چه‌ند پرسێكی له خۆ گرتوه:
پرسى یه‌كه‌م: پێناسى شیر خواردن، وبه‌ڵگه‌ی شه‌رعی بونی، ودانایی لێی:
1- پێناسه‌ی شیر خواردن: «الرّضاع» به فه‌تحه‌ى ڕائه‌كه به كه‌سره‌ش ئه‌بێت: مژینی شیری مه‌مكه، یان خواردنه‌كه‌یه‌تی. له شه‌رعیشدا: بریتیه له مژینی شیری دوای دو گیانی له‌لایه‌ن منداڵێكی خوار دو ساڵ، یان خواردنه‌وه‌ى، یا هاوشێوه‌كانی.
2- به‌ڵگه‌كانی شه‌رعی بونی شیر خواردن: شیر خواردن شه‌رعیه، له‌به‌ر فه‌رمایشته‌كه‌ى خوا جل جلاله: ﴿وَإِنْ تَعَاسَرْتُمْ فَسَتُرْضِعُ لَهُ أُخْرَى﴾ [الطلاق:6] «ئه‌گه‌ریش له‌گه‌ڵ دایكه‌كه له سه‌ر شیر دان به كۆرپه‌له‌كه ڕێك نه‌كه‌وتن، ئه‌وه با باوكه‌كه شیر دره‌رێكی تر بگرێت»، هه‌روه‌ها فه‌رمایشتی: ﴿وَإِنْ أَرَدْتُمْ أَنْ تَسْتَرْضِعُوا أَوْلَادَكُمْ فَلَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ﴾ [البقرة:233] «ئه‌گه‌ریش دایك وباوكه‌كه ڕێككه‌وتن له سه‌ر شیردان له ڕێی شیرده‌رێكی تره‌وه ئه‌وا هیچ تاوانیان ناگات».
3- حوكمی شیر خواردن: حوكمی شیر خواردن هه‌مان حوكمی پشته له حه‌رام كردنی هاوسه‌ر گیری، وبون به مه‌حره‌م، وحه‌ڵاڵ بونی ته‌نها كه‌وتن وته‌ماشا كردن. جا شیر خواردن ئه‌بێته مایه‌ی خزمایه‌تی ولابه‌ری حه‌رامێتیه به مه‌رجه‌كانیه‌وه.
به‌ڵگه‌ش له سه‌ر حه‌رامكردن به شیر خواردن: قورئان وسوننه‌ت وكۆ ده‌نگیه؛ سه‌باره‌ت به قورئان: فه‌رمایشته‌كه‌ى خوایه جل جلاله : ﴿وَأُمَّهَاتُكُمُ اللَّاتِي أَرْضَعْنَكُمْ وَأَخَوَاتُكُمْ مِنَ الرَّضَاعَةِ﴾ [النساء:23]. سه‌باره‌ت به سوننه‌تیش: فه‌رموده‌كه‌ى عائیشه‌یه رضی الله عنها ئه‌ڵێ: په‌یامبه‌ری خوا ـ صلی الله علیه وسلم ـ فه‌رموی: «إِنَّ الرَّضَاعَة تُحَرِّم مَا تُحَرِّم الوِلاَدَة» «شیرخواردن ئه‌وه حه‌رام ده‌كات كه له دایك بون حه‌رامی ده‌كات»(١). وفه‌رموده‌كه‌ى [پێشتری] ئیبن عه‌بباسه رضی الله عنه ئه‌ڵێ: په‌یامبه‌ری خوا ـ صلی الله علیه وسلم ـ فه‌رموی: «ئه‌و بۆ من حه‌ڵاڵ نیه، ئه‌و كچی برای شیریمه، به شیریش ئه‌وه حه‌رام ده‌بێت كه به له دایك بون حه‌رام ده‌بێت». سه‌باره‌ت به كۆ ده‌نگیش: زانایانی ئوممه‌ت كۆكن له سه‌ر حه‌رام كردن به شیر خواردن.
پرسى دوه‌م: مه‌رجه‌كانی شیر خواردنی حه‌رام كه‌ر، وچی ده‌كه‌وێته‌وه له خزمی شیری:
1- مه‌رجه‌كانی شیردانی حه‌رام كه‌ر: شیر خواردن نابێته مایه‌ی خزمایه‌تی(٢) وحه‌رامیه‌تیش هه‌ڵ ناگرێت، مه‌گه‌ر به دو مه‌رج:
أ. ئه‌بێت شیردانه‌كه له ماوه‌ى دو ساڵی سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی شیره خۆره‌كه بێت، جا دوای دو ساڵه‌كه كاریگه‌ری نابێت، له‌به‌ر فه‌رمایشته‌كه‌ى خوا جل جلاله: ﴿وَالْوَالِدَاتُ يُرْضِعْنَ أَوْلَادَهُنَّ حَوْلَيْنِ كَامِلَيْنِ لِمَنْ أَرَادَ أَنْ يُتِمَّ الرَّضَاعَةَ﴾ [البقرة:233]، له‌گه‌ڵ فه‌رمایشتی: ﴿وَفِصَالُهُ فِي عَامَيْنِ﴾ [لقمان:14] «هه‌ڵگرتنی وله شیر بڕینه‌وه‌ى له ماوه‌ى دو ساڵ دایه»، وله‌به‌ر فه‌رموده‌كه‌ى ئوم سه‌له‌مه رضی الله عنها ئه‌ڵێ: په‌یامبه‌ری خوا ـ صلی الله علیه وسلم ـ فه‌رموی: «لَا يُحَرِّمُ مِنَ الرَّضَاعَةِ إِلَّا مَا فَتَقَ الْأَمْعَاءَ فِي الثَّدْيِ وَكَانَ قَبْلَ الْفِطَامِ» «به شیرخواردن هیچ حه‌رام نابێت مه‌گه‌ر ئه‌و شیر خواردنه‌ى له مه‌مكه‌وه بێت وڕیخۆڵه بكاته‌وه، وپێش له شیر بڕانه‌وه‌ش بێت»(٣). واتای كردنه‌وه وته‌قاندنی ڕیخۆڵه: یانی بگا پێی وجێ بگرێ. جا شیر خواردنی حه‌رامكه‌ر ئه‌وه‌یه له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا بێت، وجێی خواردنی بۆ بگرێته‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌و كاته ئه‌بێت كۆرپه‌له‌كه منداڵ بێت وشیره‌كه برسیه‌تی پڕ بكاته‌وه وگۆشت بڕوێنێت.
ب. ئه‌بێت پێنج جاری تێركه‌ر یان زیاتر بێت، له‌به‌ر فه‌رموده‌كه‌ى عائیشه رضی الله عنها ئه‌ڵێ: «كَانَ فِيمَا أُنْزِلَ مِنَ الْقُرْآنِ: ﴿عَشْرُ رَضَعَاتٍ مَعْلُومَاتٍ يُحَرِّمْنَ﴾، ثُمَّ نُسِخْنَ بِخَمْسٍ مَعْلُومَاتٍ، فَتُوُفِّيَ رَسُولُ اللهِ ـ صلی الله علیه وسلم ـ ، وَهُنَّ فِيمَا يُقْرَأُ مِنَ الْقُرْآنِ» «له‌و ئایه‌تانه‌ى له قورئاندا دابه‌زی: ﴿ده جار شیر خواردنی زانراو ودیار حه‌رام ده‌كه‌ن﴾، ئینجا سڕایه‌وه بۆ پێنج جاری دیار، ئه‌وه‌بو ئه‌وه‌نده دره‌نگ نه‌سخ بویه‌وه كه په‌یامبه‌ر ـ صلی الله علیه وسلم ـ وه‌فاتی كرد هێشتا كۆمه‌ڵێك له هاوه‌ڵان هه‌ر ده‌یانخوێند»(٤). ئه‌مه‌ش له‌و جۆره‌یه كه خوێندنه‌وه‌كه‌ى سڕاوه‌ته‌وه به‌ڵام حوكمه‌كه‌ى ماوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ریش شیره‌كه بگاته هه‌ناوی منداڵه‌كه به بێ له مه‌مكه‌وه خواردن، وه‌ك ئه‌وه‌ى بیتكێنێته ده‌می، یان له قاپ وئه‌و شتانه‌دا بیخواته‌وه، ئه‌وا حوكمه‌كه‌ى هه‌ر حوكمی شیردانه، به مه‌رجێك پێنج جار دو باره ببێته‌وه.
2- ئه‌وه‌ى له خزمی شیری ده‌بێته‌وه: ئه‌و خزمایه‌تیه‌ى به هۆی شیر خواردنه‌وه دروست ئه‌بێت دو حوكمی لێ ده‌بێته‌وه، كه بریتیه له:
- حوكمێك په‌یوه‌سته به حه‌رامیه‌تیه‌وه.
- حوكمێك په‌یوه‌سته به حه‌ڵاڵێتیه‌وه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى په‌یوه‌سته به حه‌رامێتیه‌وه: ئه‌وه شیردان كاریگه‌ری هه‌یه له حه‌رامكردنی هاوسه‌رگیری وه‌ك خزمایه‌تی پشت، بۆیه دایكی شیریت وبه‌ره‌و سه‌ره‌وه وكچكی شیریت وبه‌ره‌و خواره‌وه، وخوشكی شیری دایك وباوكی بێت یا یه‌كێكیان لێت حه‌رامن به هۆی ئه‌م نزیكایه‌تیه‌ی شیر خواردن دروستی كردوه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى په‌یوه‌سته به حه‌ڵاڵكردنه‌وه: جا هه‌مو ئه‌وه‌ى بۆت حه‌ڵاڵه له نێوان تۆ ونزیكێكی پشتیت وه‌ك دایك وخوشك، هه‌مان ئه‌وه‌ت بۆ حه‌ڵاڵه له نێوان تۆ وئه‌ودا له ڕێی شیر خواردنه‌وه، بۆیه ته‌ماشاكردن وته‌نها كه‌وتنی نێوانیان حه‌ڵاڵه، له‌به‌ر فه‌رموده‌كه‌ى [پێشتری] عائیشه رضی الله عنها ئه‌ڵێ: په‌یامبه‌ری خوا ـ صلی الله علیه وسلم ـ فه‌رموی: «شیر خواردن ئه‌وه حه‌رام ده‌كات كه له دایك بون حه‌رامی ده‌كات».
پرسى سێیه‌م: سه‌لماندنی شیر خواردن:
شیر خواردن ده‌سه‌لمێت به شایه‌تیدانی یه‌ك ئافره‌تی چاكی ناسراو به ڕاستگۆیی، شایه‌تی له سه‌ر خۆی بدات یان بۆ جگه له خۆی كه پێنج جار شیری داوه به منداڵه‌كه له ماوه‌ى دو ساڵه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر فه‌رموده‌كه‌ى عوقبه‌ى كوڕی حارس ـ رضي الله عنه ـ ، ئه‌ڵێ: ژنم هێنا، ئافره‌تێك هات وتی: شیرم به هه‌ردوكتان داوه، ئه‌ڵێ: ئه‌وه‌بو چومه خزمه‌تی په‌یامبه‌ر ـ صلی الله علیه وسلم ـ ئه‌ویش فه‌رموی: «وَكَيْفَ وَقَدْ قِيلَ؟ دَعْهَا عَنْك» «جا چۆن له‌گه‌ڵی ده‌ژیت له كاتێكدا وا ئه‌ڵێن!؟ وازی لێ بهێنه، یان شتێكی وای وت»(٥). هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌مه شایه‌تی دانه له سه‌ر عه‌وره‌ت [كه ئه‌بێت داپۆشراو بێت]، جا شایه‌تیدانی ئافره‌تی تێدا وه‌رده‌گیرێت به ته‌نها به بێ پیاو وه‌ك منداڵ بون، [چونكه ته‌نها ئافره‌تان ئاماده‌ى ده‌بن وده‌یبینن زۆربه‌ى جار].
(١) أخرجه البخاري (2646)، ومسلم (1444).
(٢) [وه‌رگێڕانی «قرابة الرضاع» به: «كه‌سی شیری» وردتره تا «خزمی شیری»، جا مرۆڤ به برا ومامه و... ناڵێ: خزم، به‌ڵكو ئه‌ڵێ: كه‌سمه، نزیكمه، به‌ڵام له چوار چێوه‌كانى ئێره‌دا «كه‌سی شیری» واتای تر ده‌به‌خشێت ومێشكی خوێنه‌ریش په‌رته‌وازه ده‌كات، بۆیه وتمان: «خزمی شیری»].
(٣) أخرجه الترمذي (2131) وقال. حسن صحيح، وصححه الألباني في «الإروا‌ء» (2150).
(٤) أخرجه مسلم (1452).
(٥) أخرجه البخاري (2660).