ئەو شتانەی کەبەمەرج دادەنرێن لە مەسح کردن دا و ئەوانەش کەبەمەرج دادەنانرێن.
یەکەم: ئایا مەرجە ئەو شتەی کەمەسحی لەسەر دەکرێت لەپێست دروستکرابێت ؟
نەخێر مەرج نییە ئەو شتەی کەمەسحی لەسەر دەکرێت لەپێست دروستکرابێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهورە لە: حەنەفی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان ، وبن حزم هەڵی بژاردووە.
دووەم: خوفەکە بۆخۆی لەسەر پێیەکان بوەستێت:
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی بەمەرج دانانی ڕاوەستانی خوف لەسەر پێیەکان ،و دوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: مەرجە خوفەکە بۆخۆی ـ واتە: بەشتێک نەبەسترابێت ـ لەسەر پێیەکان بوەستێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.
بۆچوونی دووەم: مەرجە نی یە خوفەکە بۆخۆی لەسەر پێیەکان بوەستێت ، ئەوەش بۆچوونێکە لای شافعیەکان ، وە هەریەک لە: ابن تيية ، وابن عثیمين هەڵیان بژاردووە.
سێیەم: خوفەکە داپۆشەری ئەو جێگایە بێت کەواجبە بشۆردرێت:
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی بەمەرج دانانی ئەوەی داپۆشەری ئەو جێگایە بێت کەواجبە بشۆردرێت ، ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: مەرجە خوفەکە داپۆشەری ئەو جێگایە بێت کەواجبە بشۆردرێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.
بۆچوونی دووەم: مەرجە نی یە خوفەکە داپۆشەری ئەو جێگایە بێت کەواجبە بشۆردرێت ، هەریەک لە: ابن حزم ، وابن تيية ، وابن عثیمين ئەم بۆچوونەیان هەڵ بژاردووە.
ــ مەسح کردن لەسەر خوفێکی دڕاو:
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی دروستی ونادروستی مەسح کردن لەسەر خوفی دڕاوەوە ،وچەندان بۆچوونیان هەیە ، بەڵام بەهێزترینیان دوو بۆچوونە:
بۆچوونی یەکەم: دروستە مەسح کردن لەسەر خوفێک کەهەندێکی کەمی دڕابێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکان ، ومالکیەکانە ، وابن باز هەڵی بژاردووە.
الطحاوي دەڵێت: ( پێیمان وایە خوف کاتێ دەدڕێت دروستە مەسح کردن لەسەری ، تاوەکو پێیەکان بەدەر دەکەون یاخود زۆربەی پێیەکان ، لەم حاڵەتەدا هەموان کۆدەنگن لەسەر ئەوەی مەسحی لەسەر ناکرێت). [ شرح معاني الٲثار : ۱ / ۹۷].
بۆچوونی دووەم: مادام دەتوانرێت لەسەری ڕێ بکرێت بەموتڵەقی دروستە مەسح کردن لەسەر خوفی دڕاو ، ئەوەش مەزهەبی زاهیریەکانە ، وبۆچوونی کۆنی شافعیە ، وبۆچوونی هەندێک لەسەلەفە ،وە هەریەک لە: ابن المنذر ، و ابن تيية ، والشنقیطي ، وابن عثیمين هەڵیان بژاردووە.
چوارەم : ڕێگری بکات لەداخل بوونی ئاو
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی ئەوەی ئایا مەرجە خوف ڕێگری کات لەداخل بوونی ئاو یاخود نا ؟ ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: مەرجە ڕێگری بکات لەداخل بوونی ئاو ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفی ، وشافعیە ، وبۆچوونێکیشە لای حەنبەلیەکان .
بۆ چوونی دووەم: مەرج نییە ڕێگری کات لەداخل بوونی ئاو ، ئەوەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە ، و بۆچوونێکیشە لای شافعیەکان ، و ابن تيمية وابنُ عثيمين ئەم بۆ چوونەیان هەڵبژاردووە .
پێنجەم: ئایا مەرجە خوفەکە موباح بێت ؟
مەرج نی یە خوف موباح بێت ، بەڵکو دروستە مەسح کردن لەسەر خوفی دزراو یاخود داگیرکراو ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە : لەحەنەفی ، ومالکیەکان ، وبۆ چوونی دروستە لای شافعیەکان ، وڕیوایەتێکیشە لای لای حەنبەلیەکان .
شەشەم: خوفەکە پاک بێت:
دروست نی یە مەسح کرد لەسەر خوفێک کەخودی خوفەکە پیس بێت ، ئەمەش دەقی قسەی شافعی ، وحەنبەلی ، وهەندێ لەمالکیەکانە.
حەوتەم: ئەبێ خوفەکە لەدوای دەست نوێژ گرتن بەئاو کرابێتە پێ:
دروست نی یە مەسح بکرێت لەسەر خوف گەر لەدوای تەیەموم کرابێتە پێ ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .
بەڵام شافعیەکان حاڵەتێکیان جودا کردووەتەوە کەتەیەموومەکە لەبەر پێویستی بوون بەئاو نەبێت ، بەڵکو بەهۆکارێکی تر ، لەم حاڵەتەدا مەسح دەکرێت لەسەر دەست نوێژی گیراو بەتەیەمووم ؛ چونکە دەست نوێژەکە کاری گاریگەر نابێت بەبوونی ئاو.
هەشتەم: لەپێ کردنی خوف دوای دەست نوێژ گرتن:
زانایان جیاوازن لەبارەی بەمەرج دانانی لەپێ کردنی خوف دوای دەست نوێژ گرتن ، ودوو بۆ چوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: مەرجی مەسح کردن لەسەر خوف ئەوەیە دوای بەتەواوی دەست نوێژ گرتن هەر دوو خوفەکە لەپێ کرابێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان.
بۆچوونی دووەم: مەرج نی یە بۆمەسح کردن لەسەر خوف دوای دەست نوێژ گرتن بەتەواوی هەر دوو خوفەکە لەپێ کرابێت ، بەڵکو دروستە دوای شوشتنی پێیەکی خوفێکیان بکاتە پێیەوە ، ودواتر پێیەکی تریشی بەهەمان شێوە بشوات وخوفەکە لەپێ بکات ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفی وزاهیریەکانە ، وڕیوایەتێکە لای حەنبەلیەکان ، ،وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، وەهەریەک لە: ابن تیمية وابن القيم هەڵیان بژاردووە.
نۆیەم: پێوێستە مەسحەکە بۆ بێ دەست نوێژی بچوک بێت:
دروستە مەسح کردن لەبێ دەست نوێژی دا نەک لەش گرانی ، واتە: گەر کەسەکە دەست نوێژی شکا دەتوانێت مەسح لەسەر خوفەکانی بکات بەڵام گەر لەشی گران بوو نابێت ودروست نی یە، هەریەک لە: ابن قدامة ، والنووي ، وابن حجر کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.
دەیەم: ئەحامەکانی لەپێ کردنی خوف لەسەر خوفی ترەوە:
1- هەر کەسێک خوفێکی لەپێ کرد دواتر دانەیەکی تریشی لەپێ کرد ، وپاشان دەس نوێژی شکا :
هەر کەسێک خوفێکی لەپێ کرد دواتر دانەیەکی تریشی لەپێ کرد ، وپاشان دەس نوێژی شکا ئەوا دروستە لەسەر خوفەکەی سەرەوە مەسح بکات(بەڵام گەر مەسحی خوفی سەرەوە بکات وپاشان دایکەنێت ، ئەوا دروستە مەسح لەسەر خوفی ژێرەوە بکات ، ئەمە گەر هەردوو خوفەکە بەدەست نوێژەوە لەپێ کرابێتن.) ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، مالکی ، وحەنبەلیەکان ، وبۆچوونی کۆنی شافعیشە.
2- هەرکەسێک دەست نوێژی گرت پاشان خوفی یەکەمی لەپێ کرد ، دواتر دەست نوێژی شکا ، پاشان مەسحی لەسەر کرد ، دوای ئەمانە خوفی دووەمی لەپێ کرد ؛ لەم حاڵەتەدا دروستە مەسحی لەسەر بکات یاخود نا ؟ ودوو بۆچوون هەیە لەم بارەیەوە:
بۆچوونی یەکەم: دروست نی یە مەسح بکرێت لەسەر ئەو خوفەی کەلەسەرەوەیە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، شافعی ، وحەنبەلیەکان .
بۆچوونی دووەم: دروستە مەسح بکرێت لەسەر ئەو خوفەی کەلەسەرەوەیە ، ئەوەش مەزهەبی مالکیەکانە ، وبۆچوونی کۆنی شافعیشە ، وابن باز هەڵی بژاردووە.
3-هەرکەسێک دەست نوێژی گرت پاشان خوفی یەکەمی لەپێ کرد ، دواتر دەست نوێژی شکا ، پاشان خوفی دووەمی لەپێ کرد پێش ئەوەی مەسح لەسەر خوفی یەکەم بکات :
هەرکەسێک دەست نوێژی بگرێت ودواتر خوفی یەکەمی لەپێ بکات ، پاشان دەست نوێژی بشکێت ، پاشان خوفی دووەمی لەپێ بکات پێش ئەوەی مەسح لەسەر خوفی یەکەم بکات ئەوا لەم حاڵەتەدا دروست نی یە بۆی مەسح لەسەر خوفەکەی سەرەوە بکات ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.