هەندێك بەڵگەی عەقڵیی سەبارەت بە پێغەمبەرێتی محمد ( صلى الله عليه وسلم )
بەروار: 2017/08/13سەردارن: 1331نوسەر: وەرگیراوە لە ماڵپەڕی ڕاماڵین

لەو ڕۆژەوەی كە خوای گەورە موحەممەد صلى الله علیه وسلم ی ناردووە بۆ مرۆڤایەتیی وهەڵیبژاردووە بۆ گەیاندنی پەیامەكەی خۆی بەسەر زەوی ئیدیی هەموو ئەوانەی كە ئیسلامیان بە مەترسی داناوە بۆ بەرژەوەندییەكانیان ـ بەرژەوه‌ندییەكەیان هەر جۆرێك بێت ـ كەوتوونەتە بەرهەڵستیی كردنی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم وپەیامە پیرۆزەكەی ، و هیچ درێغییان نەكردووە و هەموو ڕێگەیەكیان بەكارهێناوە بۆ گەیشتن بە مەبەستەكانیان ، بەڵام ئەوەی گرنگە وجێی داخە ئەوەیە كە بەهۆی ئەو گومان وقسە هەڵبەستراوانەی دوژمنانی ئیسلام دروستیی دەكەن ، هەندێك ڕۆڵەی موسوڵمان پێیان كاریگەر دەبن و بیروباوەڕیان لاواز دەبێت ، وەهۆكاری ئەمەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە موسوڵمانان بە گشتیی و گەنجان بەتایبەتی ڕۆشنبیریی ئیسلامییان زۆر كەمە ، و ئەوەش بەهۆی دووری موسوڵمانانەوەیە لە سەرچاوە زانستییە ڕەسەنە ئیسلامییەكان و لەبەرامبەریشدا ڕووكردنیانە لە گوێگرتن لە هەندێ بۆچوون وخوێندنەوەی جۆرێك لە كتێب كە بە حیسابی خۆیان بۆ سوود وەرگرتن وخۆ ڕۆشنبیركردنە ، بەڵام لە ڕاستییدا ئەو جۆرە سەرچاوانە وەك دەرمانی ماوە بەسەر چوو ( ئیكسپایەر ) وان و لە بریی سوودگەیاندن تەنها زیانیان پێ دەگەیەنێت و دەیانبینیت وردەوردە بە بیانووی خۆڕۆشنبیركردن زیاتر لە دین دووردەكەونەوە و زیاتر دەكەونە ژێر كاریگەریی ئەو گومانانەی كە دڵنەخۆشەكان بڵاوی دەكەنەوە ، و یەكێك لەو گومانانەش سەبارەت بە پێغەمبەرێتی موحەممەدە صلى الله عليه وسلم ولێرەدا پشتیوان بە خوا هەندێك لەو بەڵگانە دەخەینە ڕوو ( وه‌رمان گێڕاون به‌كه‌مێك ده‌ستكارييه‌وه ‌) كە هەر كەسێك لە ئێمە بیری پێ بدات ودڵ بخاتە لای بە ڕوونی بۆی دەردەكەوێت كە موحەممەد صلى الله علیه وسلم پێغەمبەرونێردراوی خوایە و ئەو پەیامەی كە هێناویەتی دەستنووسی خۆی نییە وبەرنامەی خوای گەورەیە بۆ ئێمەی مرۆڤی ناردووە ، بەو هیوایەی ببێتەمایەی سوود گەیاندن ، لەو بەڵگانەش :
1. وەك ئاشكرایە دۆست ودوژمن شاهێدیی ڕاستگۆییان بۆی داوە صلى الله علیه وسلم و ناوبانگی ڕاستگۆیی و دەست پاكیی هەبووە لە پێش پێغەمبەرێتیی ، جا ئەگەر كەسێك درۆی لەگەل خەڵك ودەربارەی خەڵكی ئاسایی نەكردبێت ئایا دەكرێت و رێی تێدەچێت درۆ بە ناو خوای گەورەوه بكات ؟ وە خوای گەورەش خۆی بپارێزێت لە دەستیی دوژمنانی وپەیامەكەشی بپارێزێت لە نەمان ولەناوچوون تا ڕۆژی دوایی ؟
2. ئەگەر نێردراوی خوای گەورە نەبووایە بۆچی تەنها بانگەوازیی بۆ پەرستن و بەرز ڕاگرتنی خوا دەكردو دژایەتی هەموو پەرستراوەكانی دیكەی جگە لە خوای گەورە دەكرد بەتایبەتیش ئەوانەی لەمەككە و دەوروبەریدا بوون و بۆ ساتێكیش سازشیی لەسەر ئەو بابەتە ( یەكتاپەرستیی ) نەكردووە ، لەو كاتەوە كە خۆی تەنهابووە تائەو كاتەش كە دەوڵەتی ئیسلامی دامەزراو تاوەفاتیی كرد صلى الله علیه وسلم هەڵوێستێكی نەگۆڕیی هەبووە بەرامبەر بە هاوەڵدانان .
