قورئان گۆڕیمی : لەگەڵ قورئاندا ژیان، بۆیە ژیانیان گۆڕا
بەروار: 2017/08/16سەردارن: 1195نوسەر: وەرگێڕانی / إدريس محمود

پێشەكی
بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله، والصلاة والسلام على رسول الله، وبعد :
ئەمە چەند وشەیەكی كورتە، سەرگوزەشتەی هەندێك لەو كەسانەیە كە لەگەڵ قورئاندا ژیاون، و قورئانیش كاریگەری لەسەر دروست كردون، بۆمان نوسیونەتەوە بۆ ئەوەی یارمەتیدەرێك بێت بۆ ژیان لەگەڵ قورئان : بە خوێندنەوە و تێڕامان .
فەرمون با پێكەوە سود و پەند وەربگرین :
یەکەم : سێ‌ ساڵم بەسەر برد لە بەكارهێنانی دەرمان و گژوگیای سروشتی و چوونە لای پزیشك، رۆژێكیان پاش ئەوەی لە نائومێدی نزیك بوومەوە، ئەم ئایەتەم بەرچاوكەوت : [ لَخَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ أَكْبَرُ مِنْ خَلْقِ النَّاسِ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ ] ( غافر : 57 ) .
واتە : بەڕاستی دروستكردنی ئاسمانەكان و زەوی گەورەترە لە دروستكردنی خەڵكی و زیندوكردنەوەیان لە پاش مردن، بەڵام زۆرینەی خەڵكی نازانن كە دروستكردنی هەموو ئەوانە ئاسانە لەسەر خوا .
لە ناخی خۆمدا وتم :
ئەو خوایەی ئاسمانەكان و زەوی دروست كردوە – كە لە دروستكردنی خەڵكی گەورەترە - هەر ئەو خوایەش بەتوانایە كۆرپەلەیەك لە منداڵدانی مندا دروست بكات، تەنها چەند رۆژێكی كەمی پێچوو سكم پڕ بوو، و خوای گەورە منداڵێكی جوانی پێبەخشیم، جا شوكر و سوپاس بۆ ئەو خوا میهرەبانە .

دووەم : پاش ئەوەی رێگای راستم دۆزییەوە و خەریكی خواپەرستی بوم، كەسە نزیكەكانم وازیان لێ هێنام، و كەسە دوورەكانیشم لۆمەیان كردم، و هەستم بە تەنهایی كرد، دەستم كرد بە لۆمەكردنی خۆم كە لەوانەیە لە هەڵبژاردنی ئەم رێگایە هەڵەم كردبێت، ئەوە بوو رۆژێكیان زۆر بێتاقەت و غەمبار بوم، لە كاتێكدا كە خەریكی خوێندنەوەی بەشە قورئانی رۆژانەی خۆم بوم ئەم ئایەتە وەستاندمی و سەرنجی راكێشام : " وَاللَّهُ يُرِيدُ أَنْ يَتُوبَ عَلَيْكُمْ وَيُرِيدُ الَّذِينَ يَتَّبِعُونَ الشَّهَوَاتِ أَنْ تَمِيلُوا مَيْلًا عَظِيمًا " ( النساء : 27) .
واتە : بێگومان خوا دەیەوێت تەوبە و پەشیمانیتان لێ‌ وەربگرێت و لە گوناهەكانتان خۆش بێت، بەڵام ئەوانەی شوێن ئارەزوات و هەوەسبازی كەوتون دەیانەوێت لە دین لاتان بدەن بە لادانێكی گەورە .
پاش خوێندنەوە و بیركردنەوە لە ماناكەی دڵم ئارام بوویەوە و هەستم بە فێنكی دڵنیایی كرد .

سێیەم : هەندێك تاوانم ئەنجام دەدا، وەكو گوێڕایەڵیەك بۆ مێردەكەم، لە كاتێكدا دەشمزانی حەرامە بەڵام بۆ ئەوەی خۆم لە توڕەبونی ئەو بپارێزم، هەتاوەكو جارێكیان ئەم ئایەتەم خوێندەوە :
" فَلْيَحْذَرِ الَّذِينَ يُخَالِفُونَ عَنْ أَمْرِهِ أَنْ تُصِيبَهُمْ فِتْنَةٌ أَوْ يُصِيبَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ " ( النور : 63 ) .
واتە : دەبا ئەوانەی سەرپێچی فەرمانی پێغەمبەری خوا - صلی الله علیە وسلم - دەكەن بترسن لەوەی كە توشی تاقیكردنەوە و خراپە ببن یان توشی سزایەكی بەئێش ببن لە دواڕۆژدا .
دڵ و لاشەم كەوتە لەرزین، لە ترسا گریام، وە پەیمانم بە خوای گەورە دا كە چیتر سەرپێچی نەكەم تەنانەت ئەگەر مێردەكەشم لێم توڕە بێت .

چوارەم : كاریگەربوم بە ئایەتێك لە كتێبەكەی پەروەردگارم، كە بوو بە ڕێگەیەك بۆ هیدایەت وەرگرتنم، ئەویش ئایەتی : [وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا وَإِنَّ اللَّهَ لَمَعَ الْمُحْسِنِينَ ] ( العنكبوت : 69 ) .
واتە : وە ئەو باوەڕدارانەی كە جیهادی نەفس و شەیتان و دوژمنانی خوایان كردوە و ئارامیان گرتوە لەسەر فیتنە و ئازارەكان لە پێناوی خوادا، ئەوانە خوای گەورە هیدایەتیان دەدات بۆ رێگاكانی چاكە، و لەسەر رێگای راستیش جێگیر و بەردەوامیان دەكات .
ئەم ئایەتەم لە ناخی خۆمدا دوبارە دەكردەوە لە كاتی چونە ژورەوە و هاتنەدەرەوەم لە كۆلێژ وە لە زۆربەی كاتەكانی تریشدا، سوپاس بۆ خوا بەو هۆیەوە حاڵم گۆڕا، و بە فەزڵی خوا هیدایەتم وەرگرت، و هەموو قورئانم لەبەر كرد، داوای بەردەوامی لە خوای گەورە دەكەین .

پێنجەم : كاتێك تەمبەڵی دەكەم لە ئەنجامدانی كردەوەیەك كە پێویستە لەسەرم ئەنجامی بدەم لۆمەی نەفسی خۆم دەكەم، بەتایبەت كاتێك ئەم ئایەتە دەخوێنمەوە : " يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لِمَ تَقُولُونَ مَا لَا تَفْعَلُونَ " ( الصف : 2 )
واتە : ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە بۆچی شتێك دەڵێن و ئەنجامی نادەن؟
جا بۆیە هەركات وتەیەك بڵێم و تەمبەڵی بكەم لە ئەنجامدانی ئەوا بەو ئایەتە نەفسی خۆم تەمبێ‌ دەكەم، و بە بێ‌ تەمبەڵی فەرمانەكە جێبەجێ‌ دەكەم، سوپاس بۆ خوای گەورە .

شەشەم : چیرۆكێكم هەیە لەگەڵ ئەم ئایەتەدا :
[وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا وَإِنَّ اللَّهَ لَمَعَ الْمُحْسِنِينَ]( العنكبوت : 69 ) .
واتە : وە ئەو باوەڕدارانەی كە جیهادی نەفس و شەیتان و دوژمنانی خوایان كردوە و ئارامیان گرتوە لەسەر فیتنە و ئازارەكان لە پێناوی خوادا، ئەوانە خوای گەورە هیدایەتیان دەدات بۆ رێگاكانی چاكە، و لەسەر رێگای راستیش جێگیر و بەردەوامیان دەكات .
لە كاتێكدا خوێندكاری ( لەبەركردنی قورئان ) بوم بیرم لەم ئایەتە دەكردەوە، و كاریگەری لەسەر هەڵسوكەوت و رەوشتم دروست كرد، بەو هۆیەشەوە گەشتم بە ئاستێكی بەرزی وا كە جێگای قبوڵ و رێز بوم لە ناو هەموو خەڵكی دەوروبەرم دا، سوپاس بۆ خوای گەورە .

حەوتەم : نزیك بوو شەهوەت و ئارەزو بە هیلاكم ببات، تاوەكو بە وردی بیرم لەم ئایەتە كردەوە :
" وَلَا تَمُدَّنَّ عَيْنَيْكَ إِلَى مَا مَتَّعْنَا بِهِ أَزْوَاجًا مِنْهُمْ زَهْرَةَ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا لِنَفْتِنَهُمْ فِيهِ وَرِزْقُ رَبِّكَ خَيْرٌ وَأَبْقَى " ( طه : 131 ) .
واتە : چاوەكانت مەبڕە ئەو نازو نیعمەتەی كە هەندێك لە خەڵكیمان لێ‌ بەهرەوەر كردوە، كە زینەت و رازاوەیی ژیانی دونیایە، بۆ ئەوەی لەو ناز و نیعمەتە تاقیان بكەینەوە، بێگومان رزق و رۆزی پەروەردگارت لە بەهەشتدا چاكتر و بەردەوامترە .
جا ئەم دوو وشەیەی ئایەتەكەم زۆر دوبارە دەكردەوە و بیرم لە ماناكەی دەكردەوە كە دەفەرموێت : ( خیر وأبقی ) واتە : چاكتر و بەردەوەام ترە، تا وای لێهات شەهوەتم لەبەرچاو بچوك و سوك بوو .

