بەشی دووەم : ئەو شتانەی مەكروهن لە نوێژدا
بەروار: 2022/09/16سەردارن: 214نوسەر: دامەزراوەى (الدُّرر السَّنية) ، وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕى بەهەشت

یەكەم: گاڵتە وگەپ لە نوێژدا
گاڵتەكردن مەكروهە لە نوێژدا وهەریەك لە پێشەوا ابن عبدالبر وابن قدامە یەكدەنگی زانایانیان لەسەر ئەمە باس كردووە.

یەكێك لە شێوازەكانی گاڵتەكردن بریتیە لە پەنجەتەقاندن  و زۆر رێك كردنەوەی جلوبەرگ وعەمامە و تەماشاكردنی كاتژمێری دەست.

دووەم: لاكردنەوە لە نوێژدا
مەكروهە لاكردنەوە لە نوێژدا بەبێ پێویستی و ابن عبدالبر و نەوەوی و عوسمانی وابن حجر یەكدەنگیان لەسەری هێناوە.

سێ یەم: رووكردنە ئەو شتەی كە نوێژخوێن سەرقاڵ دەكات لە نوێژ
مەكروهە نوێژخوێن ڕووبكاتە ئەو شتەی كە سەرقاڵی دەكات لە نوێژەكە وبیر وهزری لەنوێژەكە دووردەخاتەوە وئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.

لەوانە ئەوەی كە زۆر بەربڵاوە لە هەندێ‌ لە مزگەوتەكان لەڕووی قیبلەوە: وەكو دانانی كاتژمێری ئەلیكترۆنی و زەخرەفە و رازاندنەوەی میحراب و پەردەی پەنجەرەكان وهاوشێوەكانیان, كە دەبنە هۆی سەرقاڵكردنی نوێژخوێنان و هەروەها ئەو بەرماڵ وفەرش وراخەرانەی كە نەخش ونیگار و وێنەیان لەسەرە.


چوارەم: نوێژكردن بە ئامادەبوونی ئەو خواردنەی كە حەزی لێیە
مەكروهە دەست بەنوێژ بكرێت و هاوكات ئەو خواردنەی كە نوێژخوێنەكە حەزی لێیە وئارەزووی دەكات ئامادەبێت وئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.

پێنجەم: نوێژی " حاقن و حاقب "
مەكروهە بۆ نوێژخوێنی حاقن و حاقب دەست بە نوێژبكات و بچێتە ناو نوێژەوە هەتا خۆی بەتاڵ نەكاتەوە وئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
حاقن: ئەو كەسەیە كە میزی گیرداوە.
حاقب: ئەو كەسەیە كە پێویستی بە سەرئاوكردن هەیە و پیسیەكەی گیرداوە بە زۆر.

شەشەم: قورئان خوێندن لە ركوع و سوجدەدا
نەهی كراوە لە نوێژخوێن كە قورئان لە كاتی ركوع وسوجدەدا بخوێنێت و ابن عبدالبر و ابن تیمیە یەكدەنگیان لەسەر ئەمە باس كردووە.

حەوتەم: سەرقاڵ بونی دڵ بە جگە لە نوێژەوە لەناو نوێژدا
مەكروهە بۆ نوێژخوێن بەوەی كە دڵی سەرقاڵ بێت بە شتێكی دونیاییەوە وپەیوەندی بە نوێژەوە نەبێت, وە نوێژەكەشی بەتاڵ نابێتەوە ئەگەر نەتوانێت زاڵ بێت بەسەریدا و ابن حەزم و نەوەوی و ابن تیمیە یەكدەنگیان لەسەری هێناوە.

هەشتەم: چاوبەرزكردنەوە بۆ ئاسمان لە نوێژدا
زانایان راجیاوازن سەبارەت بە حوكمی چاوبەرزكردنەوە لەنوێژدا (1) بۆ ئاسمان و دوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەكەم: مەكروهە چاوبەرزكردنەوە بۆ ئاسمان لەنوێژدا وئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
بۆچوونی دووەم: حەرامە چاوبەرزكردنەوە بۆ ئاسمان لە نوێژدا و ئەمەش مەزهەبی ابن حەزم و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە وصەنعانی وشەوكانی ابن باز وابن عوسەیمینە.

نۆیەم: جل هەڵكردنی نوێژخوێن و قژبەستنەوەی (جل و قژكۆكردنەوە)
ئەم كارە بۆ نوێژخوێن مەكروهە وئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.

دەیەم: دانانی دەست لەسەر لاتەنیشت (كەلەكە)
ئەم كارەش لە نوێژدا مەكروهە وئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.

یازدەیەم: پەنجەكردن بەناو یەكدا لە نوێژدا
پەنجەكردن بەناویەكتریدا لەنوێژدا مەكروهە وئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.

دوازدەیەم: تف كردن لە نوێژدا بەئاراستەی قیبلە یان لای ڕاست
بەو ئاراستە تف كردن لەناو نوێژدا مەكروهە وئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.


1-ابن تیمیە باسی ئەوەی كردووە كە ئەو كارە نەهی لێكراوە بە یەكدەنگی زانایان.