• یەكەم: پێناسەی نوێژی سوننەت
وشەی " التطوع " لەڕووی شەرعیەوە واتە: ئەوەی كە شەرعێنراوە زیاد لەسەر فەرز و واجبەكان.
وە نوێژی سوننەت لە شەرعدا ئەم ناوانەی هەیە: صلاةُ التطوُّع، صلاةُ النَّفلِ ، صلاةُ السُّبحَةِ.
• دووەم: فەزڵی نوێژی سوننەت
١) تەواوكردن و پڕكردنەوەی ناتەواوی وكەموكورتی فەرزەكان، چونكە لە ڕۆژی دواییدا بە نوێژە سوننەتەكان نوێژە فەرزەكان تەواو دەكرێن و پڕدەكرێنەوە.
٢) زۆر سوجدە بردن كە هۆكارە بۆ دەستكەوتنی هاوەڵێتی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم لە بەهەشتدا.
٣) زۆر سوجدە بردن كە هۆكارە بۆچوونە بەهەشت وبەرزبوونەوەی پلە لەبەهەشت و سڕینەوەی تاوانەكان.
٤) نزیك بوونەوەی بەندە لە خوای گەورەوە بە هۆی ئەنجام دانی نوێژە سوننەتەكانەوە و هەروەها هۆكارە بۆ دەستخستنی خۆشەویستی خوای پەروەردگار.
• سێیەم: جۆرەكانی نوێژە سوننەتەكان
١) جۆرێكیان دەتوانرێت بە كۆمەڵیش بكرێت وەكو تەراویح و خۆرگیران.
٢) جۆرێكیان دروست نییە بە كۆمەڵ بكرێت وەكو نوێژی ئیستیخارە.
٣) هەشیانە پاشكۆی نوێژە فەرزەكانە وەكو سوننەتە ڕەواتیبەكان.
٤) هەشیانە پاشكۆ نییە وەكو نوێژی چێشتەنگاو.
٥) هەیانە پەیوەستە بەكاتەوە وەكو نوێژی ویتــر.
٦) هەیانە وابەستەیە بە هۆكارێكەوە وەكو نوێژی تحیة المسجد و دووڕكاتی دەستنوێژ.
٧) هەشیانە نە پەیوەستە بەكاتەوە و نە وابەستەشە بەهیچ شتێكەوە وەكو سوننەتی ڕەها.
٨) هەیانە جەخت لەسەر كراوە و (موئەكەدە) وەكو نوێژی ویتر.
٩) هەشیانە جەخت لەسەر كراو نییە وەكو دوو ڕكاتی پێش نوێژی مەغریب.
• چوارەم: سوننەتی رەواتب
١) مەبەست لە سوننەتى ڕەواتب
مەبەست لە سوننەتی ڕەواتب ئەو نوێژە سوننەتانەن كە سەربە نوێژە فەرزەكانن.
٢) كاتەكانی نوێژی سوننەتی ڕەواتب
- ئەو نوێژانەی لە پێشەوە دەكرێن
كاتی ئەم نوێژانە بە هاتنی كاتی نوێژە فەرزەكە دەست پێ دەكات و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان و شافعیەكان و حەنبەلیەكان.
- ئەو نوێژانەی لەپاشەوە دەكرێن
بەتەواوبوونی نوێژە فەرزەكە دەست پێ دەكات و بەنەمانی كاتی نوێژە فەرزەكە كاتی ئەمیش نامێنێت، و شافعیەكان دەقیان لەسەری داوە و حەنبەلیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن عوسەیمینیشە.
٣) ژمارەی سوننەتە ڕەواتبەكان
سوننەتە ڕەواتبەكان ژمارەیان دوازدە ڕكاتە و بەم شێوەیە: دوو ڕكات پێش نوێژی بەیانی، چوار ڕكات پێش نوێژی نیوەڕۆ، دوو ڕكات پاش نوێژی نیوەڕۆ، دوو ڕكات پاش نوێژی مەغریب و دوو ڕكاتیش پاش نوێژی عیشا وئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان و وەجهێكە لای شافعیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە وابن باز وابن عوسەیمینە.
• پێنجەم: سوننەتی بەیانی
١) فەزڵی سوننەتی بەیانی
ئەم نوێژە سوننەتە لە جەخت لەسەركراوترین سوننەتەكانە بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
٢) سیفەتی سوننەتی بەیانی
سوننەتە ئەم جۆرە نوێژە درێژنەكرێتەوە و بەكورتی بكرێت.
٣) ئەوەی لەم سوننەتەدا دەخوێنرێت
سوننەتە لەم نوێژەدا لە ڕكاتی یەكەمیدا سورەتی ( الكافرون) بخوێنرێت و لە ڕكاتی دووەمیشدا سورەتی (الإخلاص) بخوێنرێت، یاخود لە ڕكاتی یەكەمدا ئایەتی ﴿قولوا آمَنّا بِاللَّهِ وَما أُنزِلَ إِلَينا وَما أُنزِلَ إِلى إِبراهيمَ وَإِسماعيلَ وَإِسحاقَ وَيَعقوبَ وَالأَسباطِ وَما أوتِيَ موسى وَعيسى وَما أوتِيَ النَّبِيّونَ مِن رَبِّهِم لا نُفَرِّقُ بَينَ أَحَدٍ مِنهُم وَنَحنُ لَهُ مُسلِمونَ﴾ {البقرة: 136} بخوێنرێت و لە ڕكاتی دووەمیشدا ئایەتی ﴿قُل يا أَهلَ الكِتابِ تَعالَوا إِلى كَلِمَةٍ سَواءٍ بَينَنا وَبَينَكُم أَلّا نَعبُدَ إِلَّا اللَّهَ وَلا نُشرِكَ بِهِ شَيئًا وَلا يَتَّخِذَ بَعضُنا بَعضًا أَربابًا مِن دونِ اللَّهِ فَإِن تَوَلَّوا فَقولُوا اشهَدوا بِأَنّا مُسلِمونَ﴾ {آل عمران: 64} بخوێنرێت.
٤) ڕاكشان پاش ئەنجامدانی سوننەتی بەیانی
زانایان ڕاجیاوازن سەبارەت بە حوكمی ڕاكشان پاش ئەنجامدانی سوننەتی بەیانی و دوو بۆچوونیان هەیە لەو بارەیەوە:
بۆچوونی یەكەم: ڕاكشان سوننەتە( 1) لە پاش ئەنجامدانی سوننەتی بەیانی( 2) و ئەمەش مەزهەبی شافعیەكان( 3) و حەنبەلیەكان (علی الاصح) و وتەی كۆمەڵێكیشە لە سەلەف.
بۆچوونی دووەم: ڕاكشان دوای سوننەتی بەیانی مەشروع نییە وئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان و مالیكیەكان و ڕیوایەتێكە لە ئەحمەدەوە و وتەی كۆمەڵێكە لە سەلەف و وتەی زۆرینەی زانایانە و وتەی پەسەندكراوی ابن بەتتاڵ و فەتوای لیژنەی هەمیشەیی فەتوایشە.
• شەشەم: سوننەتی نیوەڕۆ
پێشتر باسی كرا ئەم سوننەتە چوار ڕكاتە و لە پێش نوێژی فەرزی نیوەڕۆ دەكرێت و لەپاشیەوە دوو ڕكاتیش هەیە.
• حەوتەم: سوننەتی عەسر
نوێژی عەسر هیچ سوننەتێكی ڕاتبەی نییە، ئەگەرچی دەكرێت لە پێشیەوە نوێژ بكرێت و ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە(4 ).
• هەشتەم: سوننەتی مەغریب
١) ئەو سوننەتەی لە پێش مەغریب دەكرێت
سوننەتە پێش نوێژی مەغریب دوو ڕكات سوننەت بكرێت بەڵام ڕاتبە نییە وئەمەش مەزهەبی شافعیەكانە (علی الصحیح) و هەندێ لە حەنەفیەكان و زاهیریەكان و ڕیوایەتێكە لە ئەحمەدەوە و وتەی فەرموودەناسان و كۆمەڵێك لە سەلەف و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە و ابن القیم و ابن حجر وصەنعانی وشەوكانی وابن باز وئەلبانی وابن عوسەیمینە.
٢) ئەو سوننەتەی لە پاش مەغریبەوە دەكرێت
پێشتر باسی لێوەكرا لە باسی ژمارەی سوننەتە ڕەواتبەكان، كە دوو ڕكاتە.
٣) ئەوەی دەخوێنرێت لە سوننەتی مەغریبدا
سوننەتە لەو دوو ڕكاتەدا {قل ياأيها الكافرون}و{ قل هو الله أحد} بخوێنرێت و ئەمەش مەزهەبی شافعیەكان و حەنبەلیەكانە و زانایانی مالیكی دەقیان لەسەری هەیە و وتەی پەسەند كراوی ابن القیم و ابن باز وابن عوسەیمینە.
٤) حوكمی نوێژی سوننەت لە نێوان مەغریب و عیشادا
نوێژی سوننەت لەنێوان مەغریب و عیشادا ڕێگەپێدراوە بكرێت و ئەمەش بەیەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە(5 ) و وتەی كۆمەڵێكیشە لە سەلەف.
• نۆیەم: سوننەتی عیشا
پێشتر ئاماژەی بۆ كرا كە دوو ڕكاتە و لە دواى عیشا دەکرێت.
• دەیەم: سوننەتی هەینی
١) نوێژی سوننەت لە ڕۆژی هەینیدا پێش لاربوونەوەی خۆر
ئەنجام دانی نوێژی سوننەت پێش لاربوونەوەی خۆر ڕێگەپێدراوە و مالیكیەكان دەقیان لەسەری هەیە وشافعیەكان و حەنبەلیەكانیش.
٢) نوێژی سوننەت لە ڕۆژی هەینیدا پاش لاربوونەوەی خۆر
ئەنجام دانی نوێژی سوننەت پاش لاربونەوەی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان وپێش هاتنی ئیمام بۆ سەر مینبەر دروست و ڕێگەپێدراوە و پێشەوا ابن رجب یەكدەنگی زانایانی لەسەر هێناوە.
٣) نوێژ لە كاتی وەستانی خۆر لەناوەڕاستی ئاسماندا لە ڕۆژی هەینیدا
زانایان لەو بارەیەوە ڕاجیاوازن و دوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەكەم: ئەوە كاتی نەهیە وەكو ڕۆژەكانی تر وئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان و حەنبەلیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن عوسەیمینە.
بۆچوونی دووەم: ئەو كاتەی لە ڕۆژی هەینیدا نەهی لێكراو نییە، وئەمەش مەزهەبی مالیكیەكان( 6) و (أصح) لە مەزهەبی شافعیەكان و وتەی أبی یوسفە لە حەنەفیەكان و وەجهێكە لای حەنبەلیەكان و وتەی كۆمەڵێكە لەسەلەف و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە و ابن القیم وصەنعانی و ابن بازە.
٤) ئایا هەینی سوننەتی ڕاتبەی هەیە لە پێشەوە
هەینی هیچ سوننەتێكی ڕاتبەی نییە كە لە پێشەوە ئەنجام بدرێت و ئەمەش مەزهەبی مالیكیەكان( 7) و حەنبەلیەكان و زۆرینەی ئوممەت و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە و ابن القیم و ابن حجری عەسقەلانیە.
٥) سوننەتی پاش نوێژی هەینی
زانایان ڕاجیاوازن سەبارەت بە دیاری كردنی ژمارەی ڕكاتەكانی ئەو سوننەتەی كە لەپاش نوێژی هەینی دەكرێت وسێ بۆچوونی لەسەرە:
بۆچوونی یەكەم: ئەو سوننەتەی لە دوای نوێژی هەینیەوە دەكرێت چوار ڕكاتە و ئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان و شافعیەكان( 8) و وتەی كۆمەڵێكە لە سەلەف و وتەی پەسەندكراوی ابن المونزیر وصەنعانیە.
بۆچوونی دووەم: كەسەكە سەرپشكە لەوەی دوو ڕكات دەكات یاخود چوار ڕكات و ئەمەش ڕیوایەتێكە لە ئەحمەدەوە و وتەی ابن باز و ابن عوسەیمینە.
ئەگەر لە مزگەوت ئەو سوننەتەی كرد ئەوا چوار ڕكات دەكات و ئەگەریش لەماڵەوە كردی ئەوا دوو ڕكات دەكات و ئەمەش وتەی إسحاقی كوڕی ڕاهەوەی و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە و ابن القیم و فەتوای لیژنەی هەمیشەییشە.
• یازدەیەم: حوكمی قەزاكردنەوەی سوننەتی ڕەواتب
١) حوكمی قەزاكردنەوەی سوننەتی ڕەواتب لە جگە لەكاتە نەهی لێكراوەكان
مەشروع و ڕێگەپێدراوە كە سوننەتە ڕەواتبەكان قەزا بكرێنەوە بەڵام لە جگە لە كاتە نەهی لێكراوەكان وئەمەش مەزهەبی شافعیەكان و حەنبەلیەكان و ابن تیمیە پاڵپشتی ئەم بۆچونەی كردووە و هەروەها وتەی پەسەندكراوی ابن القیم و ابن عوسەیمینە(9).
٢) قەزاكردنەوەی سوننەتی ڕەواتب لەكاتە نەهی لێكراوەكاندا
ئەوانەی ڕێگە دەدەن بە قەزاكردنەوەی سوننەتی ڕەواتب(10) لەكاتە نەهی لێكراوەكاندا و بەدروستی دەزانن ڕاجیاوازن بۆ چەندین بۆچوون بەڵام دیارترینیان دوو بۆچوونە:
بۆچوونی یەكەم: سوننەتە ڕەواتبەكان لەكاتە نەهی لێكراوەكانیشدا قەزادەكرێنەوە و ئەمەش مەزهەبی شافعیەكان و ڕیوایەتێكە لە ئەحمەدەوە و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیەیە.
بۆچوونی دووەم: سوننەتە ڕەواتبەكان لەكاتە نەهی لێكراوەكاندا قەزاناكرێنەوە و ئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەكانە(11).
• دوازدەیەم: شەونوێژ
١) حوكمی شەونوێژ
شەونوێژ سوننەتە(12)، و پێشەوا ابن عبدالبر و نەوەوی و ابن حەزم و ابن حجر یەكدەنگی زانایانیان باس كردووە لەسەر ئەوەی كە شەونوێژ سوننەتە لەسەر هەموو ئوممەت.
٢) ژمارەی ڕكاتەكانی شەونوێژ
شەونوێژ ژمارەیەكی دیاری كراوی نییە بەشێوەیەك كە لێی كەم نەكرێت و لێیشی زیاد نەكرێت و بابەتەكە فراوانی تێدایە(13) و ابن عبدالبر وقازی عیاز والعراقی یەكدەنگیان لەسەر هێناوە لەوبارەیەوە.
٢) شێواز وسیفەتی شەونوێژ
شەونوێژ دوو ڕكات دوو ڕكاتە و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان وشافعیەكان و حەنبەلیەكان و وتەی أبی یوسف و موحەممەدە لە حەنەفیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن باز و ابن عوسەیمینە.
٣) كاتی شەونوێژ
باسی ئەم بابەتە لەكاتی باس كردنی " كاتی نوێژی ویتردا " دێت.
٥) ئەوەی پێش شەونوێژ سوننەتە
موستەحەبە بۆ ئەو كەسەی كە هەڵدەسێت بۆ شەونوێژ سەرەتا دەست بهێنێت بەدەموچاویدا و سیواك بكات و زیكری خوا بكات.
٦) ئەنجام دانی دوو ڕكاتی سووك لەكاتی دەستپێكی شەونوێژدا
موستەحەبە بۆ ئەو كەسەی دەیەوێ شەونوێژ بكات سەرەتا بە دوو ڕكاتی سووك دەست پێ بكات.
٧) حوكمی شەونوێژ كردنی هەموو شەوەكە
سوننەت نییە هەموو شەوەكان شەونوێژ بكرێت بەبەردەوامی و ئەمەش بەدەق هاتووە لای مالیكەكان وشافعیەكان و حەنبەلیەكان.
٨) حوكمی ئەو كەسەی كە شەونوێژی لەدەست دەردەچێت
ئەو كەسەی كە شەونوێژی لەدەست دەردەچێت ئەوا دەتوانێت لە ڕۆژدا بیكاتەوە، حەنبەلیەكان دەقیان لەسەری هەیە و وتەی پەسەندكراوی ابن العربیە لە مالیكیەكان و هەروەها ابن تیمیە و ابن القیم وشەوكانی و ابن باز وابن عوسەیمینە.
٩) تایبەت كردنی شەوی هەینی بە شەونوێژ
لەكاتی باس كردنی نوێژی هەینیدا باسی ئەم بابەتە دێت.
• سیازدەیەم: نوێژی تەراویح
١) پێناسەی تەراویح
وشەی "التراويح " كۆیە و تاكەكەی بریتیە لە " الرّاحة " لە زمانی عەرەبیدا دەوترێت: روّحتُ بالقوم ترويحاً أي صلّيتُ بهم التراويح واتە نوێژی تەراویحم پێیان كرد وە بۆیە بەو ناوەوە ناو نراوە چونكە خەڵكی چوار ڕكاتی درێژیان دەكرد و پاشان پشوویان دەدا و ئەنجا چوار ڕكاتی تریان دەكرد و دیسانەوە پشوویان دەدا و لەكۆتاییدا سێ ڕكاتیان دەكرد.
وشەی " التراويح " لە زاراوەی زانایانیشدا بریتیە لە هەستان بۆ نوێژ لە شەوانی مانگی رەمەزاندا.
٢) حوكمی نوێژی تەراویح
نوێژی تەراویح سوننەتێكی جەخت لەسەر كراوە " موئەكەدە" و پێشەوا نەوەوی و شیخی زادە و صەنعانی یەكدەنگی زانایانیان لەم بارەیەوە باس كردووە.
٣) حوكمی نوێژی تەراویح لە مزگەوت بە كۆمەڵ
ئەنجام دانی نوێژی تەراویح لە مزگەوتدا بە كۆمەڵ باشتر و خێرتر لەوەی كەسێك بۆ خۆی بەتەنها بیكات و پێشەوا ابن عبدالبر و ابن قدامە و جگە لەوانیش یەكدەنگیان لەسەری هێناوە.
٤) كاتی نوێژی تەراویح
سوننەتە تەراویح دوای نوێژی عیشا ئەنجام بدرێت و پێشوا ابن تیمیە یەكدەنگی زانایانی سەلەفی لەسەر ئەمە باس كردووە.
٥) ژمارەی ڕكاتەكانی تەراویح
پێشتر باسی ئەم بابەتە كرا لە باسی ژمارەی ڕكاتەكانی شەونوێژدا.
٦) قورئان خوێندنی ناو نوێژی تەراویح
قورئان خوێندن لە نوێژی تەراویحدا سنور و ڕێژەیەكی دیاری كراوی بۆ نییە و موستەحبە هەموو قورئان بخوێنرێت(14).
٧) دەنگ بەرزكردنەوە لە قورئان خوێندندا لە تەراویح
سوننەتە دەنگ بەرزبكرێتەوە لەكاتی قورئان خوێندن لە نوێژی تەراویحدا و نەوەوی یەكدەنگی لەسەری هێناوە.
• چواردەیەم: نوێژی ویتر
١) حوكمی نوێژی ویتر
نوێژی ویتر سوننەتێكی جەخت لەسەر كراوە و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان و شافعیەكان و حەنبەلیەكان(15 )و ڕیوایەتێكە لە أبی حەنیفە و وتەی أبو یوسف و محمدی كوڕی حەسەنە لە حەنەفیەكان و وتەی زۆرینەی زانایانە.
