سێیەم: مەرجەکانی تەیەمووم
بەروار: 2020/07/13سەردارن: 1057نوسەر: وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕ

یەکەم: نەبوونی ئاو
1- نەبوونی ئاو لەحەقیقەتدا
یەکێک لەمەرجەکانی تەیەمووم نەبوونی ئاوە لەحەقیقەتدا ، هەر یەک لە: ابن قدامة ، والنووي ، والشنقیطي کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

2- گەر ئاو هەبوو بەڵام بەشی نەدەکرد
زانایان جیاوازن لەبارەی ئەو کەسەوە کەئاوی لایە بەڵام بەشی ناکات ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: گەر ئاوی لابوو بەڵام بەشی نەدەکرد ، ئەوا سەرەتا دەست نوێژ بەئاوەکە دەگرێت ، دواتر تەیەمووم بۆ ئەو بەشانەی تری دەکات کەنەیشوشتوون ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وبۆچوونی کومەڵێک لەسەلەفە ، وابن حزم ، وابن باز ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە. 

بۆچوونی دووەم: گەر ئاوی لابوو بەڵام بەشی نەدەکرد ، ئەوا تەیەمووم دەکات ، وپێویست ناکات ئاو بەکار بێنێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکان ، ومالکیەکانە ، وبۆچوونی کۆنی شافعیە ، وبۆچوونی کومەڵێک لەسەلەفە ، وابن المنذر هەڵی بژاردووە ، والبغوي لەزۆربەی زانایانەوە نەقڵی کردووە.

3- گەر ئاوی لابوو بەڵام تەنها بەشی لابردنی پیسی دەکرد بەلاشەیەوە:
گەر کەسێک ئاوی لابوو بەڵام تەنها بەشی لابردنی ئەو پیسیەی دەکرد کە بەلاشەوەیەتی ، ئەوا پیسیەکەی پێ دەشوات ، ودواتر تەیەمووم دەکات، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە: حەنەفی ، وشافعی ، ،حەنبەلیەکان ، وبۆچوونێکیشە لای مالکیەکان ، وبۆچوونی داودی زاهیریشە.

4- گەر ئاوی پێ بوو بەڵام پێویستی بوو بۆ خواردنەوە:
هەرکەسێک ئاوێکی کەمی پێ بێت وتەنها بەشی خواردنەوەی بکات ، ئەوا تەیەمووم دەکات ، هەریەک لە: ابن المنذر ، والکاساني ، وابن حجر کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

5- گەر تەیموومی کرد ولەبیری چوو بوو ئاوی دەست کەوتووە:
هەر کەسێک تەیمووم بکات ولەبیری چووبێت ئاوی دەست کەوتووە ، ئەوا پێویستە نوێژەکەی دوو بارە بکاتەوە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە: مالکی ، وشافعی ، ،حەنبەلیەکان ، وبۆچوونی ٲبو یوسفی حەنەفیشە. 

مالکیەکان تایبەتیان کردووە بەوەی لەکاتی نوێژەکەدا دووبارەی دەکاتەوە بەڵام دوای تەواو بوونی کاتی نوێژەکە نەخێر .

6- حوکمی گەڕان بەدوای ئاودا
پێویستە پێش تەیەمووم کردن بەدوای ئاودا بچێت ، مەگەر دڵنیا بێت لەنەبوونی ئاو ئەوکات واجب نی یە ، خۆ ئەگەر پێش گەڕان بەدوای ئاودا تەیەمووم بکات ، ئەوا نوێژەکەی دروست نی یە ولەسەری ناکەوێت، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە: مالکی ، وشافعی ، ،حەنبەلیەکان .

هەندێکیان مودەی دووری ئاوەکەیان بەوە دیاری کردووە کەمتر بێت لەمیلێک ، وەهەندێکی تریان بەکەمتر لەدوو میل دەست نیشانیان کردووە ، وهەندێکی تریان دەڵێن: دوور ونزیکی دەگەڕێتەوە بۆ عورف ، واتە: گەر ئەو مودەیە لەعورفی خەڵکدا دوور بوو ئەوا دوورە گەرنا دوور نی یە.

7- کاتی گەڕان بەدوای ئاودا
واجبە دوای هاتنی کاتی نوێژ بەدوای ئاودا بگەڕێت ، ئەوەش دەقی قسەی جمهوری زانایانە: مالکی وشافعی ، ،حەنبەلیەکان .

8- هەرکەسێک لەکۆتا کاتی نوێژدا دڵنیا بوو یاخود گومانێکی زۆری هەبوو لەوەی کەئاو هەیە:
گەر کەسێک لەکۆتا کاتی نوێژدا دڵنیا بوو یاخود گومانێکی زۆری هەبوو لەوەی کەئاو هەیە ، ئەوا باشتر وایە تەیەمووم دوا بخات ،ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە: حەنەفی ، مالکی ، حەنبەلیەکان .

لە لای مالکیەکان کەسێک گومانی هەبێت لەهەبوونی ئاو لەنێوەڕاستی کاتی نوێژدا تەیەمووم دەکات.
 
9- نەتوانینی بەکار هێنانی ئاو بەهۆی ساردی ئاوەکە ، یاخود ترس ، یاخود نەخۆشیەوە:
هەرکەسێک توانای بەکار هێنانی ئاوی نەبوو جا بەهۆی ساردی ئاوەکە، یاخود ترس ، یاخود نەخۆشیەوە بێت ، ئەوا دروستە بۆی تەیەمووم بکات ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.

العیني دەڵێت: (کۆدەنگن لەسەر ئەوەی گەر ترسی لەمردنی هەبوو ، یاخود لەدەست دان یاخود لەکار کەوتنی ئەندامێکی هەبوو ، ئەوا دروستە بۆی تەیەمووم بکات) [ البنایة شرح الهداية: ۱ / ٥۱۷].

دووەم: هاتنی کاتی ئەو نوێژەی کەتەیەموومی بۆ دەکرێت:
زانایان حیلافیان هەیە لەبارەی بەمەرج دانانی هاتنی کاتی ئەو نوێژەی کەتەیەموومی بۆ دەکرێت ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: مەرجە کاتی ئەو نوێژە هاتبێت کەتەیەموومی بۆ دەکرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە: مالکی ، وشافعی ، ،حەنبەلیەکان .

بۆچوونی دووەم: مەرج نی یە کاتی ئەو نوێژە هاتبێت کەتەیەموومی بۆ دەکرێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکان ، وزاهیریەکانە ، وڕیوایەتێکە لەئەحمەدەوە ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، وابن تیمیة ، والشوكاني هەڵیان بژاردووە .

سێیەم: پاکیەتی ئەو شتەی تەیەموومی پێ دەکرێت
مەرجە ئەو شتەی کە تەیەموومی پێ دەکرێت پاک بێت ، هەریەک لە: ابن قدامة ، والنووي ، وابن تيمية ، والكمال بن الهمام کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.