چواردەیەم: ئەوەى سوننەتە لە بانگدا
1. بانگدان لە سەرەتاى كاتەكەوە
سوننەتە بانگبێژ لەسەرەتاى كاتەكەوە بانگ بدات و ئەمەش بە كۆدەنگى هەرچوار مەزهەیە فیقهیەكە.
2. هەستان لەكاتى بانگدا
سوننەتە بۆ بانگبێژ هەستێت و بەپێوە بانگ بدات و ئەمەش بە كۆدەنگى هەرچوار مەزهەیە فیقهیەكە.
3. ڕوو كردنە قیبلە لەكاتى بانگدا
سوننەتە بۆ بانگبێژ لەكاتى بانگ داندا رووبكاتە قیبلە و هەریەك لە پێشەوایانى وەكو ابن المونزیر وابن قدامە والكاسانی كۆدەنگى زانایانیان لەو بارەیەوە هێناوە.
4. بانگ دان لە شوێنێكى بەرز وبڵند دەبێت
سوننەتە شوێنى بانگدان شوێنێكى بەرز بێت و و ئەمەش بە كۆدەنگى هەرچوار مەزهەیە فیقهیەكە.
5. هەردوو پەنجەى بخاتە ناو هەردوو گوێیەوە
سوننەتە بۆ بانگبێژ هەردوو پەنجەى بخاتە ناو هەردوو گوێیەوە و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان وشافعیەكان وحەنبەلیەكان ووتەى ابن حبیبە لە مالیكیەكان و كاروكردەوەى ئەهلى عیلمیشی لەسەرە.
6. پەلە نەكردن لە بانگداندا
لەكاتى بانگ داندا پەلەنەكردن (الترسل) سوننەتە و ئەمەش بە كۆدەنگى هەرچوار مەزهەیە فیقهیەكە.
الترسل: بریتیە لە پەلەنەكردن ولەسەرخۆیی و هێواشى لە بانگداندا بەشێوەیەك كە بڕگە و وشەكانى بەجوانى و ڕوونى لەدەم بێتە دەرەوە كە هەركەس گوێی لێ بێت لێی تێ بگات.
7. وەرچەرخان لەكاتى وتنى ( حي على الصلاة و حي على الفلاح )
سوننەتە لەكاتى وتنى (حي على الصلاة و حي على الفلاح) دا بانگبێژ خۆى بەلاى ڕاست و چەپدا بسوڕێنێت وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و شافعیەكان و حەنبەلیەكان و هەروەها وتەى هەندێكیشە لە سەلەف.
زانایانى سەردەم ڕاجیاوازن سەبارەت بە حوكمى خۆسوڕدان لەكاتى ئەو بڕگەیەى بانگدا ئەگەر هاتوو بانگەكە بە بەرزەبێژ(مایكرۆفۆن) و بڵندگۆ بوو، هەندێكیان بۆچونیان وایە كە شەرعى نییە خۆسوڕدان ئەگەر هاتوو بە بڵندگۆ بانگ درا، و دەڵێن هۆكارەكەشی ئەوەیە كە بڵندگۆ لەسەربانى مزگەوت بەهەرچوارلادا دانراوە و ئیتر پێویست بەخۆسوڕدانى بانگبێژ ناكات، وجگە لەوەش خۆسوڕدان دەبێتە هۆى دەنگ لاواز بوون و لەوانەى كە ئەم بۆچونەیان هەیە پێشەوا ابن عوسەیمینە.
وە هەشیانە كە كارەكە بە سوننەت دەزانێـت و دەڵێن: گرنگ ئەوەیە كە پارێزگارى لەم سوننەتە بكرێت وهیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەوە نییە كە خۆسوڕدان بۆ تبلیغ و گەیاندنە و دوور نییە چەند حیكمەتێكى ترى تێدا بێت كە ئێمە نەیزانین و لەوانەى كە ئەم بۆچونەیان هەیە پێشەوا ئەلبانیە.








