چوارەم: چۆنیەتی تەیەمووم کردن
بەروار: 2020/07/13سەردارن: 2173نوسەر: وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕ

یەکەم: واجبەکانی تەیەمووم
1- نیەت 
تەیەمووم بەبێ نیەت دروست نی یە ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە ، وابن حزم هەڵی بژاردووە ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفیشە.

2- تەیەمووم کردن بەخۆڵ
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی تەیەمووم کردن بەجگە لە خۆڵ ، ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: واجبە تەیەمووم بەخۆڵ بکرێت ، ودروست نی یە بەجگە لەخۆڵ ، ئەوەش مەزهەبی شافعی ، وحەنبەلیەکانە ، وبۆچوونێکیشە لای مالکیەکان ، وبۆچوونی داودی زاهیریە ، وابن المنذر ، وابن حجر هەڵیان بژاردووە ، والنووي لەزۆربەی زانایانەوە نەقڵی کردووە.

بۆچوونی دووەم: واجب نی یە تەیەمووم بەخۆڵ بکرێت ، ودروستە تەیەمووم بەهەموو شتێک بکرێت کەلەسەر ئەرزە وبەشێکە لەئەرز ، وەک: خۆڵ، ولم  ، گەچ ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکان ، ومالکیەکانە ، والطبري ، وابن حزم ، وابن باز ، والٲلباني ، وابن عثیمين هەڵیان بژاردووە.

وە بەگشتی هەریەک لە: ابن المنذر ، وابن حزم ، وابن عبدالبر ، وابن رشد ، وابن تيمية کۆدەنگیان لەبارەی دروستێتی تەیەمووم کردن بەخۆڵ نەقڵ کردووە.

3- مەسح کردنی دەم وچاو وهەردوو دەست لەتەیەمووم دا
مەسح کردنی دەم وچاو وهەردوو دەست بەگشتی فەرزە لەتەیەمووم دا ، هەریەک لە: ابن حزم ، وابن قدامة ، والنووي ، وابن رجب کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کرووە.

ــ چۆنیەتی مەسح کردنی دەم وچاو وهەردوو دەست لەتەیەمووم دا:
ئەو کەسەی کەتەیەمووم دەکات هەردوو دەستی یەک جار دەکێشێت بەرزدا ، وپاشان یەک جار مەسحی دەم وچاو و هەردوو دەستی پێ دەکات ، ئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، وزانایانی فەرموودەناس ، وابن المنذر ، والشوکاني ، وابن باز ، والألباني ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە.

ــ بەتەواوی مەسح کردنی دەم وچاو وهەردوو دەست
واجبە بەتەواوی مەسحی دەم وچاو وهەردوو دەست بکرێت ، خۆ ئەگەر کەمێک لەو جێگایەیی کەتەمووم دەکرێت مەسح نەکات ئەوا تەیەموومەکەی دروست نی یە ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.

4- تەرتیب وڕیزبەندی لەتەیەمووم دا
واجبە تەرتیب وڕیزبەندی لەتەیەمووم دا (بەوەی دەم وچاو پێش دەست بخرێت.)، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکانە ، وبۆچوونێکیشە لای مالکیەکان ، وحەنبەلیەکان ، وابن باز ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە.

5- مولات وبەدوای یەکدا ئەنجام دان لەتەیەمووم دا
مولات وبەدوای یەکدا ئەنجام دان لەتەیەمووم دا واجبە ، ئەوەش مەزهەبی مالکیەکانە ، وبۆچوونێکیشە لای حەنبەلیەکان ، وابن عثیمین هەڵی بژاردووە.

وه هەندێ لەزانایان ماوەکەیان وەک دەست نوێژ دیاری کردووە.

دووەم: سوننەتەکانی تەیەمووم
1- بسم اللە کردن لەتەیەمووم دا
سوننەتە لەسەرەتای تەیەمووم کردنەوە بسم اللە بکرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە: حەنەفی ، ومالکی ، وشافعیەکان ، وبۆچوونێکیشە لای حەنبەلیەکان.

2- فووکردن لەدەستەکان دوای کێشانی بەئەرزدا
سوننەتە فوو بکرێت لەو تۆزەی کەلکاوەتە دەستەوە دوای کێشانی بەئەرزدا ، ئەوەش مەزهەبی : حەنەفی ، ومالکیەکانە ، وبۆچوونی کۆنی شافعی یە ، وڕیوایەتێکیشە لەئەحمەدەوە ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، وە هەریەک لە: ابن حزم ، وابن باز ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە.