چ خزمەتێکت بە ئیسلام گەیاندووە ؟
بەروار: 2020/08/12سەردارن: 935نوسەر: ستافی ماڵپەڕ

برا و خوشکى موسڵمان :

هەموو بەیانیەک زۆربەى خەڵکى دەردەچن بۆ سەر کارەکانیان ، و تا دوای نیوەڕۆ دەمێننەوە و پاشان دەگەڕێنەوە ، و خواردنێکی زۆر دەخۆن و دەنون ، و پاشان دوای عەسر یاخود دوای مەغریب بەخەبەر دێن ، و دواتر بڵاو دەبنەوە لە بازاڕ و چێشتخانە و شوێنەکاندا . .پاشان دوای ڕۆژێکی پڕ لەئارەزوو وبەفیڕۆدانی کات دەگەڕێنەوە بۆ نوستن و پشوو دان . .هەموو ماڵ و کاتەکانیان و تواناکانیان لەپێناو دونیا وخۆشیەکانیدا سەرف دەکەن.

خۆ ئەگەر پرسیار لەیەکێکیان بکەیت و بڵێیت ئەمڕۆ چیت بۆ ئیسلام کردووە؟
وەڵامەکەی .. هیچ ..هیچ!
لەپێناوی سکی و ئارەزووەکانی دا کارێکی زۆری کردووە ، بەڵکو ڕەنگە هەوڵی ڕوخاندنی ئیسلامی دابێت و شێوەیەکی ڕاستەخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ خزمەتێکی زۆری بە شەیتان وجوندیەکانی گەیاندبێ.

نیعمەتی خودا زۆر زۆرە بەسەرمانەوە و لەئەژمار کردن نایەت ، خوای پەروەردگار لەنەبوونەوە دروستی کردووین وپاشان گەورەی کردووین وفێری کردووین لەکاتێکدا نەزان بووین و لە گومڕای ڕزگاری کردووین و دەوڵەمەندی کردووین دوای ئەوەی کەهەژار بووین ، و لەسەر ئەم ئەرزە دایناوین،لەخێراتەکانی دەخۆین ودەخۆینەوە ، و نەیکردین بەباڵندە و بەئاسماندا بفڕین و نەیکردووین بە ماسی لەنێو ئاودا بژین و نەیکردووین بەئاژەڵ کە هیچ وشەیەک نەزانین..

گوێ و چاو و دڵی پێ بەخشیوین ، و ڕێزی داوین بەسەر زۆر لەبوونەوەرەکاندا ، هەروەک فەرموویەتی : { وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي ءَادَمَ وَحَمَلْنَاهُمْ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ .. وَرَزَقْنَاهُمْ مِنَ الطَّيِّبَاتِ .. وَفَضَّلْنَاهُمْ عَلَى كَثِيرٍ مِمَّنْ خَلَقْنَا تَفْضِيلًا} الإسراء
واتە:وه‌ به‌دڵنیایى ئێمه‌ ڕێزمان له‌ مرۆڤـ ناوه‌ له‌ شێوه‌ی دروست كردن و پێدانى عه‌قڵ و ناردنی پێغه‌مبه‌ران بۆیان ، وه‌ له‌ وشكانی و ده‌ریادا هه‌ڵمان گرتوون، له‌ وشكانی له‌سه‌ر ئاژه‌ڵ و هه‌ڵگره‌كانى تر، وه‌ له‌ ده‌ریایشدا له‌ناو كه‌شتیدا ، وه‌ جۆره‌ها خواردنی به‌تام و چێژو باشمان پێ به‌خشیوون ، وه‌ فه‌زڵمان داون به‌سه‌ر زۆرێك له‌ دروستكراوه‌كان كه‌ دروستمان كردوون (ئه‌م ئایه‌ته‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر فه‌زڵى مرۆڤـى خواپه‌رست به‌سه‌ر مه‌لائیكه‌تدا). 

 وە هەروەها فەرموویەتی: { أَلَمْ تَرَوْا أَنَّ اللَّهَ سَخَّرَ لَكُمْ مَا فِي السَّمَوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ ، وَأَسْبَغَ عَلَيْكُمْ نِعَمَهُ ظَاهِرَةً وَبَاطِنَةً ، وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يُجَادِلُ فِي اللَّهِ بِغَيْرِ عِلْمٍ وَلَا هُدًى وَلَا كِتَابٍ مُنِيرٍ }
واتە:ئایا نابینن خوای گه‌وره‌ هه‌رچی له‌ ئاسمانه‌كاندایه‌ له‌ خۆرو مانگ و ئه‌ستێره‌و هه‌ورو باو باران، وه‌ ئه‌وه‌ى له‌ زه‌ویدایه‌ له‌ دارو به‌ردو زه‌رعات و دانه‌وێڵه‌و ڕووه‌ك و ئاژه‌ڵ و روبارو كانى هه‌مووی بۆ ئێوه‌ ژێربار كردووه‌و بۆ سوودو به‌رژه‌وه‌ندی ئێوه‌ى دروست كردووه‌ ، وه‌ نیعمه‌ته‌ ئاشكراو نهێنیه‌كانی خۆی به‌ته‌واوی ڕژاندووه‌ به‌سه‌رتاندا ، وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌یشدا له‌ناو خه‌ڵكیدا كه‌سانێك هه‌ن گفتوگۆو ده‌مه‌قاڵێ ئه‌كه‌ن له‌ زاتی پیرۆزو یه‌كخواپه‌رستی خوای گه‌وره‌دا ، به‌بێ ئه‌وه‌ى زانست و زانیاریان هه‌بێ ، وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕێگای هیدایه‌ت بن ، وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ كتابێكی ڕووناك و ئاشكرایان پێ بێت كه‌ له‌و كتابه‌ گفتوگۆ بكه‌ن.

 وە هەروەها فەرموویەتی: ( اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ السَّمَوَاتِ وَالْأَرْضَ ، وَأَنْزَلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَأَخْرَجَ بِهِ مِنَ الثَّمَرَاتِ رِزْقًا لَكُمْ ، وَسَخَّرَ لَكُمُ الْفُلْكَ لِتَجْرِيَ فِي الْبَحْرِ بِأَمْرِهِ ، وَسَخَّرَ لَكُمُ الْأَنْهَارَ * وَسَخَّرَ لَكُمُ الشَّمْسَ وَالْقَمَرَ دَائِبَيْنِ ، وَسَخَّرَ لَكُمُ اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ * وآتاكم مِنْ كُلِّ مَا سَأَلْتُمُوهُ ..وَإِنْ تَعُدُّوا نِعْمَةَ اللَّهِ لَا تُحْصُوهَا .. إِنَّ الْإِنْسَانَ لَظَلُومٌ كَفَّارٌ }
واتە:ئه‌و خوایه‌یه‌ كه‌ ئاسمانه‌كان و زه‌وی دروست كردووه‌، وه‌ له‌ ئاسمانیشه‌وه‌ بارانی دابه‌زاندووه‌ ، وه‌ جۆره‌ها ڕزق و ڕۆزی له‌ به‌رووبووم بۆ ئێوه‌ ده‌ركردووه‌ له‌ ناخی زه‌وی ، وه‌ كه‌شتییه‌كانیشی ژێربار كردووه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێوه‌دا له‌ناو ده‌ریادا بڕۆن به‌ فه‌رمانی خوای گه‌وره‌ ، وه‌ ڕووباره‌كانیشی ژێربار كردووه‌ كه‌ ئێوه‌ ئه‌توانن له‌ناویدا بڕۆن وه‌ سوودی لێ ببینن. وه‌ له‌ هه‌موو شتێك له‌وه‌ی كه‌ ئێوه‌ داواتان كردووه‌ خوای گه‌وره‌ پێى به‌خشیون  وه‌ ئه‌گه‌ر بتانه‌وێ نیعمه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌ بژمێرن ئه‌وه‌ له‌ ژماردن نایه‌ن و توانای ژماردنیتان نیه‌ له‌به‌ر زۆری ئه‌و نیعمه‌تانه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ پێی به‌خشیون ، به‌ڕاستی مرۆڤ زۆر زوڵم و سته‌م له‌ نه‌فسی خۆی ئه‌كات وه‌ زۆر كوفرانه‌بژێری نیعمه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌ ئه‌كات.

خۆشەویستان:
دەی با له خۆمان بپرسین دوای ئەم هەموو نیعمەتە چ شتێکمان بۆ ئیسلام کردووە ؟ بەتایبەت لەم ڕۆژگارەدا کەدژایەتی ئیسلام دەکرێت لە ژێر چەندان ناوی جۆراو جۆردا ؟؟

  چ شتێکمان ئەنجام داوە لەپێناوی ئیسلام دا ؟ با هەر یەکێک لەئێمە پرسیار لە نەفسی خۆی بکات و وەڵام بداتەوە ، و خۆی لێپرسراو ودادوەر بێت ، هەر یەک لە ئێمە با سەیری ئەو جێگەیە بکات کەتیایدا دەژیت دواتر بڕوانێت بزان چ خزمەتێکی بەئیسلام وئومەتی ئیسلامی گەیاندووە؟؟

بۆ نموونە پیاو لەماڵەکەی خۆی دا:
ئەو ڕێگایانە چین کە لەڕێگەیەوە هەوڵی بڵاوکردنی دینی ئیسلامی لەناو خێزانەکەیدا داوە ؟
ئایا وەک پێویست دینی پێ گەیاندوون و باسی ئیسلامى بۆ کردوون؟؟
ئایا خۆی بەتەنها یاخود لەگەڵ کەسانی تردا هەوڵی داوە فێری کاروباری دینیان بکات بەتایبەت ئەوانەی کە پێویستیانە فێری ببن ؟؟
 ئایا هەوڵی داوە خێزان وماڵ ومنداڵی ناچار بکات بۆ جێ بەجێ کردنی ڕێنماییەکانی ئیسلام لەهەموو کار وبارەکانی ڕۆژانەیاندا ؟؟

یاخود بەپێچەوانەوە نەک هەر خەمى فێرکردنى ماڵ ومنداڵی نەبووە بەڵکو جۆرەها ئامێری وەک تەلەفیزۆن و ئینتەرنێت و ئامێری مۆسیقای..هتد بۆ هێناونەتە ماڵەوە و هیچ چاودێریەکیان ناکات کە ماڵ و منداڵى چۆن ئەو ئامێرانە بەکاردێنن؟

فەرمانبەر لە دائیرەکەیدا 

پاشان فەرمانبەر لە دائیرە و وەزیفەکەیدا چ خزمەتێکی بەئیسلام گەیاندووە ؟

خۆ ئەگەر بەڕێوەبەری فەرمانگەیەکە چ خێرێکی لەنێوان فەرمانبەرەکاندا بڵاو کردۆتەوە ؟؟ 
ئەو سوننەتانە چین کە لەدوای وەرگرتنی کورسیەکەیەوە زیندووی کردوونەتەوە ؟

ئایا دین و گیانی یارمەتی دانی لەنێو فەرمانەگەكەیدا بڵاو کردۆتەوە ؟

 ئایا کەسێکی پابەند بووە و ئەدایەکی باشی هەبووە ،و بووە بە نمونەى موسڵمانێکى چالاک و دڵسۆز لە فەرمانگەکەى؟

یاخود توشی لەخۆ بای بوون بووە و هیچ شتێکی بەلاوە گرنگ نی یە جگە لەمەسڵەحەتەکانی خۆی نەبێت و بیر لەمەسڵحەتی کۆمەڵگا ناکاتەوە ، و وای لێ هاتووە ستەم لەژێر دەستەکانی دەکات ، وبێ بەشی کردوون لەکەمترین ماف ، و داهێنانەکانیان دەکات بەموڵکی خۆی ، بەشێوەیەک هەموانی بێزار کردووە و بۆتە هۆی بڵاو بوونەوەی نا ئومێدی لەکۆمەڵگای ئیسلامی دا.

