پێنجه‌م : له‌ باره‌ى ئه‌و شوێنانه‌ى شاری مه‌دینه‌ كه‌ شه‌رعیه‌ سه‌ردان بكرێت
بەروار: 2020/08/24سەردارن: 467نوسەر: دەستەیەک لە زانایان ، وەرگێرانی مامۆستا على خان

چه‌ند پرسێكی تێدا باس كراوه‌:
پرسى یه‌كه‌م: سه‌ردان كردنی مزگه‌وتی په‌یامبه‌ر صلى الله علیه‌ وسلم:
پرسى دوه‌م: سه‌ردانكردنی گۆڕی په‌یامبه‌ر صلى الله علیه‌ وسلم:
پرسى سێیه‌م: ئه‌و شوێنانه‌ی تری مه‌دینه‌ كه‌ شه‌رعیه‌ سه‌ردان بكرێ:

ده‌روازه‌ى پێنجه‌م : له‌ باره‌ى ئه‌و شوێنانه‌ى شاری مه‌دینه‌ كه‌ شه‌رعیه‌ سه‌ردان بكرێت
چه‌ند پرسێكی تێدا باس كراوه‌:
پرسى یه‌كه‌م: سه‌ردان كردنی مزگه‌وتی په‌یامبه‌ر صلى الله علیه‌ وسلم:
سوننه‌ته‌ سه‌ردانی مزگه‌وتی په‌یامبه‌ر ـ صلى الله عليه وسلم ـ بكرێت وكۆڵ وباری بۆ بپێچرێته‌وه‌ له‌ هه‌ر ڕۆژێك له‌ ڕۆژه‌كانی ساڵدا، ئیتر پێش حه‌ج بێت یان دوای حه‌ج، وكاتێكی دیاری كراوی نیه‌، وپه‌یوه‌ندی به‌ حه‌جه‌وه‌ نیه‌ ونه‌ له‌ مه‌رج ونه‌ له‌ واجبه‌كانیه‌تی، به‌ڵام كه‌سێك هات بۆ حه‌ج ئه‌بێت سه‌ردانی مزگه‌وتی په‌یامبه‌ر ـ صلى الله عليه وسلم ـ بكات پێش حه‌ج بێت یا دوای حه‌ج. به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ سه‌ری قورسه‌ سه‌فه‌ر بۆ ئه‌م شوێنانه‌ بكات. جا ئه‌گه‌ر حاجیان تێپه‌ڕ بن به‌ مزگه‌وتی په‌یامبه‌ر ـ صلى الله عليه وسلم ـ ونوێژی تێدا بكه‌ن، ئه‌وا ئاسانتره‌ بۆیان وگه‌وره‌تره‌ بۆ پاداشتیان وكۆكردنه‌وه‌ى هه‌ردو چاكه‌كه‌یه‌: هه‌م حه‌جه‌ وهه‌م سه‌ردانی مزگه‌وتی په‌یامبه‌ریشه‌ ـ صلى الله عليه وسلم ـ بۆ نوێژكردن تێیدا. له‌ كاتێكدا وه‌ك باس كرا ئه‌م سه‌ردانكردنه‌ له‌ ته‌واوكاریه‌كانی حه‌ج نیه‌ وپه‌یوه‌ندیشی پێوه‌ نیه‌، جا حه‌ج به‌ بێ ئه‌م سه‌ردانه‌ ته‌واوه‌ وكامڵه‌، وهه‌رگیز هیچ په‌یوه‌ستیه‌ك نیه‌ له‌ نێوان ئه‌م وله‌ نێوان حه‌جدا.
به‌ڵگه‌ش زۆره‌ له‌ سه‌ر شه‌رعی بونی بنكه‌ وبارگه‌ پێچانه‌وه‌ بۆ مزگه‌وته‌كه‌ى ـ صلى الله عليه وسلم ـ ونوێژكردن تێیدا، له‌وانه‌: فه‌رموده‌ی: «لَا تُشَدُّ الرِّحَالُ إِلَّا إِلَى ثَلَاثَةِ مَسَاجِدَ: الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ، وَمَسْجِدِ الرَّسُولِ ـ صلى الله عليه وسلم ـ ، وَمَسْجِدِ الْأَقْصَى» «باره‌گه‌ وبار ناپێچرێته‌وه‌ مه‌گه‌ر بۆ سێ مزگه‌وت نه‌بێت: مزگه‌وتی حه‌رام، مزگه‌وتی په‌یامبه‌ر، ومزگه‌وتی قودس»(1). هه‌روه‌ها فه‌رموده‌كه‌ى په‌یامبه‌ری خوا ـ صلى الله عليه وسلم ـ (2): «صَلَاةٌ فِي مَسْجِدِي هَذَا خَيْرٌ مِنْ أَلْفِ صَلَاةٍ فِيمَا سِوَاهُ، إِلَّا الْمَسْجِدَ الْحَرَامَ» «نوێژێك له‌م مزگه‌وته‌م خێردارتره‌ له‌ هه‌زاری نوێژی جگه‌ له‌م مزگه‌وته‌ مه‌گه‌ر مزگه‌وتی كه‌عبه‌».