هەشتەم : لە نێوان من و یەكێك لە براكانمدا خراپ تێگەیشتنێك روویدا، نامەیەكی مۆبایلی بۆ ناردم كە چەندین تۆمەتی پڕوپوچ و گومانی خراپ و قسەی بەئێشی لەخۆگرتبو،منیش توڕە بوم و خەریك بو خراپەكەی بە خراپە وەڵام بدەمەوە، ئەو ئایەتەم خوێندەوە كە یەكێك لە كوڕەكانی ئادەم بەرامبەر بە براكەی دەڵێت : " لَئِنْ بَسَطْتَ إِلَيَّ يَدَكَ لِتَقْتُلَنِي مَا أَنَا بِبَاسِطٍ يَدِيَ إِلَيْكَ لِأَقْتُلَكَ إِنِّي أَخَافُ اللَّهَ رَبَّ الْعَالَمِينَ " ( المائدة : 28 ) .
واتە : سوێند بە خوا ئەگەر تۆ دەستدرێژ بكەیت بۆ من بۆ ئەوەی بمكوژیت، من دەستدرێژ ناكەم بۆ تۆ بۆ ئەوەی بتكوژم، چونكە بە راستی من لە سزا و تۆڵەی خوا، پەروەردگاری جیهانەكان دەترسم .
ئەو كات زانیم پێویستە باوەڕدار ترسی خوا لە پێش چاوی خۆی دابنێت، و حەزەكانی دەرونی بە سەریدا زاڵ نەبێت، بۆیە بڕیارمدا ڕقەكەم بخۆمەوە و لێی ببورم و چاكەی لەگەڵ بكەم .

 نۆیەم : من و هاوڕێ‌ چاكەكانم هەندێك كێشە كەوتە نێوانمان، تا وای لێهات شەیتان وەسوەسەی بۆ دەكردم وازیان لێبهێنم، ئەم ئایەتەم خوێندەوە :
" وَاصْبِرْ نَفْسَكَ مَعَ الَّذِينَ يَدْعُونَ رَبَّهُمْ بِالْغَدَاةِ وَالْعَشِيِّ يُرِيدُونَ وَجْهَهُ وَلَا تَعْدُ عَيْنَاكَ عَنْهُمْ " ( الكهف : 28 ) .
واتە : ئەی پێغەمبەر ئارام بگرە لەگەڵ ئەو هاوڕێ‌ هەژارە باوەڕدارانەت كە بە تەنها پەروەردگاریان دەپەرستن، و لێی دەپاڕێنەوە لە بەیانیان و ئێواراندا، لەمەشدا مەبەستیان رەزامەندی خوا و گەیشتنە پێی، لەگەڵیان دابنیشە و تێكەڵاویان بكە، و روویان لێ‌ وەرمەگێڕە .
ئەم ئایەتە بوە گەورەترین هۆكاری مانەوەم لەگەڵیان، وە زانیم ( گورگ مەڕی تەنها و دوور لە ڕان دەخوات ) .

دەیەم : پێشنوێژیم بۆ خەڵكی دەكرد لە نویژی تەراویحدا، كە گەیشتمە سورەتی ( العنكبوت ) ئایەتی : " أَوَلَمْ يَكْفِهِمْ أَنَّا أَنْزَلْنَا عَلَيْكَ الْكِتَابَ يُتْلَى عَلَيْهِمْ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَرَحْمَةً وَذِكْرَى لِقَوْمٍ يُؤْمِنُونَ " ( العنكبوت : 51 ) .
واتە : ئایا بەس نیە بۆیان كە بەڕاستی ئێمە قورئانمان دابەزاندوە بۆت و بەسەریاندا دەخوێنرێتەوە، بێگومان لەم قورئانەدا ڕەحمەت هەیە بۆ باوەڕداران لە دونیا و دواڕۆژدا، وە یادەوەریشی تێدایە لە ڕێگەی ئەو چیرۆكانەوە كە تۆڵەسەندنەوەی خوای گەورەی تێدایە بۆ بێباوەڕان .
ئەم ئایەتە زۆر كاری تێكردم، و گریام گریانێك كە تام و چێژیم هەست پێكرد، زۆر لەسەری وەستام و بیرم لە قورئان و ئەو ڕەحمەت و یادەوەریانە دەكردەوە كە تێیدایە .

