یەکەم: زۆر یادی مردن کردن
بەکۆ دەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە زۆر زیکر ویادی مردن کردن سوننەتە.
دووەم: خۆ ئامادە کردن بۆ مردن:
سوننەتە خۆ ئامادە کردن بۆ مردن ، بەوەی پەلە بکرێت لەتەوبە کردن ، وگەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەکەی وڕوو کردن تاعەت وعیبادەت.
سێیەم: گومانی باش بردن بەخودا:
پێویسته لەسەر نەخۆش وئەوەی لەسەرەمەرگدایە گومانی باش بەخودا ببات.
چوارەم: ڕوو کردنە قیبلەی ئەو کەسەی کەلەسەرەمەرگدایە:
سوننەت نی یە ڕووی بکرێتە قیبلە ، ئەمەش بۆ چوونی مالیک وهەندێ لەسەلەف وئەلبانی یە ، چونکە بەڵگەى لەسەر نیە .
پێنجەم: ئاودان پێی:
حەنەفیەکان وشافعیەکان وحەنبلیەکان پێیان باشە ئاو بدرێتە ئەو کەسەی کەلەسەرەمەرگدایە ، چونکە هەندێک ناڕەحەتى لەسەر سوک دەکا و کە زمانى تەڕ بێ ئاسانتر دەتوانێ شایەتومان بهێنێ .
شەشەم: تەڵقین دانی:
بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە سوننەتە تەڵقین دانی ئەوکەسەی کەلەسەرەمەرگدایە ئەوەش بەدوو بارەکردنەوەی (لا ٳلە ٳلا الله) .
حەوتەم : نیشانەکانى کەسی مردوو
پوختەى نيشانەکانی مردن وەکو باس کراون لە لایەن دكتۆر و زاناکان:
- وەستانى دڵ و سووڕی خوێن.
- وەستانی هەناسەدان ونيشانەکانی.
- وەستانى کۆئەندامی دەمارەکان و کۆتایی پێهێنانی سیستەمى کۆنترۆڵکردن که لەنێو نيشانەکانی:
أ- يەكەم نیشانەى سەرەکیی خاوبوونەوەى ماسوولكەکانە.
ب- سافێتى بیلبیلەى چاوان هەستى نامێنێت بەرامبەر بە ڕووناکیی و ڕۆشنایی بەهێز.
چەند گۆڕانکاریەک ڕوودەدات لە سەر لەشی مردوو وەکو:
- نەمانی ئاوڕبوون و درەوشانەوەی چاوان پاش مردن.
- ڕەنگی لەشی مردوو دەگۆڕدرێت.
- لەشى مردوو سارد و سڕ و بێ هەست دەبێت.
سەرچاوە:(أحكام موت الدماغ) من ((موسوعة الفقه الطبي)) (4/1646)
هەشتەم: حوکمی ئەو کەسەی مێشکی مردووە:
ئەو کەسەی مێشکی مردبێت لەشەرع دا بەمردووی حەقیقی ئەژمار ناکرێت و ئەحکامەکانی مردنی بەسەردا جێ بەجێ نابێت ، ئەوەش بۆ چوونی ابن بازە ، وەبڕیاری هەریەک لە( المجمَعِ الفقهيِّ الإسلاميِّ) ،و هيئةِ كبارِ العلماءِ بالمملكة العربيَّة السعوديَّةِ)لەسەرە. تەنها کاتێ نەبێت کە هەناسە و دڵ بووەستێت ، و بەتەواوی لە لێدان بکەوێت دوای لابردنی ئامێری بوژانەوە ، و دڵنیان بوون لەمردنی بەشێوەیەک هیچ گومانێک هەڵنەگرێت ، ئا ئەم حاڵەتە هیچ خیلاف وجیاوازیەکی تێدا نی یە لەنێوان زانایان و دکتۆرەکاندا .
نۆیەم: وەستانی ئامێری بوژانەوە:
گەر مێشکی بەتەواوی لەکار کەوت وهەناسەی بەئامێر بوو ولێدانی دڵ بەجیهاز بوو وحەقیقی نەبوو ؛ ئەوا دروستە ئامێری بوژانەوەکەی لەسەر لاببرێت ، ئەمەش فەتوای(اللَّجنةِ الدَّائمةِ)بەسەرۆکایەتی ابن باز، وبڕیاری ( المَجْمَعِ الفقهيِّ الإسلاميِّ) لەسەرە.
دەیەم: ئەو شتانەی کەسوننەتە بۆ ئەو کەسە بکرێ کە مردووە:
1- نوقاندنی چاوی مردوو:
باش وایە دوای دەرچوونی ڕوح چاوی مردووەکە دابخرێت ، هەریەک لەئیمامی نەوەوی وسەنعانی کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.
2- بەستنی ڕیش بەعەمامە:
سوننەتە ڕیشی مردوو بەعەمامەیەک ببەسترێت ، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە.
3-شێلانی ئەندامەکانی لاشە:
باش وایە ئەندامەکانی لاشەی مردوو بشێلرێت ، ئەمەش بۆ ئاسانکارى لە کاتى شۆردنیدا، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە.
4- داپۆشینی مردوو:
ئیمامی نەوەوی کۆدەنگی زانایانی نەقڵ کردوو لەسەر ئەوەی باش وایە دوای مردن مردوو دابپۆشرێت.
5- دانانی مردوو لەسەر سەرین وهاوشێوەکانی:
باش وایە مردوو لەسەر سەرین یاخود شتێک دابنرێن ، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە.
6- داکەندنی جلی مردوو:
دوای مردن باش وایە جلی مردوو دابخرێت ، ئەمەش بۆچوونی شافعی وحەنبەلیەکانە.
7- دانانی شتێکی قورس لەسەر سکی:
زانایانی هەر چوار مەزهەبەکە یەکدەنگن لەسەر باشی دانانی شتێکی قورس لەسەر سکی مردوو ، ئەمەش بۆ ئەوەى نەوەک سکى با بکا و دیمەنى ناشرین ببێ .
یازدەیەم: حوکمی ماچ کردنی مردوو دوای مردن:
دروسته ماچی دەم وچاوی مردوو بکرێت ، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە.
دوازدەیەم: ئەو کارانەی دروستن بکرێن و بوترێن لەکاتی توش بوون بەموسیبەتی مردن:
1- ئارام گرتن
واتە ئارام گرتنێک ببێتە ڕێگر لەشتە حەڕامەکان ، هەریەک ابنُ تيميةَ، وابنُ القَيِّم کۆدەنگی زانایانیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.
2- ئەو کەسەى کە کەسێکى مردووە چی دەڵێ :
سوننەتە لەکاتی مردنی کەسێکی نزیکدا یاخود هەرکەسێکی تر بوترێت (ٳنا لله وإنا إلیە راجعون).
سیازدەیەم: ئەو شتانەی کەدروستن کەس وکاری مردوو وجگە لەوانیش بیکەن:
1- گریان:
دروستە گریان لەسەر مردوو بەبێ هات وهاوار ودەربڕینی وشەى خراپ و ناشوکرى ، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە ، وبۆ چوونی ابن حزْم یشە.
2- لاواندنەوە وشیعر بەسەردا گوتن:
دروستە لاواندنەوە و بە باشە باسکردنى مردووەکە بە شیعر بەمەرجێک زێدەڕەوی تێدا نەکرێت ، ئەمەش مەزهەبی حەنەفی وشافعیەکانە ،وبۆچوونی ابنِ باز، وابنِ عُثيمين ـە.((مجموع فتاوى ورسائل العثيمين)) (17/411).
چواردەیەم: ئەو شتانەی کە حەرامە کەس وکاری مردوو وجگە لەوانیش بیکەن:
هاوار و سنگ دادڕین و لەخۆ دان و جل دڕین ، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە.
پازدەیەم: ئاگاداری دان وبڵاو کردنەوەی هەواڵی مردن:
دروستە هەواڵی مردن بڵاو بکرێتەوە بێ هاوار کردن ، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە.
ابن حجر ڕەحمەتى خواى لێ بێ دەڵێت ( نەعی وهەواڵی بڵاو کردنەوەی مردن بەگشتی ڕێگری لێ نەکراوە ، بەڵکو ئەوە مەمنوعە کە لەزەمانی نەفامی دا دەکرا ؛ ئەوان کەسانێکیان دەنارد بۆ دەرگای شوێنە گشتیەکان و بازاڕ بۆ بڵاو کردنەوەی هەواڵی مردنی کەسەکان ، و ابن المرابط دەڵێت: مەبەستی ئەوەیە: بڵاو کردنەوەی هەواڵی مردن وگەیاندنی بەکەسانی نزیک دروستە ، هەرچەند هۆکارێکە بۆ ناڕەحەت بوون ودڵ تەنگی ، بەڵام ئەم مەفسەدە وناخۆشیە چەندان مەسڵەحەتی تێدایە ؛ لەوەی کەدەبێتە هۆکاری ئەوەی بەزووی ئامادە بن و ئامادەی بکەن و نوێژی لەسەر کەن و بینێژن و دوعای بۆ بکەن و وەسیەتەکانی جێ بەجێ بکەن ...). ((فتح الباري)) (3/117).