وە پاشان لێی دەپرسین ئایا چ کارێکی بۆ فەرمانگەکە و کۆمپانیاکەی کردووە ؟

ئایا لەگەڵ هاوەڵەکانی دا مامەڵەی موسوڵمانانەی کردووە ، وهەوڵی داوە ڕێگای خێریان پێ پیشان بدات ، وهانیان بدات لەسەر هاریکاری کردنی یەکتر لەکارەکاندا ، و دەرکەوتن بەڕواڵەتی موسوڵمانانەوە ؟

ئایا هەوڵی داوە دەعوە و بانگەواز بکات بۆ لای خودا بەجوانترین شێوە و بەڕەوشتی جوان لە نێو فەرمانگەکەى خۆى ؟

ئایا  هەوڵی داوە کە کتێبێ یان سیدیەک یان نامیلکەیەکی سودبەخش ببەخشێ بەهاوڕێکانى؟
یاخود بووە بەکەسێک کە خۆی نزیک دەکاتەوە لەبەڕێوەبەرەکە لەسەر حسابی هاوڕێکانی ، و هەر بیرى لاى مەصڵەحەتەکانى خۆیەتى نەک بڵاوکردنەوەى ڕێنماییەکانى ئیسلام .

وە هەروەها پیاو لەگەڕەک و گوند وناوچەکەی خۆیدا

ئایا پیاو لەگەڕەک و گوند وناوچەکەی خۆیدا چی پێشەکەشی درواسێکانی ودەور بەر کردووە ؟
ئایا لەپێناوی خودادا سەردانی کردوون ،و بەدەم پێداویستیەکانیانەوە چووە ؟

ئایا لەپێناوی خودادا ئامۆژگاری کردوون و  ڕێگای خێر وچاکەی پیشان داون ؟

ئایا بووە بەباوک بۆ منداڵەکان و برا بچووک بۆ گەورەکان و برا بۆ هاوتەمەنەکانی ، یاخود لەماڵی خۆیدا دانیشتووە و گوێ بەکار وباری کەس نادات و کەسی بەلاوە گرنگ نیە بمرن نەخۆش کەون یاخود توشی بەڵا ببن گوێی پێنادات؟ بەڵکو زۆر جار ئەزیەت وئازاریان دەدات یاخود منداڵەکانی بەرەڵای سەر جادە و کۆڵانەکان کردووە وخەڵک ئەزیەت دەدەن ، جگەرە دەکێشن وخراپە بڵاو دەکەنەوە ، ئەمە جگە لەوەی خۆی لەنوێژی جەماعەت دوا دەکەوێت یاخود تەنها بۆ هەندێ لەفەرزەکان ئامادە دەبێت.

بازرگان و تاجرەکان

بازرگان لەبازرگانیەکەیدا چ کارێکی کردووە بۆ ئیسلام ؟ ئایا هەوڵی داوە ماڵەکەی پاک بێت لەحەڕام و ئەو شتانەی گوماناوین ؟ یاخود تەنها هەوڵی ماڵ کۆکردنەوە دەدات بێ گوێدانە حەڵاڵ و حەرام ؟؟

ئایا هەوڵی داوە ماڵەکەی فێڵ و غەش و درۆی تێدا نەبێت ؟؟ یاخود بەپێچەوانەوە ؟

ئایا هاوکار بووە لەپرۆژە خێرخوازیەکاندا ؟ یاخود دەستی نوقاندووە و هیچ نابەخشێت ؟ 

کەسانى خانەنیشین کراو
پاشان ئەو کەسانەی کە خانەنشین بوون و گەیشتونەتە مەرحەلەیەک کەهەزارەها کەس حەسوودیان پێ دەبەن: 

