چوارەم: هاتنی كاتی نوێژ
بەروار: 2020/12/05سەردارن: 1475نوسەر: وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕ

1.    مەرجە كاتی نوێژەكە هاتبێت
هاتنی كاتی نوێژ مەرجە لە تەواوێتی نوێژدا و پێشەوا ابن روشد وابن قدامە وابن عبدالبر وابن حەزم یەكدەنگی زانایانیان باس كردووە لەسەر ئەمە.
2. پێشخستنی نوێژ لەكاتی خۆی
حەڵاڵ نییە نوێژ لەكاتی خۆی پێش بخرێت وهەركەس پێش كاتەكەی نوێژ بكات ئەوا دروست نییە ولەسەری نەكەوتووە, وهەریەك لە پێشەوا ابن عبدالبر وابن تیمیە یەكدەنگی زانایانیان لەسەر ئەمە باس كردووە.
3. دواخستنی نوێژ لەكاتی خۆی
حەڵاڵ نییە بە ئەنقەست نوێژ لەكاتی خۆی دوابخرێت بەبێ عوزر, وهەریەك لە پێشەوا ابن حەزم وابن تیمیە یەكدەنگی زانایانیان لەسەر ئەمە باس كردووە.
4. كاتی نوێژی بەیانی
- سەرەتای كاتی نوێژی بەیانی
ئەگەر فەجری دووەم دەركەوت (فەجری راستگۆ یان فەجری دووەم كە رووناكیەكی لاكێشەییە لەبەری رۆژهەڵاتەوە دەردەكەوێت وبەرەبەرە زیاد دەكات لەئاسۆدا.) ئەوا سەرەتای كاتی نوێژی بەیانی دەست پێدەكات و كاتی نوێژیش بریتیە لە نێوانی دەركەوتنی فەجری دووەم هەتا دەركەوتنی خۆر وپێشەوا ابن المونزیر و تەحاوی و ابن حەزم یەكدەنگی زانایانیان لەسەر ئەمە باس كردووە و هەروەها بەدەركەوتنی فەجری دووەم سەرەتای كاتی نوێژی بەیانیە و ابن عبدالبر ونەوەوی یەكدەنگی زانایانیان باس كردووە لەم بارەیەوە.
- ئەنجام دانی نوێژی بەیانی پێش كاتی خۆی
دروست نییە نوێژی بەیانی پێش كاتەكەی خۆی ئەنجام بدرێت و نەوەوی یەكدەنگی زانایانی باس كردووە لەسەر ئەمە.
- (التغلیس)  لە نوێژی بەیانیدا

التغلیس: واتە ئەنجام دانی نوێژی بەیانی لە تاریكی كۆتایی شەودا.
باشتر وایە نوێژی بەیانی لەسەرەتای كاتەكەیەوە بكرێت بەمەرجێك دڵنیابێت لە دەركەوتنی فەجری دووەم كە تەغلیسە و ئەمەش  مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان و شافعیەكان وحەنبەلیەكان و زاهیریەكان و وتەی كۆمەڵێكیشە لە سەلەف.
- كۆتا كاتی نوێژی بەیانی
كاتی نوێژی بەیانی درێژ دەبێتەوە هەتا دەركەوتنی خۆر وئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان و حەنبەلیەكان و صەحیح لە وتەی مالیكە و وتەی زۆرینەی زانایانی سەلەف و خەلەفە و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە وصەنعانی وابن باز وابن عوسەیمینە.
5. سەرەتای كاتی نوێژی نیوەڕۆ
سەرەتای كاتی نوێژی نیوەڕۆ بریتیە لە لاربوونەوەی خۆر لەناوەڕاستی ئاسمان ، و پێشەوا ابن المونزیر و ابن حەزم وابن عبدالبر ونەوەوی یەكدەنگی زانایانیان لەم بارەیەوە باس كردووە.

ابن قدامە دەڵێت: مانای زوال یان لاربوونەوە واتە لادانی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان و بە درێژایی سێبەری كەسێكدا دەناسرێتەوە دوای ئەوەی كە كورت بونی سێبەر كۆتایی پێ دێت. (المغنی 1/270)

-    كۆتا كاتی نوێژی نیوەڕۆ
كۆتا كاتی نوێژی نیوەڕۆ هەتا ئەو كاتەیە كە سێبەری هەموو شتێك بەئەندازەی خۆی لێ دێت جگە لەو سێبەرەی لەكاتی لاربوونەوەی خۆردا دروست دەبێت و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان و شافعیەكان و حەنبەلیەكان و زاهیریەكان و ریوایەتێكیشە لە ئەبی حەنیفەوە.
-    پەلەكردن لە نیوەڕۆدا
سوننەتە پەلەبكرێت لە ئەنجامدانی نوێژی نیوەڕۆدا بەمەرجێك گەرما و هەور نەبێت و پێشەوا ابن قدامە و نەوەوی یەكدەنگیان باس كردووە لەسەری.
-    سوننەتە لەكاتی گەرمای سەختدا نوێژی نیوەڕۆ دوابخرێت تا كەمێك دونیا سارد دەبێت
ئەو دواخستنەی نوێژی نیوەڕۆ پێی دەوترێت ( الإبراد)  لەكاتێكدا دەبێت كە گەرمایەكی زۆر سەخت هەبێت و ئەمەش دروستە بەیەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە .

الإبراد: واتە دواخستنی نوێژی نیوەڕۆ بۆ كاتی ساردی, كەكاتی هێوربوونەوەی تینی گەرما, و راجیاوازی لەسەرە لەنێوان زانایاندا سەبارەت بە ئەندازەكەی وە ئایا ئەوە تایبەتە بە نوێژی جەماعەتەوە یان نا.

مەزهەبی حەنەفیەكان وایە كە ابراد دەكرێت لە هاویندا هەمووی ئیتر گەرمای زۆر بێت یاخود نا.

6. كاتی نوێژی عەصر
- سەرەتای كاتی نوێژی عەصر ئەوەیە كە سێبەری هەر شتێك ئەوەندەی خۆی لێ دێت و سێبەری سەرەتا لاربوونەوەی خۆری تێدا هەژمار ناكرێت و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان , و شافعیەكان وحەنبەلیەكان و روایەتێكیشە لە ئەبی حەنیفەوە و وتەی موحەممەد وئەبی یوسفە لە حەنەفیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن حەزمیشە.

 ابن روشد دەڵێت: هەریەك لە پێشەوایانی وەكو مالیك وشافعی وداود و كۆمەڵێكی تر یەكدەنگن لەسەر ئەوەی كە سەرەتای كاتی عەصر بریتیە لە كۆتا كاتی نیوەڕۆ, ئەوەش كاتێكە كە سێبەری هەر شتێك ئەوەندەی خۆی لێ دێت، تەنها مالیك پێی وایە كە كۆتا كاتی نیوەڕۆ و سەرەتای كاتی عەصر بریتیە لە كاتێكی هاوبەشە لەنێوانیاندا پێكەوە، واتە بە ئەندازەی ئەنجام دانی چوار ركات تێیدا, بەڵام شافعی وئەبوسەور وداود لایان وایە كە كۆتا كاتی نیوەڕۆ بریتیە لە سەرەتای كاتی عەصر و كاتەكەش دابەشكراو و جیا نییە. ( بدایە المجتهد 1/94).

