یەکەم : ئەو شتانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە و ئەوانەش ڕۆژوو بەتاڵ ناکەنەوە
بەروار: 2020/06/29سەردارن: 2028نوسەر: وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕ

یەکەم: بەکار هێنانی خواردن وخواردنەوە:

1- حوکمی بەکار هێنانی خواردن وخواردنەوە بەئەنقەست:
هەرکەسێک شتێک بەئەنقەست بخوات یاخود بخواتەوە لەو شتانەی کەوزە بەمرۆڤ دەبەخشن ، و لەو کاتەدا بزانێت بەڕۆژووە ولەبیری بێت ؛ ئەوا بەتەئکید ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ، هەریەک لە: ابنُ حزمٍ، وابن قُدامةَ کودەنگی زانایانیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

- ئەوەی کەپێویست دەبێت بەهۆی خواردن وخواردنەوەوە بەئەنقەست:
- قەزا کردنەوەی ئەو ڕۆژەیە:
هەرکەسێک بەئەنقەست خواردن خواردنەوە بخوات وبخواتەوە ، ئەوا پێویستە ڕۆژووی ئەو ڕۆژە قەزا بکاتەوە ، هەموو زانایان ئەم بۆچوونەیان هەیە ، بەڵام بەنیسبەت کەفارەتەوە کەئایا لەگەڵ قەزا کردنەوەکەدا کەفارەتیشی دەکەوێتە سەر یاخود نا ؟
نەخێر کەفارەتی لەسەر نی یە ، ئەوەش مەزهەبی شافعی ، وحەنبەلیەکانە ، و ابنُ المنذر، والنوويُّ، بەڕاجحیان زانیوە ،و ابنُ عُثَيمين هەڵی بژاردووە.

- خۆ گرتنەوە لەو شتانەی کەڕۆژوو دەشکێنن:
هەرکەسێک بەئەنقەست خواردن خواردنەوە بخوات وبخواتەوە ، ئەوا پێویستە ، باقی ئەو ڕۆژەی کەچەند سەعاتێک دەکات خۆی بگرێتەوە لەو شتانەی کەڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە، ئەمەش کۆدەنگی چوار مەزهەبەکەی لەسەرە ،  وابنُ حَزمٍ ئەم بۆچوونەی هەڵبژاردووە.

2- حوکمی بەکار هێنانی خواردن وخواردنەوە بەهۆی لەبیرچوونەوەوە:
هەرکەسێک بەهۆی لەبیرچوونەوەوە خواردن خواردنەوە بخوات وبخواتەوە ، ئەوا هیچی لەسەر نی یە ، وڕۆژووەکەی تەواو دەکات ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لەحەنەفی وشافعی وحەنبەلیەکان.

3- حوکمی ئەو شتانەی کەبەبێ مەبەست دەچنە سکی ڕۆژووەوانەوە:
ئەو شتانەی کەبەبێ مەبەست و لا ئیرادی دەچنە سکی ڕۆژووەوانەوە ، وەک خۆڵ وتۆزی ڕێگا ؛ ئەوا ڕۆژوو بەتاڵ ناکەنەوە ، هەریەک لە: ابنُ المُنذر، وابنُ حزمٍ، وابنُ قُدامةَ، والنوويُّ، والخَرشيُّ کودەنگی زانایانیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

4- حوکمی قوت دانی لیکی خۆی لەلایەن کەسی ڕۆژووەوانەوە:
قوت دانی لیک ڕۆژوو بەتاڵ ناکاتەوە ، مادام فڕێی نەداوە ، وکۆی نەکردۆتەوە ؛ ابنُ حزمٍ کودەنگی زانایانی لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

5-حوکمی قوت دانی ئەو شتانەی کەلەنێوان ددانەکانیدایە لەلایەن کەسی ڕۆژووەوانەوە وئەو شتانە هێندە کەمن ناتوانرێت فڕێ بدرێن:
هەرکەسێک شتێک قوت بدات ئەوانەی کەلەنێوان ددانەکانی دایە وکەم بێت ونەتوانرێت فڕێ بدرێت ولەگەڵ لیکدا بچێتە قوڕگیەوە ، ئەوا ڕۆژووەکەی دروستە: ابنُ المنذِر کودەنگی زانایانی لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

6- حوکمی حوکمی قوت دانی ئەو شتانەی کەلەنێوان ددانەکانیدایە لەلایەن کەسی ڕۆژووەوانەوە بەڵام دەتوانرێت فڕێ بدرێن:
هەرکەسێک شتێک قوت بدات ئەوانەی کەلەنێوان ددانەکانی دایە وبتوانرێت فڕێ بدرێت ؛ ئەوا ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ، ئەوەش مەزهەبی شافعی ، وحەنبەلیەکان ، وبۆچوونێکی مالکیەکانە.

7- حوکمی قوت دانی ئەو شتانەی کەعادەتەن ناخورێن:
گەر کەسی ڕۆژووەوان شتێکی قوت دا کەعادەتەن ناخورێت ، وەک دینار ، یاخود بەرد ، یاخود ئاسن ، یاخود دەزو ؛ ڕۆژووەکەی دەشکێت ،ئەمەش کۆدەنگی چوار مەزهەبەکەی لەسەرە ، ومەزهەبی جمهوری زانایانی سەلەف وخەلەفە.

8- حوکمی جگەرە کێشان لەکاتی بەڕۆژوو بووندا:
جگەرە کێشان لەکاتی بەڕۆژوو بووندا ڕۆژوو بەتاڵ دەکاتەوە ، ئەمەش کۆدەنگی چوار مەزهەبەکەی لەسەرە.

9- حوکمی خۆگرتنەوە لەو شتانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە بەنیسبەت کەسێکەوە وای زانیوە خۆر ئاوا بووە وڕۆژووی شکاندووە بەڵام دواتر دەرکەوتووە هێشتا خۆر ئاوا نەبووە:
لەم حاڵەتەدا بەڵێ پێویستە خۆی بگرێتەوە لەو شتانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە ، ئەمەش کۆدەنگی چوار مەزهەبەکەی لەسەرە.

10- کەسێک ڕۆژووی شکاندووە وای زانیوە خۆر ئاوا بووە بەڵام دواتر دەرکەوتووە هێشتا خۆر ئاوا نەبووە جا ئایا ئەم کەسە واجبە لەسەری ئەو ڕۆژە قەزا بکاتەوە یاخود نا؟

زانایان لەم بارەیە بۆچوونیان جیاوازە ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: پێویستە لەسەری قەزای بکاتەوە، ئەمەش بەکۆدەنگی چوار مەزهەبەکە.

بۆچوونی دووەم: پێویست نی یە لەسەری قەزای کاتەوە، ئەمەشیان بۆچوونی کۆمەڵێکە لەسەلەفە ، و ابنُ تَيميَّةَ، وابنُ القيِّم، وابنُ عُثَيمين هەڵیان بژاردووە.

11- حوکمی ئەو کەسەی خواردن بخوات یاخود خواردنەوە بخواتەوە وگومانی هەبێت لەئاوا بوونی خۆر:
لەم حاڵەتەدا گەر دڵنیا نەبوو لەوەی خۆر ئاوا بووە یاخود دەرکەوت خۆر ئاوا نەبووە ، تاوان بار دەبێت ، ولەهەردوو حاڵەتەکەدا پێویستە ئەو ڕۆژە بگرێتەوە ، ئەمەش بەکۆدەنگی چوار مەزهەبەکە..

12- حوکمی کەسێک بەهەڵە دوای دەرکەوتنی فەجر پارشێوی کردبێت:
هەر کەسێک پارشێو بکات و وابزانێت هێشتا شەوە ، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوێت لەو کاتەی ئەو پارشێوی کردووە فەجر دەرکەوتووە ؛ لەم حاڵەتەدا زانایان ناکۆکن لەبارەی واجب بوون و واجب نەبوونی قەزا کردنەوە لەسەری ، ودوو بۆچوونیان لەم بارەیەوە هەیە:
بۆچوونی یەکەم: ڕۆژووەکەی دروستە ، وقەزا کردنەوەی لەسەر نی یە ، ئەوەش قسەی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، و ابنُ تَيميَّةَ، وابنُ عُثَيمين هەڵیان بژاردووە. 

بۆ چوونی دووەم: پێویستە قەزای بکاتەوە ، ئەمەش بەکۆدەنگی چوار مەزهەبەکە.

