پێنجەم: ئەو شتانەی تەیەمووم بەتاڵ دەکەنەوە
بەروار: 2020/07/13سەردارن: 650نوسەر: وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕ

یەکەم: بەتاڵ کەرەوەکانی تەیەمووم
تەیەمووم بەهەموو ئەو شتانە بەتاڵ دەبێتەوە کەدەس نوێژ بەتاڵ دەکاتەوە (جا جیاوازی نی یە لەبێ دەست نوێژی بچووکدا"الحدث الٲصغر" بێت یاخود گەورە"الحدث الٲکبر".) ، هەر یەک لەابن حزم ، ابن رشد کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

دووەم: هەبوونی ئاو

1- دەستکەوتنى ئاو پێش دەستکردن بە نوێژ
تەیەمووم ـ پێش دەست کردن بەنوێژ ـ بەتاڵ دەبێتەوە بە دەست کەوتنی ئاو ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.

2- هەبوونی لەکاتی نوێژ کردندا
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی دەست کەوتن وهەبوونی ئاوەوە لەکاتی نوێژ کردن بەتەیەمووم و دوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: هەر کەسێک ئاوی دەست بکەوێت لەکاتی نوێژدا ؛ ئەوا پێویستە لەسەری نوێژەکەی ببڕێت ، ودەست نوێژ بگرێت ، گەر بێ دەست نوێژی بچووکی لەسەر بوو ، یاخود خۆی بشوات گەر بێ دەست نوێژی گەورەی لەسەر بوو ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفی ، وحەنبەلیەکانە ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، وە هەریەک لە: المزني ، وابن سریج ـی شافعی ،و ابن حزم ـی زاهری ، وابن رشد ـی مالکی ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە.

بۆچوونی دووەم: گەر کەسێک لەکاتی نوێژ کردندا ئاوی دەست کەوت ، ئەوا نوێژەکەی تەواو دەکات ، ئەوەش مەزهەبی مالکی ، وشافعیەکانە ، وڕیوایەتێکە لەئەحمەدەوە ، وبۆچوونی ئەبو سەور ، وداودی زاهیریە ، وە هەریەک لە: ابن المنذر ، والطبري هەڵیان بژاردووە.

شافعیەکان ئەو حاڵەتەیان جودا کردووتەوە گەر تەیەموومەکەی ئەو جۆرە بێت کەنوێژ کردن پێوەی واجبە دوو بارە بکرێتەوە ، وەک ئەوەی لەماڵدا تەیەموومی کردبێت ، ئەوا واجبە نوێژەکەی ببڕێت ؛ چونکە گەر نەیبڕێت ئەبێت دوو بارەی کاتەوە ، لەبەر ئەسڵی ئەم کەسەی کەلەماڵە بەنیسبەت تەیەمومەوە، واتە: لەئەسڵدا ئەم کەسە بۆی نی یە تەیەمووم بکات .
حەتەمەن ئەمە بۆ حاڵەتەێکە کەسەکە ئاوی لا بێت وتوانای بەکار هێنانیشی هەبێت گەرنا بوونی ئاو هیچ کاریگەری نابێت لەسەر نوێژەکەی .

3- هەبوونی ئاو ودەست کەوتنی دوای ئەنجام دانی نوێژ وپێش تەواو بوونی کاتەکەی:
هەر کەسێک ئاوی دەست کەوت دوای ئەنجام دانی نوێژ وپێش تەواو بوونی کاتەکەی ؛ ئەوا نوێژەکەی دروستە ، ودوو بارەی ناکاتەوە ،ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.

ابن عبدالبر دەڵێت: ( زانایان گۆدەنگ لەسەر ئەوەی گەر بەدوای ئاودا گەڕا ودەستی نەکەوت ، ودواتر تەیەموومی کرد ونوێژی کرد ، پاشان پێش تەواو بوونی کاتی نوێژەکە ئاوی دەست کەوت ــ لەکاتێکدا بەدوای ئاودا گەڕاوە ودەستی نەکەوتووە ، وپێشی نەبووە ولەبیری چووبێت ـ ئەوا نوێژەکەی دروستە ، بەڵام هەندێکیان پێیان باشه نوێژەکەی دوو بارە بکاتەوە دوای دەست نوێژ گرتنەکەی ، یاخود خۆ شوشتنەکەی مادام کاتی نوێژەکە ماوە).[ الٳستذکار : ۱ / ۳۱٤ ] ، و[ التمهید : ۱۹ / ۲۹۱ ].

4- هەبوونی ئاو ودەست کەوتنی دوای ئەنجام دانی نوێژ و تەواو بوونی کاتەکەی:
هەر کەسێک تەیەموومی کرد ونوێژی کرد ، دواتر ئاوی دەست کەوت ـ دوای ئەنجام دانی نوێژ و تەواو بوونی کاتەکەی ـ ئەوا نوێژەکەی دوو بارە ناکاتەوە ، هەریەک لە: ابن المنذر ، والبغوي ، والكاساني ، وابن قدامة ، وابن رجب وابن تيمية کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

سێیەم: توانینی بەکار هێنانی ئاو
گەر کەسێک لەبەر هۆکارێک توانای بەکار هێنانی ئاوی نەبوو بەڵام دواتر تواناکەی بۆگەڕایەوە ئەوا تەیەموومەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ، هەریەک لە: ابن قدامة ، وابن تيمية کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

چوارەم: ئایا تەیەمووم بەتەواو بوونی کاتی نوێژ بەتاڵ دەبێتەوە ؟
نەخێر تەیەمووم بەتەواو بوونی کاتی نوێژ بەتاڵ دەبێتەوە ، ئەوەش مەزهەبی: حەنەفی ، وزاهیریەکانە ، هەریەک لە: ابن تیمیة ، والشوكاني ، وابن باز ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە.