یەکەم : نوێژ کردن لەسەر مردوو و هەندێ لە حوکم و ئادابەکانى
بەروار: 2020/06/30سەردارن: 455نوسەر: وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕ

یەکەم: حوکمی نوێژ کردن لەسەر مردوو
1- حوکمی نوێژ کردن لەسەر مردویەک کە ئامادە بێت:
نوێژ کردن لەسەر مردویەک کەلەبەردەستدا بێت فەرزی کیفایەیه؛ هەریەک لە: ابنُ حزمٍ، والنوويُّ، وابنُ الملقِّن، والكمالُ ابنُ الهُمامِ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

فەرزی کیفایە: ئەوەیە گەر هەندێک یاخود کەسێک لەموسوڵمانان پێی هەستن لەسەر ئەوانی تر دەکەوێت ، خۆ ئەگەر لەجێگایەکدا کەس پێی هەڵنەستێت ئەوا هەموویان تاوان بار دەبن.

2- حوکمی نوێژ کردن لەسەر مردویەک کەئامادە نەبێت و لەجێگایەکی تر بێت (نوێژی غائیب):
نوێژی غائیب دروستە بۆ کەسێک کەمردبێت ونوێژی لەسەر نەکرابێت ، ئەوەش ڕیوایەتێکە لەئیمام ئەحمەدەوە ، وەهەریەک لە: الخَطَّابيِّ، وابنِ تيميَّةَ، وابنِ القيِّم، وابنِ عُثَيمين، والألبانيِّ ئەم بۆچوونەیان هەڵبژاردووە.

دووەم: حوکمی نوێژ کردن لەسەر بەشێک لە لاشەی مرۆڤ:
زانایان جیاوازان لەبارەی نوێژ کردنەوە لەسەر بەشێک لەجەستەی مرڤ ، گەر نوێژی لەسەر نەکرابێت ودوو بۆ چوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: گەر بەشێک لە لاشەی مرۆڤ هەبوو ئەوا دەشۆردرێتەوە ونوێژی لەسەر دەکرێت ، وهیچ جیاوازی نی یە لەنێوان زۆری و کەمی دا ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وئەوە بۆچوونی ابن عُثَيمين ـە، وە بەمە (اللَّجنةُ الدَّائمة) فەتوایان داوە.

 ابنُ عُثَيمين دەڵێت: (... بەڵام گەر هەموو جەستەی مردو نەدۆزرایەوە ، وتەنها بەشێکی دۆزرایەوە ولەبەردەستدا بوو ، وەک: سەری ، یاخود پێی ، یاخود دەستی ، وباقی تری لاشەی نەبوو ئەوا نوێژ لەسەر ئەوەندەی دەکرێت کەلەبەردەستدایە دوای شوشتن وکفن کردن دواتر دەنێژرێت). ((فتاوى أركان الإسلام)) (ص: 406).

بۆچوونی دووەم: نوێژی لەسەر ناکرێت مەگەر زۆربەی بدۆزرێتەوە و لەبەردەستدا بێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفی ، ومالکیەکانە.

سێیەم: نوێژ کردن لەسەر منداڵی لەبار چوو:
1- حوکمی نوێژ کردن لەسەر منداڵی لەبار چوو: 
منداڵی لەبار چوو گەر دەنگی لێوە هات ئەوا نوێژی لەسەر دەکرێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی چوار مەزهەبە فیقهیەکە.

مەبەست لەدەنگ لێوە هاتن: گریان ، وهاوار کردنیەتی لەکاتی لەدایک بووندا: ((النهاية)) لابن الأثير (5/629). ((مرعاة المفاتيح)) للمباركفوري (5/424).

2- حوکمی نوێژ کردن لەسەر منداڵی لەبار چوو کە دەنگی لێوە نەهاتبێ و لەچوار مانگ کەمتر بێت: 
منداڵی لەبار چوو گەر دەنگی لێوە نەهات ، ولەچوار مانگ کەمتر بوو  ئەوا نوێژی لەسەر ناکرێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی چوار مەزهەبە فیقهیەکە. 

3- حوکمی نوێژ کردن لەسەر منداڵی لەبار چوو کەدەنگی لێوە نەهاتبێ بەڵام تەمەنی گەشتبێتە چوار مانگ: 
زانایان جیوازان لەبارەی منداڵی لەبار چوووە گەر دەنگی لێوە نەهاتبێت ، وەتەمەنی گەشتبێتە چوار مانگ یاخود زیاتر وە دوو بۆ چوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: نوێژی لەسەر ناکرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وشافعی یەکان ، وقسەی هەندێک لەسەلەفە.
بۆ چوونی دووەم: نوێژی لەسەر دەکرێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنبەلیەکان ، وبۆچوونی زانایانی فەرموودەناسە ، وقسەی هەندێ لەسەلەفە ، وەهەریەک لە ابنُ باز، وابنُ عُثَيمين هەڵیان بژاردووە.

چوارەم: نوێژ کردن لەسەر ئەوانەی کەتاوانی گەورەیان ئەنجام داوە:
دروستە نوێژ لەسەر موسوڵمان بکرێت هەرچەند تاوانی گەورەشی ئەنجام دابێت ، بێگومان ئەمە بەعمومی نی یە هەندێ جار بۆ هەندێ مەبەست دروستە نوێژی لەسەر نەکرێت ، هەریەک لە : القاضي عِياضٌ، وابنُ عبدِ البَرِّ، والقرطبيُّ، والشوكانيُّ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

پێنجەم: نوێژ کردن لەسەر بیدعەچی:
نوێژ دەکرێت لەسەر بیدعەچی موسوڵمان ، ئەوەش بەکۆدەنگی چوار مەزهەبە فیقهیەکە ، و ئەوە بۆچوونی جمهوری زانایانە ، وقسەی کۆمەڵێ لەسەلەفە.

حەنەفیەکان باسی بیدعەچیان نەکردووە ، بەڵام گوتویانە: نوێژ لەسەر هەموو موسوڵمانێک دەکرێت تەنها یاخی وڕێگر نەبێت وئەوانەش وەک ئەوانن؛  الكاسانيُّ دەڵێت: (وأمَّا بيانُ مَن يُصلَّى عليه: فكلُّ مسلمٍ ماتَ بعد الولادةِ يُصلَّى عليه، صغيرًا كان أو كبيرًا، ذكرًا كان أو أنثى، حرًّا كان أو عبدًا، إلَّا البُغاةَ، وقُطَّاعَ الطريق، ومن بِمِثل حالهم). ((بدائع الصنائع)) (1/311).
واتە: بەنیسبەت ئەوانەی کەنوێژیان لەسەر دەکرێت:
هەموو موسوڵمانێک کەدوای لەدایک بوون دەمرێت نوێژی لەسەر دەکرێت ، جا گەورە بێت یاخود بچوک ، نێر بێت یاخود مێ، عەبد بێت یاخود ئازاد ، تەنها یاخی ، وڕێگر نەبێت ، وئەوانەش وەک ئەوانن وحوکمی ئەوانیان هەیە.

شەشەم: نوێژ کردن لەسەر کەسی کافر:
حەرامە نوێژ کردن لەسەر کەسی کافر ؛ هەریەک لە: النوويُّ، والكاسانيُّ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

حەوتەم: نوێژ کردن لەسەر جەنازە لەحاڵەتی تێکەڵ بوونی مردوی موسوڵمانان بەمردوی بێ باوەڕان:
لەم حاڵەتەدا پێویستە هەموو مردووەکان بشۆردرێن ، ونوێژیان لەسەر بکرێت ، جا جیاوازی نی یە ژمارەیان زۆر بێت یاخود کەم ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکیەکان وشافیەکان ، وحەنبەلیەکان ، وقسەی داودی زاهیریە .

هەشتەم: نوێژ کردن لەسەر شەهیدەکان:
1- نوێژ کردن لەسەر ئەو شەهیدەی کەلە جەنگدا کوژراوە (شەهیدی جەنگ):
نوێژ ناکرێت لەسەر شەهیدێک کەلەجەنگدا کوژراوە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکی ، شافعی ، وحەنبەلیەکان ، وقسەی کۆمەڵێک لەسەلەفە .

جا(شەهیدی جەنگ) ئەو شەهیدەیە کەپێش تەواو بوونی جەنگ بەهۆکارێک لەهۆکارەکانی جەنگان لەگەڵ کافراندا گیانی لەدەست داوە. ينظر: ((المجموع)) للنووي (5/261).

2- نوێژ کردن لەسەر ئەو شەهیدەی کە لە جەنگدا نەکوژراوە:
ئەم جۆرەیان نوێژی لەسەر دەکرێت ، وەک: ئەوەی بەتاعون و نەحۆشی سک ، وغەرق بوون و سوتان ، و ڕوخانی خانو ودیوار بەسەری دا گیانی لەدەست دابێت هەریەک لە: ابنُ قُدامةَ، والنوويُّ، والشوكانيُّ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.
3- نوێژ کردن لەسەر ئەو کەسەی بەستەم کوژراوە:
نوێژ دەکرێت لەسەر ئەو کەسەی بەستەم کوژراوە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وشافعیەکان ، وڕیوایەتێکیشە لای حەنبەلیەکان .

نۆیەم: ئەو کاتانەی کە نوێژی تێدا ناکرێت لەسەر مردو:
1- حوکمی نوێژ کردن لەسەر جەنازە لەدوای بەیانی وعەسر: 
دروستە نوێژ کردن لەسەر جەنازە لەدوای بەیانی وعەسرەوە ؛ هەریەک لە : الشافعيُّ، وابنُ المنذرِ، والنوويُّ، وابنُ قُدامةَ، والعراقيُّ، وزكريا الأنصاريُّ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.
2- حوکمی نوێژ کردن لەسەر جەنازە لەکاتی دەرکەوتنی خۆر وئاوا بوونی دا و ڕاوەستانی لەنێوەڕاستی ئاسمان:
زانایان جیاوازن لەم بارەیەوە ودوو بۆچوونیان هەیە: 

بۆچوونی یەکەم : دروستە نوێژ کردن لەسەر جەنازە لە کاتە قەدەغە کراوەکاندا ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکانە ، وڕیوایەتێکیشە لەمالیک وئەحمەدەوە ، وقسەی هەندێ لەسەلەفە ، وەهەریەک: ابنِ حزمٍ، وابنِ تيميَّةَ، وابنِ عُثَيمين، هەڵیان بژاردووە وفەتوای[ اللَّجنةِ الدَّائمة)شی لەسەرە.

بۆ چوونی دووەم: نوێژ ناکرێت لەسەر مردو لەکاتی دەرکەوتنی خۆر وئاوابوون وڕاوەستانی دا لەنێوەڕاستی ئاسمان ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفیەکان ، ومالکیان ، وحەنبەلیەکان ، وئەوە قسەی زۆربەی زانایانە .

وە کاتێ ڕێگری لێ دەکرێت وباش نی یە گەر ترسی تێک چوونی مردووەکە نەبێت ، گەرنا دروستە نوێژی لەسەر بکرێت .
 ((التمهيد)) لابن عبد البر (13/41)، ((شرح مختصر خليل)) للخرشي (1/224)، ((الإنصاف)) للمرداوي (2/147).

دەیەم: نوێژ کردن لەسەر مردو لەمزگەوتدا :
دروستە نوێژ کردن لەسەر مردو لەمزگەوتدا ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وقسەی هەندێ لەسەلەفە ، وەهەریەک: ابنُ المنذرِ، وابنُ حَزم، وابنُ باز، وابنُ عُثَيمين هەڵیان بژاردووە.

یازدەیەم : نوێژ کردن لەسەر گۆڕ دوای ناشتنی مردوو:
1- هەرکەسێک بنێژرێت پێش ئەوەی نوێژی لەسەر بکرێت:
هەرکەسێک بنێژرێت پێش ئەوەی نوێژی لەسەر بکرێت ئەوا نوێژ لەسەر گۆڕەکەی دەکرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفیەکان ، وبۆچوونی دیارە لای مالکیەکان ، وشافعیەکان ، وئەوە ڕیوایەتێکە لای حەنبەلیەکان ، وەهەندێ لەهاوەڵان هەڵیان بژاردووە.

