بەشی دووەم : بابەتی گومان و لێک چوون
یەکەم : هەرکەسێک گومانی (۱) هەبوو لەپیسی ئاو یاخود پاکێیەتیەکەی:
هەر کەسێک گومانی هەبوو لەپیسی ئاو یاخود پاکێیەتیەکەی ، ئەوا لەسەر ئەسڵ ودڵنیایی حوکم دەدرێت ، گەر دڵنیا بوو لەپاکیەتی ئاوەکە و گومانی لەپیسی هەبوو ، ئەوا لەم حاڵەتەدا دروستە بەکاری بێنێت ؛ چونکە ئەسڵ وایە ئاوەکە پاکە وکێشەی نی یە ، وە ئەگەر بەپێچەوانەوە دڵنیا بوو لەپیسیەتی ئاوەکە وگومانی لەپاکێتی هەبوو ، ئەوا لەم حاڵەتەدا دروست نی یە بەکاری بێنێت ؛ چونکە ئەسڵ وایە ئاوەکە پيسە ، ودروست نی یە بەکار بهێندرێت ، ئەمە بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبەکە ، بەڵام حەنەفیەکان لایەنی پاکیەتی پێش دەخەن لەبەر ئەوەی نزیکترە پاک بێت.
تێبینى : زانایان لەبارەی گومانەوە دەڵێن: دوو دڵییە لەنێوان بوون ونەبوونی شتەکاندا ، جا جیاوازی نییە هەر دوو لا یەکسان بن یاخود لایەکیان زیاتر بێت .
دووەم : کەسێک ئاوی پاک و پیسی لێ تێکچووە و لێکی جودا ناکاتەوە :
بۆ نمونە چەند قاپێک هەبن و ئاوی پاکیان تێدا بێت ، و لەبەرانبەردا چەند قاپێکی تر هەبن و ئاوی پیسیان تێدا بێت ، و کەسەکە لێی تێک بچێت ونەزانێت کامەیان ئاوە پاکەکەی تێدایە.
لەم حاڵەتەدا هەوڵدەدا بزانێت کامیان پاکە ، و بەوەیان دەست نوێژ دەگرێت کەزیاتر گومانی بۆ پاکیەتیەکەی دەچێت ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکانە ، وبۆچوونی داودی زاهری ،و ئەبو ثەور ، و سحنون المالکي یه، وە هەریەک لە: ابن العربي ، وابن عثیمین ـە.
تێبینى : شافعیەکان زیاتر لەوەش دەڵێن: ئەویش ئەوەیە دروستە لەو ئاوە گوماناویە دەست نوێژ بگیردرێت ، هەر چەند توانای هەبێت خۆی پاککاتەوە ودەست نوێژ بگرێت بەئاوێک کەدڵنیایه لەپاکیەتیەکەی وەک ئەوەی لەسەر ڕووبارێک بێت.
سێیەم: حوکمی هەواڵی کەسێکی جێی سیقە گەر هەواڵی دا بەپیسی ئاوێک لەگەڵ ئەوەشدا هۆکارەکەشی ڕوون کردەوە:
لەم حاڵەتەدا مادام کەسەکە جێی سیقەیە وهۆکارەکەشی ڕوون کردۆتەوە ئەوا قسەکەی لێی وەردەگیردرێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.
چوارەم: حوکمی هەواڵی کەسێکی جێی سقە گەر هەواڵی دا بەپیسی ئاوێک بەڵام هۆکارەکەی ڕوون نەکردەوە:
لەم حاڵەتەدا مادام کەسەکە هۆکارەکەی ڕوون نەکردۆتەوە ئەوا واجب نی یە قسەکەی وەربگیردرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان.
پێنجەم: گەر لێک چوونێک ڕووی دا لەنێوان جلی پاک وجلی پیس یاخود حەرام دا:
گەر لێک چوون ڕووی دا لەنێوان جلی پاک وجلی پیس یاخود حەرام دا وەک ئەوەی جلکە دزراو یاخود زەوتکراو بێت ، ئەوا هەوڵی زانینی دەدا ، ونوێژ بەیەکێکیانەوە دەکات ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکان ، وشافعیەکانە ، وبۆچوونێکە لای مالکیەکان ، وە هەریەک لە: ابن عقیل الحنبلي ، وابن تیمیە ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە ، والقاضي ٲبو الطیب لەزۆربەی زانایانەوە نەقڵی کردووە.