دووەم: جیماع کردن بەئەنقەست لەڕۆژی ڕەمەزاندا:

1- حوکمی جیماع کردن بەئەنقەست لەڕۆژی ڕەمەزاندا: هەرکەسێک لەڕەمەزاندا بەئەنقەست جیماع بکات ، ئەوا ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ، هەریەک لە: ابنُ المنذِرِ، وابنُ حزمٍ، وابنُ قُدامةَ، وابنُ تَيميَّةَ کۆدەنگی زانایانیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

2- ئەو شتەی واجب دەبێت بەهۆی جیماع کردنەوە لەڕەمەزاندا:
ئەم چەند شتەی لای خوارەوە واجب دەبێت:

- کەفارەت:
ئەو کەسەی لەڕەمەزاندا جیماع دەکات کەفارەتی لەسەر واجب دەبێت ، ئەمەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.

تەرتیب لەکەفارەتدا:
کەفارەتی جیماع کردن لەڕەمەزاندا بەدوای یەکدایە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ،وشافعی ، وحەنبەلیەکان ، ومەزهەبی زاهییەکانیشە.

- قەزا کردنەوە:  
ئەو کەسەی لەڕەمەزاندا جیماع دەکات پێویستە لەسەری ئەو ڕۆژە قەزا بکاتەوە کەجیماعی تێدا کردووە ، ئەمەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.

3- ئەوەی لەسەر ئافرەت واجبە کاتێ لەڕۆژانی ڕەمەزاندا جیماعی لەگەڵ دەکرێت وئەویش ڕازی بێت :
لەم حاڵەتەدا ئەویش بەهەمان شێوەى مێردەکەی قەزا وکەفارەتی دەکەوێتە سەر ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لەحەنەفی ،ومالکی ، وحەنبەلیەکان ، وبۆچوونێکیشە لای شافعیەکان.

4- حوکمی ئەو کەسەی بەهۆی لەبیر چوونەوە جیماع دەکات :
هەرکەسێک بەهۆی لەبیر چوونەوەوە جیماع بکات ، ئەوا ڕۆژووەکەی دروستە ، وپێویست نی یە لەسەری قەزای بکاتەوە، ئەوەش بۆچوونی حەنەفی ،وشافعیەکانە ، وقسەی کۆمەڵێکە لەسەلەف ،و ابنُ تَيميَّةَ، وابنُ القَيِّم، والصنعانيُّ، والشَّوكانيُّ، وابنُ عُثَيمين هەڵیان بژاردووە.

5- حوکمی ئەو کەسەی لەیەک ڕۆژی ڕەمەزاندا چەند جارێک جیماع دەکات: 
هەرکەسێک لەیەک ڕۆژی ڕەمەزاندا چەند جارێک جیماع بکات ، ئەوا تەنها یەک کەفارەتی لەسەرە ، گەر پێش ئەوەی دووبارەی بکاتەوە کەفارەتی نەدابێ ، هەریەک لە: ابنُ عبدِ البَرِّ، وابنُ قُدامةَ کۆدەنگی زانایانیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

6- حوکمی ئەو کەسەی لەیەک ڕۆژی ڕەمەزاندا چەند جارێک جیماع دەکات وکەفارەتی جیماعی یەکەمی دابێت:

لەم حاڵەتەدا زانایان بۆچوونی جیاوازیان هەیە کەئایا واجبە جارێکی تر کەفارەت بداتەوە یاخود نا ؟
جا دوو بۆچوونیان هەیە لەم بارەیەوە:
بۆچوونی یەکەم: پێی وایە دوو بارە کەفارەتی لەسەر نی یە ، ئەوەش مەزهەبی مالکی ، وشافعییەکانە ،و ابنِ عُثَيمين ئەم بۆچوونەی لاپەسەندە.

بۆچوونی دووەم: پێویستە دوو بارە کەفارەتی جیماعی دواتری بدات ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفی ، وحەنبەلیەکانە.

7-حوکمی ئەو کەسەی لەدوو  ڕۆژ یان زیاتر لەڕەمەزاندا جیماع دەکات:
لەم حاڵەتەدا پێویستە بۆ هەر ڕۆژێک کەفارەتێک بدات ، جا جیاوازی نی یە کەفارەتی ڕۆژی پێشووی دابێت یاخود نا، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان.

8- حوکمی ڕۆژووی ئەو کەسەی لەدواوە جیماعی کردبێت:

هەرکەسێک لەدواوە جیماع بکات ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ، وپێویستە لەسەری ئەو ڕۆژە قەزا بکاتەوە و کەفارەتیشە لەسەرە ، ئەمەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.

9- حوکمی ئەو کەسەی بەئەنقەست جیماع دەکات لەکاتێکدا بەڕۆژووە وڕۆژووەکەی قەزای قەرزاری ڕەمەزانەوە.
لەم حاڵەتەدا کەفارەتی لەسەر نی یە ، ئەمەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.

سێیەم: دەرچوونی مەنی:  

1- هەرکەسێک لەڕۆژی ڕەمەزاندا ئاوی خۆی بێتەوە ؛ ئەوا ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ، وپێویستە قەزای بکاتەوە ، ئەمەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.

2- قەزا کردنەوەی ڕۆژوو لەسەر ئەو کەسەی کە دەسبازی دەکات یاخود ماچ بکات یاخود دەست بدات لەخێزانی وئاوی بێتەوە:
هەرکەس بەهۆی دەسبازی بەبێ جیماع کردن یاخود ماچ بکات یاخود بەهۆی دەس لێدانەوە ئاوی بێتەوە ،  ، لەم حاڵەتانەدا ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ، وپێویستە قەزای بکاتەوە ، ئەمەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.

3- ئەو کەسەی بەهۆی دەسبازی کردن ، یاخود ماچ کردنەوەوە یاخود دەس لێ دانەوە ئاوی بێتەوە ئایا کەفارەتی دەکەوێتە سەر یاخود نا؟
هەرکەسێک بەم هۆیانەوە ئاوی بێتەوە بەمەرجێک جیماع نەبێت ئەوا کەفارەتی لەسەر نی یە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە وەک: حەنەفی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکانە.

4- حوکمی ئەو کەسەی زۆر تەماشا بکات تاوەکو ئاوی دێتەوە:
هەرکەسێک چەند جارێک تەماشای خێزانی یان هەر شتێکی تر بکات وئاوی بێتەوە ئەمە لەکاتێکدایە بەڕۆژووە ، ئایا ڕۆژووەکەی دەشکێت یاخود نا ؟
زانایان لەم بارەیەوە جیاوازن ودوو بۆچوونیان هەیەلەم بارەیەوە:
بۆچوونی یەکەم: هەرکەسێک چەند جارێک تەماشای خێزانی یان هەر شتێکی تر بکات تاوەکو ئاوی دێتەوە ، ئەوا ڕۆژووەکەی دەشکێ بەڵام کەفارەتی لەسەر نی یە ؛ ئەوەش مەزهەبی حەنبەلیەکان ،وکۆمەڵێک لەسەلەفە ،و ابنُ عُثَيمين، هەڵیبژاردووە ،  و اللَّجنةُ الدَّائمةُ هەمان فەتوایان لەم بارەیەوە داوە.

بۆچوونی دووەم: هەرکەسێک چەند جارێک تەماشای خێزانی یان هەر شتێکی تر بکات تاوەکو ئاوی دێتەوە ، ئەوا ڕۆژووەکەی ناشکێ ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفی ، وشافعیەکانە ، وقسەی کۆمەڵێک لەسەلەفە.

5- حوکمی ئەو کەسەی ئاوی بێتەوە تەنها بەهۆی بیرکردنەوەوە بەبێ ئەوەی هیچ بکات:
لەم حاڵەتەدا ڕۆژووی بەتاڵ نابێتەوە ، جا بیرکردنەوەکە بەردەوام بێت یاخود نا ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی وشافعی ، وحەنبەلیەکان.

6- حوکمی ئەو کەسەی لەڕۆژی ڕەمەزاندا بنوێت وتوشی لەش گرانی بێت:
لەم حاڵەتەدا ڕۆژووەکەی دروستە وبەتاڵ نابێتەوە ؛ هەریەک: الماوَرديُّ، وابنُ حزمٍ، وابنُ عبدِ البَرِّ، وابنُ رُشدٍ، والنَّوويُّ، وابنُ تَيميَّةَ، وابنُ حجر کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

7- حوکمی دەرچوونی مەزی لەکەسێکەوە کەبەڕۆژووە: 
دەرچوونی مەزی لەکەسێکەوە کەبەڕۆژووە ڕۆژوو بەتاڵ ناکاتەوە ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفی وشافعیەکانە ، و یەکێک لەڕیوایەتەکانە لەئیمام ئەحمەدەوە ،و ابنُ المُنذِر، والصنعانيُّ؛ وابنُ عُثَيمين ئەم بۆچوونەیان هەڵبژاردووە.

