یەکەم: پێناسەی خۆشوشتن"الغسل"
خۆشوشتن"الغسل" لەڕووی زمانەوانیەوە: کردنی ئاوە بەسەر شتێکدا.
خۆشوشتن"الغسل" لەڕووی ئیستڵاح وعورفی بەکارهێنانەوە: تەڕ کردنی هەموو لاشەیە بەئاو بەنیەتێکی تایبەت.
دووەم: پێناسەی لەشگرانی"الجنابة.
لەشگرانی"الجنابة: لەڕووی زمانەوانیەوه بەمانای (البُعد) دێت ، واتە: دوور .چونکە ئەو کەسەى لەشگرانە دوور دەکەوێتەوە لە نوێژ و تەواف و ...
لەشگرانی"الجنابة: لەڕووی ئیستڵاح وعورفی بەکارهێنانەوە:
دابەزینی ئاوە ، یاخود گەشتنی فەرجی پیاو وئافرەتە بەیەک ، وە بۆیەش ئەو ناوەی لێ نراوە ، چونکە دەبێتە هۆکاری دوور کەوتنەوە لەنوێژ .
سێیەم: ئەو شتانەی کەخۆشوشتن واجب دەکەن.
1- دەرچوونی مەنی لەکاتی بەخەبەری دا وهەست کردن بەخۆشی ولەزەت وبەشێوەیەکی بەقوەت وپێکەوە:
گەر مەنی دەرچوو لەکاتێکدا کەسەکە بەخەبەرە وهەست بەخۆشی ولەزەت بکات وبەشێوەیەکی بەقوەت وپێکەوە دەرچوو ، ئەوا خۆشوشتن واجب دەبێت لەسەری ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە : حەنەفی ، مالکیەکان ، وحەنبەلیەکان.
السرخسي دەڵێت: ( لەلای ئەبو حەنیفه وموحەمەد ـ ڕەحمەتی خوایان لێ بێت ـ دەبێ مەنیەکە لەجێگاکەی خۆی وبەشێوەی توند وبەئارەزووەوە دەرچووبێت ، ولەلای ئەبو یوسف ، ئەوەی گرنگ بێت دەرکەوتنیەتی) [المبسوط : ۱ / ۱۲۰].
وە ٲبو یوسف لەحەنەفیەکان و ، حەنبەلیەکان بەمەرجیان داناوە بەقوەت دەرچووبێت ؛ ئەوەش لەبەر ئەم ئایەتە پیرۆزە ﴿ خُلِقَ مِن مَّاءٍ دَافِقٍ﴾.
واتە: دروستکراوه له ئاوێکی ههڵقوڵاو (که مهنی پیاوه و هێلکۆکهی ئافرهته، ههردوولایان ههڵدهقوڵێن بۆ پێکهاتنی ئادهمیزاد، بهویستی خوا).
وهەندێکی تر پێیان وایە تەنها بەمەرج دانانی لەزەت بێ پێویستت دەکات لەمەرجی بەقوەت دەرچوون ؛ چونکە هەست بەلەزەت ناکرێت مەگەر بەقوەت دەرچووبێت.
2- دەرچوونی پاشماوەی مەنی دوای خۆ شوشتن
گەر پاشماوەی مەنی دوای خۆ شوشتن دەرچوو ؛ ئەوا خۆشوشتن پێویست ناکات ، بەڵکو تەنها دەست نوێژ پێویست دەکات مادام لە کاتى دەرچونى ئەو پاشماوەیە هەست بە چێژ و خۆشی نەکات دوبارە ، ئەوەش مەزهەبی مالکیەکان ، وحەنبەلیەکانە لەبۆچوونی مەشهوریاندا ، وبۆچوونی کومەڵێک لەسەلەفە ، وابن تیيمية ، وابن باز ، وابن عثیمين هەڵیان بژاردووە.
3- کەسێک خەوی بینیبێت وئاوی هاتبێتەوە
هەرکەسێک خەو بینیبێت وئاوی هاتبێتەوە ، ئەوا پێویستە لەسەر خۆی بشوات ، هەر یەک لە: ابن حزم، وابن عبدالبر ، وابن قدامة ، والنووي ، وابن تيمية کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.
4-کەسێک خەوی بینیبێت بەڵام ئاوی نەهاتبێتەوە:
هەرکەسێک خەوی بینیبێت بەڵام ئاوی نەهاتبێتەوە ، یاخود هیچ شتێکی نەبینیبێت ، ئەوا پێویست نی یه لەسەر خۆی بشوات ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەکە.
5- کەسێک مەنی ببینێت بەڵام نەیاتە بیری خەوی بینیوە:
هەرکەسێک کاتێ لەخەو هەستا وبینی مەنی بەلاشەوەیەتی وناشیەتە بیری خەوی بینیوە ، ئەوا پێویستە لەسەر خۆی بشوات ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەکە.
6- کەسێک تەڕایی ببینێت وگومانی هەبێت لەوەی ئایا مەنی یە یاخود مەزی ؟
هەرکەسێک تەڕایی ببینێت بەڵام دڵنیا نەبێت وگومانی هەبێت لەوەی ئایا ئەو تەڕاییە مەنی یە یاخود مەزی ، ئەوا پێویست نی یه لەسەر خۆی بشوات ، ئەوەش مەزهەبی مەشهوری شافعیەکانە ، وبۆچوونی ٲبو یوسف ـه ، وبۆچووجێکیشە لای مالکیەکان، وحەنبەلیەکان، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، والبغوي لەزۆربەی زانایانەوە گێڕاویەتیەوە ، وەهەریەک لە: ابن المنذر ، وابن قدامة ، وابن باز ، وابن عثيمين هەڵیان بژاردووە.
7- چونە لای ئافرەت وجوت بوون لەگەڵی
بەجوت بوون خۆشوشتن واجب دەبێت ، هەرچەند ئاویش نەهاتبێتەوە ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەکە ، وبۆچوونی زۆربەی زانایانیشه.
8- بەرکەوتنى داوێنی ئافرەت و زەکەرى پیاو بەیەک بێ جوت بوون:
گەر زەکەری پیاو و داوێنی ئافرەت بەریەک کەوتن بەبێ ئەوەی جوت بوون ڕوو بدات ، ئەوا پێویست نی یە لەسەریان خۆیان بشۆن ، هەریەک لە: ابن العربي ، وابن قدامة ، والنووي ، والشوكاني کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە .
زاناى پایەبەرز شێخ محمد بن صالح العثیمین - ڕەحمەتى خواى لێ بێ - دەفەرموێ :
ئەگەر هەردوو ئەندامی زاوزێ گەیشتن بە یەک ئەوا غوسڵ واجب دەبێت، بەڵام تەنها بەری بکەوێت بەبێ ئەوەی تەواو ببن ئەوا غوسڵ واجب نابێت، بەڵکو ئەو کاتە غوسڵ واجب دەبێت کە دخول بکات، چونکە بەوە دەوترێت بە یەک گەیشتنی ئەندامی زاوزێ کە بچێتە ژوورەوە، چونکە شوێنى خەتەنە کردنى پیاو سەری زەکەرێتى و دامێنی ئافرەتیش دیارو ڕوونە ، کاتێک سەری نێرینەی پیاو چووە ژوورەوە ئەو کات غوسل پێویست دەبێت ، گەیشتنی ئەندامی زاوزێی هەر دوولاش ناگەن بەیەک تاوەکو سەری عەورەتی پیاو نەچێتە ژوورەوە .
9- لەدواوە جوت بوون جا لەگەڵ ئافرەتدا بێت یاخود پیاو:
لەدواوە جوت بوون لەگەڵ پیاو وئافرەتدا خۆشوشتن پێویست دەکات ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەکە.
10- حوکمی یەکسەر خۆشوشتن لەبەر لەشگرانی:
گەر موسوڵمان توشی لەشگرانی بوو ، ئەوا ڕاستەوخۆ واجب نی یە لەسەری خۆی بشوات ، بەڵکو دەتوانێت دوای بخات ، هەریەک لە: النووي ، وسراج الدین الهندي کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە .
11- کۆتایی هاتنی خوێنی حەیز ونیفاس:
کاتێ کەخوێنی حەیز ونیفاس کۆتاییان دێت واجبە لەسەر ئافرەتان خۆیان بشۆن ، هەریەک لە: الطبري ، وابن المنذر ، وابن حزم ، والكاساني ، وابن قدامة ، والنووي کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە .
12- بوونی چەند هۆکارێکی خۆ شوشتن:
گەر چەند هۆکارێک هەبوون و هەر دانیەکی وای پێوێست دەکرد کەسەکە خۆی بشوات ، ئەوا یەکجار خۆ شوشتن کافی یە ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەکە.