كێ دروستكار و به‌دیهێنه‌ره‌ ؟؟ ئەی بێ دینی لافلێدەری ئەقڵ و ژیری !!
بەروار: 2017/01/17سەردارن: 2072نوسەر: باوكى عمر

ـ موسوڵمانی خۆشەویست براكەم ئەی ئەو كەسەی كە گومان لە دین و ئایینەكەت دەكەیت ـ ئایینێك كە خالق و بەدیهێنەرەكەت ناردوویەتی ، وە بە باشترینی مەلائیكەتەكانیدا دەیبەزاندووە بۆ پێغەمبەرێك كە باشترینی هەموو مرۆڤەكانە ـ بە هۆی شوبهە و گومانی هەندێ بێ دینی بە ناو ڕۆشنبیری دنیا و قیامەت دۆڕاوەوە .
ـ ئەی ئەو كەسەی كە ڕێگای بێ دینی و ئیلحادت گرتووەتە بەر ، و وا دەزانی بێ دینی و ئیلحاد ڕێگای ڕۆشنبیری و زانست ، و سەرفرازی ، و دەسكەوتنی خۆشی دونیا و هەتا هەتایی یە ، یان بۆ دەسكەوتنی ماڵ و سامان و پلە و پایە و دەسكەوتنی چیژ و خۆشی و ڕابواردن ڕێگای بێ دینی و ئیلحادت هەڵبژاردووە ، بگەرێوە بۆ لای خالق و بەدیهینەر و پەرەستراوەكەت كە تەنها ئەو شایستەی پەرەستنە ، بگەڕیوە پێش ئەوەی مردن بگاتە قورگت و قیامەتت بەسەردا بێت پێش ئەوەی ڕیگای پەشیمانی و گەڕانەوە و دەربازبوونت دابخرێ ، بگەڕێوە و مراجعەیەكی خۆت بكە و بزانە چ ڕێگایەكت گرتووەتە بەر ، ئایە ڕێگاكەت ڕێگای سەركەوتن و سەرفرازی و خۆش بەختی هەتاهەتایی یە بۆ دوای مردنیش ، یان ڕێگاكەت ڕێگای بەدبەختی چارە ڕەشی ئاخر شەری و سەرشۆڕی هەتاهەتایی یە ،خۆت فریو مەدە و ڕێگەش مەدە فریو بدرێیت و لە خشتە ببرێی ، فریو مەخۆ بە خۆشییە كاتێكانی دونیا ئەگەر هەبوو ، فریو مەخۆ و با لە خشتە نەبرێیت بە قسەی ڕەونەقدار و ڕازاوەی كەسانێك كە دۆزەخیان بۆ خۆیان مسۆگەر كردووە دەیانەوێ شەیتان ئاسا تۆش لەگەڵ خۆیان ببەن ، هەروەك چۆن شەیتان كە خوای پەروەردگار غەزەبی لێ گرتوو ، و بە نەفرەتی كرد ئەویش پەیمانی بە خوا دا كە نەوەكانی ئادەم لە خشتە ببات لە خوا ناسی و خواپەرەستی و ڕێگای ڕاست و دروست دوریان بخاتەوە ، وە دوای ئەوەی كە خۆی توشی نەفرەت و غەزەب و توڕەیی خوا كرد بە هۆی بێ باوەڕبوونی بە خوا و سەرپێچی كردنی فەرمانی خوا ، ئیتر پێی خۆش نەبوو و نی یە هیچ كەسێك سەرفراز و سەركەوتووی دنیا و دوا ڕۆژبێت و كەسێكی بەهەشتی بێت و خوا لێی ڕازی بێت ، دەیەوێت هەموو كەس هەروەك خۆی بەدبەخت و ئاخر شەڕ و ڕسوای دنیا و دواڕۆژ بێت و دۆزەخیش ماڵ و جیگای تاهەتایی بێت ، وە خواش لێی ناڕازی بێت و لە توڕەیی سزای توند و بەردەوامی خوا پەروەردگاردا بە هەتاهەتایی بمێنێتەوە ، پاشانیش دوای ئەوەی كە كە بێ دینی و بێ باوەڕییەكەی پێ ئەنجامدای بەرائەتی خۆیت لێ دەكات و دەڵێت : [ إِنِّي بَرِيءٌ مِنْكَ إِنِّي أَخَافُ اللَّهَ رَبَّ الْعَالَمِينَ ] [الحشر: 16] .
ـ ئەی موسوڵمانی خۆشەویست براكەم ئەی ئەو كەسەی دەستگرتووی بە دینەكەتەوە ، و بێ دینەكان وازت لێ ناهێنن دەیانەوێت لە دینەكەت پاشگەزت بكەنەوە و لەسەر ڕێگا ڕاستەكە لات بدەن .
