بەشی یەکەم : شوشتنی مردو و هەندێ لە حوکم و ئادابەکانی
بەروار: 2020/06/29سەردارن: 1236نوسەر: ستافی ماڵپەڕ

یەکەم: شوشتنی مردو وەهەندێ حوکمی تری تایبەت بەم بابەتە:
1- حوکمی شوشتنی مردووە:

شوشتنی مردوو فەرزی کیفایەیە ، ئەمەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.

فەرزی کیفایە: ئەوەیە گەر هەندێک یاخود کەسێک لەموسوڵمانان پێی هەستن لەسەر ئەوانی تر دەکەوێت ، خۆ ئەگەر لەجێگایەکدا کەس پێی هەڵنەستێت ئەوا هەموویان تاوان بار دەبن.
2- حوکمی وەرگرتنی پارە لەسەر شوشتنی مردو:
دروستە پارە وەربگیردرێت لەسەر شوشتنی مردو ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە:  لەحەنەفیەکان ، ومالکیەکان ،وشافعیەکان ، وڕیوایەتێکیشە لەئیمام ئەحمەدەوە و بۆچوونی ابن بازیشە ڕەحمەتى خوایان لێ بێ .

لە لای حەنەفیەکان: دروستە پارە وەربگیردرێت گەر کەسانی تر هەبوون لەشارەکەدا بەڵام گەر کەسی تر نەبوو ئەوا دروست نی یە.
لە لای مالکیەکان: دروستە پارەی لەسەر وەرگرێت گەر پێویست نەبێت لەسەری ئەو کارە بکات وەک ئەوەی کەسی تر نەبێت ئەو کارە بکات لەو حاڵەتەدا دروست نی یە پارەی لەسەر وەرگرێت.
3- داپۆشینی ئەو ناشیرینی و  عەیب و ناتەواویانەی کە مردو شۆر دەیبینێت:
واجبە لەسەر مردو شۆر هەموو ئەو عەیب وناتەواویانە داپۆشێت وباسی نەکات کە لەمردووەکە دەیبینێت ، ئەمەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.
4- حوکمی ئامادەبوونی کەسانێک لەشۆردنی مردوودا کەپێویست نی یە ئامادە بن:
باش نی یە لەشۆردنی مردودا کەسانێک ئامادە بن کەیارمەتی مردو شۆرەکە نادەن ، وهیچ پێویستیەک نی یە بۆ ئامادەبوونیان ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە: لەمالکیەکان ،و شافعیەکان ،وحەنبەلیەکان. بەڵام شافعیەکان دەڵێن: سەرپەرشتیاری مردوو دەتوانێت ئامادەبێت گەر پێویستیش نەکات.

دووەم: حوکمی شوشتنی کەسی بێ باوەڕ:
حەرامە بۆ موسوڵمان کەسی کافر و بێ باوەڕ بشۆرێت ، ئەوەش مەزهەبی مالکیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وهەریەک لەشەوکانی وابن باز وابن عثیمین ئەم بۆچوونەیان هەڵبژاردووە.
سێیەم: حوکمی شوشتنی کەسی یاخی وڕێگر (قاطع الطریق):
کەسانی یاخی وڕێگر دەشۆردرێن ونوێژیان لەسەر دەکرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە: لە مالکیەکان ، وشافعیەکان ، وحەنبەلیەکان.
چوارەم: حوکمی شوشتنی شەهید
1- ئەو شەهیدەی لەجەنگ لەگەڵ بێ باوەڕاندا دەکوژرێت:
ئەو شەهیدە ناشۆردرێت کەمردووە بەهۆی جەنگی بێ باوەڕانەوە وپێش تەواو بوونی جەنگەکە ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە. وە هەریەک لەمالکی وشافعی وحەنبەلیەکان لەسەر ئەوەن حەرامە کەسی شەهید بشۆردرێت.

شەهید دوو جۆرە: شەهیدی دونیا ،وشەهیدی دواڕۆژ ، شەهیدی دونیا: ئەوەیە کە لەجەنگ لەگەڵ کافراندا دەکوژرێت ڕوو بەڕوو نەک لەکاتی هەڵهاتندا ودڵسۆز بێت بۆ کارەکەی ، وشەهیدی دواڕۆژ: ئەوەیە کەپاداشتی شەهیدی دەدرێتێ ولەدونیادا حوکمی شەهیدی نادرتێ بەسەردا ، وەک ئەوانەی کەدەمرن بەشێرپەنجە ، ونەخۆشی ناوسک ، وئەوەی دەسوتێت ،وئەوەی لەئاودا دەخنێکێت وجگە لەمانەش.

2- ئەو شەهیدانەی لە جگە لە جەنگدا دەمرن:
ــ حوکمی شوشتنی ئەو کەسەی کە بە ستەم کوژراوە:
کەسێک کە بە ستەم دەکوژرێت دەشۆردرێت ، ئەوەش مەزهەبی مالکیەکان ،وشافعیەکانە ، وڕیوایەتێکیشە لەئیمام ئەحمەدەوە ، وەهەریەک لەابن باز وابن عثیمین ئەم بۆ چوونەیان لا پەسەندە .
ــ حوکمی شوشتنی شەهیدێک کەمردووە و نەکوژراوە:
مردوویەک کە پلەی شەهیدی هەیە دەشۆردرێت ، وەک: کەسێک بەتاعون، ونەخۆشی نێو سک ، و سوتان ، و غەرق بوون لەئاودا بمرێت و ئەوەش کەخانو دەڕوخێ بەسەریدا ، هەریەک لە: ابن قودامە ونەوەوی وشەوکانی کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

پێنجەم: حوکمی شوشتنی منداڵی لەبارچوو:
1- حوکمی شوشتنی منداڵی لەبارچوو گەر دەنگی لێوە بێت:
واجبە منداڵی لەبارچوو بشۆردرێت گەر لەکاتی لەدایک بووندا دەنگی لێوە بێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە .

* دەنگ لێوە هاتنی منداڵ گریان وهاوار کردنیەتی لەکاتی لەدایک بووندا .

* وە لە لای حەنەفیەکان: ئەوەیە شتێکی لێ ڕوو بدات کەبەڵگە بێت لەسەر زیندوویی وەک بەرز کردنەوەی دەنگ یاخود حەرەکە وجوڵان ، و لەلای شافعیەکان: شتێک بکات کەبەڵگە بێت لەسەر ژیانی وەک ئەوەی بجوڵێتەوە ، جا گەر دەنگیشی لێوە نەیەت ئەوا هەر دەشۆردرێت.

2- حوکمی شوشتنی منداڵی لەبارچوو گەر دەنگی لێوە نەیەت وتەمەنی لەچوار مانگ کەمتر بێت:
منداڵێک ناشۆردرێت کەدەنگی لێوە نەیەت و حەڕەکە نەکات ، و تەمەنی لەچوار مانگ کەمتر بێت ، ئەوەش مەزهەبی مالکی وشافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، و ڕیوایەتێکیشە لای حەنەفیەکان.

3- حوکمی شوشتنی منداڵی لەبارچوو گەر دەنگی لێوە نەیەت وتەمەنی گەشتبێتە چوار مانگ:
 منداڵێک دەشۆردرێت کەدەنگی لێوە نەیەت و حەڕەکە نەکات ، بەڵام تەمەنی گەشتبێتە چوار مانگ ، ئەوەش بۆچوونی دروستە وتەواوە لای شافعیەکان ، ومەزهەبی حەنبەلیەکانە ، وەهەڵبژاردەی هەریەک لە ابن باز و ابن عثیمین ـە.

شەشەم: کێ هەڵدەستێک بەشوشتنی مردو؟
1- لەپێشترین کەس بەشوشتنی مردو گەر مردووەکە پیاو بێت:
لەپێشترین کەس لەشوشتنی دا ئەو کەسەیە کەخۆی وەسیەتی بۆ کردووە بیشوات ، پاشان باوکی ، پاشان باپیری ، پاشان کوڕەکەی ، پاشان ئەوانی تر کەلەپشتەوە لێی نزیکن وکامیان نزیک تر بێت لەپێشترە بۆ شوشتنی ، پاشان ئەو بەندەیەیی کەئازادی کردووە ، پاشان خزمەکانی تری، ئەوەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە، وەهەڵبژاردەی هەریەک لە ابن باز وابن عثیمینە.

2-لەپێشترین کەس بەشوشتنی مردو گەر مردووەکە ئافرەت بێت:
زانایان جیاوازن لەبارەی لەپێشترین کەسەوە گەر مردووەکە ئافرەت بێت و دوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: گەر مردووەکە ئافرەت بوو ئەوا لەپێشترین کەس بەشوشتنی ئافرەتانە ، پاشان مێردەکەی گەر شووی کردبوو ، ئەوەش بۆچوونی دروست وتەواوە لای شافعیەکان.
بۆچوونی دووەم: لەپێشترین کەس مێردە پاشان ئافرەتان ،ئەوەش مەزهەبی مالکیەکانە ، و بۆچونێکیشە لای شافعیەکان.

3- حوکمی شوشتنی مێرد لەلایەن خێزانیەوە:
پیاو کاتێک دەمرێت دروستە خێزانی بیشوات، هەریەک ابن منذر ، وابن عبدالبر ،والنووي‌، وابن رشد ،والشربيني، والشوكانی کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

4- حوکمی شوشتنی ئافرەت لەلایەن مێردەکەیەوە:
دروستە بۆ پیاو کاتێک خێزانی دەمرێت بیشوات ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان ، و قسەی هەندێ لەسەلەفە.

5- شوشتنی منداڵی کوڕ لە لایەن ئافرەتەوە:
دروسته بۆ ئافرەت منداڵی کوڕی بچوک بشۆرێت ، هەریەک لە ابن منذر وابن القدامة کۆ دەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

لەبارەی تەمەنی منداڵیشەوە خیلاف هەیە لەنێوان زانایاندا، لەلای مالکیەکان منداڵی حەوت ساڵ دانراوە ، وحەنبەلیەکان پێیان وایە دەبێ لەحەوت ساڵ کەمتر بێت ،وحەنەفی وشافعیەکان تایبەتیان کردووە بەمنداڵێک کەتەماحی تێ نەکرێت. 

6- شوشتنی منداڵی کچ لەلایەن پیاوەوە:
دروستە بۆ پیاو منداڵ کچ بشۆرێت بەڵام بەمەرجێک ئەوەندە منداڵ بێت تەماحی تێ نەکرێت ئەوەش مەزهەبی حەنەفی وشافعیەکانە.

ئەمەش نزیکە لەقسەی مالکیەکانەوە ، بەڵام ئەوان دەڵێن: پیاو تەنها دەتوانێ منداڵی شیرە خۆرە یاخود نزیک لەوە بشۆرێت.

7- حوکمی ئەو ئافرەتەی کە لەنێو پیاوانی نامەحرەم دا دەمرێت وەهەروەها ئەو پیاوەی کە لەنێو ئافرەتانی نامەحرەم دا دەمرێت:
گەر ئافرەتێک لەنێو پیاوانی نامەحرەم دا مرد و یاخود پیاوێک لەنێو ئافرەتانی نامەحرەم دا مرد ، وەهیچ کەسێک دەست نەکەوت دروست بێت بۆی بیشواتەوە ، ئەوا تەیەمومیان بۆ دەکرێت  ، ئەوەش بەکۆدەنگی چوار مەزهەبەکە وقسەی هەندێک لەسەلەفیشە.

8- حوکمی شوشتنی موسوڵمان لەلایەن کافرەوە:
دروست نی یە کەسی بێ باوەڕ وکافر موسوڵمان بشۆرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وحەنبەلیەکان.

وە مالیکیەکان خیلافیان هەیە گەر هیچ کەسێک نەبێت ئەو پیاوە بشوات جگە لەپیاوی بێ باوەڕ و ئافرەتی نامەحڕەم .

حەوتەم: چۆنیەتی شوشتنی مردو:
1- داماڵینی جل لەبەر مردو:
سوننەتە جل لەبەر مردو دابماڵرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وحەنبەلیەکان.

2- داپۆشینی عەورەتی مردو : 
لەکاتی دەست کردن بەشوشتنی مردو واجبە عەورەتی دابپۆشرێت ، ودروست نی یە تەماشا بکرێت ،هەریەک لە: ابن عبدالبر ، وابن القدامة ، والخطاب کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

3- دەست هێنان بەسکی مردودا بەمەستی هێنانە دەرەوەی پیسی:
دروستە بۆ مردوشۆر لەسەر خۆی وبەهێواشی دەست بێنێت بەسکی مردودا وپاشان بەپەڕۆیەک پاکی بکاتەوە ، ئەمەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە .

وە حەنەفیەکان پێیان وایە دەست هێنان بەسکی مردودا لەدوای شوشتنی دەبێت ،خۆ ئەگەر شتێکیش دەرچوو ئەوا دووبارە مردووەکە ناشۆردرێتەوە.

4- نیەتی شوشتن:
واجب نی یە بۆ شوشتنی مردو نیەت بهێندرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وشافعیەکان، وڕیوایەتێکیشە لای حەنبەلیەکان .

5- دەس خستە نێوان ددانەکانی مردو و کونە لوتی و پاککردنەوەیان :
باش وایە مردو شۆر دەست بخاتە نێوان ددانەکانی مردو وهەروەها کونە لوتی وپاکیان بکاتەوە ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە .

6- دەست نوێژ گرتن بۆ مردو:
سوننەتە لەسەرەتاوە هاوشێوەی دەست نوێژی نوێژ دەست نوێژ بۆ مردو بگیردرێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە .

حەنەفیەکان دەڵێن: دەست نوێژی بۆ دەشۆردرێت بێ ئاو لەدەم ولوت وەردان مەگەر لەشگران بێت.
وە لەلای مالکیەکان: ئاو لەدەمی وەردرێت وسەری لار دەکرێتەوە بەڵکو ئاو بچێتە نێویە وپاک بێتەوە .
وە لەلای شافعیەکان: دەست نوێژێکی هاوشێوەی دەست نوێژی نوێژی بۆ دەشۆردرێت وئاو لەدەم ولوتی وەردەدرێت.
وە لەلای حەنبلەیەکان: پارچە پەڕۆیەک دەهێندرێت بەددانەکانی دا وەهەروەها کونە لوتی وئەمە لەجێگەی ئاو لەدەم ولوت وەردانە.

7- شوشتنی مردو بەسیدر :
مردو بە ئاو وسیدر دەشۆردرێت ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە . حەنەفیەکان: ئەوەیان بەسەریحی گوتووە کەمردو بەسیدر دەشۆردرێت ، بەڵام بەسەریحی نەیان گوتووە سوننەتە ، بەڵام مالکیەکان بەسەریحی گوتویانە سوننەتە ،وشافعیەکان بەسەریحی گوتویانە لەیەکەم شوشتندا موستەحەب وچاکە .

وەدروستە سابون یاخود هەر شتێکی پاککەرەوەی تر بەکار بهێندرێت.

8- شوشتنی هەموو لاشەی مردو:
واجبە هەموو لاشەی مردو بشۆردرێت ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.

9- لای ڕاست پێش خستن لەشوشتنی مردوودا:
سوننەتە لەشوشتنی مردوودا لەلای ڕاستەوە دەست پێ بکرێت پاشان لای چەپ ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.

10- تێکەڵ کردنی کافوور لەکۆتا شوشتندا:
سوننەتە مردو شۆر لەشوشتنی کۆتایی دا کافور تێکەڵی ئاوەکە بکات ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .

کافور: دارێکە مادەیەکی نەرمی لێ دروست دەکرێت وبۆنێکی خۆشی هەیە لە دوکانى بەهارات فرۆشەکان دەست دەکەوێ .

11- بەتاک شوشتن لەشوشتنی مردوودا:
بەتاک شوشتن لەشوشتنی مردوودا کارێکی موستەحەب وچاکە ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .

حەنەفیەکان: پێیان وایە شوشتنی مردو سوننەتە سێ جار بێت ، وگەر لەوەش زیاتر بێت دروستە هەروەک لەحاڵەتی ژیانیشدا هەر وایە.
وە مالکیەکان: دەڵێن: سێ جار یاخود پێنج جار یاخود حەوت جار دەشۆردرێت ، ولەوە زیاتر نابێت مەگەر پێویست کات.
وە شافعیەکان: دەڵێن: سۆننەتە سێ جار بشۆردرێت ، خۆ ئەگەر پاک نەبووەوە ئەوا دەشۆردرێت تاوەکو پاک دەبێتەوە ، و باش وایە بە ویتر و تاک کۆتایی پێ بهێندرێت.
وە حەنبەلیەکان: پێیان وایە سێ جار یاخود پێنج جار یاخود حەوت جار دەشۆردرێت ، ولەوە زیاتریش تاوەکو پاک دەبێتەوە ، وبەتاک کۆتایی پێ دەهێندرێت.

12- نینۆک کردنی مردو وەهەروەها بەر سمێڵ کردنی:
زانایان جیاوازن لەم بابەتەدا ودوو بۆ چوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: 
باش نی یە نینۆک و بەر سمێڵی مردو بکرێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفی ومالکیەکانە ، وقسەیەکی شافیەکانە وهەندێکیان ئەم بۆچوونەیان بەدروست زانیوە ، ونەوەوی هەڵی بژاردووە ، وابن منذر مەیلی بەلایدا هەبووە
بۆچوونی دووەم: 
باش وایە نینۆک و بەر سمێڵ مردو بکرێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە ، وقسەی هەندێ لەشافعیەکان ،وهەندێ لەسەلەفیشە ، وەهەریەک لە ابن باز وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە.

13- تاشینی موی بەری مردو:
حەڕامە موی بەری مردو بتاشرێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە. وەهەندێ لەزانایان پێیان وایە دروستە گەر زۆر درێژ بێت.

14- وشککردنەوەی مردو دوای شوشتنی:
باش وایە دوای شوشتنی مردو وشک بکرێتەوە ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.

15- تەیەمووم کردن بۆ مردو لەکاتێکدا ئاو نەبێت یاخود نەتوانرێت ئاو بەکار بهێندرێت:
لەحاڵەتی نەبوونی ئاودا یاخود نەتوانرێت ئاو بەکار بهێندرێت ئەوا تەیەموم بۆ مردو دەکرێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەکە ، وقسەی ابن حەزمی زاهیریشە.

16- ئەحکامی تایبەت بەشوشتنی ئافرەت:
باش وایە پرچی ئافرەت دابهێندرێت ،وبکرێت بەسێ پەلک ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان .

17- شوشتنی نێر موک (الخنثی المشكل) واتە: (ئەوەی کەنازانرێت پیاوە یاخود ئافرەت)!:
(الخنثی المشكل) واته: نێرە موکێک کەنازانرێت پیاوە یاخود ئافرەت ناشۆردرێت بەڵکو تەیەمومی بۆ دەکرێت ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، حەنبەلیەکان ، وبۆچوونی هەندێ لەشافعیەکانیشه.

بەڵام تەفسیڵی تێدایە لەنێوان مەزهەبە فیقهیەکاندا:
حەنەفیەکان دەڵێن:
گەر ئەو کەسەی کەتەیەمومەکەی بۆ دەکات خزمی نزیکی بێت ،واتە: مەحرەمی بێت ئەوا بەبێ پارچە پەڕۆ تەیەموومی بۆ دەکات ، بەڵام گەر مەحرەمی نەبوو ئەوا پارچە پەڕۆیەک تەیەموومی بۆ دەکات و دەیهێنێ بەدەس وباڵ ودەم وچاوی دا ، بەڵام گەر منداڵ بوو ئەوا لەهەموو حاڵەتێکدا دەشۆردرێت ، جا جیاوازی نی یە ئەوەی دەیشۆرێت پیاو بێت یاخود ئافرەت ، بەڵام گەر گەشتبووە ئەندازەی شەهوەت واتە: بالغ بوو بوو ئەوا ناشۆردرێت بەڵکو تەیەموومی بۆ دەکرێت .
وە مالکیەکان دەڵێن: 
نێرە مووکی گەورە ئەوەی کە مەحرەمی نی یە لەپیاوان وئافرەتان وسەیدی پیاویشی نی یە ،ئەوا لەماڵەکەی خۆی جاریەیەکی بۆ دەکڕدرێت ، خۆ ئەگەر ماڵ وپارەی نەبوو لە بەیتول مال بۆی دەکڕدرێت پاشان دەگێڕدرێتەوە بۆ بەیتول مال ، و نابێتە وارس ، خۆ ئەگەر نەبوو ودەست نەدەکەوت ، ئەوا تەیەموومی بۆ دەکرێت ودەنێژرێت وپێویستە گەر پیاو تەیەموومی بۆ کرد تاوەکو مەچەکی وەک ئیحتات تەیەموومی بۆ بکات ، وگەر ئافرەت تەیەموومی بۆ کرد تاوەکو قوڕناسکی ، ئەوەش لەبەر ئەوەی گەر پیاو بێت ئەوا دەبێتە جاریەیی ،وئەگەر ئافرەت بێت ئەوا ئافرەتە بەڵام فەرمان دەکرێت بەداپۆشینی.
هەرچی حەنبەلیەکانە دەڵێن:
گەر کەسێک مرد نێر مووک بوو ونەدەزانرا پیاوە یاخود ئافرەت وتەمەنی حەوت ساڵ یاخود زیاتر بوو ئەوا گەر جاریەیی هەبوو ئەوا دەیشوات چونکە گەر ئافرەت بێت ئەوا هیچ کێشەی نی یە ، وئەگەر پیاو بێت ئەوا بۆ جاریەکەی هەیە بیشوات.

