بەشی یەكەم :  ئەو شتانەی لە ناو نوێژدا حەڵاڵن
بەروار: 2022/09/16سەردارن: 320نوسەر: نوسینى : مؤسَّسة الدُّرر السَّنية ، وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕى بەهەشت

یەكەم: جوڵەیەكی كەم لە نوێژدا
جوڵەی كەم (1) بۆ پێویستی دروست و رێگەپێدراوە لە نوێژدا وبەتاڵی ناكاتەوە و هەریەك لە ابن روشد و ابن عبدالبر والزیلعی یەكدەنگی زانایانیان لەسەری باس كردووە.

  دووەم: وەڵامدانەوەی نوێژخوێن بۆ كەسێك كە سەلامی لێ بكات
 نوێژخوێن دەتوانێت وەڵامی سەلام بداتەوە بە ئاماژەكردن و ئەوەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان (2) و شافعیەكان(3) و حەنبەلیەكان و وتەی زۆربەی زانایانە.

سێ یەم: تف كردن لە ناو نوێژدا
تف كردن لەناو نوێژدا بۆ پێویستی دروست و رێگەپێدراوە وابن بەتتاڵ یەكدەنگی لەسەر باس كردووە.

چوارەم: نوێژكردن بە پێڵاوەوە (نەعلەوە)
دروستە نوێژكردن بە پێڵاوەوە (4) ئەگەر زانی پاك و خاوێنە (5) ئەوەش بەشێوەیەكی گشتی (6)  و ابن تیمیە و ابن رجب یەكدەنگیان لەسەری باس كردووە.

پێنجەم: كوشتنی مار و دووپشك لە ناو نوێژدا
حەڵاڵا ورێگەپێدراوە كە مار و دووپشك بكوژرێن لە ناو نوێژدا و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان وشافعیەكان و حەنبەلیەكان و وتەیەكیشە لای مالیكیەكان و وتەی زۆرینەی ئەهلی عیلمە.

شەشەم: زەردەخەنە لەناو نوێژدا
زەردەخەنە نوێژ بەتاڵ ناكاتەوە و ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە و وتەی زۆرینەی زانایانە.

حەوتەم: سوجدەبردن لەسەر پێچی عەمامە
دروستە سوجدە لەسەر پێچی عەمامە ببرێت بەڵام بەبێ عوزر مەكروهە و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان و حەنبەلیەكان و وتەی هەندێ لە سەلەفیشە.

هەشتەم: وتنی زیكرێكی شەرعی بەهۆكارێكی دەرەوەی نوێژ
نوێژ بەتاڵ نابێتەوە بە تەسبیح و دوعایەك ئەگەر قسەنەكردن نەبێت لەگەڵ كەسێكدا, بۆ نمونە بپژمێت و الحمد لله بكات یان شتێك ببینێت كە ناخۆشحاڵی بكات و بڵێت: إنا لله وإنا إلیە راجعون, یان شتێكی سەیر ببینێت و بڵێت : سبحان الله هەموو ئەمانە نوێژ بەتاڵ ناكەنەوە و ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە (7).


1- ئەوەی بە جوڵەی كەم هەژمار دەكرێت لەنوێژدا لای شافعی و حەنبەلیەكان دەگەڕێتەوە بۆ عورف وعادەت, بەڵام لای حەنەفیەكان جوڵەی كەم و زۆر بەوە دیاری دەكرێت كە ئەگەر كەسێك لە دوورەوە تەماشای ئەم نوێژخوێنە بكات لەناو نوێژدا كە جوڵە دەكات و گومانی بۆ دروست نەبێت كە لەناو نوێژدا نییە ئەوا ئەوە جوڵەی زۆرە و نوێژەكە بەتاڵ دەكاتەوە و ئەگەریش كەسەكە گومانی بۆ دروست بوو ئەوا جوڵەكە كەمە ونوێژەكەی بەتاڵ نابێتەوە, وە لای مالیكیەكانیش جوڵەكەی كەم وەكو بەلاچاو سەیركردن و پێست خوراندن وئاماژەبۆكردن و هەنگاو نان بۆ پڕكردنەوەی بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەك لەنزیكیەوە.
2-  ئەوەی راجح بێت لای مالیكیەكان ئەوەیە كە وەڵامدانەوەی سەلام بە ئاماژە واجبە لەناو نوێژدا.
3- مەزهەبی شافعیەكان ئەوەیە كە وەڵامدانەوەی سەلام بە ئاماژە سوننەتە ئەگەرنا دوای سەلامدانەوە بە وتن وەڵامی دەداتەوە.
4- بەڵام ئەگەر هاتوو مزگەوتەكان راخەریان تێدا راخرابوو وەپاك و خاوێن بوون و گومانی ئەوە دەكرا كە پیس دەبن بەپێڵاوەوە یان خەڵكی بێزاردەبن و نایەن بۆ نوێژ ئەوا بەپێڵاوەوە نوێژناكرێت.
5- كەسەكە لەسەریەتی كە پیسی و چڵك بە نەعل و پێڵاوەكەیەوە لاببات ئەگەر ویستی پێیەوە نوێژ بكات.
6- زانایان راجیاوازیان هەیە سەبارەت بە نوێژكردن بە پێڵاوەوە لە كەعبەدا.
7- بەڵام حەنەفیەكان قەیدێكیان هەیە ئەویش ئەوەیە كە نوێژخوێنەكە مەبەستی وەڵامی كەسێكی تر نەبێت لەناو نوێژەكەیدا.