ـ ئەی ئەو كەسەی تووشی شوبهە و گومان بوویت و بەرەو بی دینی هەنگاو ئەنێیت ، شوبهە وگومانت بۆ دروست بووە ، شوێنی شوبهە و گومانی كەسێك مەكەوە كە تا ئیستاش نازانێت خۆی چی یە و لە چیەوە دروست بووە و كێ دروستی كردووە لە كوێوە هاتوو و بۆ كوێ دەچیت ، و دەبێت چی بكات لە چیش خۆی بپارێزێ ، نازانێت كام ڕێگایە بەرەو سەربەرزی سەرفرازی دەی باتوو كام ڕێگاشە سەرشۆڕی دونیا و دوا ڕۆژی دەكات .
ـ ئەی بێ دینی هەنگا و هەڵگرتوو لەسەر بێ دینی ، دەتەوێت نكۆڵی و یاساغی لە چی بكەیت دەتەوێت بۆ كوێ خۆت و خەڵكییش ببەیت ، و تووشی چ ئاخر شەڕی و ڕسواییەك ببێت و خەڵكیش لەگەڵ خۆت تووش بكەیت دەتەوێ تاوانی كوفری چەن كەسی تر هەڵگری ، لافی عەقڵ و ژیری لێ دەتەیت و بانگەشە دەكەیت بۆ شتێك كە پێچەوانەی هەموو عەقڵ و ژیرییەكە ، جا با بزانین لە كوێی عەقڵ و ژیریدا كۆ دەبیتەوە و هەیە دروستكراوی بە بێ دروستكار و داهینەر .
پەرەستراومان ـ الله ـ عەقڵ و ژیری پێ بەخشیوین بۆ ئەوەی بە هۆیەوە بیر بكەینەوە و خالق و پەرەستراوی خۆمان بدۆزینەوە ، و چاك و خراپ لە یەك جیا بكەینەوە ، و ڕێگای ڕاست و دروست لە ڕێگای چەوت و خوار جیا بكەینەوە ، و ئەوەی چاك و خیرە و دروست و ڕاستە بۆ دین و دنیا وەری بگرین و ئەنجامی بدەین و ئەوەیشی كە خراپ و شەڕ و چەوتە ئەنجامی نەدەین و لێ ی دووربكەوینەوە و لەسەری نەڕۆین .
بێگومان ئەقلێك كە نەخۆش نەبێت و ژەهری شوبوهات و شەهەواتی تێ نەكەوتبێت و تێكەڵ نەبووبێ دان بە هەموو حەق و ڕاستییەكدا دەنێت و وەری دەگرێ ، وە هەموو ناڕەوا و ناڕاستییەكیش ڕەددەكاتەوە .
جا با بزانین ئەی بێ دینی لافلێدەری عەقل و ژیری بە چ عەقڵ و ژیری و تێگەیشتنێك لافی ئەوە لێ دەدەیت كە خوا دروستی نە كردووی ئایە تا ئێسا نەتزانیوە كە بێگومان تۆی دروستكراو پێویستت بە دروستكار و بەدیهێنەرە ؟؟؟ یان باوەڕت وایە كە لە هیچەوە دروست بوویت ؟؟؟ ئایە هیچ دەتوانێت ببێت بە شت و شتیش دروست بكات ؟؟؟ یان باوەڕت وایە كە خۆت هیچ بوویت پاشان خۆت لە هیچەوە خۆت دروستكرد ؟؟؟
خوای پەروەردگار نكۆلی ئەوەتان لێ دەكات و قسە لەگەڵ عەقڵ و ژیریتان دەكات بۆ ئەوەی بیر بكەنەوە كە ئیوە لە هیچەوە دروست نابن و خۆشتان ناتوانن خۆتان دروست بكەن ، وە عەقڵیشتان ڕیگەتان پێ نادات كە باوەڕتان وا بێت ، بەڵكو عەقڵ و ژیریتان دان دەنێت بەوەدا كە دروستكار و بەدیهینەری ئێوە ( الله ) یە سبحانه و تعالی ، خوای پەروەردگار دەفەرموێ : [ أَمْ خُلِقُوا مِنْ غَيْرِ شَيْءٍ أَمْ هُمُ الْخَالِقُونَ ] [الطور: 35] واتە : ئایە ئەوانەی دان بە پەرەستراوێتی و خالقێتی خوای پەروەدگاردا نانێن لە هیچەوە دروست بوون و هاتنەكایەوە ، یان خۆیان خۆیانیان دروستكردوو خۆیان بەدیهینەر و دروستكارن .
