چوارەم: سەردانی کردنی گۆڕستان و ئەحکامەکانی
بەروار: 2020/07/02سەردارن: 1039نوسەر: وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕ

یەکەم: جۆرەکانی سەردانی کردنی گۆڕستان:
سەردانی کردنی گۆڕستان سێ جۆرە:
1- سەردانی کردنی شەرعی:

ئەوەش سەردانی کردنە لەپێناو دوعا کردن بۆ مردووان ، و ڕەحمەت ناردن بۆیان ، و بیرکردنەوە لە مردن و دواڕۆژ.
2- سەردانی کردنی بیدعە:
ئەوەش سەردانی کردنە لەپێناو عیبادەت کردن لەلایدا ؛ جا قورئان خوێندن بێت یاخود نوێژ و سەربڕینی ئاژەڵ وجگە لەمانەش ؛ بەگومانی ئەوەی عیبادەت کردن لای ئەوانەدا باشترە ، ئەمەش بیدعەیە ، وهۆکارێکە بۆ شیریک.

3- سەردانی کردنی شیرکی:
ئەوەش سەردانی کردنی گۆڕستانە بۆ پاڕانەوە لێی وپەنا بردنە بەریان ونەزر کردن بۆیان وحەیوان سەربڕین لەپێناویاندا ، وجگە لەم عیبادەتانە کەبۆ جگە لەخودا دروست نی یە ، بێگومان ئەم کارانەش شیرک وهاوبەش بڕیاردانن.

دووەم: حوکمی سەردانی کردنی گۆڕستان بەنیسبەت پیاوانەوە :
سوننەتە و چاکە پیاوان سەردانی گۆڕستان بکەن ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە. 

سێیەم: حوکمی سەردانی کردنی گۆڕستان بەنیسبەت ئافرەتەوە:
زانایان جیاوازن لەبارەی حوکمی سەردانی کردنی گۆڕستان بەنیسبەت ئافرەتەوە و سێ بۆچوونیان هەیە لەم بارەیەوە:
بۆچوونی یەکەم: مەکروهە ئافرەت سەردانی گۆڕستان بکات ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وبۆچوونێکیشە لای حەنەفیەکان ، ومالکیەکان.
بۆچوونی دووەم: حەرامە ئافرەت سەردانی گۆڕستان بکات ، ئەوەش بۆچوونێکە لای حەنەفیەکان ، وشافعیەکان ، وبۆچوونی هەر یەک لە: ابنِ تيميَّة، وابنِ باز، وابنِ عُثيمينَ ـە.
بۆچوونی سێیەم: دروستە ئافرەتان سەردانی گۆڕستان بکەن ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکانە ، وبۆچوونێکە لای مالکیەکان ، وشافعیەکان ، وڕیوایەتێکە لەئەحمەدەوە ، وهەریەک لە: القرطبيُّ من المالكيَّة  ، والشوكانيُّ هەڵیان بژاردووە.
بە بەڵگەى بێ‌ دەنگ بوونی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لەو ئافرەتەی كە لای گۆڕەكە بینی دەگریا ، هەروەكو لە فەرموودەی ( أنس ) دا ڕەزاى خواى لێ بێ هاتووە كە : " مرَّ رسول الله صلى الله عليه وسلم بامرأة عند قبر وهي تبكي ، فقال لهـا : اتقي الله واصبري... " ( رواه البخاري ) ، واتە : پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم دای بەلای ئافرەتێكدا كە لە لای گۆڕێك بوو دەگریا ، ئەویش پێ‌ی فەرموو : لە خوا بترسە وئارام بگرە ... هتد .
 پێشەوا ( الحافظ) لە ( الفتح ) دا فەرموویەتی : (( وموضع الدلالة منه أنه صلى الله عليه وسلم لم ينكر على المرأة قعودها عند القبر ، وتقريره حجة )) واتە : جێگەی بەڵگە لەم فەرموودەیە ئەوەیە كە پێغەمبەر  صلى الله عليه وسلم دانیشتنی لای گۆڕكەی ئینكار نەكرد لە ئافرەتەكە ، و بێ‌ دەنگی پێغەمبەریش صلى الله عليه وسلم بەڵگەیە .

وە شێخ ئیسلام ابن تیمیة ڕەحمەتى خواى لێ بێ دەفەرموێ : گەر ئافرەت زانى سەردانى گۆڕستان بکات خۆى پێ ناگیرێ و هەندێ وتە و کارى ناشەرعى و هات و هاوار دەکات ئەوا دروست نیە سەردانى گۆڕستان بکات .

چوارەم: حوکمی سەردانی کردنی گۆڕی کافر:
دروسته بۆ موسوڵمان سەردانی گۆڕی کافر بکات ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وبۆچوونی ابنِ حَزْم ـە، وەهەر یەک لە ابنُ تيميَّة، وابنُ باز، وابنُ عُثيمينَ هەڵیان بژاردووە.

پێنجەم: ئەوەی کەسوننەتە لەکاتی سەردانی کردنی گۆڕستاندا بوترێت:
سوننەتە ئەو کەسەی کەسەردانی گۆڕستان دەکات بپاڕێتەوە بۆ ئەو کەسەی کەسەردانی کردووە ، وەهەروەها بۆ هەموو مردووەکانی تری گۆڕستانەکە لەموسوڵمانان ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە . ئەوەش بە وتنى : (السَّلامُ عليكم أهْلَ الدِّيارِ من المؤمنينَ والمُسلمينَ، وإنَّا إنْ شاءَ الله لَلاحِقونَ، أسأَلُ الله لنا ولكم العافِيةَ)