18- چۆنیەتی شوشتنی ئەو کەسەی کە بەئیحرامەوە مردووە:
شوشتنی مردویەک کەئیحرامی پێوە بێت ئەوا وەک شوشتنی وایە کەزیندو بێت ، ئەو شتانەی لێ دوور دەخرێتەوە کەبەزیندووی لەکاتی ئیحرام دا لێ بەدوور دەگیرا ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان وحەنبەلیەکانە ، وقسەی کۆمەڵێکە لەسەلەف ، وبۆچوونی ابن حزم ،و ابن تەیمیە ، وابن قیم ، والصنعاني ، وابن باز ، وابن عثیمین.

لە بەر فەرموودەكەی ( ابن عباس ) ڕەزاى خواى گەورە لە خۆى و باوکی بێ كە دەفەرموێت : " بينما رجل واقف بعرفة ، إذ وقـع عن راحلته فوقصته ، أو قـال : فأقعصته ، فقـال النبي  صلى الله عليه وسلم : اغسلوه بمـاء وسدر ، وكفنوه في ثوبين ( وفي رواية : في ثوبيه ) ولا تحنطوه ( وفي رواية : ولا تطيبوه ) ولا تخمروا رأسه ( ولا وجهه ) ، فـإنه يبعث يوم القيامة ملبيا "
واتە : جارێكیان پیاوێك لەسەر كێوی عەرەفە ڕادەوەستێت ، لەسەر وڵاخەكەی دەكەوێتە خوارەوە و ملی دەشكێت ، پێغەمبەری خواش صلى الله عليه وسلم فەرمووی : بە ئاو و سیدر بیشۆن ، لە دوو كراسدا كفنی بكەن ( وە لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە : بە دوو كراسەكەی خۆی كفنی بكەن ) ، و كراسەكان بۆن خۆش مەكەن ( وە لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە : بۆنی خۆشی بەسەردا مەكەن ) ، نەسەر و نەڕوومەتیشی دامەپۆشن ، چونكە لە كاتی زیندووبونەوەیدا بە تەلبیەیەوە زیندوو دەكرێتەوە ( واتە : لبیك اللهم لبیك ... هتد دەكات ) .
تێبینى : بەڵام ئەگەر مردووەکە ئافرەت بوو ئیحرامی پۆشیبوو دەبێت دەم و چاوی داپۆشرێت و بشاردرێتەوە .

19- گەر دوای شوشتنی مردو پیساییەک لەمردوو دەرچوو:
گەر دوای شوشتنی مردو و پێش کفن پیساییەک لەمردو دەرچوو ، واجبە پیساییەکە بشۆردرێت ، وشوشتنەکە دوو بارە ناکرێتەوە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وشافعیەکان .

20- حوکمی دووبارە دەست نوێژ شوشتن بۆ مردوو دوای دەرچوونی پیسایی لێی:
گەر پیسایی لەمردوو دەرچوو دوای شوشتنی و پێش کفن کردنی ئەوا دەست نوێژی بۆ دووبارە ناکرێتەوە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وبۆ چوونی ڕاستە لەلای شافعیەکان .

هەشتەم : حوکمی خۆشوشتن دوای شوشتنی مردوو:
سوننەتە دوای شوشتنی مردوو مردو شۆر خۆی بشوات ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.


وەرگیراوە لە (موسوعة الفقهیة) لە ماڵپەڕى (الدُّرر السَّنية)