2- حوکمی نوێژ کردن لەسەر گۆڕ بۆ کەسێک نوێژ کردنی لەسەر مردوو لەدەس چووبێت:
هەرکەسێک نەگەشتبێت نوێژ لەسەر مردوو بکات ، ئەوا دەتوانێت نوێژ لەسەر گۆڕەکەی بکا ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وقسەی هەندێ لەمالکیەکانە ، وقسەی زۆربەی زانایان ، وئەهلی حەدیسە ، وقسەی هەندێ لەسەلەفە ، وەهەریەک لە: ابنُ المنذِرِ، وابنُ عبد البرِّ، وابنُ تيميَّةَ، وابنُ القيِّم هەڵیان بژاردووە.

3- ماوەی دروستێتی نوێژ کردن لەسەر گۆڕ :
دروستە نوێژ لەسەر گۆڕ بکرێت بەبێ تایبەت کردن بەکاتێکی دیاری کراوەوە ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکانە ، وبۆچوونی ابنِ حزم ـە ، وەهەریەک لە: ابنُ القيِّم، والصنعانيُّ، وابنُ عُثيمينَ هەڵیان بژاردووە.

دوازدەیەم: لەحاڵەتی بوونی چەند جەنازەیەکدا:
1- نوێژ کردن لەسەر زیاد لەیەک مردوو :
لەحاڵەتی بوونی چەند جەنازەیەکدا دروستە بەیەک جار و پێکەوە نوێژیان لەسەر بکرێت ، ودروستیشە بەجیا نوێژی لەسەر بکرێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.

2- هێنان وئامادەبوونی جەنازەی تر دوای (الله ٲکبر) کردن:
گەر ئیمام دەستی کرد بەنوێژ کردن لەسەر جەنازە ، پاشان جەنازەیەکی تر هێندرا ـ لەکاتێکدا ئەوان لەنوێژدان ـ ئەوا چاوەڕێ دەکەن تاوەکو لەنوێژ کردن لەسەر یەکەم دەبێتەوە پاشان نوێژ دەکات لەسەر دووەم ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی، وشافعیەکان.

سیازدەیەم: ڕێکخستنی جەنازە گەر چەند دانەیەک بوو:
1- گەر چەند جەنازەیەکی جیاواز لەڕەگەزدا کۆ بوونەوە ، ئەوا پیاو لەپێشەوە دادەنرێت ، دواتر منداڵ ، دواتر نێرە موک ، دواتر ئافرەت ،  ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە ، و قسەی هەندێ لەسەلەفیشە.

2-  گەرچەند جەنازەیەکی لەیەک ڕەگەز کۆ بوونەوە: 
گەرچەند جەنازەیەکی لەیەک ڕەگەز کۆ بوونەوە ؛ ئەوا پێش نوێژ باشترینیان پێش دەخا ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .

چواردەیەم: دوو بارە کردنەوەی نوێژی جەنازە:
زانایان جیاوازن لەبارەی دوو بارە کردنەوەی نوێژی جەنازەوە ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: هەرکەسێک نوێژی لەسەر جەنازە کردبێت ئەوا جارێکی تر دووبارەی ناکاتەوە ، و سوننەت نیە دوبارەى بکاتەوە بەڵکو سوننەت ئەوەیە کە دوبارەى نەکاتەوە، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .
بۆ چوونی دووەم: هەرکەسێک نوێژی لەسەر جەنازە کردبێت ئەوا دەتوانێت لەگەڵ جەماعەتێکی تردا دوو بارەی بکاتەوە ، ئەوەش بۆ چوونێکە لای شافعیەکان ، وقەولێکە لای حەنبەلیەکان ، وەهەریەک لە ابنِ تيميَّةَ، وابنِ باز ئەم بۆچوونەیان هەڵبژاردووە ، بەڵام بۆچونی یەکەم تەواو ترە .

