چۆن دەبیتە خوێنەرێکی باش و گەورەی کتێب ؟
بەروار: 2021/03/13سەردارن: 1899نوسەر: وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕ

 بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
ئەمە دە ڕێگا و هەنگاوە ؛ بۆ بەرەوپێش بردنی توانا لەخوێندنەوەدا ، جا بۆ ئەوەی ببیتە کەسێکی لێهاتوو لەم بوارەدا گرنگی بەم دە خاڵەى لای خوارەوە بدە:

 یەکەم :  مەرج نیە خوێنەرێک بیت بەپەلە بێخوێنیتەوە بۆ زیاتر سوود مەند بوون :
هەندێ کەس زۆر پەلە دەکەن لەخوێندنەوەدا ، وەهەندێ کەسی تر پەلەکەیان مامناوەندە ، وەهەندێکی تر لەسەرخۆ دەخوێننەوە ، بێگومان پەلە خوێندنەوە و زۆر خوێندنەوە گرنگ نی یە بەڵکو ئەوەی گرنگ بێت دەست خستنی سوودە کە کەسەکە دەیەوێت پێی بگات.

دووەم: بزانە : بۆ دەخوێنیتەوە ؟
 پێش خوێندنەوە پێویستە لەسەرت ئامانجەکەت بزانیت ، بۆ دەخوێنیتەوەو ئامانجت چی یە لەخوێندنەوە ، ئایا بۆ چێژ وخۆشی دەخوێنیتەوە؟ یاخود بۆ بۆ فێر بوون وبەرە وپێش بردنی تێگەیشتن وتواناکانت دەخوێنیتەوە ، و بۆ بنایتنانەوەی ئاستی ڕۆشنبیریت ، تا ببیتە کەسێکی کاریگەر لەسەر دەوروبەرت ؟

 سێیەم : تۆ پێویستت بەوە نی یە هەموو شتێک بخوێنیت:
هەموو کتێب وڕۆژنامەو نوسینێک شیاوی خوێندنەوە نییە ، چونکە زۆربەیان سوود بەمرۆڤ ناگەیەنن ، بۆیە گرنگە بزانیت چ کتێبێک دەخوێنیتەوە ، وکاتی خۆت لەخوێندنەوەی چ جۆرە کتێبێک بەسەر دەبەیت ، وگرنگە کتێبێک هەڵبژێریت بۆ خوێندنەوە کەگونجاو بێت لەگەڵ ئەوپسپۆڕیەت کەدەتەوێت تیایدا پەرە بەتواناکانت بدەیت .
 
چوارەم : گرنگ نی یە هەموو کتێبێک بخوێنیتەوە کەدەکەوێتە بەر دەستت:
ئایا هەموو ڕۆژنامەیەک کەبەر چاوت دەکەوێت دەیخوێنیتەوە ، وهەموو بابەتەکانی ئەو کتێبە دخوێنیتەوە کەلەبەردەستتدایە ودەتەوێ بیخوێنیتەوە ؟ 
لەڕاستی دا گەر هەموو شتێک بخوێنیتەوە یاخود هەموو بەشی کتێبێک بخوێنیتەوە کاتت زۆر دەڕوات ، و وەک پێویست بەو ئامانجەت ناگەیت کەدەتەوێ لەخوێندنەوەوە دەستت کەوێت .

پێنجەم : حاڵەتی دەروونی وخولیای خۆت بزانە پێش دەست کردن بەخوێندنەوە :
حاڵەتی دەروونی وخولیای خۆت زۆر گرنگە بۆ خوێندنەوە ، وەهەروەها هەڵبژاردنی کاتی گونجاویش بۆ خوێندنەوە گرنگە ، کاتێک کەمێشکت سافە ، دەتوانیت کتێب گەلێک بخوێنیتەوە کەپێویستی بە ورد بوونەوە وتەرکیزی زیاتر هەیە ، و گەر هیلاک بوویت ، ئەوا کتێبی ئاسان هەڵبژێرە ، ئەوانەی کەپێویستی بەزۆر لێ ورد بوونەوە نی یە  .
 
شەشەم : ڕیزبەندی و دیاری کردنی پلەبەندی لەخوێندنەوەدا گرنگە :
هەوڵ بدە ئەو کتێبانە بخوێنیتەوە کەبۆت گونجاوە لەو مەرحەلەیی ژیانتدا ، گەر دەتەوێت کتبێک یاخود ڕاپۆرتێک یاخود بابەتێک بنوسیت ، ئەوا پێویستە هەمان ئەو بابەتانە بخوێنیتەوە کەپەیوەندی بەبابەتەکەتەوە هەیە ، ئەم ڕێنماییە زۆر گرنگە ، چونکە هەتا زیاتر لەو بارەیەوە بخوێنیتەوە ئەوا زیاتر بەرچاو ڕوون دەبیت ، وباشتر دەتوانیت بگەیت بەئاماجەکانت.
 
حەوتەم : شوێنێکی گونجاو بۆ خوێندنەوە هەڵبژێرە:
هەڵبژاردنی شوێنی گونجاو گرنگە ، چونکە لەشوێنی گونجاودا زیاتر سوود مەند دەبیت ، وبەجوانی تێ دەگەیت ، وبەپێچەوانەشەوە گەر لەجێگەیەکدا بخوێنیتەوە کەگونجاو نەبێت وژاوە ژاوی تێدا بێت ، زۆر بەکەمی سوود لەو خوێندەوە دەبینیت .

هەشتەم : گەر دەستت بەخوێندنەوە کرد ڕامەوەست:
گرنگە لەکاتی دەست کردن بەخوێندنەوە نەوەستیت تەنها بۆ شتێکی زەرور وزۆر گرنگ نەبێت ، چونکە ڕاوەستان هزرت دەبات و سیلسیلەی فیکرت لێک دادەبڕێت . 

نۆیەم : ورد بەرەوە و تێ بفکرە :
لەکاتی خوێندنەوەدا بەجوانی ورد بەرەوە و تێ بفکرە ، وبزانە تۆ ئامانجێکت هەیە لەخوێندنەوەی ئەو کتێبەی لەبەردەستە ، خۆ ئەگەر هەستت بەنەمان یاخود کەم بوونەوەى تەرکیز و تێ فکرین کرد ، دەتوانیت بۆ ماوەیەک پشوو بدەیت .

دەیەم : خۆت ڕابێنە ومومارەسە بکە :
بێگومان نوسەر وخوێنەرە گەورەکان بەشەو وڕۆژێک نەبوون بەو کەسانە، بەڵکو دوای ماوەیەکی زۆر لەعەزیمەت و ناڕەحەتیەکی زۆر ، و شەونخونی گەشتوون بەو پلەیە ، وچەندان هەوراز ونشێویان بینیوە وتوشی چەندان هەڵە بوون ، ولەو هەڵانە پەندیان وەرگرتووە .
خواى گەورە هەمو لایەکمان مۆفەق بکات بۆ خوێندنەوەى ئەو کتێب و بابەتانەى کە سودی دونیا و قیامەتی بۆمان هەیە .

وەرگیراوە لە ماڵپەڕى (الدرر السنیة) بە دەستکارییەوە .