كێ دروستكار و بەدیهێنەرە ؟؟ ئەی بێ دینی لافلێدەری ئەقڵ و ژیری !!
بەروار: 2021/01/28سەردارن: 1228نوسەر: باوکی عمر

ـ موسوڵمانی خۆشەویست براكەم ئەی ئەو كەسەی كە گومان لە دین و ئایینەكەت دەكەیت ـ ئایینێك كە خالق و بەدیهێنەرەكەت ناردوویەتی، وە بە باشترینی مەلائیكەتەكانیدا دەیبەزاندووە بۆ پێغەمبەرێك كە باشترینی هەموو مرۆڤەكانە ـ بە هۆی شوبهە و گومانی هەندێ بێ دینی بە ناو ڕۆشنبیری دنیا و قیامەت دۆڕاوەوە.
ـ ئەی ئەو كەسەی كە ڕێگای بێ دینی و ئیلحادت گرتووەتە بەر، و وا دەزانی بێ دینی و ئیلحاد ڕێگای ڕۆشنبیری و زانست، و سەرفرازی، و دەسكەوتنی خۆشی دونیا و هەتا هەتایی یە، یان بۆ دەسكەوتنی ماڵ و سامان و پلە و پایە و دەسكەوتنی چێژ و خۆشی و ڕابواردن ڕێگای بێ دینی و ئیلحادت هەڵبژاردووە، بگەرێوە بۆ لای خالق و بەدیهێنەر و پەرەستراوەكەت كە تەنها ئەو شایستەی پەرەستنە، بگەڕێوە پێش ئەوەی مردن بگاتە قورگت و قیامەتت بەسەردا بێت پێش ئەوەی ڕێگای پەشیمانی و گەڕانەوە و دەربازبوونت دابخرێ، بگەڕێوە و مراجعەیەكی خۆت بكە و بزانە چ ڕێگایەكت گرتووەتە بەر، ئایە ڕێگاكەت ڕێگای سەركەوتن و سەرفرازی و خۆش بەختی هەتاهەتایی یە بۆ دوای مردنیش، یان ڕێگاكەت ڕێگای بەدبەختی چارە ڕەشی ئاخر شەری و سەرشۆڕی هەتاهەتایی یە؟

خۆت فریو مەدە و ڕێگەش مەدە فریو بدرێیت و لە خشتە ببرێی، فریو مەخۆ بە خۆشییە كاتێكانی دونیا ئەگەر هەبوو، فریو مەخۆ و با لە خشتە نەبرێیت بە قسەی ڕەونەقدار و ڕازاوەی كەسانێك كە دۆزەخیان بۆ خۆیان مسۆگەر كردووە دەیانەوێ شەیتان ئاسا تۆش لەگەڵ خۆیان ببەن، هەروەك چۆن شەیتان كە خوای پەروەردگار غەزەبی لێ گرتوو، و بە نەفرەتی كرد ئەویش پەیمانی بە خوا دا كە نەوەكانی ئادەم لە خشتە ببات لە خوا ناسی و خواپەرستی و ڕێگای ڕاست و دروست دوریان بخاتەوە، وە دوای ئەوەی كە خۆی توشی نەفرەت و غەزەب و توڕەیی خوا كرد بە هۆی بێ باوەڕبوونی بە خوا و سەرپێچی كردنی فەرمانی خوا، ئیتر پێی خۆش نەبوو و نی یە هیچ كەسێك سەرفراز و سەركەوتووی دنیا و دوا ڕۆژبێت و كەسێكی بەهەشتی بێت و خوا لێی ڕازی بێت، دەیەوێت هەموو كەس هەروەك خۆی بەدبەخت و ئاخر شەڕ و ڕسوای دنیا و دواڕۆژ بێت و دۆزەخیش ماڵ و جیگای تاهەتایی بێت، وە خواش لێی ناڕازی بێت و لە توڕەیی سزای توند و بەردەوامی خوا پەروەردگاردا بە هەتاهەتایی بمێنێتەوە، پاشانیش دوای ئەوەی كە كە بێ دینی و بێ باوەڕییەكەی پێ ئەنجامدای بەرائەتی خۆیت لێ دەكات و دەڵێت: { إِنِّي بَرِيءٌ مِنْكَ إِنِّي أَخَافُ اللَّهَ رَبَّ الْعَالَمِينَ } [الحشر: 16] .
ـ ئەی موسوڵمانی خۆشەویست براكەم ئەی ئەو كەسەی دەستگرتووی بە دینەكەتەوە، و بێ دینەكان وازت لێ ناهێنن دەیانەوێت لە دینەكەت پاشگەزت بكەنەوە و لەسەر ڕێگا ڕاستەكە لات بدەن.
ـ ئەی ئەو كەسەی تووشی شوبهە و گومان بوویت و بەرەو بی دینی هەنگاو ئەنێیت، شوبهە وگومانت بۆ دروست بووە، شوێنی شوبهە و گومانی كەسێك مەكەوە كە تا ئیستاش نازانێت خۆی چی یە و لە چیەوە دروست بووە و كێ دروستی كردووە لە كوێوە هاتوو و بۆ كوێ دەچیت، و دەبێت چی بكات لە چیش خۆی بپارێزێ، نازانێت كام ڕێگایە بەرەو سەربەرزی سەرفرازی دەی باتوو كام ڕێگاشە سەرشۆڕی دونیا و دوا ڕۆژی دەكات.
ـ ئەی بێ دینی هەنگا و هەڵگرتوو لەسەر بێ دینی، دەتەوێت نكۆڵی و یاساغی لە چی بكەیت دەتەوێت بۆ كوێ خۆت و خەڵكییش ببەیت، و تووشی چ ئاخر شەڕی و ڕسواییەك ببێت و خەڵكیش لەگەڵ خۆت تووش بكەیت دەتەوێ تاوانی كوفری چەن كەسی تر هەڵگری، لافی عەقڵ و ژیری لێ دەتەیت و بانگەشە دەكەیت بۆ شتێك كە پێچەوانەی هەموو عەقڵ و ژیرییەكە، جا با بزانین لە كوێی عەقڵ و ژیریدا كۆ دەبیتەوە و هەیە دروستكراوی بە بێ دروستكار و داهینەر.
پەرەستراومان ـ الله ـ عەقڵ و ژیری پێ بەخشیوین بۆ ئەوەی بە هۆیەوە بیر بكەینەوە و خالق و پەرەستراوی خۆمان بدۆزینەوە، و چاك و خراپ لە یەك جیا بكەینەوە، و ڕێگای ڕاست و دروست لە ڕێگای چەوت و خوار جیا بكەینەوە، و ئەوەی چاك و خێرە و دروست و ڕاستە بۆ دین و دنیا وەری بگرین و ئەنجامی بدەین و ئەوەیشی كە خراپ و شەڕ و چەوتە ئەنجامی نەدەین و لێ ی دووربكەوینەوە و لەسەری نەڕۆین.
بێگومان ئەقلێك كە نەخۆش نەبێت و ژەهری شوبوهات و شەهەواتی تێ نەكەوتبێت و تێكەڵ نەبووبێ دان بە هەموو حەق و ڕاستییەكدا دەنێت و وەری دەگرێ، وە هەموو ناڕەوا و ناڕاستییەكیش ڕەددەكاتەوە.
جا با بزانین ئەی بێ دینی لافلێدەری عەقل و ژیری بە چ عەقڵ و ژیری و تێگەیشتنێك لافی ئەوە لێ دەدەیت كە خوا دروستی نە كردووی ئایە تا ئێسا نەتزانیوە كە بێگومان تۆی دروستكراو پێویستت بە دروستكار و بەدیهێنەرە ؟؟؟

یان باوەڕت وایە كە لە هیچەوە دروست بوویت ؟؟؟

ئایە هیچ دەتوانێت ببێت بە شت و شتیش دروست بكات ؟؟؟

یان باوەڕت وایە كە خۆت هیچ بوویت پاشان خۆت لە هیچەوە خۆت دروستكرد ؟؟؟
خوای پەروەردگار نكۆلی ئەوەتان لێ دەكات و قسە لەگەڵ عەقڵ و ژیریتان دەكات بۆ ئەوەی بیر بكەنەوە كە ئیوە لە هیچەوە دروست نابن و خۆشتان ناتوانن خۆتان دروست بكەن، وە عەقڵیشتان ڕیگەتان پێ نادات كە باوەڕتان وا بێت، بەڵكو عەقڵ و ژیریتان دان دەنێت بەوەدا كە دروستكار و بەدیهینەری ئێوە (الله) یە سبحانه و تعالی، خوای پەروەردگار دەفەرموێ: { أَمْ خُلِقُوا مِنْ غَيْرِ شَيْءٍ أَمْ هُمُ الْخَالِقُونَ } [الطور: 35]
واتە: ئایە ئەوانەی دان بە پەرەستراوێتی و خالقێتی خوای پەروەدگاردا نانێن لە هیچەوە دروست بوون و هاتنەكایەوە، یان خۆیان خۆیانیان دروستكردوو خۆیان بەدیهینەر و دروستكارن.
بێگومان هەرچەندە نكۆڵی بكەن و دان بە خالقێتی خوای پەروەردگاردا نەنێن و بە دەم هەر دژایەتی بكەن، ئەوەی دەیكەن هیچ نی یە تەنها ئەوە نەبێت كە درۆ لەگەڵ نەفس و عەقڵی خۆتاندا دەكەن و شتێك دەردەبڕن و دەیڵێن كە پێچەوانەی ناخ و دڵتانە و بەو كارەشتان توڕەبوون و سزای خوا، و بە هەتا هەتایی مانەوە لە دۆزەخ بۆ خۆتان مسۆگەر دەكەن، ئێوەش فیرعەون ئاسا نكۆلی لە شتێك دەكەن كە لە ناخ و دڵەوە تەواو بڕواتان پێیەتی و دانی پێدا دەنێن وەك خوای پەروەردگار لە بارەی فیرعەون و دارودەستەكەیەوە دەفەرموێ: { وَجَحَدُوا بِهَا وَاسْتَيْقَنَتْهَا أَنْفُسُهُمْ ظُلْمًا وَعُلُوًّا فَانْظُرْ كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الْمُفْسِدِينَ } [النمل: 14] .
واتە: فیرعەون و دارودەستەكەی نكۆڵی بوون و خالقێتی و پەرەستراوێتی خوایان دەكرد لە كاتێكدا كە لە دڵ و ناخیاندا بێ گومان دڵنیابوون لە بوون و خالقێتی و پەرەستراوێتی خوا، ئەم نكۆڵی كردنەیان بە ستەم و زوڵم كردن داننەنان بە هەق و ڕاستی و خۆ بە گەورە و زلزانینیانەوە بوو، ببینە و سەیركە و تێڕامێنە و بزانە كە كۆتایی ئاخرەتی كەسی خراپەكار چۆنە.
بێ گومان ئێوەش وەك فیرعەون بێ باوەڕی و زوڵم و ستەم و كیبر و خۆ بەزلزانینتان هۆكارە بۆ نكۆلیكردنتان و دان نەنانتان بە خالقیتی و پەرەستراوێتی خوای پەروەردگار ئەگینا لە دڵەوە یەقینتان هەیە كە خوا بەدیهینەر و پەرەستراوی هەقە.
بابزانین ئەو كەسانەی دەڵێن خوا بە دیهینەر نی یە چ شتێك بە بەدیهینەری خۆیان و ئەم هەموو بوونەوەرە دەزانن، بێگومان ئەوەی كە دروستبووە و ئەوەشی كە ئیستا دەروست دەبێت ئەوەشی كە لە داهاتوو دروست دەبێت، هۆكاری دروستبوون و دروستبوونیان لەم سێ خالە بەدەر نی یە:
1 ـ یان هەر لە خۆیانەوە لە هیچەوە دروست بوون و دروست دەبن !!!
2 ـ یان خۆیان خۆیانیان دروستكردووە پاش ئەوەی كە خۆیشیان لە سەرەتادا هەر هیچ بوون !!!
3 ـ یان خوایەك كە بە دیهینەری خۆیان هەموو بوونەوەرانە ئەوان و هەموو بوونەوەرانیشی دروست كردووە.
بیگومان عەقڵ و ژیری هەموو خاوەن عەقڵێك خاڵی یەكەم و دووەم ڕەددەكاتەوە و هیچ كەسێكی عاقڵ نایڵێت و بڕاوای وانی یە و ناشتوانی باوەڕ بەوە بكات كە خۆی و ئەم هەموو بوونەوەر و دورستكراوە لە هیچەوە دروست بوون یان خۆیان خۆیانیان دروستكردووە پاش ئەوەی كە خۆیشیان لە بنەڕەتدا هەر هیچ بوون، چونكە هەموو خاوەن عەقڵێك دەزانێت كە هیچ شتێك لە خۆیەوە دروست نابێت ئیلا دەبێت دروستكار و بە دیهینەرێكی هەبێت، وە هەموو كەسێك دەزانێت كە هیچ كار و كردەوەیەك لە خۆیەوە ڕوونادات ئیللا دەبێت كەسێك هەبێت ئەو كارەی ئەنجام دابێت و بكەری ئەو كار و كردەوەیە بێت.
كەواتە مرۆڤ ناچارە دان بەوەدا بنێت كە خوای پەروەردگار دروست كار و بەدیهێنەری هەموو بونەوەرێكە، چونكە لە ڕووی شەرع و عەقڵ و ژیرییەوە مستەحیلە و مەحاڵە كە هیچ دروستكراوێك هەبێت بەبێ دروستكار، و لە هیچەوە و خۆی لە خۆیەوە دروست بووبێت، یان خۆی خۆی دروست كردبێت.