پازدەیەم: حوکمی نوێژی جەماعەت لەنوێژی جەنازەدا: 
نوێژی جەماعەت مەرج نی یە لەنوێژی مردوودا ، بەڵکو بەیەک کەس فەرزەکە لادەچێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان ، وقەولێکە لای مالکیەکان.

شازدەیەم: لەپێشترین کەس لەپێش نوێژی کردن لە نوێژی جەنازەدا :
1- لەپێشترین کەس بەنوێژ کردن لەسەر مردوو :
ئەو کەسەیە کەمردووەکە وەسیەتی بۆ کردووە نوێژی لەسەر بکات ، ئەوەش مەزهەبی مالکی ، حەنبەلیەکانە ، وبۆ چوونێکە لای شافعیەکان ، وقسەی هەندێ لەسەلەفە ، وبۆچوونی ابنِ حزم ـە.
2- پێشەوا و والی لەپێشترە لەنوێژ کردن لەسەر مردوو تاوەکو وەلی مردووەکە ،  ئەوەش مەزهەبێ جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وحەنبەلیەکان ، ومەزهەبی کۆنی شافعیەکانە ، وبۆ چوونی هەندێ لەسەلەفە ، وزۆر لەزانایان ئەو بۆ چوونەیان هەیە.

حەڤدەیەم: نوێژ کردنی ئافرەتان لەسەر مردوو :
1- حوکمی نوێژ کردنی ئافرەتان لەسەر مردوو :
دروستە بۆ ئافرەتان نوێژ لەسەر مردوو بکەن ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .

2- لەحاڵەتێکدا گەر جگە لەئافرەت کەسی تر ئامادەی جەنازەی مردوو نەبوون:
لەم حاڵەتەدا واجبە لەسەریان نوێژی لەسەر بکەن وفەرزەکە لادەچێت بەو کارەی ئەوان ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .

هەژدەیەم: حوکمی ئەو کەسەی کەدرەنگ دەگاتە نوێژی جەنازەدا :
1- ئەو کەسەی کەدرەنگ دەگاتە نوێژی جەنازەدا و هەندێ لە (الله ٲکبر)ەکانی لەدەس چووە :
زانایان جیاوازن لەبارەی ئەم کەسەوە ودوو بۆ چوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: دوای سەلامدانەوەی ئیمام ئەوانە دەکاتەوە کەلەدەستی چوون ، ونوێژەکەی دروست نی یە تەنها بەکردنەوەی نەبێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وشافعیەکان ، وقسەی هەندێ لەسەلەفە ، وەهەریەک لە: ابنُ المنذرِ، وابنُ حزمٍ ئەم بۆچوونەیان هەڵبژاردووە.
بۆچوونی دووەم: سوننەتە دوای سەلامدانەوەی ئیمام ئەوانە بکاتەوە ، خۆ ئەگەر ترسا لەوەی جەنازەکە هەڵبگیردرێت ئەوا (الله ٲکبر)ـەکان دەکات بێ دوعا وزیکرەکانی نێوانیان ، خۆ ئەگەر سەلام بداتەوە و ئەوەندەی کە لەدەستی چووە قەزاى نەکاتەوە ئەوا نوێژەکەی دروستە ، ئەوەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، وەهەروەها بۆ چوونی ابنِ عُثَيمين ـە.

2- ئەو کەسەی کەدرەنگ گەشتۆتە نوێژی جەنازەدا ئایا یەکسەر ( الله ٲکبر) دەکات یاخود چاوەڕێی (الله ٲکبر)ـی تری ئەوان دەکات ؟ 
ئەو کەسەی کەدرەنگ گەشتۆتە نوێژی جەنازەدا ڕاستەوخۆ  (الله ٲکبر) دەکات ، وچاوەڕێی( الله ٲکبر)ـی داهاتووی ئەوان ناکات ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وقسەیەکی مالکیەکانیشە ، وبۆچوونی هەندێ لەسەلەفە ، وقسەی  أبو يوسُفَ ـەلەحەنەفیەکان ، وەهەریەک لە:ابنِ المُنذِر، وابنِ حزمٍ، وابنِ عُثَيمين ئەم بۆچوونەیان لاپەسەندە.