چوارەم: ڕشانەوە:
1- هەرکەسێک بەئەنقەست خۆی بڕشێنێتەوە ، ئەوا ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ، وپێویستە لەسەری قەزای بکاتەوە ، بەڵام کەفارەتی لەسەر نی یە ، ئەمەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.

2- ئەو کەسەی کەڕشانەوە زۆری بۆ دێنێت:
هەر کەسێک ڕشانەوە زۆری بۆ هێنا وڕشایەوە ، ئەوا ڕۆژووەکەی دروستە ، وهیچی لەسەر نی یە ، ئەمەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.

3- دەرچوونی خوێن یاخود شتی تر لەنێوان ددانەکانەوە:
دەرچوونی خوێن وشتی تر ڕۆژوو بەتاڵ ناکەنەوە ، مادام نەگەڕاوەتەوە بۆ قوڕگ: ابنُ حزمٍ کۆدەنگی لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

پێنجەم: دەرچوونی خوێنی حەیز و نیفاس:
1- حوکمی ڕۆژووی ئەو ئافرەتەی لەکاتی بەڕۆژوو بووندا توشی حەیز ونیفاس دەبێت:
گەر ئافرەت توشی ئەم حاڵەتانە بوو ، ئەوا ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ، وپێویستە دواتر قەزای بکاتەوە ، هەریەک لە: ابنُ حزمٍ، وابنُ رُشدٍ، والنوويُّ، وابنُ تَيميَّةَ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

2- حوکمی خۆ گرتنەوە لەو شتانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە بەنیسبەت ئافرەتێکەوە کەڕۆژووەکەی بەهۆی حەیز ونیفاسەوە بەتاڵ بۆتەوە:
نەخێر پێویست نی یە لەسەری ئەوەندەی ماوە لەڕۆژەکە خۆی بگرێتەوە لەو شتانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە ، ئەوەش بۆچوونی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وشافعیەکان.

3-  سوڕی مانگانە ڕۆژووەیەک نابچڕێنێت کەواجب بێت بەدوای یەکدا بگیردرێت:
گەر ئافرەتێک ڕۆژووی دوو مانگی بەدوای یەکدا لەسەر بێت ، وبکەوێتە حەیز ونیفاسەوە ئەم حەیز ونیفاسە نابنە هۆکاری بچڕاندنی ئەو ڕۆژووە هەریەک لە: ابنُ المُنذِر، وابنُ تَيميَّةَ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

شەشەم: شێت بوون ولەهۆش خۆچوون:
پێشتر باسی ئەم بابەتەمان کردووە لەبابی یەکەم دا.

حەوتەم: حوکمی ئەوکەسەی لەڕۆژی ڕەمەزاندا دەنوێت:

1- کەسێک لەڕۆژی ڕەمەزاندا بنوێت وتەنها یەک سات لەڕۆژەکە بەخەبەر بێت ، وباقیەکەی تری بنوێت ، ئەوا ڕۆژووەکەی دروستە؛ ئیمامی نەوەوی کۆدەنگی زانایانی لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

2- حوکمی ئەوکەسەی لەڕۆژی ڕەمەزاندا دەنوێت وتەنانەت بۆ ساتێکیش بەخەبەر نایەت ، تاوەکو دوای ئاوا بوونی خۆر :
لەم حاڵەتەشدا ڕۆژووەکەی دروستە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکی وشافعی وحەنبەلیەکان.

هەشتەم: هەڵگەڕانەوە لەدین وموڕتەد بوونەوە:
هەرکەسێک لەکاتێکدا کەبەڕۆوژوە هەڵگەڕێتەوە لەدین وموڕتەد ببێتەوە ؛ ئەوا ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ، هەریەک لە: ابنُ قُدامةَ، والنوويُّ، والمَرداويُّ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

نۆیەم: نیەتی شکاندنی ڕۆژوو:
هەرکەسێک لەکاتێکدا کەبەڕۆوژوە نیەتی شکاندنی ڕۆژوو بێنێت؛ ئەوا ڕۆژووەکەی دەشکێت تەنانەت گەر هیچ شتێک لەو شتانەی نەکردبێت کەڕۆژوو دەشکێنێت ، ئەمە بۆ چوونی مالکی وحەنبەلیەکانە ، وبۆچوونێکیشە لەلای شافعیەکان، و ابنُ حَزمٍ هەڵی بژاردووە.