3. هەرلەیەكەم ساتی بانگەوازەكەیەوە فەرموویەتی من بۆ ڕەش وسوور ( هەموومرۆڤایەتی ) نێردراوم و سەرەڕای ئەوەی قورئان بە زمانی عەرەبیی بووە كە چی نەپێغەمبەر صلى الله علیه وسلم و نەقورئانیش بانگەشەی عەرەبچێتییان نەكردووە و هەمیشە ئەوە دووپات كراوەتەوە كە بەڕێزترینتان لای خوای گەورە ئەو كەسەتانە كە زیاتر لە خوا دەترسێت و زیاتر چاكەكارە و ئەمەش تەنها لە ئایینێكی پەروەردگارانە و لە پێغەمبەرێك دەوەشێتەوە .
4. دەبینین كە هەوڵی داوە ئاسانكاریی بكرێت وموسوڵمان موژدەدەر بێت و ترسێنەر نەبێت و باری كەس قورس نەكرێت بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا هیچ كات ڕێگەی نەداوە سنوورەكانی خوای گەورە بشكێنرێن و هەمیشە موسوڵمانی هانداوە بۆ گوێڕایەڵیی خواو ئەنجامدانی كاری چاكە و ڕێگریی كردووە لە خراپەو تێكدەریی .
5. لە كاتێكدا كە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم بە دەقی قورئان لای موسوڵمانان لە خۆیان لەبەرترە بۆیان و لە ماڵو منداڵیان خۆشەویستترە بەڵام دەبینین قورئان تەنها چوار جار ناوی هێناوەو ناوی هیچ كام لە هاوسەرەكانی و منداڵەكانی نەهاتووە كەچی هەر بۆ نموونە زیاتر لە (50) جار ناوی پێغەمبەر ئیبراهیم عليه السلام هاتووە و هەروەها ناوی ئافرەتی دیكە و ودەیان كەسایەتیی تر هاتووە .
6. ئەگەر بڕوانینە هەڵسوكەوتی دەبینین زۆر لەوە زیاتر كە فەرمانی بە موسوڵمانان كردووە ئەنجامی بدەن خۆی جێبە جێی كردووە و بە هیچ شێوەیەك لە ئەنجامدانی كاری چاكە و پەرستشەكاندا كەمتەر خەمیی نەكردووە ، بۆ نموونە باشترین كەس بووە بۆ خێزانەكانی و زۆرترین نوێژ و ڕۆژووی زیكرو ... هتد ، ئەنجام داوە ، ئەمەش تەنها سیفەتی پێغەمبەرانە .
7. دادپەروەرترین كەس بووە بۆ جێبەجێ كردنی حدودەكان وفەرموویەتی ئەگەر فاتیمەی كچی موحەممەد دزیی بكات دەستیی دەبڕم .
8. بەهەشتی لە خۆڕا بۆ كەس مسۆگەر نەكردووە وتەنانەت فەرموویەتی باوكم لە ئاگردایە ومامي كه‌ تامردني پارێزگاري لێ كرد به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌ڵێت له‌ ئاگردايه ‌و ئه‌سكڵێك له‌ ژێر پێيدايه‌ و مێشكي ده‌كوڵێت ، هەروەها بە خزمە نزیكەكانی و بە فاتیمەی كچی خۆی فەرمووە من لە لای خوا بەكەڵكتان نایەم بۆیە خۆتان ڕزگاركەن لە ئاگر .
