یەکەم: پێناسەی ئیعتکاف:
ئیعتکاف لەڕووی زمانەوانیەوە :
بریتی یە لەڕوو کردنە شتێک ومانەوە تیایدا ، دەوترێت: عَكَفَ على الشَّيءِ: کاتێک کەڕووی تێکرد وبەردەوام بوو لەسەری وڕووی لێ وەرنەگێڕا ، و لەبەر ئەمەشە بەو کەسەی کەبەردەوام لەمزگەوتدا بێت ، وعیبادەتی تێدا بکات دەوترێت: (عاكفٌ ومعتَكِفٌ).
ئیعتکاف لەڕووی زاراوەی شەرعی یەوە:
بریتی یە لە مانەوە لەمزگەوتدا بەنیەتی لەخوا نزیک بوونەوە جا شەو بێت یاخود ڕۆژ .
دووەم: مەبەست وئامانج لەئیعتکاف:
ئیعتکاف چەند مەبەست وئامانجێکی هەیە ، لەوانە:
1- ڕوو کردنی دڵ لەعیبادەتی خودا .
2- کۆکردنەوەی دڵ لەسەری ، وتایبەت کردنی نەفس پێی.
3- خەڵوە ومناجات کردن لەگەڵ خودادا.
4- دوور کەوتنەوە لەدروستکراوەکان وبابەتە دونیاییەکان.
سێیەم: حوکمی ئیعتکاف کردن:
ئیعتکاف بۆ هەریەک لەپیاوان وئافرەتان سوننەتە ، ئەمەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.