ئه‌م ده‌قانه‌ به‌ڵگه‌ن له‌ سه‌ر شه‌رعی بونی سه‌ردان كردنی مزگه‌وتی په‌یامبه‌ر ـ صلى الله عليه وسلم ـ بۆ نوێژكردن تێیدا له‌به‌ر فه‌زڵ داریی وچه‌ند قاتی پاداشته‌كه‌ى، هه‌روه‌ها به‌ڵگه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی حه‌رامه‌ كۆڵ وبنكه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ جگه‌ له‌م سێ مزگه‌وته‌ به‌ مه‌به‌ستی په‌رستن، جا سه‌ردانكردن وسه‌فه‌ركردن بۆ هیچ شوێنێكی سه‌ر زه‌وی شه‌رعی نیه‌ مه‌گه‌ر بۆ ئه‌م سیانه‌. وڕو كردنه‌ مه‌دینه‌ بۆ نوێژكردن له‌ مزگه‌وتی په‌یامبه‌ر ـ صلى الله عليه وسلم ـ ده‌رهه‌ق به‌ ژنان وپیاوان شه‌رعیه‌ له‌به‌ر گشتێتی ئه‌و به‌ڵگانه‌ى ڕابورد.
سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی سه‌ردان كردنی: كه‌ ڕێبوار گه‌یشته‌ مزگه‌وت سوننه‌ته‌ به‌ پێی ڕاست بڕواته‌ مزگه‌وته‌وه‌، ونزا به‌ناوبانگه‌كه‌ی چونه‌ مزگه‌وت بخوێنێت: «بِسْمِ اللَّهِ وَالصَّلاةُ والسَّلاَمُ عَلَى رَسُولُ اللَّهِ، اللَّهم افْتَحْ لِي أَبْوابَ رَحْمَتِك» «به‌ناوی خوا، وصه‌لآت وسه‌لام له‌ سه‌ر په‌یامبه‌ری خوا، خوایه‌ ده‌رگاكانی به‌زه‌یی خۆتم بۆ بكه‌یته‌وه‌»(3).
ویردێكی تایبه‌تیش نیه‌ به‌ مزگه‌وته‌كه‌یه‌وه‌ ـ صلى الله عليه وسلم ـ ، دوای ئه‌وه‌ دو ڕكات نوێژ ده‌كات له‌ هه‌ر شوێنێك بێت، ئه‌گه‌ر له‌ ڕه‌وزه‌ش بێت باشتره‌، له‌به‌ر فه‌رمایشته‌كه‌ى ـ صلى الله عليه وسلم ـ : «مَا بَيْنَ بَيْتِي وَمِنْبَرِي رَوْضَةٌ مِنْ رِيَاضِ الْجَنَّةِ» «نێوان ماڵه‌كه‌م ومینبه‌ره‌كه‌م باخێكه‌ له‌ باخه‌كانی به‌هه‌شت»(4).
كێش سه‌ردانی مزگه‌وته‌ی بكات ـ صلى الله عليه وسلم ـ ئه‌بێت پارێزگاری بكات له‌ ئه‌نجامدانی پێنج فه‌رزه‌كه‌ تێیدا، وئه‌بێت زیكر وپاڕانه‌وه‌ ونوێژی سوننه‌تی زۆر له‌ ڕه‌وزه‌دا بكات، به‌ ئومێدی ئه‌جر وپاداشتی گه‌وره‌. به‌ڵام بۆ نوێژه‌ فه‌رزه‌كان باشتره‌ سه‌ردان كار وجگه‌ له‌ویش زیاتر بڕواته‌ پێشه‌وه‌ وسور بێ به‌ پێی توانا له‌ سه‌ر ڕیزه‌كانی پێشه‌وه‌ كه‌ هانی بۆ لا دراوه‌، چونكه‌ ڕیزه‌كانی پێشه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌رده‌م ڕه‌وزه‌وه‌.

پرسى دوه‌م: سه‌ردانكردنی گۆڕی په‌یامبه‌ر صلى الله علیه‌ وسلم:
ئه‌گه‌ر موسڵمان سه‌ردانی مزگه‌وتی په‌یامبه‌ری ـ صلى الله عليه وسلم ـ كرد باشتره‌ سه‌ردانی گۆڕی په‌یامبه‌ر ـ صلى الله عليه وسلم ـ ودو هاوه‌ڵه‌كه‌ى ئه‌بو به‌كر وعومه‌ر رضي الله عنهم بكات، چونكه‌ ئه‌مه‌ش تابعه‌ به‌وه‌ى په‌یامبه‌ره‌وه‌ ـ صلى الله عليه وسلم ـ نه‌ك له‌ بنچینه‌دا مه‌به‌ست بێت. ئه‌مه‌ سه‌ردانی شه‌رعیه‌، دروستیش نیه‌ بنكه‌ وكۆڵی بۆ بپێچرێته‌وه‌، به‌ڵكو كۆڵ وبار پێچانه‌وه‌ بۆ سه‌ردانكردنی گۆڕی په‌یامبه‌ر وچاكان وشوێنه‌كانی تر جگه‌ له‌ سێ مزگه‌وته‌كه‌ [كه‌ باس كران] كۆ ده‌نگی زانایان هه‌یه‌ له‌ سه‌ر حه‌رام بونی. كێش بیكات ئه‌وا به‌ نیه‌ت ومه‌به‌سته‌كه‌ى سه‌رپێچی كاره‌، چونكه‌ دژی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یه‌ كه‌ له‌ فه‌رموده‌ى كۆڵ وبار پێچانه‌وه‌دا هاتوه‌.
سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی سه‌ردان كردن: له‌ سه‌ر سه‌ردانكه‌ره‌ به‌ ئه‌ده‌ب وده‌نگێكی نزمه‌وه‌ له‌ ئاستی گۆڕه‌كه‌ى په‌یامبه‌ر ـ صلى الله عليه وسلم ـ ڕابوه‌ستێت، وپاشان سه‌لامی لێ بكات وبڵێ: «السلام عليك يا رسول الله ورحمة الله وبركاته» له‌به‌ر فه‌رموده‌ى: «مَا مِنْ أَحَدٍ يُسَلِّمُ عَلَيَّ إِلَّا رَدَّ اللهُ عَلَيَّ رُوحِي حَتَّى أَرُدَّ عَلَيْهِ السَّلَامَ» «هیچ كه‌سێك نیه‌ سه‌لامم لێ بكات مه‌گه‌ر خوا ڕوحم به‌ به‌ر ده‌كاته‌وه‌ تا وه‌ڵامی سه‌لامه‌كه‌ى بده‌مه‌وه‌»(5).
هیچیشی تێدا نیه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ردانكه‌ر بڵێت: «السَّلامُ عَلَيْكَ يَا خِيرَةَ الله مِنْ خَلْقِه، أَشْهَدُ أَنَّكَ قَدْ بَلَّغْتَ الرِّسَالَةَ، وَأَدَّيْتَ الأَمَانةَ، وَنَصَحْتَ الأُمَّةَ، وَجَاهَدْتَ في اللَّهِ حَقَّ جِهَادِهِ، اللَّهُمَّ آتِهِ الوَسِيلَةَ وَالْفَضِيلَةَ، وابْعَثْهُ المَقَامَ المَحْمُودَ الَّذِي وَعَدْتَّه، اللَّهُمَّ اجْزِهِ عَنْ أُمَّتِهِ خَيْرَ الجَزَاءِ»(6) «سه‌لامی خوات لێ بێت ئه‌ى هه‌ڵبژێردراوی خوا له‌ سه‌رجه‌م دروستكراوه‌كان، شایه‌تی ده‌ده‌م كه‌ په‌یامه‌كه‌ت ئه‌دا كرد، وئامانه‌ته‌كه‌ت گه‌یاند، وئامۆژگاری ئوممه‌تت كرد، وله‌ پێناوی خوادا تێكۆشایت ته‌واوی تێكۆشان، سا خوایه‌ مه‌نزیله‌تی وه‌سیله‌ وپله‌ی به‌رزی فه‌زیڵه‌تی پێ كه‌ره‌م بكه‌ى، هه‌روه‌ها