ئەو شوێنانەی كە نەهی لێكراوە نوێژیان تێدا بكرێت (1)
1. شوێنی مانەوەی وشتر (گەوڕ )
نوێژكردن لەو شوێنەدا دروست نییە وئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەكانە و لە مالیكەوە گێردراوەتەوە و وتەی كۆمەڵێكە لە شەرع زانان ووتەی پەسەندكراوی ابن حەزم وابن عوسەیمینە.
گەوڕ : بریتیە لە شوێنی مانەوەی وشتر لەلای ئاو بەتایبەت ، وە وتراویشە بریتیە لە شوێنی مانەوەی بە رەهایی.
2. گەرماو
دروستە لە گەرماودا نوێژبكرێت بەڵام مەكروهە و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان ومالیكیەكان و شافعیەكان و ریوایەتێكیشە لە ئەحمەدەوە.
ابن عوسەیمین دەڵێت: " گەرماو واتە شوێنی خۆشۆردن كە دانرابوو بۆ خەڵكی بۆ خۆشۆردن و مەبەست لێی سەرئاو یان ئاودەست نییە " (الشرح الممتع 3/343).
مالیكیەكان دەڵێن: ئەگەر كەسەكە دڵنیا بێت لە پاكێتی شوێنەكە ئەوا مەكروهە.
3 . گۆڕستان
نوێژكردن لە گۆڕستان دروست نییە وئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەكانە و دراوەتە پاڵ زۆرێك لە ئەهلی عیلم و وتەی ابن حەزم و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە وصەنعانی وابن باز وابن عوسەیمینە.
لای حەنبەلیەكان ئەگەر یەك یان دوو گۆڕ بێت ئەوا زیانی نییە ئەگەر بەرەو ڕووی گۆڕەكە نوێژنەكرێت وابن تیمیە دەڵێت: بەڵكو ئەمە زیانی هەیە.
4. زبڵدان و سەربڕخانە
دروستە نوێژكردن لە سەر زبڵدان و شوێنی سەربڕینی ئاژەڵ ئەگەر پاك بوو وە پیسی تێدا نەبێت وئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان ومالیكیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن حەزم و ابن بازە.
المرداوی دەڵێت: " المزبلە ئەو شوێنەیە كە تەرخان كراوە بۆ پیسی و زبالە وپاشەڕۆ ئەگەر پاكیش بێت " الإنصاف 1/346
5. سەرەڕێ و ناوەڕاستی رێگا
مەكروهە لەو جۆرە شوێنانەدا نوێژ بكرێت وئەوەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان و شافعیەكان.
6. زەوی زەوت كراو
- حوكمی نوێژكردن لەسەر خاكی زەوت كراو
نوێژكردن لەسەر خاكی زەوت كراو ودروست و جائیز نییە پێشەوا نەوەوی یەكدەنگی زانایانی لەسەر ئەوە باس كردووە.
- تەواوێتی و دروستێتی نوێژ لەسەر زەویەكی زەوت كراو
نوێژكردن لەسەر خاكی زەوت كراو صەحیح و تەواوە ئەوەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان وشافعیەكان و ریوایەتێكیشە لە ئەحمەدەوە.
7. كەنیسە و پەرستگای جولەكە
مەكروهە لەو پەرستگایانەدا نوێژ بكرێت وئەوەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان وشافعیەكان و ریوایەتێكیشە لە ئەحمەدەوە و وتەی كۆمەڵێكیشە لەسەلەف.
ابن تیمیە دەڵێت: " ئەوەی صەحیحە و گێردراوەتەوە لە عومەری كوڕی خەتتاب وجگە لەویشەوە دەقی لەسەرە لای ئەحمەد و جگەلەویش ئەوەیە كە : ئەگەر ئەو پەرستگایانە وێنەیان تێدا بێت ئەوا نوێژی تێدا ناكرێت چونكە فریشتەكان ناچنە شوێنێكەوە كە وێنەی تێدا بێت و هەروەها پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم نەچووە ناو كەعبەوە هەتا ئەو وێنانەی كە تێیدابوون لادران ، هەروەها عومەر دەڵێت: ئێمە نەدەچووینە ناو كەنیسەكانیانەوە كە وێنەیان تێدا بووایە و ئەوە هاوشێوەی ئەو مزگەوتەیە كەلەسەر گوڕ دروست كرابێت " (مجموع الفتاوی 22/162).
8. نوێژكردن لە شوێنی تاوان و سەرپێچی و ماوای شەیتان
مەكروهە لەو جۆرە شوێنانەدا نوێژ بكرێت وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان وشافعیەكان .
پێشەوا نەوەوی دەڵێت: " نوێژكردن لە مەئوا و مۆڵگەی شەیتان بە یەكدەنگی زانایان مەكروهە، وەكو مەیخانە وقومارخانە و هاوشێوەكانیان كە شوێن و جێگەی گوناه و فاحیشەن" ( المجموع 3/162)
(1) دروست ورێگەپێدراوە نوێژكردن لەسەر زەوی بەشێوەیەكی گشتی و ابن تیمیە یەكدەنگی زانایانی لەسەر باس كردووە.