- كاتی دروست ورێگەپێدراوی عەصر
كاتی نوێژی عەصر درێژ دەبێتەوە هەتا زەردبوونی خۆر (زەردبوونی خۆر بە گوێرەی زەوی و دیوار هەژمار دەكرێت نەك خودی خۆرەكە. ( مواهب الجلیل) للحطاب 2/19.) و ئەمەش مەزهەبی مالیكیەكان و ریوایەتێكە لە ئەحمەدەوە ووتەی كۆمەڵێكە لە سەلەف ووتەی پەسەندكراوی ابن حەزم و لەحەنبەلیەكانیش ابن مفلح هاوڕایە و وتەی پەسەندكراوی ابن باز وابن عوسەیمینیشە.
- كاتی نوێژی عەصر لەكاتی پێویستدا
كاتی نوێژی عەصر لەكاتی پێویستدا هتا خۆرئاوابوونە وابن تیمیە یەكدەنگی زانایانی باس كردووە لەسەری.
7. كاتی نوێژی مەغریب
- سەرەتای كاتی نوێژی مەغریب
سەرەتای كاتی نوێژی مەغریب بریتیە لە خۆرئاوابوون بە تەواوەتی و پێشەوا ابن المونزیر وابن حەزم و ابن عبدالبر و الكاسانی وابن قدامە ونەوەوی وابن تیمیە یەكدەنگی زانایانیان لەوبارەیەوە گواستۆتەوە.
- كۆتا كاتی نوێژی مەغریب
كاتی نوێژی مەغریب درێژ دەبێتەوە هەتا دیارنەمانی سورایی (شەفەق) وئەوەش مەزهەبی حەنبەلیەكان وزاهیریەكان وریوایەتێكە لە مالیكەوە و وتەی كۆنی شافیعیە وكۆمەڵێكیشە لە سەلەف و زۆربەی ئەهلی عیلم و وتەی پەسەندكراوی قورتوبی وابن تیمیە وابن القیم و صەنعانی وشەوكانی و شەنقیتی و ابن باز وابن عوسەیمینە.
-    پەلەكردن لە ئەنجامدانی نوێژی مەغریب
پەلەكردن لە كردنی نوێژی مەغریب لەسەرەتای كاتەكەیەوە باشتر و خێرترە لە دواخستنی و پێشەوا ابن المونزیر و ابن عبدالبر و ابن قدامە وقورتوبی و نەوەوی یەكدەنگیان گواستۆتەوە لەسەری.
8. كاتی نوێژی عیشا
- سەرەتای كاتی نوێژی عیشا
بەدیار نەمانی شەفەق واتە سورایی ئێوارە سەرەتای كاتی عیشا دەست پێ دەكات و هەریەك لە ابن المونزیر وابن حەزم ونەوەوی و ابن عبدالبر وشەوكانی یەكدەنگی زانایانیان لەسەری هێناوە.
- مەبەست لە شەفەق
مەبەست لە شەفەق كە كاتی عیشای پێ دەست پێ دەكات بریتیە لە سورایی وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان وشافعیەكان و حەنبەلیەكان و زاهیریەكان وریوایەتێكیشە لە ئەبی حەنیفەوە و وتەی ئەبی یوسف و موحەممەد و زۆربەی ئەهلی عیلمە.
- كۆتا كاتی نوێژی عیشا
زانایان راجیاوازن سەبارەت بە كۆتا كاتی عیشا بۆ چەند بۆچوونێك كەبەهێزترینیان دووانە:
 بۆچوونی یەكەم: كاتی نوێژی عیشا درێژ دەبێتەوە بۆ كەسێك سەرپشك بێت كە كەی دەیكات هەتا نیوەی شەو, وەبۆ حاڵەتی پێویستیش درێژ دەبێتەوە هەتا دەركەوتنی فەجر و ئەمەش ریوایەتێكە لە ئەحمەدە و وتەی كۆنی شافعیە و وتەی ابن حبیب وابن الموازە لە مالیكیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن القدامە وابن تیمیە وشەوكانی وابن بازە.
- بۆچوونی دووەم: كاتی نوێژی عیشا درێژ دەبێتەوە هەتا نیوەی شەو, ئیتر حاڵەتی سەرپشك وپێویستی بۆ نییە و ئەوە كۆتا كاتیەتی وئەمەش وتەی پەسەندكراوی ابن حەزم و وتەیەكی شافعیش ئەمە هەڵدەگرێت و ابو سەعیدی ئیستیخریش لە شافعیەكان هەمان بۆچوونی هەیە لەگەڵ ابن عوسەیمین و ئەلبانی.
- باشترین كاتی نوێژی عیشا
دواخستنی نوێژی عیشا باشترە ئەگەر نارەحەتی دروست نەكرد لەسەر خەڵك وئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان و حەنبەلیەكان و وتەیەكی مالیك و شافعیە و وتەی كۆمەڵێكە لە سەلەف و زۆربەی ئەهلی عیلم و وتەی پەسەندكراوی ابن حەزم و ابن تیمیە  وشەوكانی و ابن باز وابن عوسەیمینە.