شازدەیەم: پەلەکردن لەناشتنی مردوو:
هەر کات دڵنیا بوون لەمردنی کەسێک سوننەتە پەلە بکرێت لەناشتنی دا، خۆ ئەگەر گومانیان لەمردنی هەبوو ئەوا پێویستە دوا بخرێت ، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە.
حەڤدەیەم: پەلە کردن لەدانەوەی قەرزەکانی:
سوننەتە پەلە بکرێت لەدانەوەی قەرزی مردوو ، ئەمەش بۆچوونی حەنەفی ، وشافعیەکانە.
هەژدەیەم:پەلە کردن لەجێ بەجێ کردنی وەسیەتەکانی:
سوننەتە پەلە بکرێت لەجێ بەجێ کردنی وەسیەتەکانی مردوو ، ئەمەش بۆچوونی حەنبەلی ، وشافعیەکانە.
نۆزدەیەم: حوکمی نەقڵ کردنی ئەندامی لاشەی مردوو:
گەر زۆر زەڕووڕ بوو دروستە بەشێک لەئەندامی لاشەی مردوو نەقڵ بکرێت بۆ کەسی موسوڵمان، بە مەرجێک خۆى پێشتر ڕازی بوبێ ، یان لە دواى مردنى کەسوکارەکەى ڕازی بن ، چونکە پاراستنى کەرامەتى لەشەرعدا پارێزراوە و نابێ بە بێ ئیزن ئەو کارە بکرێ . ئەمەش بڕیاری( هيئةِ كبارِ العلماءِ في المملكةِ العربيَّةِ السعوديَّةِ) ، و( مجمَعِ الفِقْهِ الإسلاميِّ)یە، و فەتوای لێژنەی فەتوای میسر وکۆیتی لەسەرە.
بیستەیەم: حوکمی هەڵدڕین ودەسکاری کردنی جەستەی مردوو (تشریح):
1- زانایان جیاوازن لەبارەی حوکمی هەڵدڕین ودەسکاری کردنی جەستەی مردووەوە بەمەبەستی فێرکاری ، وچەند بۆ چوونێک هەیە لەم بارەیەوە وبەهێزترینیان دوو بۆ چوونە:
بۆچوونی یەکەم: دروستە دەسکاری کردنی لاشەی مردوو بکرێت بەمەستی فێر بوون وفێرکاری ، ئەمەش بڕیاری( مَجْمَع الفِقْهِ الإسلاميِّ بمكَّةَ) ، وفەتوای لێژنەی فەتوای ئەزهەری لەسەرە.
بۆچوونی دووەم: گەر مردوو پارێزراو بێت لەژیانی دا جا موسوڵمان بێت یاخود کافر ، ئەوا دروست نی یە دەسکاری لاشەی بکرێت ؛ بەڵام گەر پارێزراو نەبوو ، وەک موڕتەد ، یان کافرى حەربی ئەوا دروستە دەسکاری بکرێت ، ئەوەش بۆ چوونی ابنِ باز، وبڕیاری(هيئةِ كبارِ العلماء).
2- دەسکاری کردن بەمەبەستی لێکۆڵینەوە وتەحقیقی جنائی ، بۆ نموونە گومان هەبێت لەهۆکاری مردنەکە کە ڕەنگە کوژرابێ ، لەم حاڵەتەدا دروستە ، ئەمەش بۆ چوونی ابنِ باز، وابنِ عُثيمين ـە ، وبڕیاری( مجمَعِ الفقه الإسلاميِّ)، و(هيئةِ كبارِ العلماء)، وفەتوای( اللَّجنةُ الدَّائمة)یە.
3- دەسکاری کردن بەمەبەستی لێکۆڵینەوە وتەحقیق کردن لەهۆکاری مردن وەک نەخۆشیە گوازراوەکان ، و وا پێویست بکات دەسکاری بکرێت ،لەم حاڵەتەشدا دروستە ، ئەمەش بڕیاری( المجمَعِ الفقهيِّ )، و( هيئةِ كبارِ العلماءِ)ـە.
بیست ویەکەم: گەر ئافرەتێک بمرێت ومنداڵێک لەسکی دا بێت وبجوڵێتەوە:
لەم حاڵەتەدا گەر ئومێدی ڕزگار کردنی منداڵەکە هەبوو دروستە سکی بدڕدرێت ، ئەمەش مەزهەبی حەنەفی وشافعی وبۆ چوونێکی حەنبەلی ومالیکیەکانە ، وبۆ چوونی ابنِ حَزمٍ، وابنِ عُثيمين ـە.