ئه‌و پایه‌ ستایشكراوه‌ى بۆ كه‌ره‌م فه‌رمو كه‌ به‌ڵێنت پێ داوه‌، خوایه‌ له‌ سه‌ر ئوممه‌ته‌كه‌ى ئوممه‌ته‌كه‌ى باشترین پاداشتی پێ بفه‌رمه‌». پاشان سه‌لام له‌ ئه‌بو به‌كر وعومه‌ر رضي الله عنهم ده‌كات ودوعایان بۆ ده‌كات وڕه‌حمه‌تیان بۆ ده‌نێرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ ئیبن عومه‌ره‌وه‌ هاتوه‌ كه‌ سه‌لامی بكردبایه‌ له‌ په‌یامبه‌ر ودو هاوه‌ڵه‌كه‌ى له‌مه‌ زیاتری نه‌ده‌وت: «السلام عليك يا رسول الله، السلام عليك يا أبا بكر، السلام عليك يا أبتاه» «سه‌لامت لێ بێت ئه‌ى په‌یامبه‌ری خوا، سه‌لامت لێ بێت ئه‌ى ئه‌بو به‌كر، سه‌لامت لێ بێت ئه‌ى باوكه‌»(7)، ئینجا ده‌ڕوات.
وحه‌رامه‌ سه‌ردان كه‌ر وجگه‌ له‌ویش ده‌ست بساوێت به‌ ژوره‌كه‌ی په‌یامبه‌ر ـ صلى الله عليه وسلم ـ یا ماچی بكات یا به‌ ده‌وریدا بسوڕێته‌وه‌، یا ڕوی لێ بكات له‌ كاتی دوعاكردندا، یا داوای لێ بكات ـ صلى الله عليه وسلم ـ پێویستیه‌كانی بۆ جێبه‌جێ بكات، وناڕه‌حه‌تیه‌كانی له‌ سه‌ر لابدات، وشیفای نه‌خۆشی بۆ بدات وهاوشێوه‌ى ئه‌مانه‌، چونكه‌ هه‌مو ئه‌مانه‌ ته‌نها بۆ خوایه‌، وداوا ناكرێت مه‌گه‌ر له‌ خوا. وسه‌ردانكردنی قه‌بری په‌یامبه‌ر ودو هاوه‌ڵه‌كه‌ى واجب نیه‌، ومه‌رجێكیش نیه‌ بۆ حه‌ج، وه‌ك هه‌ندێك نه‌زان وا تێیگه‌یشتون، به‌ڵكو ئه‌مه‌ سوننه‌ته‌ ده‌رهه‌ق هه‌ر كه‌سێك سه‌ر له‌ مزگه‌وتی په‌یامبه‌ر ـ صلى الله عليه وسلم ـ بدات، وهه‌رگیز هیچ په‌یوه‌ندیه‌ك نیه‌ له‌ نێوان ئه‌مه‌ وله‌ نێوان حه‌جدا. وهه‌مو ئه‌و فه‌رمودانه‌شی له‌م باره‌وه‌ ده‌كرێنه‌ به‌ڵگه‌ بۆ شه‌رعی بونی كۆڵ وبار پێچانه‌وه‌ بۆ قه‌بری په‌یامبه‌ر ـ صلى الله عليه وسلم ـ ، وكه‌ ئه‌مه‌ له‌ ته‌واوكاریه‌كانی حه‌جه‌، هه‌موی فه‌رموده‌ى بێ بنه‌مایه‌؛ یا لاوازه‌ یا هه‌ڵبه‌ستراوه‌، وه‌ك فه‌رموده‌ى: «مَنْ حَجَّ وَلَمْ يَزُرْنِي فَقَدْ جَفَانِي»(8) «كێ بێت بۆ حه‌ج وسه‌ردانم نه‌كات ئه‌وا ئه‌وا پشتی لێكردوم»، یا فه‌رموده‌ى: «مَنْ زَارَ قَبْرِي وَجَبَتْ لَه شَفَاعَتِي»(9) «كێ سه‌ر له‌ گۆڕه‌كه‌م بدات ئه‌وا شه‌فاعه‌تمی بۆ حه‌ڵاڵ بوه‌» جگه‌ له‌م دوانه‌ش زۆره‌، یه‌ك فه‌رموده‌ى له‌ په‌یامبه‌ره‌وه‌ ـ صلى الله عليه وسلم ـ نه‌چه‌سپاوه‌، به‌ڵكو هه‌ندێك له‌ زانایان جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌موی هه‌ڵبه‌ستراو ودرۆیه‌.

پرسى سێیه‌م: ئه‌و شوێنانه‌ی تری مه‌دینه‌ كه‌ شه‌رعیه‌ سه‌ردان بكرێ:
سوننه‌ته‌ سه‌ردان كار -پیاو بێت یا ئافره‌ت- بچێت بۆ مزگه‌وتی قوبا به‌ ده‌ست نوێژه‌وه‌ ونوێژی تێدا بكات، چونكه‌ په‌یامبه‌ر ـ صلى الله عليه وسلم ـ وای كردوه‌؛ به‌ پیاده‌ وسواری سه‌ردانی مزگه‌وتی قوبای ده‌كرد ودو ڕكاتی تێدا ده‌كرد(10). وفه‌رمایشته‌كه‌ى ـ صلى الله عليه وسلم ـ : «مَنْ تَطَهَّرَ فِي بَيْتِهِ ثُمَّ أَتَى مَسْجِدَ قُبَاءَ فَصَلَّى فِيهِ صَلَاةً كَانَ لَهُ كَأَجْرِ عُمْرَةٍ» «هه‌ر كه‌س له‌ ماڵی خۆیدا ده‌ست نوێژ بگرێت پاشان بڕوا بۆ مزگه‌وتی قوبا، ونوێژێكی تێدا بكات، ئه‌وه‌ پاداشتی عومه‌ره‌یه‌كی هه‌یه‌»(11). وسوننه‌ته‌ ته‌نها ده‌رهه‌ق به‌ پیاوان سه‌ردانی گۆڕستانی به‌قیع وگۆڕی شه‌هیده‌كانی ئوحود بكات وه‌ك گۆڕی حه‌مزه‌ وجگه‌ له‌ویش رضي الله عنهم، وسه‌لامیان لێ بكات ودوعایان بۆ بكات، چونكه‌ په‌یامبه‌ر ـ صلى الله عليه وسلم ـ وای كردوه‌؛ سه‌ردانی كردون وبۆیان پاڕاوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌به‌ر گشتێتی فه‌رموده‌ى: «زُورُوا الْقُبُورَ، فَإِنَّهَا تُذَكِّرُ الْمَوْتَ» «سه‌ردانی گۆڕستان بكه‌ن، چونكه‌ مردنتان بیر ده‌خاته‌وه‌»(12). وپه‌یامبه‌ری خوا ـ صلى الله عليه وسلم ـ هاوه‌ڵه‌كانی فێر ده‌كرد له‌ كاتی سه‌ردانی گۆڕستاندا بڵێن: «السَّلَامُ عَلَيْكُمْ أَهْلَ الدِّيَارِ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ، وَالْمُسْلِمِينَ، وَإِنَّا إِنْ شَاءَ اللهُ لَلَاحِقُونَ، أَسْأَلُ اللهَ لَنَا وَلَكُمُ الْعَافِيَةَ» «سه‌لامتان لێ بێت ئه‌ى خه‌ڵكی گۆڕستان له‌ باوه‌ڕداران وموسڵمانان، ئێمه‌ش به‌ ویستی خوا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پێتان ده‌گه‌ینه‌وه‌، داوا ده‌كه‌م له‌ خوا ئێمه‌ وئێوه‌ش بێوه‌ى بكات وببورێت»(13).
ئه‌مه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی شاری مه‌دینه‌یه‌ كه‌ شه‌رعیه‌ سه‌ردان بكرێت.
