات كه‌ كڵێسا ئینجیلى (اللوثریه‌) بریتیه‌ له‌ كڵێساى فه‌رمى وڵات، وه‌ ده‌ستورى دانیماركى ئه‌وه‌ پێویست و واجب ده‌كات كه‌ له‌ ده‌ستوردا سه‌رۆكى وڵات و پادشا له‌ شوێنكه‌وتوانى كڵێساى ئینجیلى له‌وثرى بن، هه‌روه‌ها وڵاتى ئایسله‌نداش .
وه‌ وڵاتى به‌ریتانیاش چه‌ند یاساى تێدایه‌ ئه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ پادشا له‌ شوێنكه‌توانى كڵێساى ئینجیلى بریتانی بێت، به‌ڵكو قه‌رارێكى ڕاشكاویان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵگرانى بیروباوه‌ڕى كاسۆلێكى شایسته‌ و مافى ئه‌وه‌یان نیه‌ ده‌سه‌لێتى به‌ریتانیا به‌ده‌سته‌وه‌ بگرن .
وه‌ ده‌ستورى یۆنانیش ئه‌وه‌ى تۆمار كردووه‌ كه‌ ئاینى ئه‌رسه‌زۆكسى شه‌رقى ئاینى فه‌رمى وڵاته‌، به‌ڵكو ماده‌یه‌كیان هه‌یه‌ كه‌ یاساغى ده‌كات هه‌ركه‌س سوكایه‌تى به‌ ئاینى وڵات بكات توشى لێپێچینه‌وه‌ى یاسایى ده‌بێت، هه‌روه‌ها ئیسپانیاش.
وه‌ ئیماراتیش له‌ ماده‌ى حه‌وت دا ده‌ڵێت : (إن الإسلام هو الدین الرسمي للاتحاد)، وه‌ مالیزیاش له‌ ماده‌ى سێدا ده‌ڵێت : (أن الإسلام هو دين الاتحاد ولكن الديانات الأخرى يـمكن أن تمارس في سلام و وئام في أي جزء من الاتـحاد).
وه‌ ده‌ستورى تایله‌ندش له‌ 2009 له‌ ماده‌ى 9 ده‌ڵێت: (إن الـملك هو البوذية والداعم للأدیان).
ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژاردنى رونالد ریغان و جورج بوشى كوڕ و باوك بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا به‌ پاڵپشتى بزوتنه‌وه‌ى ئینجیلى ئوسولی بووه‌ .
سێیه‌م : هه‌وڵ و بانگه‌شه‌ بۆ داڕنینى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى له‌ مۆركى ئیسلامى بوون وه‌ دره‌خستنى ئه‌وه‌ى كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى بێ ئاینه‌وه‌ و پابه‌ند نیه‌ به‌ هیچ ئاینێكه‌وه‌ هه‌وڵێكى دۆڕاو و ترسناكه‌، وه‌ باجه‌كه‌ى زۆر قورس ده‌بێت، بۆ نموونه‌ : ئه‌گه‌ر ته‌ماشاى دراوسێكانـمان بكه‌ین له‌وانه‌: ئه‌زموونى كه‌مالى له‌ توركیا وه‌ په‌هله‌وه‌ى له‌ ئێران وه‌ بورقێبی له‌ تونس ده‌بینین چه‌ند نـمونه‌یه‌كى زیندوون كه‌ سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌، به‌ڵكو بوونه‌ به‌ مایه‌ى ڕق و كین و كوشتارى هاولێتیان و له‌ده‌ستدانی تواناكانی ئه‌و ولێتانه‌ ، وه‌ ئه‌مه‌ش مه‌به‌ستى نه‌یارانـمانه‌ ـ به‌داخه‌وه‌ ـ به‌ڵام زۆر كه‌س نازانێت .
ئه‌وجا به‌ڕێزان : ئیسلامێك كه‌ ئاینى خودا بێـت وه‌ خاوه‌نى چه‌ندین سه‌رچاوه‌ى ته‌شریعى بێت، وه‌ سه‌ده‌ها ساڵ حوكمى به‌شێكى زۆرى سه‌ر ڕووى زه‌وى كردبێت ، وه‌ شتێكى جیانه‌بوو و دانه‌بڕاوى مێژووى میله‌ته‌كه‌مان بێت له‌ ئه‌دیبان و شاعیران و سیاسه‌تـمه‌داران و زانایان وه‌ ئێستاشى له‌گه‌ڵ بێت بۆ ده‌بێت پشتى لێ بكه‌ین ؟ وه‌ له‌سه‌ر داواى كێ ؟ وه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان چین بۆ دونیا و دواڕۆژمان ؟ ئه‌نجا ده‌كرێت ئه‌وه‌نده‌ به‌ سوك و ڕیسوا ته‌ماشاى هه‌زاران ساڵى خۆمان بكه‌ین وه‌ك هه‌ندێ كه‌سى نا مه‌سئول هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ بێ َئاینى له‌ خه‌ڵك بكه‌ن به‌ ئاینێكى تر؟!

بۆیه‌ له‌ كۆتایدا به‌ڕێزتان ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ پشتگوێ خستنى ئیسلام زۆر گه‌وره‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌:
1 / ئیسلام ئاینى خودایه‌، وه‌ خوداش ته‌نها به‌ ئیسلام ڕازیه‌ .
2 / ئیسلام ئاینى زۆرینه‌ى خه‌ڵكه‌ و خه‌ڵكیش ده‌ستبه‌ردارى نابن، وه‌ لێره‌شه‌وه‌ ناكۆكى و دووبه‌ره‌كى له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا نابڕێته‌وه‌.
تا كه‌سێك باوه‌ڕ به‌ زه‌واجى عورفى بكات هه‌زاران كه‌س (استغفر الله) ده‌كه‌ن ! تا كه‌سێكى ڕیزپه‌ڕ (شاذ) باوه‌ڕى به‌ سێكسى هاوڕه‌گه‌ز هه‌بێـت هه‌زاران كه‌س نه‌فره‌تى لێ ده‌كه‌ن!
پێمان ناڵێن چى له‌ میرات و ته‌لاق و نیكاح و باری كه‌سێتى ده‌كه‌ن كه‌ وڵاتانى وه‌ك تونس و توركیا و ئێران زۆریان هه‌وڵدا به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان به‌ بادا چوو وه‌ باج و قوربانى سه‌ختیان له‌و پێناوه‌دا دا .
هیوامان وایه‌ كه‌ ئه‌م په‌یامه‌ ببێته‌ مایه‌ی به‌رقه‌راربوونی وڵاتێكی موسڵمانی پڕ خۆشی و ئارامی و پێكه‌وه‌ژیان بۆ هه‌مووان .
والسلام علیكم ورحمة الله وبركاته .

له‌ لایه‌ن چه‌ند مامۆستایه‌كى سه‌له‌فییه‌وه‌
21 / 7 / 2015