پێنجەم: رووكردنە قیبلە
بەروار: 2020/12/05سەردارن: 1560نوسەر: وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕ

1.    حوكمی رووكردنە قیبلە لە نوێژدا
رووكردنە قیبلە مەرجە بۆ تەواوێتی نوێژ و پێشەوا ابن حەزم و ابن عبدالبر و رابن روشد ونەوەوی یەكدەنگیان لەسەری هێناوە.
2.    رووكردن لە خودی كەعبە بۆ كەسێك كە بیبینێت
بۆ ئەو كەسەی كە كەعبە دەبینێت ئەوا دەبێت روولەو بكات و پێشەوا ابن حەزم و ابن روشد و ابن قدامە وابن تیمیە یەكدەنگی زانایانیان لەسەری هێناوە.
3. رووكردنە قیبلە بۆ كەسێك كە لە مەككەدایە
مەرجە بۆ كەسێك كە لە مەككە بێت یان شوێنێك كە بتوانێت كەعبە ببینێت رووبكاتە خودی كەعبە و بۆ كەسێكیش كە نەتوانێت بیبینێت لەبەر دووری یان شتێك بكەوێتە نێوانیانەوە ئەوا تەنها روودەكاتە ئاراستەی كەعبە و ئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان و وتەیەكە لای شافعیەكان و وتەی پەسەندكراوی صەنعانی وشەوكانی وابن باز و بان عوسەیمینە.
4. رووكردنە قیبلە بۆ كەسێك كەلە دەرەوەی مەككەیە
ئەوەی دووربێت لە ماڵی خوداوە ئەوا ئەوەی فەرزە لەسەری ئەوەیە كە رووبكاتە ئاراستەی كەعبە و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان و حەنبەلیەكان و وتەیەكیشە لای شافعیەكان و ابن حەزم.
5.    لادان یان لاریەكی كەم
لاری و لادانێكی كەم لە ئاراستەی كەعبە ئاساییە و كاریگەری نییە و ئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان و حەنبەلیەكانە و وتەی مالیكە و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە وابن عوسەیمین و فەتوای لیژنەی هەمیشەیی فەتوایە.
6. دۆزینەوەی قیبلە 
- دۆزینەوەی قیبلە بەهۆی خۆر و مانگ و شوێنی ئەستێرەكانەوە
دروستە بەهۆی ئەوانەی كەباسكران لەسەرەوە قیبلە بدۆزرێتەوە و پێشەوا ابن عبدالبر وقورتوبی یەكدەنگیان لەسەر ئەمە باس كردووە.
-    دۆزینەوەی قیبلە بەهۆی باوە
دروستە بەهۆی باوە قیبلە بدۆزرێتەوە و ئەمەش بەیەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە .

حەنبەلیەكان دەڵێن قیبلە دۆزینەوە بەهۆی باوە سەخت وناڕەحەتە مەگەر لە بیاباندا نەبێت, بەڵام لەنێوان شاخ و بینادا بایەكە ئاراستەی دەگۆڕێت و جیاوازدەبێت بۆیە بەتاڵە و لەوحاڵەتەدا دروست نییە.

-    دۆزینەوەی قیبلە بەهۆی رووبارەوە
دروستە قیبلە بدۆزرێتەوە بەهۆی رووبارە گەورەكانەوە وەكو دیجلە وفورات و نیل و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان و حەنبەلیەكان.
-    دۆزینەوەی قیبلە بەهۆی ئامێر وئامرازی سەردەمیانەوە
ئەمەش كارێكی دروستە و دەشێت سوودیان لێ ببینرێت و ئەمەش وتەی ابن عابدین وابن باز و ابن عوسەیمینە.
-    دۆزینەوەی قیبلە بەهۆی هەواڵی كەسێكی عەدلەوە
هەركەس روو یان ئاراستەی قیبلەی لێ تێك چوو, وە كەسێك ئاراستەی قیبلەی پیشانی دا ئەوا پێویستە لەسەری كە قسەكەی وەربگرێت و ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
-    دۆزینەوەی قیبلە بەهۆی هەواڵی كەسێكی فاسقەوە
هەواڵ و قسەی كەسی فاسق وەرناگیرێت سەبارەت بەدیاری كردنی ئاراستەی قیبلە و ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
-    دۆزینەوەی قیبلە بەهۆی هەواڵی كەسێكی بێباوەڕەوە
هەواڵ و قسەی كەسی بێباوەڕ وەرناگیرێت سەبارەت بەدیاری كردنی ئاراستەی قیبلە و ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
-    دۆزینەوەی قیبلە بەهۆی ئاراستەی میحرابی موسڵمانانەوە
پێویستە باوەڕبە ئاراستەی میحرابی موسڵمانان بكرێت لەدیاری كردنی رووی قیبلە و اجتهاد لەوبارەیەوە دروست نییە و ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
7.    اجتهاد لەدیاری كردنی ئاراستەی قیبلە
- حوكمی اجتهاد كردن بۆ دۆزینەوەی قیبلە
ئەگەر كەسێك نەیزانی قیبلە و مەككە لە كوێیە ئەوا پێویستە لەسەری كە اجتهاد بكات لە دۆزینەوەی قیبلە  و ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.

ابن قدامە دەڵێت: ئەو كەسەی كە اجتهاد دەكات لە دۆزینەوەی قیبلە كەسێكە كە بەڵگەكانی دۆزینەوەی قیبلە دەزانێت ئەگەرچی لە باسی ئەحكامی شەرعدا نەزان ونەفام بێت, چونكە هەركەس بەڵگەكانی شتێك بزانێت ئەوا بە موجتەهید لەو باسەدا دادەنرێت ئەگەرچی لە شتی تردا نەزان بێت. ( المغنی 1/319).

- حوكمی ئیمامەت كردنی كەسێك كە راجیاواز بن لەنێو یەك بۆ دیاری كردنی قیبلە
ئەگەر دوو كەس ناكۆك و راجیاواز بوون سەبارەت بە ئاراستەی قیبلە ئەوا هیچ كامیان تاوانبار نابن و ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
- كەسێك بۆچوونەكەی دەگۆڕێت دەربارەی دیاری كردنی ئاراستەی قیبلە لەناو نوێژدا
ئەگەر كەسێك لەناو نوێژدا بۆچون و اجتهادی گۆڕی سەبارەت بە ئاراستەی قیبلە ئەوا هەر لەناو نوێژەكەدا دەسوڕێت بۆ ئاراستەی دووەم كە قەناعەتی پێیەتی یان پێی دەڵێن و نوێژەكەی تەواو دەكات و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان وشافعیەكان وحەنبەلیەكان و ابن عبدالبریش پەسەندی كردووە لە نێو مالیكیەكاندا.
- كەسێك دوودڵ وبەگومانە سەبارەت بە دیاری كردنی ئاراستەی قیبلە لەناونوێژدا
كەسێك بە اجتهادی خۆی دەچێتە ناو نوێژەوە وپاشان دەكەوێتە گومانەوە وهیچ ئاراستەیەك بەپەسەند نازانێت وهیچی بۆ یەكلانابێتەوە ئەوا بەئاراستەكەی خۆی نوێژەكەی تەواو دەكات و دووبارەكردنەوەی لەسەر نییە و زۆرینەی زانایان دەقیان لەسەری هەیە لە مالیكیەكان وشافعیەكان و حەنبەلیەكان.
-    دەركەوتنی هەڵەی ئاراستەی قیبلە لەپاش تەواوكردنی نوێژ
هەركەس لە جگە لەمەككە نوێژی كرد بە اجتهادی خۆی بەڵام هەڵەبوو لەدیاری كردنی ئاراستەی قیبلە و بەرەو ئەوێ‌ نوێژی نەكرد وە نەیشیزانی هەتا نوێژەكەی تەواوكرد وسەلامی دایەوە ئەوا نوێژەكەی لەسەردەكەوێت (دووبارەی ناكاتەوە) وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان  و حەنبەلیەكان و وتەیەكی كۆنی شافعیە و لەهەندێ‌ لەسەلەفیشەوە گێڕدراوەتەوە.

لای مالیكیەكان كەسەكە بۆی هەیە دووبارەی بكاتەوە وە سوننەتە.

