كەس بە درێژایی مێژوو نكوڵی لە بوونی خودا نەكردووە
بەروار: 2017/09/20سەردارن: 1494نوسەر: مامۆستا عەلی محمد خان

إن الحمد لله نحمده ونستعينه ونستغفره ، ونعوذ بالله من شرور أنفسنا ، ومن سيئات أعمالنا ، من يهده الله فلا مضل له ، ومن يضل فلا هادي له ، وأشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له ، وأشهد أن محمداً عبده ورسوله ... أما بعد :
خوێنەرانی بەڕێز : لەبەر ڕونی بەڵگەكان لەسەربوونی خوا ـ تبارك وتعالی ـ ، بە درێژایی مێژوو هیچ گروپ وگەلێك نەبوە نكۆڵی لە بوونی خوا بكات ، تەنها دەهریەكان وفیرعەون نەبێت , ئەمەش پەروەردگار باسیدەكات كە فیرعەون تەنها بە دەم نكوڵی كردوە نەك بە دڵی قەناعەتی وابوبێ ، یانی كاتێك وتویەتی : [مَا عَلِمْتُ لَكُمْ مِنْ إِلَهٍ غَيْرِي] ( القصص : 38 ) ، واتە : خوایەكی تری جگە لە خۆم شك نابەم بۆ ئێوە ! .
بەڵام هەر خوا خۆی بۆمان باس دەكات ودەفەرموێت : [وَجَحَدُوا بِهَا وَاسْتَيْقَنَتْهَا أَنْفُسُهُمْ ظُلْماً وَعُلُوّاً فَانظُرْ كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الْمُفْسِدِينَ]( النمل : 14 ) ، واتە : نكوڵیان كرد
لەو ئایەتانەی كە پەیامبەر موسا ـ عَلَيْهِ السَّلاَم ـ بۆی هێنا بوون , بەڵام لە دڵەوە یەقینیان هەبوو كە موسا ڕاستدەكات .
بەڵكو موسا ـ عَلَيْهِ السَّلاَم ـ خۆی پێی وت : [قَالَ لَقَدْ عَلِمْتَ مَا أَنزَلَ هَؤُلاء إِلاَّ رَبُّ السَّمَوَاتِ وَالأَرْضِ بَصَائِرَ] (الإسراء: 102 ) ، واتە : ـ ئەی فیرعەون ! ـ سوێند بەخوا باشدەزانی ئەو نۆ نیشانە كەس داینەبزاندوە خوا خۆی نەبێت ، دەشزانی من لەلایەن پەروەردگاری ئاسمان وزەویوە ڕەوانە كراوم .
هەربۆیە نەبووە بە درێژایی مێژوو , میللەتێك ناسراو بن بە نكوڵیكردن لە بونی خوا , تەنها لە سەردەمی زەڕرە ونەوەویدا نەبێت لەم سەدانەی دواییدا ، خەڵكانێك چەكەرەیان كرد لەناو میللەتاندا , خەڵكانێكی ماددە پەرست , ئینكاری ونكوڵیان لە بوونی خوا دەكرد ـ جَلَّ جَلاَلُةُ ـ , دونیایان بە ماددە دەبینی , وایان لێهات بوو شارێكیان لێ بەتاڵ نەبوو . بەڕادەیەك مامۆستا لە قوتابخانە بە قوتابیەكانی دەوت : قوتابیەكان ! من دەبینن ؟ ئەوانیش دەیانوت : بەڵێ‌ , دەیوت : كەواتە : من هەم .
قوتابیەكان ! ئەو تەختە ڕەشە دەبینن ؟ ئەوانیش دەیانوت : بەڵێ‌ , دەیوت : كەواتە : تەختەكەش هەیە ، دەیانوت : قوتابیەكان ! ئەو تەباشیرە دەبینن ؟ ئەوانیش دەیانوت : بەڵێ‌ , دەیوت : كەواتە : ئەو تەباشیرەش هەیە , ئیتر بەرەبەرە دەیبردن وپێی ئەوتن : قوتابیەكان ! ئایا خوا دەبینن ؟ دەیانوت : نەخێر ! ئەویش دەیوت : دەی كەواتە : خوا نیە .
تا ئەوەبوو قوتابیەك هەستا ووتی : ئەی قوتابیەكان كەس لە ئێوە عەقڵی مامۆستا دەبینێ ؟ وتیان : نەخێر ، وتی : دەی كەواتە : مامۆستاكەشمان عەقڵی نیە !!