9. دووركەوتنەوەی لە هەموو شێوازەكانی خۆش گوزەرانی وەك كۆشك و تەلار و زێڕ و زیو و ماڵ و سامان و زەوی و زار و باخ وباخات و .. هتد و نەك هەر ئەمە بەڵكو جاری وا هەبووە بە مانگ و دوو مانگ ئاگر لە ماڵەكانیدا نەكراوەتەوە و دواتریش فەرمانكردنیی بەوەی لە دوای خۆی هیچ بە میرات جێناهێڵێ ، ئەگەر ئەمانە هەمووی لەبەر ئەوە نەبێت بەتەمای دواڕۆژبێت ئەی دەبێت لە پێناوی چیدا ئەمەی كردبێت ؟
10. باسكردنی هەندێك بابەتی گەورەی شاراوە ( غیب ) ی وەك شەوڕەویی ( إسراء و معراج ) و باسی بینینی بەهەشت و دۆزەخ و نیشانەكانی قیامەت و باسی ڕۆژیی دوایی كە هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی دوژمنانی بە درۆی بخەنەوە و دووریش نەبووە دۆستانی لێی دووربكەونەوە تەنها كاری پێغەمبەرێكە پشت ئەستوور بێت بە خوا ، كاری ( كەسی عاقڵ و عەبقەریی ) نییە .
11. لەكاتێكدا كە هەردوو ئاینیی جوولەكە و گاور بە حیساب دوو ئاینی ئاسمانی ئەو كاتە بوون كەچی هەر لە یەكەم هاتنیەوە ئیسلام هەواڵیی ئەوەی دا كە ئەو ئایینانە تێكدراون و هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە موسوڵمانان پێچەوانەیان بكەن لە كارو كردەوەیاندا لەگەڵ ئەوەشدا هەواڵی داوە كە قورئان دەستكاریی ناكرێت و تا ئێستاش ودوای چواردە سەدە هەربەو شێوەیە .
12. هیچ لایەنێك لە لایەنەكانی ژیان نەماوە باسی نەكات هەر لە باسی چوونە سەرئاو و شێوازی سەڵاو كردن و سەردان وخواردن وخواردنەوە تا دەگاتە هەمووكایەكانی تری ژیان ، تەنانەت هانی موسوڵمانی داوە بۆ لادانی چڵە دارێك لەسەر ڕێگا و زەردەخەنەكردن بە ڕووی برای موسوڵمانیداو ئەمەش بەرنامەیەكی تەواوو گشتگیری ژیانە و كاری پاشایەك ، یان یاساناسێك یان سەركردە و فەیلەسوفێك نییە بەڵكو تەنها پەیامێكی خواییە .
13. هەواڵی بابەتگەلێكی دابوو كە ڕوودەدەن وەك ڕزگاركردنی فارس و ڕۆم و بڵاوبوونەوەی ئیسلام بەسەرزەویدا ، ئەوەبوو لەدوای وەفاتی صلى الله عليه وسلم ئەوانە ڕوویانداو ئایینەكەشی بەردەوام بوو بەڵكو بەر فراوانتر بوو وە تائێستاش هەر بڵاوەدەكات و دەبینین كەسانێك لە ناو جەرگەی خانەوادە گاورەكانەوە دێن ونەك هەر موسوڵمان دەبن بەڵكو دەبنە بانگەوازكارێكیش بۆ ئایینەكەی .
لە كۆتاییشدا هیوادارین گەنجی موسوڵمان بە شێوەیەكی بابەتیی و دوور لە هەڵچوون و شوێنكەوتنی ئارەزوو لە ئیسلام بكۆڵێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بگاتە ئەوەی بڕیارێكی دروست بدات و دەست بە ئایینەكەیەوە بگرێت و خوای گەورەش پشتیوانی هەموولایەك بێت .

ئاماده‌كردن ووه‌رگێڕان به‌ ده‌ستكارييه‌وه‌
م.سوران رفیق