پێی دەڵێین: ئەی کەسی خانەنشین چیت بۆ دین کردووە ؟ ئایا سوپاسی خودات کردووە و تەنها عیبادەت بۆ ئەو دەکەیت ، وبەردەوامی لەسەر نوێژی جەماعەت ، وئایا سوور بوویتە لەسەر خوێندنی قورئان ولەبەر کردنی ، و شەو نوێژ کردن وپاڕانەوە بۆ موسوڵمانان بەوەی خودا سەریان بخات وپاڕانەوەی بەوەی خودا بێباوەڕان زەلیل وسەرشۆڕ بکات ؟؟

یاخود کردووتە بەفرسەتێک بۆ خۆ داماڵین لە ئیلتزامات ،و بەلای ڕاست وچەپدا دەڕۆیت ،و پشتت کردووە لە نوێژ و یادی خودا ؟

ئایا ئەوەندەی تەمەنت کە ماوە لەپێناوی ئیسلام دا سەرفت کردووە ، و هەستاوی بە وتار و موحازەرات و ئامۆژگاری کردن بەپێی زانیاریت ؟ یاخود بەدوای هاوشێوەکانت لەخانەنشیناندا گەڕاوی بۆ بەسەر بردنی کات وباس کردنی کەسانی تر وخواردن و وتی وتی ؟؟

ئایا بەشدار بووی لەڕێکخراو و پرۆژە خێرخوازیەکان و دامەزراوە ئیسلامەکاندا ؟؟ یاخود سەعاتەکانی ژیانت لە بازاڕ و نوسینگەکاندا ،یاخود موتابەعەکردنی دراوە جیهانیەکاندا بەڕێ دەکەیت؟؟ 
برای خانەنشین ئەوتەمەنەی کەماوتە فرسەتێکە و لەدواڕۆژدا پرسیارت لەبارەیەوە لێ دەکرێت ، ئامان ئاگادار بە وەڵامی پێویست ئامادە بکە  .

ئەى ئافرەتان چیان کردووە بۆ ئیسلام؟

پاشان دێینە سەر باسی ئافرەت و پێی دەڵێین: چ شتێکت پێشکەشی منداڵەکان ومێردەکەت ودراوسێ وهاوڕێکانت کردووە وەک خێر وبانگەواز وفێر کردنی زانست ئامۆژگاری ؟؟
ئەو ڕێز و مەکانەتەی کەخودا پێی بەخشیوی چۆن بەکارت هێناوە ، خودا باوک و برا و مێردی پێ بەخشیوی بۆ خزمەت کردن وفەرمانی بەهەموویان کردووە کەچاک بن لەگەڵت وهاریکارت بن .
ئایا ئەم فرستەت ئیستغلال کردووە ؟ و منداڵەکانت پەروەردە کردووە لەسەر ئیمان و مێردەکەت هەڵناوە لەسەر دەست گرتن بەدینەوە؟

ئایا سوور بوویتە لەسەر بڵاو کردنەوەی خێر لەنێوان دراوسێ و هاوەڵەکانتدا ؟ 
یاخود ئەو ڕێز لێنانەت لە بێ فەرمانی خوادا سەرف کردووە ؟؟ وفەرمانت بەپیاوان کردووە بەهێانی شتی نەشیاو خراپ بەهەندێ بیانووی بێ بنەما ، ومنداڵەکانت ئیهمال کردووە و خراپەت بۆ ئاسان کردوون ، و زۆر دەردەچی بۆ بازاڕ وشوێنە گشتیەکان و کاتەکانت بەفیڕۆ داوە و دینتەکەت زۆر لاوازت کردووە ؟؟

موسڵمانانى خۆشەویست : با دانیشین و موحاسەبەی نەفسی خۆمان بکەین، و با لێکی بدەینەوە بزان تاچەند خزمەتی دینی خودامان کردووە ، خۆ ئەگەر باش بوو ئەوا سوپاسی خودا بکەین وهەوڵی زیاتر بدەین ، و ئەگەر کەم و کورتیمان هەبوو هەوڵی خۆ چاک کردن بدەین لەو تەمەنە کەمەی کەماوە.