به‌ڵام ئه‌و شوێنانه‌ى تر كه‌ هه‌ندێك ڕه‌شۆك وا ده‌زانێت سه‌ردان كردنی شه‌رعیه‌:
وه‌ك شوێنی یه‌خ كردنی وشتره‌كه‌ (مبرك الناقة)، ومزگه‌وتی هه‌ینی (مسجد الجمعة)، وبیری كلوانه‌كه‌كه‌ (بئر الخاتم)، وبیری عوسمان (بئر عثمان)، وحه‌وت مزگه‌وته‌كه‌ (المساجد السبعة)، ومزگه‌وتی دوو قیبله‌كه‌ (مسجد القبلتين)، ئه‌مانه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی نیه‌، وله‌ په‌یامبه‌ریشه‌وه‌ ـ صلى الله عليه وسلم ـ نه‌چه‌سپاوه‌ سه‌ردانی ئه‌م شوێنانه‌ی كردبێت یان فه‌رمانی به‌ سه‌ردان كردنی كردبێت، له‌ كه‌سیش له‌ پێشینانه‌وه‌ نه‌هاتوه‌ سه‌ردانیان كردبێت، وهیچ مزگه‌وتێك نیه‌ له‌ مه‌دینه‌ فه‌زڵێكی تایبه‌تی هه‌بێت، مه‌گه‌ر مزگه‌وتی په‌یامبه‌ر ـ صلى الله عليه وسلم ـ ومزگه‌وتی قوبا، په‌یامبه‌ریش فه‌رمویه‌تی [وه‌ك ڕابورد]: «هه‌ر كارێك بكرێت فه‌رمانی ئێمه‌ى له‌ سه‌ر نه‌بێت ئه‌وا ڕه‌د ده‌كرێته‌وه‌». جا ئه‌بێت موسڵمان كه‌ سه‌ریدا له‌ مه‌دینه‌ پابه‌ند بێت به‌ سه‌ردانكردنی ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ شه‌رعیه‌ سه‌ردان بكرێت، ودور بكه‌وێته‌وه‌ له‌و شوێنانه‌ى شه‌رعی نیه‌ سه‌ردان بكرێت.
==============
(1) متفق عليه: أخرجه البخاري (1189)، ومسلم (1397) من حديث أبي سعيد الخدري.
(2) أخرجه البخاري (1190)، ومسلم (1394).
(3) [أخرجه أبو داود (465)، وابن ماجه (772). وأخرجه مسلم (713) وغيره بدون لفظ التسليم].
(4) أخرجه البخاري (1196)، ومسلم (1391).
(5) أخرجه أبو داود (2041)، وأحمد (2/527) من حديث أبي هريرة، وصحح النوي إسناده «الأذكار» (349)، وابن القيم «جلاء الأفهام» (32)، وحسَّنه الألباني «صحيح الترغيب» (1666).
(6) [ينظر: «الفتوحات الربانية» (5/34) لابن علان، وعنه: «موسوعة الحافظ ابن حجر الحديثية» (2/332). انظر: تعليق شيخنا العصيمي على: «التحقيق والإيضاح» ص233، ط الصميعي].
(7) [أخرجه عبد الرزاق (6724) -وزاد: «مَا نَعْلَمُ أَحَدًا مِنْ أَصْحَابِ النَّبِيِّ ـ صلى الله عليه وسلم ـ فَعَلَ ذَلِكَ إِلَّا ابْنَ عُمَرَ»-، وابن أبي شيبة (11915)، والبيهقي (10380)، وأورده ابن حجر في «المطالب العالية» (1320/2) ط العاصمة، وصححه موقوفًا، وانظر: في «الفتوحات الربانية» (5/34). وأخرجه مالك (574) وغيره مختصرًا. وصححه شيخ الإسلام في «الإقتضاء» (ص727)].
(8) [موضوع: قاله الذهبي في «ميزان الاعتدال» (4/265)، وابن حجر في «لسان الميزان» (8/285)، والصغاني في «الأحاديث الموضوعة»، والزركشي، وابن الجوزي، والشوكاني «الفوائد المجموعة» (ص 118) وغيرهم. ومما يدل على وضعه أن جفاء النبي ـ صلى الله عليه وسلم ـ من الكبائر إن لم يكن كفرًا فاستلزم أن يكون زياته ـ صلى الله عليه وسلم ـ فرضًا كالحج، وهذا مما لم يقله العلماء. انظر: «الضعيفة» (45)].
(9) [ضعيف جدًا. وقال النوي والصغاني وابن الجوزي والزركشي وغيرهما: موضوع، انظر: «الفوائد المجموعة» (ص 117) (35)، و«الضعيفة» (12/520) (5732). و«الإرواء» (4/335) (1128)].
(10) متفق عليه: أخرجه البخاري (1194)، ومسلم (1399) (516).
(11) أخرجه أحمد (3/487)، وابن ماجه (1412)، والنسائي (2/37) وغيرهم، وصححه الألباني (صحيح الترغيب 1181)، وانظر: الأحاديث الواردة في فضائل المدينة (ص 542).
(12) أخرجه مسلم (976) - 108.
(13) أخرجه مسلم (975).