یانزەیەم : خوای گەورە دەربارەی خۆی فەرمویەتی : " يُدَبِّرُ الْأَمْرَ " واتە : كاروباری دروستكراوەكانی بەڕێوە دەبات .
من پێشتر زۆر گرنگیم بە كاروبارەكانی ژیان دەدا و خۆم پێوە ماندو دەكرد، بەڵام پاش بیركردنەوەم لەم ئایەتەی سەرەوە دڵنیابوم خوای گەورە خۆی كاروباری دروستكراوەكانی بەڕێوە دەبات، و پێویستە لەسەر باوەڕدار تەنها پشت بە خوا ببەستێت و هۆكارەكانیش بگرێتەبەر و پشتگوێ‌ی نەخات .

دوانزەیەم : هەر كاتێك كێشە و قەیرانە هەرێمی و نێو دەوڵەتیەكان توشی ترس و دڵەڕاوكێیان كردبم، پاش خوێندنەوەی ئەو ئایەتە دڵم ئارام بوەتەوە كە خوای گەورە دەفەرموێت :
" وَلِلَّهِ جُنُودُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ " ( الفتح : 7 ) واتە : بێگومان هەرچی سەربازانی ئاسمانەكان و زەوی هەیە خوای گەورە خۆی خاوەنیەتی و بەندە باوەڕدارەكانی خۆی پێ‌ سەردەخات .

سیانزەیەم : لە تەمەنی یانزە ساڵی هەموو قورئانم لەبەركرد، پاشان بە هۆی كەمتەرخەمیەوە لەدەستم چوو، رۆژێكیان بە تێڕامانەوە ئەم ئایەتەم خوێندەوە : " وَقَالَ الرَّسُولُ يَا رَبِّ إِنَّ قَوْمِي اتَّخَذُوا هَذَا الْقُرْآنَ مَهْجُورًا " ( الفرقان : 30 ) .
واتە : پێغەمبەری خوا – صلی الله علیه سلم – لای خوای گەورە سكاڵا دەكات و دەفەرموێت : پەروەردگارا بەراستی قەومەكەم وازیان لەم قورئانە هێناوە و گرنگی پێنادەن .
ئەو كات بەڵێنمدا بە یارمەتی خوای گەورە قورئان دوبارە بكەمەوە بە جوانی، ئەوە بوو بەڵێنەكەم بردە سەر و تا ئێستا دوو ئیجازەم لە خوێندنەوەی قورئاندا وەرگرتوە، و پێشنوێژ و وتارخوێنی یەكێك لە مزگەوتەكانیشم .

چواردەیەم : بەردەوام داوای لێخوشبونم دەکرد و تەوبەم دەکرد، شەیتان پێی وتم: ئەم هەموو داوای لێبوردنە ئەکەیت کەچی دەروت لێ ناکرێتەوە و وەڵام نادرێیتەوە، وریا بومەوە و وازم لەو وەسوەسانەی شەیتان هێنا و نامەو پەیامێکی گەورەی پەروەردگارم خوێندوە کە دەفەرموێت: [مَا يَفْعَلُ اللَّهُ بِعَذَابِكُمْ إِنْ شَكَرْتُمْ وَآمَنْتُمْ] (النساء: ١٤٧)
واتە: خوا چ پێویستیەکی بە سزادانی ئێوە هەیە ئەگەر ئێوە کردەوەتان چاک بکەن و باوەڕ بە خوا و پێغەمبەرەکەی بکەن.
وتم: بەڵێ! سوێند بە خوا بە دڵنیایەوە پەروەردگارمان بێ پێویستە لێمان، وە لە سزادانمان بەڵکو ئەوە تاوانەکانمانە بووەتە هۆی دابەزینی سزا بۆ سەرمان بەڵام ئێمە زۆربەیمان لە بیر چووە بۆیە دوای خوێندنەوەو بیرکردنەوە لەو ئایەتە بەردەوام بوم لە سەر داوای لێخۆشبون و گوێم بە وەسوەسەی شەیتان نەدەدا، سوپاس بۆ خوای گەورە.