بێگومان هەرچەندە نكۆڵی بكەن و دان بە خالقێتی خوای پەروەردگاردا نەنێن و بە دەم هەر دژایەتی بكەن ، ئەوەی دەیكەن هیچ نی یە تەنها ئەوە نەبێت كە درۆ لەگەڵ نەفس و عەقڵی خۆتاندا دەكەن و شتێك دەردەبڕن و دەیڵێن كە پێچەوانەی ناخ و دڵتانە و بەو كارەشتان توڕەبوون و سزای خوا ، و بە هەتا هەتایی مانەوە لە دۆزەخ بۆ خۆتان مسۆگەر دەكەن ، ئێوەش فیرعەون ئاسا نكۆلی لە شتێك دەكەن كە لە ناخ و دڵەوە تەواو بڕواتان پێیەتی و دانی پێدا دەنێن وەك خوای پەروەردگار لە بارەی فیرعەون و دارودەستەكەیەوە دەفەرموێ : [ وَجَحَدُوا بِهَا وَاسْتَيْقَنَتْهَا أَنْفُسُهُمْ ظُلْمًا وَعُلُوًّا فَانْظُرْ كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الْمُفْسِدِينَ ] [النمل: 14] . واتە : فیرعەون و دارودەستەكەی نكۆڵی بوون و خالقێتی و پەرەستراوێتی خوایان دەكرد لە كاتێكدا كە لە دڵ و ناخیاندا بێ گومان دڵنیابوون لە بوون و خالقێتی و پەرەستراوێتی خوا ، ئەم نكۆڵی كردنەیان بە ستەم و زوڵم كردن داننەنان بە هەق و ڕاستی و خۆ بە گەورە و زلزانینیانەوە بوو ، ببینە و سەیركە و تێڕامێنە و بزانە كە كۆتایی ئاخرەتی كەسی خراپەكار چۆنە .
بێ گومان ئێوەش وەك فیرعەون بێ باوەڕی و زوڵم و ستەم و كیبر و خۆ بەزلزانینتان هۆكارە بۆ نكۆلیكردنتان و دان نەنانتان بە خالقیتی و پەرەستراوێتی خوای پەروەردگار ئەگینا لە دڵەوە یەقینتان هەیە كە خوا بەدیهینەر و پەرەستراوی هەقە .
بابزانین ئەو كەسانەی دەڵێن خوا بە دیهینەر نی یە چ شتێك بە بەدیهینەری خۆیان و ئەم هەموو بوونەوەرە دەزانن ، بێگومان ئەوەی كە دروستبووە و ئەوەشی كە ئیستا دەروست دەبێت ئەوەشی كە لە داهاتوو دروست دەبێت ، هۆكاری دروستبوون و دروستبوونیان لەم سێ خالە بەدەر نی یە :
1 ـ یان هەر لە خۆیانەوە لە هیچەوە دروست بوون و دروست دەبن !!!
2 ـ یان خۆیان خۆیانیان دروستكردووە پاش ئەوەی كە خۆیشیان لە سەرەتادا هەر هیچ بوون !!!
3 ـ یان خوایەك كە بە دیهینەری خۆیان هەموو بوونەوەرانە ئەوان و هەموو بوونەوەرانیشی دروست كردووە .
بیگومان عەقڵ و ژیری هەموو خاوەن عەقڵێك خاڵی یەكەم و دووەم ڕەددەكاتەوە و هیچ كەسێكی عاقڵ نایڵێت و بڕاوای وانی یە و ناشتوانی باوەڕ بەوە بكات كە خۆی و ئەم هەموو بوونەوەر و دورستكراوە لە هیچەوە دروست بوون یان خۆیان خۆیانیان دروستكردووە پاش ئەوەی كە خۆیشیان لە بنەڕەتدا هەر هیچ بوون ، چونكە هەموو خاوەن عەقڵێك دەزانێت كە هیچ شتێك لە خۆیەوە دروست نابێت ئیلا دەبێت دروستكار و بە دیهینەرێكی هەبێت ، وە هەموو كەسێك دەزانێت كە هیچ كار و كردەوەیەك لە خۆیەوە ڕوونادات ئیللا دەبێت كەسێك هەبێت ئەو كارەی ئەنجام دابێت و بكەری ئەو كار و كردەوەیە بێت .
كەواتە مرۆڤ ناچارە دان بەوەدا بنێت كە خوای پەروەردگار دروست كار و بەدیهێنەری هەموو بونەوەرێكە ، چونكە لە ڕووی شەرع و عەقڵ و ژیرییەوە مستەحیلە و مەحاڵە كە هیچ دروستكراوێك هەبێت بەبێ دروستكار ، و لە هیچەوە و خۆی لە خۆیەوە دروست بووبێت ، یان خۆی خۆی دروست كردبێت .

بابەتەکانی تر