یەكەم: ئیسلام
ئیسلام بوون مەرجە بۆ واجب بوونی نوێژ و پیشەوا ابن روشد یەكدەنگی زانایانی لەسەر ئەمە باس كردووە.
دووەم: باڵغ بوون
1. بەمەرج دانانی باڵغێتی
باڵغ بوون مەرجە بۆ واجب بوونی نوێژ و پیشەوا ابن روشد و ابن حەزم و ابن تیمیە یەكدەنگی زانایانیان لەسەر ئەمە باس كردووە.
2. نیشانەكانی باڵغ بوون
- لەشگرانی (الاحتلام)
لەشگران بوونی پیاو و ئافرەت نیشانەیەكە لە نیشانەكانی باڵغ بوون و هەریەكە لە پێشەوا محمدی كوڕی داودی زاهیری و ابن المونزیر وابن قدامە یەكدەنگی زانایانیان لەسەر ئەم بابەتە باس كردووە.
الاحتلام: بریتیە لە دابەزینی ئاوی مەنی لە خەودا یان بەئاگاییشدا ئیتر بە هۆی جیماعەوە بێت یان جگە لەوە.
- دەرچوونی تووكەبەر
تووكەبەر نیشانەیەكی ترە لە نیشانەكانی باڵغ بوون وئەمەش مەزهەبی مالیكیەكان و حەنبەلیەكان و ریوایەتێكە لە ئەبی یوسفی حەنەفی و وتەی كۆمەڵێكە لەسەلەف و وتەی پەسەندكراوی ابن حەزم وشەوكانی وشەنقیتی وابن باز و ابن عوسەیمینە.
پێشەوا ابن قدامە سەبارەت بە تووكەبەر دەڵێت: " بریتیە لە دەرچوونی موویەكی زبر لەچواردەوری زەكەری پیاو یان دامێنی ئافرەت بەشێوەیەك كە پێویست بكات بە موس لاببرێت بەڵام توكێكی كەمی لاواز ئەوا اعتباری بۆ ناكرێت " (المغنی 4/345).
- تەمەن پێگەیشتن
سنووری تەمەنی باڵغ بوون بریتیە لە پازدە ساڵی و نێر و مێ لەو تەمەنەدا وەكو یەك وان وئەمەش مەزهەبی شافعیەكان و حەنبەلیەكان و وتەی ئەبی یوسف و محمدی كوڕی حەسەنە لە حەنەفیەكان و وتەی كۆمەڵێكە لەسەلەف و وتەی پەسەندكراوی صەنعانی وشەوكانی وابن باز وابن عوسەیمینە.
- حەیز بۆ ئافرەت
ئەگەر ئافرەت كەوتە حەیزەوە ئەوا باڵغ بووە و فەرزەكانی لەسەر واجب دەبێت و هەریەك لە پێشەوا محمدی كوڕی داودی زاهیری وابن المونزیر وابن قدامە یەكدەنگی زانایانیان لەسەر ئەمە باس كردووە.
- دووگیان بوون بۆ ئافرەت
دووگیان بوونیش نیشانەیەكە بۆ باڵغ بوونی ئافرەت, ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
3. ئەو تەمەنەی كە منداڵ فەرمانی نوێژكردنی پێ دەكرێت
ئەگەر منداڵ تەمەنی گەیشتە حەوت ساڵ ئەوا فەرمانی بە نوێژكردن پێ دەكرێت بۆ ئەوەی لەسەری ڕابێت, وئەگەر تەمەنی گەیشتە دە ساڵ ئەوا لێی دەدرێت لەسەر نەكردنی وئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە و وتەی كۆمەڵێكیشە لە سەلەف.
سێ یەم: ژیری
عەقڵ وژیری مەرجە بۆ واجب بوونی نوێژ و هەریەكە لە پێشەوا ابن روشد و ابن حەزم و ابن تیمیە یەكدەنگی زانایانیان باس كردووە لەسەری.
چوارەم: پاكێتی لە حەیز ونیفاس
پاكێتی لە حەیز ونیفاس مەرجە بۆ واجب بوونی نوێژ و هەریەكە لە پێشەوا ابن جەریرو ابن روشدو ابن عبدالبرو نەوەوی و ابن حەزم و ابن تیمیە یەكدەنگی زانایانیان باس كردووە لەسەری.