دەیەم: حوکمی حوجامە کردن بەنیسبەت کەسێکەوە کەبەڕۆژووە:
هەرکەسێک لەکاتێکدا کەبەڕۆوژوە حوجامە بکات ئەوا زانایان خیلافیان لەبارەیەوە هەیە کە ئایا ڕۆژووەکەی دەشکێت یاخود نا ودوو بۆچوونیان هەیە: 
بۆچوونی یەکەم: ڕۆژووەکەی ناشکێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە ، لەحەنەفی ومالکی وشافعیەکان.

بۆچوونی دووەم:  ڕۆژووەکەی دەشکێت ، ئەوەش بۆچوونی حەنبەلیەکانە ، وبۆچوونی هەریەک لە ابنُ تَيميَّةَ  ، وابنُ باز، وابنُ عُثَيمين یشە.

یازدەیەم: حوکمی خوێن دەرهێنان لەڕێگای دەمارەوە لەکاتی بەڕۆژوو بووندا:
زانایان جیاوازن لەبارەی ئەوەی ئایا خوێن دەرهێنان لەڕێگای دەمارەوە لەکاتی بەڕۆژوو بووندا ڕۆژوو دەشکێنێت یاخود نا ودوو بۆچوونیان هەیە لەم بارەیەوەوە:
بۆچوونی یەکەم: پێی وایە نەخێر ڕۆژوو ناشکێنێت ، ئەوەش  مەزهەبی جمهوری زانایانە لە حەنەقی ومالکی وشافعیەکان.
بۆچوونی دووەم: پێی وایە بەڵێ ڕۆژوو دەشکێنێت ، ئەوەش  بەشێک لەمەزهەبی حەنبەلیەکانە ، و ابنُ تَيميَّةَ، وابنُ عُثَيمين لایان پەسەندە ، و "اللجنةُ الدَّائمةُ"ش فەتوایان بەمە داوە.

دوازدەیەم: حوکمی وەرگرتنی خوێن بۆ فەحس وتاقی کردنەوە:
دروستە بۆ ڕۆژووەوان خوێن بدات بەمەبەستی فەحس وتاقی کردنەوە ، ئەوەش بۆ چوونی ابنِ باز  ، وابن عُثَيمين ـە.

سیازدەیەم: حوكمی شاف هەڵگرتن لەڕێگای کۆمەوە:
هەر کەسێک شاف هەڵگرێت لەکاتی بەڕۆژوو بووندا ئەوا زانایان جیاوازن لەبارەیەوە ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ، ئەوەش بە کۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە .

بۆچوونى دووەم : ڕۆژوو بەتاڵ ناکاتەوە ئەوەش مەزهەبی زاهیڕیەکانە ، وقسەی کۆمەڵێکە لەمالکیەکان ، وقازی حەسەنی شافعی ،و الحسَنُ بن صالح هەمان بۆچوونیان هەیە، و ابنُ عبدِ البَرِّ، وابنُ تَيميَّةَ ئەم بۆچوونەیان لایان پەسنەدە.

چواردەیەم: قەترە لەڕێگای لوتەوە:
زانایان جیاوازن لەبارەی قەترە کردنە لوتەوە لەکاتی بەڕۆژوو بووندا ودوو بۆ چوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: پێی وایە ڕۆژوو دەشکێنێت ئەوەش بەکۆدەنگی چوار مەزهەبەکە.
بۆچوونی دووەم: گەر قوت نەدرێت ئەوەندەی کەدادەبەزێتە نێو قوڕگ ئەوا ڕۆژوو ناشکێنێت ، ئەوەش بۆچوونی ابنُ حزمٍ، و ابنُ تَيميَّةش ئەم بۆچوونەی سەرخستووە، و مجمَعُ الفِقه الإسلاميِّ پێی باشە، وە " اللجنةُ الدَّائمة"ش هەمان ڕایان هەیه، و بۆچوونی ابنِ عُثَيمين یشە.

بابەتەکانی تر