٢) سەرەتا و كۆتا كاتی نوێژی ویتر
سەرەتای كاتی نوێژی ویتر بریتیە لە دوای نوێژی عیشا و كۆتا كاتیشی بریتیە لە دەرچوونی فەجر وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان و شافعیەكان و حەنبەلیەكان و وتەی أبو یوسف و محمدی كوڕی حەسەنە لە حەنەفیەكان.
٣) باشترین كاتی نوێژی ویتر
دوابەشی شەو باشترین كاتە بۆ نوێژی ویتر بۆ كەسێك كە نیەتی هەیە و دەیەوێ كۆتایی شەو هەستێت، وە سەرەتای شەویش باشترە بۆ كەسێك كە ترسی ئەوەی هەبێت بەخەبەر نەیەت و ئەمەش بەیەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
٤) ئەنجام دانی نوێژی ویتر بەیەك ڕكات
دروستە یەك ڕكات نوێژی ویتر بكرێت و بەجیا لەوەی پێش خۆی و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان(16) و شافعیەكان و حەنبەلیەكان و وتەی كۆمەڵێكیشە لە سەلەف.
٥) ئەنجام دانی نوێژی ویتر بە سێ ڕكات پێكەوە بەیەك تەحیات
دروستە نوێژی ویتر بەسێ ڕكات بكرێت پێكەوە و ئەمەش مەزهەبی شافعیەكان و حەنبەلیەكان و وتەی كۆمەڵێكە لە سەلەف و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە و ابن باز و ابن عوسەیمینە.
٦) ئەنجام دانی نوێژی ویتر بە سێ ڕكات پێكەوە بە دوو تەحیات
مەشروع و ڕێگەپێدراو نییە نوێژی ویتر وەكو نوێژی مەغریب بكرێت و ئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەكان و وەجهێكە لای شافعیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن باز و ابن عوسەیمینە.
٧) ئەنجام دانی نوێژی ویتر بە پێنج ڕكات و بە حەوت و بە نۆ
دروستە بە پێنج ڕكات بكرێت بەسەر یەكەوە دانەنیشێت لە كۆتاییەكەیدا نەبێت، هەروەها دروستیشە بە حەوت ڕكات بكرێت پێكەوە بەسەر یەكەوە و تەنها لە كۆتاییەكەیدا دابنیشێت بۆ تەحیات وە دەشتوانێت لە شەشەم ڕكاتدا دابنیشێت بۆ تەحیات و پاشان هەستێت بۆ حەوتەم ڕكات و پاشان دابنیشێت بۆ تەحیات و دواتر سەلام بداتەوە، وەهەروەها نۆ ڕكاتیش پێكەوە هەشت دەكات وپاشان دادەنیشێت بۆ تەحیات و پاشان هەڵدەسێت بۆ نۆیەم و دادەنیشێت بۆ تەحیات و كەتەواو بوو سەلام دەداتەوە وئەمەش مەزهەبی شافعیەكان(17) و وەجهێكە لای حەنبەلیەكان(18) و وتەی پەسەند كراوی ابن بازە.
٨) قورئان خوێندن لە نوێژی ویتردا
سوننەتە لە ڕكاتی یەكەمدا سورەتی "الاعلی" بخوێنرێت و لەڕكاتی دووەمدا سورەتی "الكافرون" بخوێنرێت و لە سێیەمیشدا سورەتی "الإخلاص" بخوێنرێت وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكەكان(19) و شافعیەكان(20) و حەنبەلیەكان و لای حەنەفیەكانیش جارجار بەچاكی دەزانن(21).
٩) دەنگ بەرز كردنەوە و نزم كردنەوەی لە قورئان خوێندنی ناو نوێژی ویتردا
باسی ئەم بابەتە دێت لە باسی دەنگ بەرزكردنەوە و نزم كردنەوە لە نوێژی سوننەتدا.
١٠) كەسێك لەسەرەتا شەوەوە ویتر دەكات و پاشان هەڵدەسێت لەكۆتاییدا و دەیەوێ نوێژ بكات
كەسێك لەسەرەتای شەوەوە ویتر دەكات و پاشان شەو بەخەبەر دێتەوەو دەیەوێ شەونوێژ بكات ئەوا دەتوانێت هەرچەندی بوێ نوێژ بكات بەڵام جووت بێ و ویترەكەی تێك نەدات(22)، و ئەمەش بەیەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
1١) كەسێك لەگەڵ ئیمامدا نوێژ دەكات و حەزدەكات ویترەكەشی لەگەڵ بكات و حەزیش دەكات ویترەكەی لە كۆتایی شەودا بكات
لەم حاڵەتەدا كەسەكە لەگەڵ ئیمامدا سەلام ناداتەوە و بەڵكو هەڵدەسێت یەك ڕكاتی تر دەكات بۆ ئەوەی نوێژەكەی جووت بێت لەگەڵ ئیمامدا و ئەمەش پێشەوا ئەحمەد دەقی لەسەر هەیە و وتەی ابن باز و ابن عوسەیمینە.
1٢) قەزاكردنەوەی نوێژی ویتر
ئەوەی نوێژی ویتری لەدەست دەربچێت ئەوا قەزا ناكرێتەوە و ئەمەش مەزهەبی مالیكیەكان(23) و وتەی كۆنی شافعیە و ڕیوایەتێكە لە ئەحمەدەوە و وتەی كۆمەڵێكە لە سەلەف و لەزۆربەی زانایانیشەوە گێڕدراوەتەوە و وتەی پەسەندكراوی ابن عبدالبر و ابن تیمیەیە.
• پازدەیەم: قنوت لە ویتردا
١) پێناسەی قنوت
قنوت لە زماندا بە دوعا، وەستان، ملكەچی، بێ جوڵەیی، بێ دەنگی، خواپەرستی، نوێژ، خشوع، تاعەت، نوێژ درێژی بەهەموو ئەمانە دەوترێت، بەڵام بنچینەی ووشەی ( قنت) بە تاعەت و خێر دێت لە دیندا.
قنوت لە زاراوەی زانایاندا: بریتیە لە دوعا كردن لە نوێژدا لە شوێنێكی دیاری و تایبەت كراودا لەكاتی وەستاندا.
٢) حوكمی قنوت لە نوێژی ویتردا
قنوت لە ویتردا مەشروع و ڕێگەپێدراوە و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە(24): حەنەفیەكان( 25) و شافعیەكان( 26) و حەنبەلیەكان( 27) و ریوایەتێكە لە مالیكەوە( 28).
٣) كاتی قنوتی ویتر
قنوت خوێندن لە ویتردا لە هەموو ساڵەكەدا( 29) دروستە و ئەمەش مەزهەبی حەنەفیەكان و حەنبەلیەكان و وەجهێكە لای شافعیەكان و نەوەوی پشتگیری دەكات و وتەی كۆمەڵێكە لە سەلەف و وتەی پەسەندكراوی ابن حەزم وابن باز وابن عوسەیمین وئەلبانییە.
٤) ئامین كردن لە پشت ئیمامەوە لە قنوتی ویتردا
دروست و ڕێگەپێدراوە كە ئامین بكرێت لە قنوتی ویتردا و ئەمەش مەزهەبی شافعیەكان و حەنبەلیەكان و وتەیەكە لای حەنەفیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن عوسەیمین و لیژنەی هەمیشەیی فەتوایە.
٥) شوێنی خوێندنی قنوت لە نوێژی ویتردا
شوێنی خوێندنی قنوت لە نوێژی ویتردا بریتیە لە هەستانەوە لە ڕكوعی دوا ڕكات واتە دوای ڕكوع و پێش ڕكوعیش هەر دروستە وئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەكانە(30 ) و وتەی كۆمەڵێكە لە سەلەف و وتەی فەرموودەناسان و وتەی پەسەندكراوی ابن حجر و ابن باز وابن عوسەیمینە.
