شەشەم :قورئان خوێندنی ناو نوێژ
بەروار: 2021/08/09سەردارن: 1466نوسەر: وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕ

یەكەم: خوێندنی فاتیحە لە نوێژدا
1.    حوكمی خوێندنی فاتیحە بۆ ئیمام و ئەو كەسەی بەتەنها نوێژ دەكات

خوێندنی فاتیحە بۆ ئیمام و ئەو كەسەی بەتەنها نوێژ دەكات روكنێكە لە روكنەكانی نوێژ وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان و شافعیەكان و حەنبەلیەكان و وتەی داودی زاهیری و زۆرینەی ئەهلی عیلمە لە زانایانی نێوهاوەڵان و تابعین ودوای ئەوانیش.
2.    حوكمی خوێندنی فاتیحە بۆ مەئموم  لەنوێژە جەهریەكاندا 
خوێندنی فاتیحە بۆ مەئموم (مەئموم ئەو كەسەیە کە لە دوای ئیمامەوە نوێژ دەكات) لە نوێژی جەهریدا واجب نییە وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان  و مالیكیەكان و حەنبەلیەكان  و وتەی كۆنی شافعی و زۆرینەی سەلەفە.
(نوێژى جەهرى واتە ئەو نوێژانەی كە ئیمام بە دەنگی بەرز قورئان دەخوێنێت وەكو: بەیانی و مەغریب و عیشا وتەراویح و نوێژی خۆر گیران و مانگ گیران.)
* لای حەنەفیەكان خوێندنی فاتیحە واجب نییە نەلە نوێژی جەهریدا و نەلە نوێژەكانی تریشدا.
* بەڵام لای حەنبەلیەكان بۆ مەئموم سوننەتە لە سەكتەكانی ئیمامدا قورئان بخوێنێت یان لەو كاتانەی كە دەنگ بەرز ناكاتەوە.
3.    قورئان خوێندنی مەئموم زیاد لە فاتیحە
ئەوەی لەسەر مەئمومە ئەوەیە كە گوێ‌ لە قورئان خوێندنی ئیمامەكەی بگرێت زیاد لە فاتیحە وابن تیمیە یەكدەنگی زانایانی لەوبارەیەوە هێناوە.
4.    ژمارەی ئایەتەكانی فاتیحە
ژمارەی ئایەتەكانی فاتیحە حەوت ئایەتە, هەریەك لە پێشەوا ابن المونزیر و ابن عبدالبر و ابن العربی وقورتوبی و نەوەوی و ابن تیمیە وابن كەسیر وشەوكانی یەكدەنگیان باس كردووە لەسەری. 
5. ئایا بەسمەلە ( بسم الله الرحمن الرحيم)  سەربە سورەتی فاتیحەیە؟
بەسمەلە ئایەتێك نییە لە فاتیحە وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان و حەنبەلیەكان.
6. حوكمی دەنگ بەرزكردنەوە و بەنهێنی وتنی بەسمەلە لەنوێژدا پێش فاتیحە
سوننەتە بەسمەلە بە دەنگی نزم بووترێت لەنوێژدا پێش فاتیحە لە هەموو ركاتێكدا وئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان و حەنبەلیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە وابن باز و ابن عوسەیمینە.
7. هەڵەكردن لە خوێندنی فاتیحە
ئەوەی ریزبەندی فاتیحە تێك بدات یان پیتێك لە پیتەكانی جێگۆڕكێ‌ پێ بكات لەگەڵ ئەوەی كە زمانی تەواوە یان هەڵەیەك بكات كە مانا بگۆڕێ  ئەوا نوێژ و قورئان خوێندنەكشی تەواو نییە  وئەمەش مەزهەبی شافعیەكان و حەنبەلیەكان وتەیەكی مالیكیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن باز و ابن عوسەیمینە.
* نەوەوی دەڵێت: ئەگەر هەڵەیەك بكات كە مانا بگۆڕێ وەكو ئەوەی وشەی ( أنعمت) تائەكەی بە زەممە بخوێنێتەوە یان كەسرە, یان (إیاك نعبد) كافەكە بە كەسرە بخوێنێتەوە, یان (إياء) بە دوو هەمزە بخوێنێتەوە, ئەگەر بەئەنقەست بێت ئەوا نوێژ و قورئان خوێندنەكەی تەواو نییە, وە ئەگەریش بەئەنقەست نەبێت ئەوا دەبێت قورئانەكەی دووبارە بكاتەوە. وە ئەگەریش مانا نەگۆڕێ وەكو (نعبد) دالەكە بە فەتحە بخوێنێ یان نونی (نستعین) بەفەتحە بخوێنێ یان صادی(صراط) بە فەتحە بخوێنێ, هاوشێوەی ئەمانە نوێژ وقورئان خوێندنەكەی بەتاڵ نابێتەوە بەڵام مەكروهە وبەئەنقەستیش حەرامە. (المجموع 3/393).
8. وتنی پیتی ( الضاد) لە وشەی (ولا الضّالين) بە پیتی (الظاء)
نوێژی كەسێك تەواو و دروستە ئەگەر ئەو پیتەی كەلە سەرەوە باس كراوە لەبری یەكتر بیانخوێنێتەوە لەو وشەیەدا وئەوەش  وتەی زۆرینەی حەنەفیەكان و مەشهورە لە مەزهەبی حەنبەلیەكان و صەحیح لە وتەی مالیكیەكان و وەجهێكیشە لای شافعیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە وابن كەسیر وابن باز وابن عوسەیمینە.
9. دووبارەكردنەوەی فاتیحە بەبێ هــۆكار
شەرعی نییە دووجار فاتیحە بخوێنرێت لەیەك ركاتدا بەبێ هۆكار  و ئەوەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان ومالیكیەكان و حەنبەلیەكان.
* هۆكار وەكو ئەوەی كە خەلەل و ناتەواویەك لە خوێندنەوەكەیدا هەبێت و بەوهۆیەوە دووبارەی بكاتەوە.
10. مەرجی خۆگوێ‌ لێبوون لەكاتی قورئان خوێندندا
مەرج نییە كە كەسەكە خۆی گوێی لێ بێت  و ئەوەش مەزهەبی مالیكیەكان و وتەیەكی حەنەفیەكان و وەجهێكە لای حەنبەلیەكان و وتەی سەوری و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە وابن القیم وابن عوسەیمینە.
* بەڵام قورئان خوێندن بە نزمی و نهێنی بەوە دەبێت كە زمان و لێوەكان بجوڵێنرێن وئەم ئەندازەیەش هەردەبێت لە قورئان خوێندن و زیكر و شتەكانی تریشدا هەبن.
11. حوكمی نوێژی كەسی بێ توانا لە خوێندنی فاتیحە
ئەگەر كەسێكی نەخوێندەوار نەتوانێت فاتیحە بخوێنێت ئەوا نوێژەكەی تەواو وصحیحە وئەگەر نەتوانێت فێری ببێت و ابن تیمیە یەكدەنگی لەسەر ئەمە باس كردووە.
12. ئەو كەسەی كە ناتوانێت فاتیحە بخوێنێت چی دەكات؟
ئەوەی نەتوانێت فاتیحە بخوێنێت ئەوا حەوت ئایەت كەبەچاكی لەبەرێتی دەیانخوێنێت لەهەركوێی قورئان بێت, و ئەگەریش ئەوە نەتوانێت ئەوا هەر زیكرێك دەكات بۆی هەیە و ئەمەش مەزهەبی شافعیەكان و حەنبەلیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن باز و ابن عوسەیمینە.
13. ئامین كردن لە نوێژدا
وتنی (ئامین) سوننەتێكی جەخت لەسەركراوە  وبەدەنگی نزم دەوترێت لەو نوێژانەی دەنگی تێدا نزم دەكرێتەوە و بەدەنگی بەزریش دەوترێت لەونوێژانەی كە جەهرین و لەگەڵ ئیمامدا دەیڵێت و ئەوەش مەزهەبی شافعیەكان و حەنبەلیەكان و وتەی زۆرینەی ئەهلی عیلم و فەرموودەناسانە.
