شەشەم: داپۆشینی عەورەت
بەروار: 2020/12/05سەردارن: 1654نوسەر: وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕ

1.    حوكمی داپۆشینی عەورەت لەنوێژدا
داپۆشینی عەورەت مەرجە بۆ تەواوێتی نوێژ و ئەوەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان وشافعیەكان وحەنبەلیەكان وزاهیریەكان و وتەیەكیشە لای مالیكیەكان. 
2. سنوری عەورەتی پیاو
عەورەتی پیاو لەنێوان ناوك تا ئەژنۆدایە و ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە. و زۆربەی شەرع زانانە.
3. ناوك وئەژنۆ خۆیان عەورەت نیـن
ناوك وئەژنۆ عەورەت نین وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان و شافعیەكان و حەنبەلیەكان.
4. داپۆشینی هەردوو شان بۆ پیاو لە نوێژدا
زانایان راجیاوازن سەبارەت بە مەرج دانانی ئەوەی كە پیاو شتێك بخاتە سەر شانەكانی لەكاتی نوێژدا(1)  بۆ دوو بۆچوون:
بۆچوونی یەكەم: سوننەتە كە پیاو شتێك بخاتە سەر شانەكانی لەكاتی نوێژدا وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان وشافعیەكان ووتەی زۆربەی شەرع زانانە وریوایەتێكیشە لە ئەحمەدەوە.
بۆچوونی دووەم: مەرجە كە شان بەشتێك دابپۆشرێت و ئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەكانە (2) و وتەی پەسەندكراوی ابن حەزم وشەوكانی (3) و ابن بازە.
5. حوكمی خۆرازاندنەوە بە جوانترین جلوبەرگ
سوننەتە مرۆڤ لە نوێژدا خۆی بەجوانترین جلوبەرگی برازێنێتەوە وئەوە دەقی لەسەر هاتووە لای حەنەفیەكان و مالیكیەكان و شافعیەكان.
6. سنوری عەورەتی ئافرەت لە نوێژدا
واجبە لەسەر ئافرەت لە نوێژدا هەموو جەستەی دابپۆشێت جگە لە هەردوو دەست ودەموچاوی (4) نەبێت، و ئەمەش مەزهەبی مالیكیەكان وشافعیەكان و ریوایەتێكە لە حەنەفیەكانەوە و وتەیەكیشە لە ئەحمەدەوە وزۆربەی ئەهلی عیلم هەمان قسە دەكەن و وتەی پەسەندكراوی ابن حەزم و ابن بازە.
7.    بەستنی نیقاب بۆ ئافرەت لە نوێژدا
ئافرەت لە نوێژدا نیقاب نابەستێت بەبێ پێویستی و ابن عبدالبر یەكدەنگی زانایانی لەسەر باس كردووە.
8.    سنوری عەورەتی كەسی نێرەموكی (5) ڕوون و نێرەموكی ناڕوونی ئازاد
زانایان راجیاوازن سەبارەت بە دیاری كردنی سنوری عەورەتی جۆرە كەسانە بۆ دوو بۆچوون:
بۆچوونی یەكەم: عەورەتی هەروەكو عەورەتی ئافرەتێكی ئازادە و مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان و شافعیەكان و ریوایەتێكیشە لە ئەحمەدەوە.
بۆچوونی دووەم: عەورەتی هەروەكو عەورەتی پیاوە و سوننەتە وەكو كەسێكی ئازاد دایبپۆشێت وەكو احتیات و ئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیەیە.
9. نوێژكردن بە جلوبەگری حەرامەوە
- نوێژكردن بە جلی ئاوریشمەوە
حەڵاڵ نییە بۆ پیاو كە جلی ئاوریشم لەبەر بكات نەلەناو نوێژدا ونەلە دەرەوەی نوێژ مەگەر لە حاڵەتێكدا كە جگە لەو جلەی دەست نەكەوێت و نەوەوی یەكدەنگی لەسەر ئەم بابەتە هێناوە.
-    نوێژكردن بە جلی زەوت كراوەوە
حەرامە بەجلی زەوت كراو و هاوشێوەكانیەوە وێژ بكرێت ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە. و وتەی پەسەند كراوی ابن حەزمە.
- تەواوێتی نوێژ بەجلی زەوت كراوەوە
نوێژ بەجلی زەوت كراوەوە صەحیحە هەرچەندە حەرامە, ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان وشافعیەكان و ریوایەتێكە لە ئەحمەدەوە و وتەی زۆرینەی زانایانە.
10. نوێژ بە ڕووتی و بێ جلوبەرگ
-كەسی ڕووت ئەگەر شتێكی دەست نەكەوت دایپۆشێت
كەسی ڕووت ئەگەر داپۆشەرێكی دەستنەكەوت ئەوا هەر بەڕووتی نوێژەكەی دەكات و دووبارەكردنەوەی لەسەر نییە وئەمەش بەگشتی (6) و پێشەوا نەوەوی وابن تیمیە یەكدەنگی زانایانیان لەسەری هێناوە.
- وەستانی كەسی رووت ئەگەر خۆی بەتەنها نوێژی كرد
كەسی ڕووت ئەگەر بەتەنها نوێژی كرد ئەوا بەپێوە واتە بەوەستانەوە نوێژەكەی دەكات وئەوەش مەزهەبی مالیكیەكان (7) وشافعیەكان وریوایەتێكیشە لەئەحمەدەوە ووتەی كۆمەڵێكە لەسەلەف و وتەی پەسەندكراوی ابن بازە. 
- شێواز و چۆنێتی نوێژی بەكۆمەڵی كەسانی ڕووت
كەسانی ڕووت بەیەك ڕیز نوێژی بەكۆمەڵ دەكەن و ئیمامەكەیان لەناوەڕاستیان دەوەستێت وئەمەش مەزهەبی شافعیەكان (8) وحەنبەلیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیەیە.
 - وەستانی كەسانی رووت لەنوێژی بەكۆمەڵدا
كەسانی رووت ئەگەر نوێژی بەكۆمەڵیان كرد ئەوا بەپێوە دەوەستن وئەمەش مەزهەبی مالیكیەكان و شافعیەكان وریوایەتێكیشە لە ئەحمەدەوە.


(1) : پێشەوا ابن رجب اجماعی باس كردووە لەسەر ئەوەی كە سوننەتە هەردوو شان دابپۆشرێت لەنوێژدا و ئەوەش باشترە.
(2)  : لای ئەوان ئەو كارە مەرجە بۆ نوێژی فەرز نەوەك سوننەت.
 (3) : لای لەكاتێكدا مەرجە كە جلەكە فراوان بێت.
(4)  : بەڵام هەردوو پێیەكان ئەوا دەبێت ئەوانیش دابپۆشرێن لای زۆربەی زانایان: مالیكیەكان و شافعیەكان و حەنبەلیەكان بەپێچەوانەی حەنەفیەكانەوە.
 (5) : نێرەمووك: ئەو كەسەیە كە ئەندامی نێر و مێی هەیە, وە هیچ كەسێك نابێت لەیەك كاتدا هەم نێر بێت و هەمیش مێ بێت بەتەواوەتی, جا یا دەبێت نێر بێت یاخود دەبێت مێ بێـت, وە نێرەمووكی ڕوون ئەو كەسەیە كە یەكێك لە دوو نیشانەكەی تێدا دەردەكەوێت, وە نێرەمووكی ناڕوونیش ئەو كەسەیە كە نیشانەكانی نێر و مێی تێدا وەكو یەك دەردەكەون و هاوتان, یان هیچ كام لە ئەندامەكانی نێر و مێی نییە و تەنها كونێكی لەنێوان ڕانەكانیدا هەیە و میزی لێوە دەكات و لەهیچ شەرمگەیەك ناچێـت.
(6)  : هەندێ لەزانایان ئەوانەیان دەرهێناوە لە حوكمەكە كە خوویان نەگرتووە بە رووتیەوە ولەسەری رانەهاتوون بەوەی دەبێت دووبارەی بكەنەوە نوێژەكە وهەندێكیشیان دەڵێن: لەكاتەكەی خۆیدا دووبارەی دەكاتەوە.
(7)  : لای ئەوان كەسەكە سوننەتە لەكاتەكەی خۆیدا دووبارەی بكاتەوە.
(8)  : شافعیەكان دەڵێن: ئەوانە بۆیان هەیە بە كۆمەڵ یان بەتاك نوێژەكەیان بكەن, جا ئەگەر بەكۆمەڵ كردیان و چاوساغ بوون ئەوا ئیمامەكەیان لەناوەڕاستیان دەوەستێت  وئەگەر دواكەوت ئەوا لەپێشیانەوە دەوەستێت و نوێژەكەی تەواوە, وە ئەگەریش كوێر بن یان لەتاریكیدا بن بەشێوەیەك كەسیان نەتوانن یەكتری ببینن ئەوا نوێژی بەكۆمەڵ سوننەتە بۆیان و ئیمامەكەیان لەپێشیانەوە دەوەستێت.