خوشکى بەڕێزم پێش ئەوەی پاکێتیت لەکەدار بکەیت
بەروار: 2021/06/21سەردارن: 630نوسەر: نوسینى : مشعل عبدالعزيز الفلاحي ، وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕ

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
خوشکى بەڕێزم : ئەم نامەیە ئازارێكە دڵی پڕجۆشی برایەك ئەگوشێ‌ تا وای لێ‌ دەكات ببێتە هەڵگری بەشێك لەكۆڵی پڕخەمی خوشكەكانی ، وە وریا کردنەوەیەکە بۆ خوشکانى لاو تاکو نەبنە نێچیرى گورگ ئاساکان و پەڕەى جوانى و شەرم و حەیایان لێ وەرنەگرنەوە ، و بەدەستى ئەو جۆرە کەسانە هەڵنەوەرێن و دواتر فڕێ بدرێن و لاى خواى گەورە و خەڵکیش سوک و ڕیسوا ببن .

 ئەی کچی لاو : ئایا پرسیارت لەخۆت کردووە کاتێ تەلەفۆن دەکەیت جا هەر کەسێک بێت ئامانجت لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیە چی یە ؟
 مرۆڤی هاوشێوەی تۆ بەرپرسیاریەتیەکی گەورەی لەسەر شانە ، بۆیە هەر هەڵسوکەوتێکی نابەرپرسانه کەئەنجامی دەدەیت بەخراپ بەسەرتا دەشکێتەوە وشوێنەواری خراپی دەبێت . 

ئەی کچی لاو: کچ بەشەرم وحەیاکەی دەپێورێت وسوێند بەخوا نهێنی جوانیەکەیەتی ، جا هەرکات کچ زیاتر بەشەرم وحەیا بێت ، ئەوا لەنێو خەڵکدا ناوبانگی باشی دەبێت ،وبەچاکە باسدەکرێت ، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەم سیفەتە جوانی حەقیقی یە ، وباوەڕم پێ بکە یاری کردن بەمۆبایل ئەو جوانیەت لەکەدار دەکات وناوبانگی خراپەت بڵاو دەبێتەوە . 

ئەی کچی لاو : تەسەورکە ـ خودا عیرز وناموست بپارێزێت ـ یاری کردن بەمۆبایل و پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ بەسەر بردنی کات ، و پەیوەندی کردن بەکوڕانەوە بەرەو هەڵدێر و لەنێو چوونت دەبات ، بەڵکو دوور نی یە توشی زینا وبەد ڕەوشتیت بکات ، و ناو وناوبانگت لەکەدار بکات ، ئەوکات جارێکى تر توانای گێڕاونەوەیت نابێت  .

 زانای پایەبەر( ابن القيّم ) ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت: 
 زینا هەموو ئاکارە خراپەکانی تیا کۆبۆتەوە ، هەر لە دین لەوازیەوە تا دەگاتە ڕەش بوونی دەم وچاو وتاریک بوونی ، ودڵتەنگی وبێزاری ، بەڵکو زیاتر لەوەش ئەوەی کاتێ هاوڕێکانت زەواج دەکەن ودەبن بەخاوەنی ماڵ ومنداڵ ودڵخۆش دەبن ، تۆش کەس نایەتە داوات ، چونکە تۆ بەدەستی خۆت خۆت لەکەدار کردووە . 

ئەی کچی لاو: ڕەنگە بڵێی من ئەو کارە دەکەم وهەرگیز کوڕانی لاوی تر ناتوانن ئەوەم لەگەڵ بکەن ، من تەنها دەمەوێ لەو ڕێگەیەوە کەسێک بدۆزمەوە بۆ کردنی بەهاوبەشی ژیانم لەداهاتوودا ، منیش پێت دەڵێم ئەو کارەی جەنابت یاری کردنە بەئاگر ، یاری کردن بەئاگریش ئەنجامەکەی سوتاندنی ماڵە ، و پەرت وبڵاو کەرەوەی خێزانە ، جا بۆیە یاری کردن بەمۆبایل وژمارە دان بەلاوێک دوور نی یە ئەو کەسەی تۆ ژمارەی دەدەیتێ ئەویش بیدات بەگەنجی تر ئەوانیش هەمان کاری خۆشەویستی یەکەمت لەگەڵ بکەن . 

ئەی کچی لاو: وا دانێ تۆ پەیوەندی تەلەفۆنى لەگەڵ کوڕێکدا ئەنجام دەدەیت بەڵام ئایا ئەنجامەکەی چی یە ؟ 
بێگومان ئەنجامەکەی بەلەکەدار کردنی ناموست کۆتایی دێت ، وخێزانەکەتیش شەرمەزار دەبن لەنێو کۆمەڵگادا . 

 شاعیر ڕاستی گوتووە کاتێ دەڵێت:
نظرة فابتسامة فسلام * فكلام فموعد فلقاء
واتە: تەماشاکردن دواتر پێکەنین پاشان سەلام ..ئەوجا قسەکردن لەدوای ئەوە مەوعید پاشان گەیشتن بەیەک!

خوشکی خۆم بیری خۆت بێنەوە ، کە پەیوەندی ناشەرعى هیچ کات خێر بەرهەم ناهێنێت ، هەندێ لەئافرەتانی موسوڵمان وا گومانیان دەبرد لەڕێگەی تەلەفۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زەواج دەکەن ، بەڵام لەڕاستی دا سەرگەردان بوون لەژیاندا.

زەواج ڕێگایەکە بۆ داوێن پاکی وپاراستنی ناموس ، وپەیوەندی تەلەفۆن هۆکارێکە بۆ هەتک کردنی جا ئایا چۆن ئافرەتی عاقڵ شەرەف و ناموسی خۆی وکەس وکاری دەخاتە ئەو مامەڵەیەوە ، بەبیانووی زەواج ، بێگومان ئەمە سەرکێشیەکی دیار وڕوونە وکەسی ژیر پەنای بۆ نابات.

ئەی خوشکی ئازیز : وا دانێ ئەوەی پێشتر ئاماژەمان پێ دا لەزیانەکان هیچیان ڕوو نادەن ئایا دەزانی خودایەک ئاگاداری ئەو پەیوەندیە نهێنیانەتە وچاودێرە بەسەرەتەوە ؟ 
ئەو تەماشات دەکات و توانای ئابڕوو بردنتی هەیە لەنێو خەڵکدا، وڕەنگه ئەو فەرموودەیەیی پێغەمبەر  بەس بێت کاتێ دەفەرموێت : (( لأعلمن أقواماً من أمتي يأتون يوم القيامة بحسنات أمثال جبال تهامة بيضاً . فيجعلها الله هباءً منثوراً . قال ثوبان : يارسول الله ! صفهم لنا ، جلّهم لنا ، أن لانكون منهم ونحن لا نعلم . قال : (( أما إنهم إخوانكم ومن جلدتكم . ويأخذون من الليل كما تأخذون . ولكنهم أقوام ، إذا خلوا بمحارم الله ، انتهكوها )) رواه ابن ماجة وصححه الألباني . 

واتە: بەتەئکید خه‌ڵكانێك له‌ ئومه‌ته‌كه‌م ده‌ناسم كه‌ له‌ ڕۆژى دوایدا دێنه‌ پێش، چاكه‌كانیان به‌ قه‌ده‌ر چیاى (توهامه‌) ده‌بێت و سپى و پاك. 
بەڵام خواى گه‌وره‌ لێیان قبوڵ ناكات هه‌موویان لێ ده‌كاته‌ ته‌پ تۆزى په‌رش و بڵاو. 
سەوبان گوتی : ئەوانە کێن ئەی پێغەمبەری خودا ﷺ وەسفیانمان بۆ بکە نەوەک لەوان بین وبەخۆمان نەزانین؟
فەرمووی: ئه‌وانه‌ هه‌ر له‌ ئێوه‌ن، براتانن، له‌ زمان و پێستى ئێوه‌ن، شه‌و نوێژیشیان وه‌كو ئێوه‌ كردووه‌، بەڵام هه‌ر كه‌ ته‌نها بوونەوە و دوور له‌ چاوى خه‌ڵك بوون سنورى حه‌رامیان ده‌به‌زاند و ده‌کە‌وتنه‌ ناوى .

وه ( ابن الجوزي ) دەڵێت:
هۆشیار بن هۆشیار بن لەتاوان ، بەتایبەت تاوانی نهێنی ، چونکە تاوانی نهێنی قەدر و قیمەتى مرۆڤ لاى خواى گەورە ناهێڵێ و کەمی دەکات .
دەی نهێنیەکانی نێوان خۆت وخودا چاک بکە ، هەروەک خودا ڕواڵەتی بۆ چاک کردووی  .
 "صيد الخاطر" (ص 207) .

وە ئەگەر کەسێک وا پیشان بدات کەسێکی چاکە ، و لەحەقیقەتدا وا نەبێت ، یاخود خۆی بەکەسێکی داوێن پاک وێنا بکات ، بەڵام هەرکات بەتەنها بێت ، خۆی توشی داڵغە وبیرکردنەوەی خراپ بکات : ئەم کەسەش ترسی ئەوەی لێ دەکرێت بەر ئەو فەرموودەیە بکەوێت ، خوای پەروەردگار بمان پارێزێت .
وەجگە لەمانەش ئەو ڕۆژەت هەمیشە با لەبیر بێ  کە لەبەردەم پەروەردگارتا ڕادەوەستی ، ئەو کەسەی ئاگاداری نهێنیەکانە ، وچاودێرە بەسەر شتە شارەوەکانەوە ، و ورد و درشتی ژیانت ئاگادارە .

وەیەکەم شت کەشایەتیت لەسەر دەدات ئەندامەکانی جەستەتە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : (( وَيَوْمَ يُحْشَرُ أَعْدَاءُ اللَّهِ إِلَى النَّارِ فَهُمْ يُوزَعُونَ  * حَتَّىٰ إِذَا مَا جَاءُوهَا شَهِدَ عَلَيْهِمْ سَمْعُهُمْ وَأَبْصَارُهُمْ وَجُلُودُهُم بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ  * وَقَالُوا لِجُلُودِهِمْ لِمَ شَهِدتُّمْ عَلَيْنَا ۖ قَالُوا أَنطَقَنَا اللَّهُ الَّذِي أَنطَقَ كُلَّ شَيْءٍ وَهُوَ خَلَقَكُمْ أَوَّلَ مَرَّةٍ وَإِلَيْهِ تُرْجَعُونَ )) .
واتە: وه‌ له‌ ڕۆژی قیامه‌تیشدا دوژمنانی خوای گه‌وره‌ سه‌ره‌تاو كۆتاییان هه‌مووی به‌یه‌ك ئه‌گه‌یه‌ندرێ و كۆ ئه‌كرێنه‌وه‌ لای ئاگری دۆزه‌خ.
كاتێك كه‌ له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا دێن راده‌گیرێن و خوای گه‌وره‌ مۆر ئه‌دات له‌سه‌ر زمانیان، وه‌ گوێ و چاو و پێسته‌یان شایه‌تیان له‌سه‌ر ئه‌ده‌ن له‌و كرده‌وه‌ خراپانه‌ی كه‌ كردوویانه‌. 
ئه‌وانیش ئه‌لێن: ئه‌و خوایه‌ی كه‌ هه‌موو شتێكی هێناوه‌ته‌ قسه‌ ئێمه‌شی هێناوه‌ته‌ قسه‌كردن، وه‌ هه‌ر خوای گه‌وره‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌تا ئێوه‌ی دروست كرد وه‌ هه‌ر بۆ لای ئه‌ویش ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌. 
وه پێغه‌مبه‌ری خوا -  - رۆژێك پێكه‌نی و فه‌رمووی: ئایا ناپرسن بۆ پێكه‌نیم؟ هاوه‌ڵان وتیان ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا -  - بۆ پێكه‌نیت؟ 
فه‌رمووی: (سه‌رسام بووم به‌ مشتومڕی به‌نده‌ له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره‌ له‌ رۆژی قیامه‌ت، به‌نده‌ به‌ خوای گه‌وره‌ ده‌لێت: ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆ به‌ڵێنت پێ نه‌دام كه‌ سته‌مم لێنه‌كه‌یت؟
 خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رمێت: به‌ڵێ.
 به‌نده‌ ده‌ڵێت: ده‌ی من ڕازی نابم جگه‌ له‌ خۆم كه‌سی تر شایه‌تیم له‌سه‌ر بدات.
 خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رمێت: ئایا من و فریشته‌ به‌ڕێزه‌ نوسه‌ره‌كان به‌س نین كه‌ شایه‌ت بین؟ 
به‌نده‌ چه‌ند جارێك قسه‌كه‌ی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت: ڕازی نابم به‌ هیچ شایه‌تێك جگه‌ له‌ خۆم.
 خوای گه‌وره‌ مۆر ده‌دات له‌سه‌ر زمانی و ئه‌ندامه‌كانی له‌شی دێنه‌ قسه‌و شایه‌تی له‌سه‌ر ده‌ده‌ن له‌سه‌ر كرده‌وه‌كانی، ئه‌میش ده‌ڵێت ده‌ی دوور بن و تیابچن خۆ من له‌ پێناو ئێوه‌ مشتومڕم ده‌كرد) 
جا بەڕاستى هاوشێوەی ئەم حاڵ وبارانە شیاوی ئەوەیه مرۆڤ خۆی بۆ ئامادە بکات ونەیگۆڕێتەوە بەئارەزوویەکی کاتی ، وئومێدێکی بەتاڵ ، بۆیە لەبیر کردنی ئەم مەوقیفانە بێعەقڵی ودۆڕاوییە . 

ئەی کچی لاو: جێی شەرم وبیر کردنەوە نی یە کاتێ تۆ لەماڵی باوکتى یاخود مێردەکەتی وخیانەتی لێ دەکەیت لەکاتێ ئەو شەو وڕۆژی خستۆتە سەر یەک بۆ خۆشگوزەرانی جەنابت و لەهەوڵی ئەوەدایە باشترین ژیانت بۆ فەراهەم بکات ، دەی کەوایه تۆ بەچ ڕوویەکەوە خیانەتی لێ دەکەیت وکێشەی بۆ دروست دەکەیت؟
لە کۆتاییدا: 
خوشکى بەڕێزم گەر تۆ هێشتا کچی و لە ماڵی باوکتى و چاوەڕێی هاوبەشی ژیانتە ، یاخود لەلای مێردی خۆتى ، داوا کارم چەند جارێک ئەم نامەیە بیخوێنیتەوە ، وبەوردی بیر لەو قسانەم بکەیتەوە وبەهەند وەری گریت  .
خواى گەورە بتپارێزێ لە خراپە و شەڕی ئارەزووبازەکان .