یەکەم: فەرزەکانی خۆشوشتن
1- نیەت
یەکێک لەفەرزەکانی خۆشوشتن نیەت هێنانە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە: مالکی شافعی ، حەنبەلیەکان.
تێبینى : جێگاى نیەت دڵە نەک زمان .
2- گەشتنی ئاو بەهەموو لاشە
گەشتنی ئاو بەهەموو لاشە فەرزێکە لەفەرزەکانی خۆشتن، هەر یەک لە: ابن جزي ، والعیني ، والصنعاني کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.
3- لابردنی پیسی
یەکێکی تر لەفەرزەکانی خۆشتن لابردنی پیسیە بەلاشەوه ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەکە.
4- ئاو لەدەم ولوت وەردان
یەکێکی تر لەفەرزەکانی خۆشوشتن ئاو لەدەم ولوت وەردانە ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکان ، وحەنبەلیەکانە، وابن تيمية ، وابن باز ، وابن عثیمين هەڵیان بژاردووە.
5- داپۆشینی عەورەت لەچاوی خەڵک
پێوێستە عەورەت لەچاوی خەڵک دابپۆشرێت ، بەتایبەت لەکاتی خۆشوشتندا ؛ چونکە زۆر نزیکە دەرکەوێت ، هەریەک لە: الجصاص ، وابن عبدالبر ، وابن رشد الحفيد ، والنووي ، وابن رجب بەگشتی کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.
دووەم: سوننەتەکانی خۆشوشتن وئادابەکانی
1- بسم اللە کردن:
لەکاتی خۆشوشتندا سوونەتە بسم اللە بکرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە : حەنەفی ، ومالکی ، وشافعیەکان ، وڕیوایەتێکیشە لەحەنبەلیەکانەوە.
2- شوشتنی هەردوو دەست سێ جار
سوننەتە لەکاتی خۆشوشتندا سێ جار هەردوو دەست بشۆردرێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەکە.
3- لابردنی پیسیای دەرو وبەری داوێن:
لەکاتی خۆشوشتندا سوننەتە سەرەتا پیسیای دەرو وبەری داوێن لاببرێت وپاک بکرێتەوە ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەکە.
4- دەست نوێژ شوشتن
سوننەتە پێش خۆشوشتن دەست نوێژ بشۆردرێت ،ئەوەش بەکۆدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەکە.
ــ لاچوونی بێ دەست نوێژی بچووک بەلابردنی بێ دەست نوێژی گەورە:
هەرکەسێک لەبەر بێ دەست نوێژی گەورە (لەشگرانی) خۆی بشوات ئەوا بێ دەست نوێژی بچووکی (دەست نوێژ نەبوون) لەسەر لادەچێت ، واتە: ئەو خۆ شوشتنە بەدەست نوێژیش حسابە ، تەنانەت گەر دەست نوێژیشی نەگرتبێت ، یاخود نیەتی دەست نوێژی نەهێنابێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە : حەنەفی ، ومالکی ، وشافعیەکان لەبۆچوونی دروستیاندا .
5-سێ جار ئاو کردن بەسەردا
سوننەتە بۆ ئەو کەسەی کەخۆی دەشوات سێ مشت یاخود سێ جام ئاو بکات بەسەری دا ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەکە ، وابن حزم هەڵی بژاردووە.
ــ سێ جار ئاو کردن بەسەر هەموو لاشەدا :
جگە لەسەر سوننەت نی یە سێ جار ئاو کردن بەسەر هەموو لاشەدا ، ئەوەش مەشهورە لەمەزهەبی مالکیەکاندا ، وڕیوایەتێکە لەئەحمەدەوە ، وە هەر یەک لە: الخرقي ، وابن تيمية ، والزكشي ، وابن رجب ، والسعدي ، وابن باز هەڵیان بژاردووە.
وەیەکێک لەو شتانەی کەپێویستە لەکاتی خۆشوشتندا ڕەچاو بکرێت کەم سەرف کردنی ئاوە .
6- دەست خستنە نێو پرچی سەر
لەکاتی خۆشوشتندا سوننەتە دەست بخرێتە نێو پرچی سەر ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەکە ، وابن حزم هەڵی بژاردووە.
ــ حوکمی هەڵوەشاندنەوەی پەلک لەخۆشوشتنی جەنابە وحەیزدا:
واجب نی یە لەسەر ئافرەت لەخۆشوشتنی جەنابە وحەیزدا پەلکەکانی هەڵوەشێنێتەوە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە : حەنەفی ، ومالکی ، وشافعیەکان .
7- بەلای ڕاست دەست پێ کردن لەخۆشوشتندا:
لەکاتی دەست کردن بەخۆشوشتن سونەتە بەلای ڕاست دەست پێ بکرێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەکە .
8- دەست هێنان بەلاشەدا
لەکاتی خۆشوشتندا سوننەت بەدەست ئاو بهێندرێت بەلاشەدا ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە : حەنەفی ، ومالکی ، وحەنبەلیەکان .
9- تەرتیب وڕیز بەندی لەخۆشوشتندا
ڕیز بەندی لەشوشتنی ئەندامەکانی لاشەدا واجب نی یە ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەکە.
وە ڕیوایەتێک هەیە لەلای حەنبەلیەکان بەوەی واجبە بەئاو لەدەم ولوت وەردان دەست پێ بکرێت ،بۆیە پێویسته بەڕیز بەندی بێت لەنێوان ئەو وباقی ئەندامەکانی تری جەستەدا.
10- بەدوای یەکدا شوشتن لەخۆشوشتندا
واتە: هەرکە ئەندامێکی شوشت یەکسەر بەدوایدا ئەوی تریان بشوات وزۆر دوای نەخات بەشێوەیەک ئەو ئەندامەی پێشوو کەشوشتراوە وشک بێتەوە.
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی حوکمی بەدوای یەکدا شوشتن لەخۆشوشتندا ، ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆ چوونی یەکەم: پێی وایە بەدوای یەکدا شوشتن لەخۆشوشتندا واجب نی یە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە : حەنەفی ، ومالکی ، وحەنبەلیەکان .
جمهوری زانایان پێیان وایە : بەدوای یەکدا شوشتن لەخۆشوشتندا سوننەتە.
بۆچوونی دووەم: پێی وایە بەدوای یەکدا شوشتن لەخۆشوشتندا واجبە ، ئەوەش مەزهەبی مالکیەکانە ، وبۆچوونێکیشە لای شافعیەکان ، وڕیوایەتێکیشە لای حەنبەلیەکان ، وابن عثیمین هەڵی بژاردووە .