* نەوەوی دەڵێت: زانایان یەكدەنگن لەسەر ئەوەی كە ئەو كەسەی بەتەنها نوێژ دەكات (ئامین) دەكات بەهەمان شێوە ئیمام و مەئمومیش لەنوێژی سریدا و زۆرینەی زانایانیش دەڵێن لە جەهریشدا. ( شرح النووی علی مسلم 4/130) . بەڵام حەنەفیەكان راجیاوازن و دەڵێن: سوننەت ئەوەیە لە جەهریدا بەدەنگی نزم بووترێت و مالیكیەكانیش دەڵێن سوننەت نییە ئیمام ئامین بكات لە نوێژی جەهریدا و مەئموم دەیكات ئەگەر گوێی لەقورئان خوێندنی ئیمام بوو.
دووەم: حوكمی خوێندنی زیاد لە فاتیحە و ئەوەی سوننەتە لە نوێژدا بخوێنرێت
1. حوكمی خوێندنی زیاد لە فاتیحە
سوننەتە هەر سورەتێك بخوێنرێت لە دوای فاتیحەوە لە دوو ركاتی بەیانیدا, و دوو ركاتی یەكەمی هەموو نوێژەكانی تر, و پێشەوا ابن سیرین و ابن قدامە و نەوەوی وشەوكانی یەكدەنگیان لەسەری باس كردووە.
2. ئەوەی سوننەتە بخوێنرێت لە نوێژی بەیانیدا
سوننەتە قورئان زۆر بخوێنرێت و نوێژەكە درێژ بێت  لە بەیانیدا وئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە و پێشەوا ابن القیم یەكدەنگی گێڕاوەتەوە لەسەر سوننەتێتی خوێندنی (طوال المفصّل) لە نوێژی بەیانیدا.
* لای زۆرینەی زانایان لەو دوو ركاتەدا (طوال المفصّل) دەخوێنرێت و لای حەنەفیەكانیش چل تا شەست ئایەت و لەریوایەتێكدا شەست تا سەد ئایەت. (طوال المفصّل)یش واتە لە سورەتی [ق] هەتا سورەتی (النبأ).
- حوكمی خوێندنی دوعای قنوت لە نوێژی بەیانیدا
خوێندنی قنوت لە نوێژی بەیانیدا شەرعی نییە و ئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان و حەنبەلیەكان و وتەی كۆمەڵێكە لە سەلەف و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە و ابن القیم وشەوكانی و ابن باز و ابن عوسەیمینە.
3. ئەوەی سوننەتە لە نوێژی نیوەڕۆدا بخوێنرێت
زانایان لەوبارەیەوە دوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەكەم: سوننەتە لە نوێژی نیوەڕۆدا (أوساط المفصّل)  بخوێنرێت و ئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەكان و وتەیەكی حەنەفیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن باز و ابن عوسەیمینە. 
* (أوساط المفصّل) واتە لە سورەتی [النبأ) هەتا سورەتی [الضحى].
بۆچوونی دووەم: سوننەتە لە نوێژی نیوەڕۆدا (طوال المفصّل) بخوێنرێت وەكو سورەتی [الفجر]  وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان  و شافعیەكان .
4. ئەوەی سوننەتە لە نوێژی عەصردا بخوێنرێت
ئەوەی سوننەتە لەنوێژی عەصردا بخوێنرێت ئەوەیە كە (أوساط المفصّل) بخوێنرێت و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان وشافعیەكان و حەنبەلیەكان.
5. ئەوەی سوننەتە لە نوێژی مەغریبدا بخوێنرێت
ئەوەی سوننەتە لە نوێژی مەغریبدا بخوێنرێت ئەوەیە كە (قصار المفصل)  بخوێنرێت و ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
* (قصار المفصل) لە سورەتى (الضحى) یە تاوەکو کۆتایی قورئان .
6. ئەوەی سوننەتە لە نوێژی عیشادا بخوێنرێت
ئەوەی سوننەتە لە نوێژی عیشادا بخوێنرێت ئەوەیە كە (أوساط المفصّل) بخوێنرێت ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
 سێ یەم: حوكمەكنی قورئان خوێندن لە نــوێژدا
1. قورئان خوێندن بە جگە لە عەرەبی لەنوێژدا
دروست نییە لە ناو نوێژدا قورئان بەجگە لە عەرەبی بخوێنرێت و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان و شافعیەكان و حەنبەلیەكان و وتەی هەردوو هاوەڵەكەی ئەبی حەنیفەیە  و هەروەها مەزهەبی زاهیریەكانیشە.
2. هەڵەكردن لە قورئان خوێندندا
هەڵەكردن لە جگە لە فاتیحەدا نوێژ بەتاڵ ناكاتەوە تەنانەت ئەگەر ماناش بگۆڕێت, ئەمەش مەزهەبی شافعیەكان و حەنبەلیەكان و وتەی هەندێ لە حەنەفیەكان و وتەیەكی مالیكیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیەیە.
1.    كردنەوەی چەند قیرائەیەك پێكەوە لەیەك كاتدا
شەرعی نییە كە قورئان خوێن چەند جۆرێكی قیرائات لەكاتی نوێژەكەیدا پێكەوە كۆبكاتەوەو بیانخوێنێت و پێشەوا ابن تیمیە و ابن القیم یەكدەنگیان لەسەر ئەمە باس كردوە.
2.    هەڵگێڕانەوەی خوێندنی ئایەتەكان  
ئەم كارە دروست و رێگەپێدراو نییە و ابن تیمیە یەكدەنگی زانایانی لەسەر هێناوە.
واتەخوێندنی سورەتێك بەكۆتاییەكەیەوە بۆ سەرەتاكەی یان پاش وپێش خستن و جیاواز لەو ریزبەندیەی ئایەتەكانی نێو موصحەف ئەمە لەكاتێكدا ریزبەندی ئایەتەكان كارێكی تەوقیفیە و هیچ راجیاوازیەك لەوەدا نییە. 
3.    هەڵگێڕانەوەی ریزبەندی سورەتەكان
رەچاوكردنی تەرتیب و ریزبەندی سورەتەكان بەپێی ریزبوونی موصحەف لە دوو ركاتی نوێژدا كارێكی سوننەتە بەیەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
4.    دەنگ بەرزكردنەوە و دەنگ نزم كردنەوە لە قورئان خوێندندا
-    ئەو نوێژانەی كە ئیمام تێیاندا دەنگ بەرز دەكاتەوە
شەرعێنراوە بۆ ئیمام كە دەنگ بەرزبكاتەوە لە نوێژی بەیانی و دوو ركاتی سەرەتای مەغریب و عیشادا و ابن حەزم و نەوەوی و زین ابن المنیر و ابن قدامە یەكدەنگی زانایانیان لەوبارەیەوە هێناوە.
-    دەنگ نزم كردنەوەو بەنهێنی خوێندنی قورئان بۆ مەئموم
ئەوەی سوننەتە بۆ مەئموم ئەوەیە كە دەنگ نزم بكاتەوە لەكاتی قورئان خوێندندا ئیتر ئیمام گوێی لێ بێت یان نا و مەكروهە بۆی دەنگ بەرزبكاتەوە و نەوەوی و ابن قدامە یەكدەنگیان لەوبارەیەوە هێناوە.
- حوكمی دەنگ بەرزكردنەوە بۆ ئەو كەسەی كەبەتەنها نوێژە جەهریەكان دەكات
زانایان لەوبارەیەوە راجیاوازن بەوەی كە ئایا تاكەكەس كە بۆ خۆی نوێژی جەهری بكات دەنگ بەرز دەكاتەوە یاخود نا؟ دوو بۆچوونیان لەوبارەیەوە هەیە:
بۆچوونی یەكەم: تاكەكەس سوننەتە بۆی لە نوێژە جەهریەكانیدا دەنگ بەرزبكاتەوە و ئەمەش مەزهەبی مالیكیەكان و شافعیەكان و وتەیەكیشە لای حەنبەلیەكان و وتەی زۆرینەی زانایان و وتەی پەسەندكراوی ابن حەزم و ابن بازە.
بۆچوونی دووەم: تاكەكەس سەرپشكە لەوەی دەنگ بەرزبكاتەوە یان نا وئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان و حەنبەلیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن عوسەیمینە.
5. حوكمی إستیعازە (وتنی أعوذ بالله من الشيطان الرجيم  ) لە نوێژدا و شوێنی وتنەكەی
وتنی ئیستیعازە لە نوێژدا سوننەتە و لەپێش دەستپێكردنی قورئان خوێندن شەرعێنراوە و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و شافعیەكان و حەنبەلیەكان.