مولحیدەكانیش باوەڕیان بە خوای خالق وپەرستراوی هەق هەبوو ، بەڵام ناویان لێنا : ماددە وسروشت , جا ئێمە ئەڵێین : خوا دانایە , خوا دروستكارە , بەڵام ئەوان ئەڵێن : سروشت دانایە ودروستكارە .
بەڵكو شیوعیەكان ، سەركردە ودامەزرێنەرانی مەزهەبەكەی خۆشیان كرد بە پەرستراو وپەرستیان ، جا دەیانتبینی لە گۆڕەپانی سوردا لە ڕۆژی تیاچونیدا بە بەردەم لاشەكەیدا تێدەپەڕ دەبون ، وسەریان شۆڕ دەكرد لە ئاستیدا ـ كە خوا بە بەرزی دروستی كردوە ـ بەمەش كردیان بە پەرستراو ، لەبری پەرستنی خالق ، ڕۆیشتن مەخلوقێكیان پەرست .
شەیتان ئاوها هەڵیخەڵەتاندن بەس بۆ ئەوەی بەرەو بەهەشت نەڕۆن وبەرەو دۆزەخ بڕۆن .
ئەگەرنا بەڵگە لەسەر بون وتەنهایی وكامڵی خودا لە ژماردن نایەت ، هەربۆیە ئەوەی بەڵگەی دەوێت لە نیوەڕۆیەكی ساماڵدا ، لەسەر هەڵهاتنی خۆر وبڵێ‌ : بەڵگەی ئەوە چیە كە خۆر هەڵهاتووە ؟ ئەوە پێوستیمان بە بەڵگەیە كە ئەوكەسە عەقڵی هەیە یان نا ؟!
هەر بۆیە پەیامبەران ـ سەڵات وسەلامی خوایان لەسەر بێ ـ ، بە گەلەكانی خۆیان دەوت : [قَالَتْ رُسُلُهُمْ أَفِي اللَّهِ شَكٌّ فَاطِرِ السَّمَوَاتِ وَالأَرْضِ يَدْعُوكُمْ لِيَغْفِرَ لَكُمْ مِنْ ذُنُوبِكُمْ وَيُؤَخِّرَكُمْ إِلَى أَجَلٍ مُسَمًّى قَالُوا إِنْ أَنْتُمْ إِلاَّ بَشَرٌ مِثْلُنَا تُرِيدُونَ أَنْ تَصُدُّونَا عَمَّا كَانَ يَعْبُدُ آبَاؤُنَا فَأْتُونَا بِسُلْطَانٍ مُبِينٍ] (ابراهيم: 10)، واتە : ئایا گومان لە بوونی خودای بەدیهێنەری ئەرز وئاسمانەكان هەیە ؟! ، پرسیارێكە بۆ دانپێدانان ، واتە : نەخێر هیچ گومان لە بونی خوادا نیە . پرسیاریش بەم شێوازە ناكرێ ، مەگەر لە كەسێك دانی پێدا بنێ .
ئەوەندە ئەم قەناعەتە لە نێو گەلاندا هەبووە ، زۆر جار لە قورئاندا خوای مەزن ، بەوەی كە ڕەبب « پەروەردگار » ـە ، داوای پەرستنی خۆی دەكات ـ سبحانە ـ ، چەند ئەفەرموێ : « من دروستم كردون وڕۆزیم داون ، بۆیە عیبادەتیشتان با هەر بۆ من بێت » .
هەر بۆیە پەروەردگاری مەزن لە قورئاندا گەلێك جار بانگمان دەكات وسەرنجمان ڕادەكێشێت ، وبیرمان دەبات بۆ ئەوەی كە سەرنجی دروستكراوەكانی بدەین ، تا خۆی پێ‌ بناسینەوە , تا بەهۆی ناسینی خۆیەوە گوێڕایەڵی بكەین وبیپەرەستین ، كە هەر ئەمەش مەبەست وئامانجە لە ئایەتەكان وناردنی پەیامبەران وكتێبەكان ودروستكردنی بەهەشت ودۆزەخ ودانانی تەرازو وهتد ... ، بۆ ئەوەی عیبادەت وپەرستنمان بۆ خوا بێت بە تەنها .