8. ئەو حاڵەتانەی كە دیاری كردنی قیبلە تێیاندا لەكاردەكەوێت و پێویست ناكات
- كەسێك كە نەتوانێت ئاراستەی قیبلە بدۆزێتەوە وبزانێت
هەركەس گەڕا بۆ زانینی ئاراستەی قیبلە بەڵام هیچ ئاراستەیەكی بۆ دڵنیانەبوو وە یەكلانەبوویەوە بۆی ئەوا بەرەو هەر ئاراستەیەك نوێژ بكات دروستە وئاساییە وئەمەش مەزهەبی مالیكیەكان وحەنبەلیەكان و وتەیەكی حەنەفیەكانە و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیەیە.
- كەسێك كە نەتوانێت روو لە قیبلە بكات
هەركەسێك نەتوانێت روو لە ئاراستەی قیبلە بكات ئەوا بەگوێرەی تواناو بەپێی حاڵەتی خۆی نوێژ دەكات بۆ هەر ئاراستەیەك و ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
- لەكاتی ترسی زۆردا
دروستە لەكاتی ترسی زۆردا بۆ جگە لە ئاراستەی قیبلە نوێژ بكرێت ئەگەر ناچار بوو وا بكات, وە چۆن دەتوانێت وبۆی دەكرێت نوێژ دەكات و پێشەوا ابن عبدالبر وابن بەتتاڵ ونەوەوی یەكدەنگیان لەسەری هێناوە.
9. نوێژكردن لەسەر وڵاخ و كەشتی و فڕۆكە
- نوێژی سوننەت بەسەر وڵاخەوە لە سەفەردا
نوێژی سوننەت بەسەر وڵاخەوە لەسەفەردا دروست و رێگەپێدراوە ئیتر وڵاخەكە رووبكاتە هەركوێ‌ و هەریەك لە پێشەوایانی وەكو تیرمزی وابن عبدالبر و ابن قدامە و نەوەوی وابن تیمیە والعینی وشەوكانی یەكدەنگی زانایانیان لەسەری هێناوە.
- نوێژی فەرز بەسەر وڵاخەوە
ئەنجامدانی نوێژی فەرز بەسەر وڵاخەوە دروست نییە بەبێ عوزر  ، ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە. (لەگەڵ ناكۆكی وراجیاوازیان لەسەر ئەو جۆرە عوزر و بیانوانەی كە رێگەبەو كارە دەدەن)
- نوێژكردن بەسەركەشتیەوە
بەشێوەیەكی گشتی ئەنجامدانی نوێژی فەرز بەسەر كەشتیەوە  دروست و هەریەك لە پێشەوا نەوەوی و ابن الملقن وصەنعانی وشەوكانی یەكدەنگیان لەسەری هێناوە.

لەبەر هەبوونی ناكۆكی و راجیاوازی لەسەر دروستێتی نوێژكردن لەناو بەلەمدا بۆیە راجیاوازیش هەیە لەسەر دروستێتی نوێژكردن لەسەر كەشتی ئەگەر كەسەكە توانی لێی دەربچێت یان دابەزێت.

- نوێژكردن لەناو فڕۆكەدا
ئەنجامدانی نوێژی فەرز لەناو فڕۆكەدا دروستە لەگەڵ جێ بەجێ كردنی روكنەكانی نوێژ بەپێی توانا و فڕۆكەكە رووی لەهەركوێ‌ كرد ئەمیش لەگەڵیدا دەسوڕێ لەپێناو ئاراستەی قیبلەدا وئەمەش وتەی پەسەندكراوی ابن باز وابن عوسەیمینە.
10. حوكمی نوێژكردن لەناو كەعبە یان لە سەرەوەی
- نوێژكردن لەناو كەعبەدا
نوێژكردن دروستە لەناو كەعبەدا ئیتر فەرز بێت یان سوننەت وئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان و شافعیەكان و وتەیەكی مالیكیەكانە وریوایەتێكیشە لە ئەحمەدەوە ووتەی پەسەندكراوی ابن حەزم و ابن عبدالبر بەصەوابی زانیوە و هەروەها دراوەتە پاڵ زۆرینەی زانایانیش و وتەی ابن باز وابن عوسەیمینیشە.
- نوێژكردن بەسەر كەعبەوە
نوێژكردن بەسەر كەعبەوە دروست و صەحیحە و ئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان  وشافعیەكان  و ریوایەتێكیشە لای حەنبەلیەكان و وتەی محمدی كوڕی عبدالحكیمە لە مالیكیەكان ومەزهەبی زاهیریەكانیشە و وتەی ابن باز و ابن عوسەیمینە.

حەنەفیەكان دەڵێن: مەكروهە لەبەر ئەوەی بەگەورەراگرتنی كەعبەی وازلێهێناوە.

شافعیەكان بەمەرجیان داناوە كە كەسەكە دەبێت لەبەردەمیدا سوترەیەك هەبێت كەپێوەی لكابێت.