 لەکۆتایدا هەندێ ئامار دەخەمە ڕوو کە بۆ بڵاو کردنەوەی باتڵ و مەسیحیەت دەدرێت ، لەڕۆژنامەی( البيان )دا ولە ژمارە 1421.. کە لەڕۆژنامەیەکی ئەمریکی جیهانیەوە وەرگیراوە کەکاری لێکۆڵینەوە دەکات وتیایدا هاتووە:
( لەساڵی 1990 زاینی ژمارەی ڕێخراوە تەبشیر وبەمەسیح کردنەکان گەیشتۆتە: 21,000 .
وەلەساڵی 1996 لەجیهاندا بەزر بۆتەوە بۆ 45000 .
وەبەنیسبەت ئەو کەسانەی کەبوونەتە چالاکوانی مەسیحی لەو وڵاتەکانی خۆیاندا ژمارەکەی گەیشتووەتە 000, 923, 3 سێ ملیۆن و نۆسەد و بیست  و سێ هەزار ،ئەمە لەساڵی  1990 ، بەڵام  لە ساڵی 1996 بەرز بووتەوە بۆ 4,635,500 چوار ملوێن وشەش سەد و سی و پێنج هەزار و پێنج سەد چالاک وانی مەسیحی .
وەلە دەرەوەی وڵاتەکانی خۆیان لە ساڵی 1990 , گەیشتووەتە 285 دووسەد وهەشتاو پێنج هەزار چالاک وانی مەسیحی . بەڵام لەساڵی  1996 ژمارەکە بەرز بۆتەوە بۆ 398000 سێ سەد نەوەد وهەشت هەزار چالاک وانی مەسیحی .
وەبەنیسبەت ئەو جێگایانەوە کەجێگای بڵاو کردنەوەی مەسیحیەتن وەک تەلەفیزیۆن وڕادیۆ لەساڵی 1990 زاینی گەیشتۆتە 2160 دوو هەزار وشەش سەد جێگا ، وەلەساڵی  1996 ئەو ژمارەیە بەرز بۆتەوە بۆ 3200 سێ هەزار دوو سەد جێگە .
لەکۆتایدا ڕەسید و پارەی خزمەت کردن بەمەسیحیەت  193 بليۆن دۆلار تەبەڕوعات بۆ کەنیسە و 206 مليۆن ئامێری کۆمپیوتەر کەخزمەتی بڵاو کردنەوەی مەسیحیەت دەکەن .. وەچەندین ئامار و داتای تر هەن هەر کەسێک پێی خۆش بێت دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆیان .

برای موسوڵمان: بزانە کە جێبەجێ کردنی فەرمانەکانی خودا و پارێزگاری کردن لە دین و بەغیرەت بوون لەپێناوی دیندا تەنها کاری زانایان و بانگخوازان نی یە  بەڵکو واجبی سەرشانی هەر موسوڵمانێکە ، هەموو موسوڵمانێک مادام موسوڵمانە پێویستە کار بۆ ئیسلام بکات ، هەرچەند زۆر کەم و کورتی و هەڵەی هەبێت نابێ هەڵەی تر زیاد بکات بەدانیشتن و کارنەکردن بۆ ئیسلام ، دوور نی یە کار کردنی بۆ دین تاوانەکانی نەهێڵێت و بن بڕی بکات.

برای بەڕێز و خۆشەویست:
وەرە با دەست بخەینە نێو دەستی یەک و خزمەتی ئەم دینە بکەین ، مرۆڤ خۆی کەمە و بەتەنها کاری ئەوتۆی پێ ناکرێت بەڵام لەگەڵ براکانی دا زۆر کار دەتوانێ ئەنجام بدات ، خوای گەورە ئێمە و ئێوەش بخاتە ژێر ڕەحمەتی خۆیەوە و لەبەهەشتدا کۆمان بکاتەوە.
وصلى الله وسلم على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه ومن تبعه واقتفى أثره إلى يوم الدين وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين.