یەکەم پێناسەی"الختان"
"الختان" لەڕووی زمانەوانیەوە بەمانای " القطع " دێت ، واتە: بڕین.
"الختان" لەڕووی عورفی بەکار هێنانەوە بۆپیاوان:
بڕینی ئەو پێستەیە کەبەسەر زەکەرەوەیە ودایپۆشیوە ، وبۆ ئافرەت: بڕینی بەشێکە لەگۆشتی سەرەوەی داوێن کەدەکەوێتە سەرەوەی جێگای میز کردنەوە.
دووەم: دروستیەتی خەتەنەکردن:
ئەسڵی خەتەنەکردن دروستە لەئیسلام دا ، ویەکێکە لەسوننەتەکانی فیتڕەت ، هەریەک لە: ابن حزم ، وابن العربي ، وابن تيمية ، والشوكاني کۆدەنگیان لەبارەی دروستیەتی خەتەنەکردنەوە نەقڵ کردووە .
سێیەم : حوکمی خەتەنەکردنی پیاوان:
خەتەنەکردن بەنیسبەت پیاوانەوە واجبە ، ئەوەش مەزهەبی شافعی ، وحەنبەلیەکانە ، وەهەریەک لە: ابن تيمية ، وابن عثیمين هەڵیان بژاردووە ، وفەتوای لێژنەی دائیمەی لەسەره ، وبۆچوونی زۆرێک لەزانایانە .
چوارەم: حوکمی خەتەنەکردنی ئافرەتان:
خەتەنەکردن بەنیسبەت ئافرەتانەوە سوننەتە ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفی ، ومالکیەکانە ، وبۆچوونێکیشە لای شافعیەکان ، وحەنبەلیەکان ، وەهەریەک لە: الشوکاني ، وابن عثیمين هەڵیان بژاردووە ، وبۆچوونی زۆرێک لەزانایانە .
پێنجەم: ئەو کەسەی کەتوانای خەتەنەکردنی نی یه:
هەرکەسێک گومانێکی زۆری هەبوو لەوەی گەر خەتەنە بکات بەرگەی ناگرێت ودەمرێت ویاخود زیانی پێ دەگات ، وەک ئەوەی کەسێک بەپیری موسوڵمان بووبێت (۱) ، یاخود خۆی کەسێکی لاواز بێت ، ئەوا خەتەنەکردنی لەسەر لادەچێت ، تاوەکو ئەو کاتەی کەپێی وا دەبێت توانای خەتەنەکردنی هەیە ، ئەوەش جمهورە لە: حەنەفی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان ، وبۆچوونێکیشە لای مالکیەکان.
شەشەم: ئەو کەسەی کە بەخەتەنەکراوی لەدایک دەبێت:
هەرکەسێک بەخەتەنەکراوی لەدایک بووبێت ئەوا موسی لێ نادرێت (۲) ، ابن القیم کۆدەنگی لەبارەی ئەوەی خەتەنە ناکرێت نەقڵ کردووە ، وخیلافی لەهەندێ لەزانایانی ئەم دواییانەوە نەقڵ کردووە بەوەی موسی پێدا دەهێندرێت.
حەوتەم: خەتەنەکردنی مردوو:
مردوو خەتەنە ناکرێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.
هەشتەم: ئەوەی کەخەتەنەکردنی پێ دێتە دی
1- خەتەنەکردنی پیاو:
خەتەنەکردنی پیاو بەبڕینی ئەو پارچە گۆشتەیە کەبەسەر سەری زەکەرەوەیە ئەوەی کەزەکەری داپۆشیوە ، بەشێوەک دەبڕدرێت تاوەکو بەتەواوی سەری زەکەر بەدیار دەکەوێت ، ئەوەش مەزهەبی مالکیەکان ، وشافعیەکانە ، وبۆچوونێکیشە لای حەنبەلیەکان ، وابن القیم هەڵی بژاردووە ، وفەتوای لێژنە دائیمەشی لەسەرە.
2- خەتەنەکردنی ئافرەت:
بریتی یە لەبڕینی بەشێک لەگۆشتی سەرەوەی داوێنی ئافرەت کەدەکەوێتە سەرەوەی جێگای میز کردن ، و وەک پۆپەی کەڵەشێر وایە ، بەڵام زیادەڕۆی ناکرێت لەبڕینی دا ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.
نۆیەم: کاتی خەتەنەکردن
1- کاتی واجب بوونی خەتەنەکردن:
خەتەنەکردن بەبالغ بوون واجب دەبێت ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وبۆچوونێکیشە لای حەنەفیەکان ، وە هەریەک لە: ابن تيمية ، وابن القيم ، وابن باز هەڵیان بژاردووە.
2- دیاری کردنی کاتی خەتەنەکردن:
بەڵگەیەک نەهاتوو کاتی خەتەنە کردن دەسنیشان بکات ، ولەسوننەتێکی کرداریش دا نی یە تاوەکو پەیڕەو بکرێت ، بۆیە بابەتەکە بەرفراوانە وهەرکات گونجا و لەگەڵ مەسڵەحەتی کەسەکەدا یەکی گرتەوە ئەوا ئەوکاتە خەتەنەی دەکرێت ، ئەوەش مەزهەبی ئەبو حەنیفە ، وئەحمەدە ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، وەهەریەک لە: ابن المنذر ، وابن قدامة ، وابن تيمية هەڵیان بژاردووە ، وفەتوای لێژنە دائیمەشی لەسەرە.
دەیەم: ئەحکامەکانی : "الأقلَف"
1- پێناسەی "الأقلَف"
"الأقلف" ئەو کەسەیە کەخەتەنە نەکراوە ، و"القلفة" ئەو گۆشتەیە کەبەسەر سەری زەکەرەوەیە ولەکاتی خەتەنەکردندا دەبڕدرێت.
2- پاکیەتی "الأقلَف"
واجبە لەکاتی دەست بەئاو گەیاندندا ژێری ئەو پارچە گۆشتەی سەر زەکەر کەپێی دەوترێت"الأقلَف" پاکبکرێتەوە ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وبۆچوونی محمد بن الحسن الشیباني ، والکاساني ، وابن تیمية یه.
(۱) لەفەتوای لێژنە دائیمەدا هاتووە: (خەتەنەکردن بەنیسبەت پیاو وئافرەتەوە یەکێکە لەسوننەتەکانی فیتڕەت ، بەڵام پێویستە لەسەر بانگخوازان لەکاتی بانگەوازی کردنی کافراندا خۆیان بەدوور بگرن لەقسەکردن لەبارەی خەتەنەکردنەوە گەر ئەوە دەبووە هۆکای دوور کەوتنەوەیان لەئیسلام وموسوڵمان نەبوونیان ، موسوڵمانیەتی وعیبادەت کردن دروستە بەبێ خەتەنەکردنیش ، وئەو کەسە دوای ئەوەی ئیسلام لەدڵی دا جێگیر دەبێت دەگاتە ئەو باوەڕەی کەخەتەنەکردن کارێکی چاک وباش ومەشروعە).[ فتاوی اللجنة الدائمة ــ المجموعة الٲولی : ٥ / ۱۳٦ ].
(۲) ابن القیم دەڵێت: ( ئەوەی کەلەدایک دەبێت بەبێ بوونی ئەو پارچە گۆشتەی کەلەخەتەنە کردندا دەبڕدرێت زۆر کەمە ، لەگەڵ ئەوەشدا گەر نەشیبێت ئەوا سەری زەکەر هەر بەتەواوی دیار نی یە ، وتەنها لەکاتی میز کردندا شوێنی هاتنەدەرەوەی میزەکە دیارە ، بۆیە پێویستە خەتەنە بکرێت تاوەکو بەتەواوی سەری زەکەر بەدیار کەوێت ، وە بەنیسبەت ئەو کەسەی کەخەتەنەکردنی لەسەر نی یە ئەوەیە کەسەری زەکەر بەتەواوی دیارە).[ تحفة المولود : ۱۹۷ ].