 ابن تیمیە دەڵێت: دواخستنی نوێژی عیشا بۆ سێ یەكی شەو باشترە مەگەر خەڵكی كۆببنەوە و چاوەڕێ كردن ناڕەحەت بێ بۆیان ئەوا دەتوانن پێش ئەو كاتە بیكەن. ( منهاج السنة النبویة)8/310 .

9. كاتەكانی نوێژ لەو وڵاتانەی كە كورت و درێژی شەو و رۆژ تێیاندا ئاسایی نییە
- كاتەكانی نوێژ لە وڵاتێكدا كە رۆژی تێدا زۆر درێژە یان بە پێچەوانەوە
ئەگەر شارێك یان وڵاتێك رۆژ تێیدا زۆر درێژ بوو یان بە پێچەوانەوە, بەڵام دەتوانرا جیاوازی  نێوان شەو و رۆژ بكرێت بەهۆی دەرچوونی فەجر و خۆرئاوابوونەوە لە ماوەی بیست و چوار كاتژمێردا, ئەوا خەڵكەكە دەبێت پێنج فەرزەكەی نوێژ لەكاتی دیاری كراوی خۆیاندا ئەنجام بدەن وەكو خۆی, و ئەمەش وتەی ابن باز و فەتوای دەزگای گەورە زانایانە و هەروەها كۆربەندی فیقهی ئیسلامیشە.
-    كاتەكانی نوێژ لەو وڵاتانەی كە شەو یان رۆژ بەبەردەوامیە
ئەو وڵاتەی كە شەو یان رۆژ تێیدا زیاتر لە بیست وچوار كاتژمێرە ئەوا پێویستە لەسەر خەڵكەكەی لە هەر بیست وچوار كاتژمێرێكدا پێنج فەرزە نوێژەكە ئەنجام بدەن و كاتەكەی بۆ بخەمڵێنن بەگوێرەی نزیكترین وڵات لێیانەوە كە شەو و رۆژ تێیدا جیادەبێتەوە لە هەر بیست و چوار كاتژمێرێكدا و ئەمەش وتەی ابن باز وابن عوسەیمین و فەتوای لیژنەی دەزگای گەورە زانایان و كۆڕبەندی فیقهی ئیسلامیشە.
10. ئەو ئەندازەیەی كە رێگەپێدراوە لە گەیشتن بە نوێژدا پێش نەمانی كاتەكەی
زانایان راجیاوازن سەبارەت بە گەیشتن بە كاتی نوێژدا بۆ دوو بۆچوون:
بۆچوونی یەكەم: ئەگەر تەكبیرەی ئیحرام (یەكەم الله أكبر)ی نوێژ لە ناو كاتی خۆیدا بوو ئەوا گەیشتووە بەو نوێژە ئەگەرچی باقی نوێژەكە لەكاتەكەی خۆی دەرچووبو وئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان و حەنبەلیەكان و وەجهێكە لای شافعیەكانیش.
بۆچوونی دووەم: بە كەمتر لە ركاتێك ئەوا بە نەگەیەشتن بە كاتی نوێژەكە هەژمار دەكرێت و ئەمەش مەزهەبی مالیكیەكان و وتەیەكی شافعیە و وتەی پەسەندكراوی موزەنیە و ریوایەتێكە لە ئەحمەدەوە و وتەی پەسەندكراوی ابن عبدالبر و ابن تیمیە وئەوكانی و ابن عوسەیمینە.
11. قەزاكردنەوەی نوێژ ئەگەر كاتەی نەما
- قەزا كردنەوەی ئەو كەسەی بیری چووە و كەسی خەوتوو
هەركەس خەوتبوو یان بیری چوو نوێژەكەی بكات هەتا كاتەكەی نەما ئەوا فەرزە لەسەری هەركات بەخەبەر یان كەوتەوە بیری هات نوێژەكەی بكات پێشەوا ابن حەزم و ابن تیمیە یەكدەنگی زانایانیان لەم بارەیەوە باس كردووە.
- قەزا كردنەوەی كەسی شێت(بەخشراو)
ئەم جۆرە كەسە هیچ جۆرە قەزاكردنەوەیەكی لەسەر نییە با كاتی نوێژەكەش نەمابێت ئیتر كاتی شێتیەكە زۆر بێت یان كەم و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان شافعیەكان و حەنبەلیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن حەزمە و ابن عبدالبریش یەكدەنگی باس كردووە لەسەری بۆ شێتیەك كە بۆ هەمیشەیی بێت.
-    قەزاكردنەوەی نوێژی كەسێك كە بوراوە و لەهۆش خۆچوو
ئەم جۆرە كەسەش هیچ قەزاكردنەوەیەكی فەرزی لەسەر نییە لەوەی كاتی نەماوە ئیتر كات و ماوەی بورانەوەكە كەم بێت یا زۆر و ئەمەش مەزهەبی مالیكیەكان و شافعیەكان و كۆمەڵێكە لە سەلەف و وتەی پەسەندكراوی ابن المونزیر و ابن حەزم و ابن عبدالبر و ابن عوسەیمینە.
- قەزاكردنەوی كەسی مەست و سەرخۆش
ئەوەی سەرخۆش بێت هەتا كاتی نوێژەكە نامێنێت ئەوا فەرزە لەسەری كە دووبارە بیگێڕێتەوە و پێشەوا ابن المونزیر و ابن حەزم و ابن قدامە و ابن نوجەیم یەكدەنگیان لەسەری هێناوە.
- قەزاكردنەوەی كەسی سڕكراو (بەنجكراو)
هەركەس بێهۆشكرا بە مادەی سڕكەر یان چارەسەر ئەوا دەبێت قەزای بكاتەوە ئەگەر ماوەكەش زۆر بوو و ئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان و حەنبەلیەكان ووتەی پەسەندكراوی ابن عوسەیمین و فەتوای لیژنەیی هەمیشەییشە. 
- قەزاكردنەوەی كەسێك بەئەنقەست نوێژ نەكات هەتا كاتەكەی نامێنێت
سەبارەت بەم جۆرە حاڵەتە زانایان راجیاوازن بۆ دوو بۆچوون:
بۆچوونی یەكەم: هەركەس بە ئەنقەست نوێژێك نەكات هەتا كاتەكەی نامێنێت ئەوا پێویستە لەسەری بەقەزا بیگێرێتەوە و ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
بۆچوونی دووەم: هەركەس بە ئەنقەست نوێژێك نەكات هەتا كاتەكەی نامێنێت ئەوا قەزای لەسەر نییە (بەڵام تاوانەكەی لای خوا گەورەیە) وئەمەش مەزهەبی زاهیریەكانەو وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە وابن رجب وابن باز وابن عوسەیمینە.
12. ئەگەر نوێژێكی لەدەست چووی بیركەوتەوە لەكاتی نوێژێكی تردا
هەركەس نوێژێكی لەدەست چووی بیركەوتەوە لەكاتی نوێژێكی تردا ئەوا سەرەتا دەست دەكات بە قەزاكردنەوەی نوێژە لەدەست چووەكە وپاشان نوێژی ئەو كاتە دەكات  و پێشەوا نەوەوی یەكدەنگی لەسەری هێناوە.

زانایان راجیاوازن سەبارەت بە حوكمی ریزبەندی لەنێوان نوێژی لەدەست چوو لەگەڵ نوێژی ئەو كاتە بەوەی كە ئایا واجبە یان سوننەتە و هەروەها ژمارەی نوێژە لەدەست چووەكان.

13. ریزبەندی نوێژە لەدەست چووەكان
ریزبەندی نوێژە لەدەست چووەكان واجبە وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان  ومالیكیەكان  و حەنبەلیەكان و وتەی كۆمەڵێكیشە لە سەلەف.

بەلای حەنەفیەكان ریزبەندی نامێنێت لەكاتی نەبوونی كاتدا یان بیرچوونەوە یان ئەگەر نوێژە لەدەست چووەكان زیاتر بن لە لەدەست چووەكانی ئەو رۆژە بەوەی كە شەش نوێژ یان زیاتر بێت.
لای مالیكیەكان تەفصیلی هەیە بەوەی كە ئەگەر نوێژە لەدەست چووەكە و نوێژی ئەو كاتە هاوكات بوون و ترسی لەدەست چوونی كاتی نوێژی ئەو كاتەی هەبوو, ئەوا ئەگەر نوێژە لەدەست چووەكان كەم بوون بۆ نمونە چوار یان پێنج بن ئەوا ریزبەند دەكرێن وپێش نوێژی ئەو كاتە دەكرێن و ئەگەر كاتەكەشی نەمێنێت بەڵام ئەگەر زیاتر بوو یان ترسی نەمانی كاتەكەی هەبوو ئەوا نوێژی ئەو كاتە دەكات لە پێشدا.

14. پەلەكردن و دەست بەجێ ئەنجامدانی قەزا (نوێژی لەدەست چوو)
پێویستە دەست بەجێ وبێ دواكەوتن دەست بكرێت بەقەزاكردنەوەی نوێژی لەدەست چوو, ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان و حەنبەلیەكان و وەجهێكە لای شافعیەكان.
15. كەسێك نوێژی بیرچوو بەڵام نەیزانی چ نوێژێكە
هەركەس نوێژێك یان دووان یان سیان یان چوار و پێنجی لەدەست چوو بەڵام نەیزانی كامیانە ئەوا دەبێت پێنج فەرزەی نوێژ دووبارە بكاتەوە و ئەمەش بەیەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
16. نەمانی رێگری نەكردن نوێژ پێش نەمانی كاتەكەی بەئەندازەی ركاتێك
ئەگەر ئافرەتی حەیزدار پاك بوویەوە یان شێت ژیربوویەوە یان لەهۆش خۆچو بەئاگاهاتەوە یان بێباوەڕێك موسڵمان بوو, وە فریای كاتی نوێژەكەی كەوت بە ئەندازەی یەك ركات ئەوا دەبێت ئەو نوێژە بكات و نەوەوی و شەوكانی یەكدەنگی زانایانیان لەسەری هێناوە.
17. نوێژكردن لەبری یەكتر
لەبری یەكتر نوێژ كردن بەشێوەیەكی گشتی دروست نییە  و نوێژ ناگرێتەوە و پێشەوا تەبەری وابن العربی و ابن الوزیر والقرافی و ابن عبدالبر وابن روشد یەكدەنگیان لەسەری هێناوە.

جگە لە دوو ركاتی تەواف وە راجیازاوی لەسەر نوێژكردن لەبری مردوو هەیە.

18. دووبارە كردنەوەی نوێژ بۆ كەسێك كە گەیشتبێتە كاتی نوێژەكە پاش ئەوەی كە كردوویەتی
سەبارەت بەم حاڵەتە زانایان دوو بۆچوونیان هەیە:
بوچوونی یەكەم: دووبارەكردنەوەی لەسەر نییە وئەوەش مەزهەبی شافعیە (علی الصحیح) و وتەیەكیشە لە مەزهەبی ئەحمەدو ابن تیمیە پشتگیری دەكات و وتەی پەسەندكراوی ابن عوسەیمینە.
بۆچوونی دووەم: دووبارە كردنەوەی لەسەرە وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان و حەنبەلیەكان و وەجهێكیشە لای شافعیەكان.