چارەسەركردنی دیاریدەی ئیلحاد و بێ‌باوەڕی
بەروار: 2011/09/18سەردارن: 579نوسەر: باوكی سوننە عدنان بارام كەلاری

دەتوانرێت هەندێك لە چارەسەریەكانی دیاریدەی بڵاوبوونەوەی ئیلحاد و بێ‌باوەڕی لە وڵاتی موسڵماناندا لەم خاڵانەی خوارەوە بە كورتی بخەینەڕوو ، لەوانەش :
یەكەم : بایەخدان بە جێگیركردنی بوونی و بیروباوەڕی یەكتاپەرستی لە دڵا و دەروونی موسڵمانان بە هەموو چین و توێژێكیان و لە هەموو تەمەنە جیاوازەكانیان ، ئەوەش بە بەكارهێنانی هۆكارە زانستیەكانی سەردەم ـ دەنگی بن یان ڕەنگی ، بیستراوبن یان بینراو ـ ئەو هۆكارانەی كە یارمەتیدەری خەڵكن كە بەڵگە و نیشانەكانی دەسەڵات و توانای لە گەردوون و بوونەوەردا ببینن ، و زانایانیش قسە لەسەر ئەو بەڵگە و نیشانە خواییانە بكەن لە ڕوانگەی زانستەوە ، بۆ ئەوەی باوەڕداران باوەڕیان پێ‌ زیاد بكات لەگەڵ ئەو باوەڕەی كە هەیانە ، و ئەو گومانەیان لێدوربكەوێتەوە و بڕەوێتەوە كە بێ‌ باوەڕانی نكوڵیكار دەیانوروژێنن سەبارەت بە بوونی خوای پەروەردگار و پەیامبەر و ئایینەكەی .
دووەم : گرنگی دان بە پەروەردەی ڕەوشتی موسڵمانان بەهەموو چین و توێژێكیانەوە ، ئەوەش بە چاوڕۆشنكردنیان لە ڕێگەی قورئانی پیرۆز و سەرگوزشتە و سیرەی پەیامبەری خۆشەویستەوە .
چونكە باسكردنی سەرمەشقی چاك و چاكەكار ، یەكێكە لە سەركەوتووترین ڕێگە كاریگەرەكان لە دەروونی خەڵك ، بۆیە دەبێت كەسانێكیان بە سەرمەشق بۆ دابنریت بۆ ئەوەی چاوی لێبكەن ، و لەسەر پەێرەو وڕێگای ئەو بڕۆن لە ژیانیاندا ، و باشترین سەرمەشقیش بۆ موسڵمانان پەیامبەری خۆشەویستمانە كە خوای پەروەردگار سەبارەت بەو فەرموویەتی : [ لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِمَنْ كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الآخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا ] (الأحزاب: 21 ) ، واتە : بێگومان پەیامبەری خودا صلى الله عليه وسلم سەرمەشقی چاكە بۆ ئەوانەی ئومێدی ڕەزامەندی خوای پەروەردگار و سەرفرازی ڕۆژی دواییان هەیە ، و یاد و زیكرێكی زۆری خوای پەروەردگاریان دەكەن .
وە دایكە (عائشة) ش ـ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَاْ ـ كە پرسیاری لێدەكرێت : سەبارەت بە ڕەوشت و ئەخلاقی خۆشەویست ؟ لە وەڵامدا دەفەرموێت :(( كَاْنَ خُلُقُهُ الْقُرْآنَ )) (صححه الألباني في صحيح الجامع برقم : 4811) ، واتە : ڕەوشتنی ئەو قورئان بووە ، بەواتایەكی تر : پیادەكاری قورئان بووە لە ڕەوشت و هەڵس وكەوتیدا .
بۆیە گەورەترین سەرمەشق بۆ هەموو مرۆڤایەتی لە مێژووی درێژیدا پەیامبەری خوایە ، و بێگومان باشترین ڕێنیشاندەر و فێركار بووە بە گوفتار و كردار و هەڵسوكەوتی .
سێ‌یەم : هەستان ـ بەو پەڕی هێزی زانستیەوە ـ بە بەرپەرچدانەوەی هەموو ئەو گومانانەی كە بێ‌باوەڕان و نكوڵیكاران سەبارەت بە بوونی دروستی دەكەن ، بە بەكارهێنانی هۆكار و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بەهەموو جۆرەكانیەوە ـ نووسراو بێت ، یان بینراو ، و بیستراو ـ ، ئەوەش لەلایەن كەسانی كارامە و پسپۆر لەو بوارانەدا .
چوارەم : هەوڵدان بۆ تایبەتكردنی چەندەها بابەت ، و پەرتوكی دیاریكراو بۆ قۆناغەكانی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگا و زانكۆكاندا ، كە باس لە بەڵگەكانی بوونی ، و تاك و تەنهایی ئەو بكەن ، ئەوەش بە شێوەیەكی ئاسان و زانستیانە ـ لە ڕووی زانستی شەرعی و زانستی سەردەمیانەوە ـ ، ئەمەش ڕێگەیەكە بۆ پەروەردەكردنی چینەكانی كۆمەڵگا لەسەر بیروباوەڕێكی پتەو بە پەرستراوی بەحەقیان ، و ناسینێكی تەواو بۆی ، كە هۆكاری سەرەكی بەختەوەری تاكەكانی كۆمەڵگای موسڵمانانە .
باوكی سوننە عدنان بارام كەلاری
11 / 3 / 2016 م ـ 2 / 6 / 1437 ك