٦) ئەو دوعایانەی كە هاتوون لە دوعای قنوتدا
- اللَّهُمَّ اهدني فِيمَن هديت وَعَافنِي فِيمَن عافيت وتولني فِيمَن توليت وَبَارك لي فِيمَا أَعْطَيْت وقني شَرَّ مَا قَضَيْتَ فَإِنَّكَ تَقْضِي وَلَا يُقْضَى عَلَيْك أَنه لَا يذل من واليت تَبَارَكت رَبَّنَا وَتَعَالَيْتَ.
- اللهم إني أعوذ برضاك من سخطك وبمعافاتك من عقوبتك وأعوذ بك منك لا أحصي ثناء عليك أنت كما أثنيت على نفسك.
- اللهم قاتل الكفرة الذين يصدون عن سبيلك، ويكذبون رسلك، ولا يؤمنون بوعدك، وخالف بين كلمتهم، وألق في قلوبهم الرعب، وألق عليهم رجزك وعذابك، إله الحق ، ثم يصلي على النبي صلى الله عليه وسلم، ويدعو للمسلمين بما استطاع من خير، ثم يستغفر للمؤمنين.
ثم يقول : "اللهم إياك نعبد، ولك نصلي ونسجد، وإليك نسعى ونحفد، ونرجو رحمتك ربنا، ونخاف عذابك الجد، إن عذابك لمن عاديت مُلْحَقٌ".
- اللهم اغفر للمؤمنين والمؤمنات، والمسلمين والمسلمات، وألف بين قلوبهم، وأصلح ذات بينهم، وانصرهم على عدوك وعدوهم، اللهم العن كفرة أهل الكتاب، الذين يكذبون رسلك ويقاتلون أولياءك، اللهم خالف بين كلمتهم، وزلزل أقدامهم، وأنزل بهم بأسك الذي لا ترده عن القوم المجرمين، بسم الرحمن الرحيم، اللهم إنا نستعينك و نستغفرك، ونثني عليك، ولا نكفرك، ونخلع ونترك من يفجرك، بسم الله الرحمن الرحيم، إياك نعبد، ولك نصلي ونسجد، وإليك نسعى ونحفد، نرجو رحمتك ونخاف عذابك، إن عذابك الجد بالكفار ملحِق.
٧) دەست بەرز كردنەوە لە دوعای قنوتدا
موستەحەبە دەستەكان بەرزبكرێنەوە لەكاتی دوعای قنوتدا وئەمەش مەزهەبی شافعیەكانە (علی الصحیح) و حەنبەلیەكان و ڕیوایەتێكە لە أبی یوسفەوە وتەی كۆمەڵێكە لە سەلەف و وتەی پەسەندكراوی ابن باز و ابن عوسەیمین وئەلبانیە.
8) مەسح كردنی دەموچاو بەدەست دوای تەواوبوونی دوعای قنوت
مەشروع و ڕێگەپێدراو نییە كە دەستەكان بهێنرێن بەدەموچاودا ومەسح بكرێت لە دوای تەواوبوونی دوعای قنوت وئەمەش مەزهەبی شافعیەكانە (علی الصحیح) و دەقی لەسەر لای مالیكیەكان و وتەیەكی أبی حەنیفەیە و ڕیوایەتێكە لە ئەحمەدەوە وتەی كۆمەڵێكە لە سەلەف و وتەی پەسەندكراوی ئاجوری وابن تیمیە وابن باز وابن عوسەیمینە.
٩) صەڵاوات دان لەسەر پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم لەدوای تەواوبوونی دوعای قنوت
سوننەتە صەڵاوات لەسەر پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم بدرێت لە دوای تەواوبوونی دوعای قنوت و ئەمەش صەحیحە لە مەزهەبی شافعیەكان و حەنبەلیەكان و وتەیەكیشە لای حەنەفیەكان.
١٠) ئەوەی دەبێت لێی دووربكەویتەوە لە دوعای قنوتدا
ئیمام دەبێت لەچەند شتێك دووربكەوێتەوە لە دوعای قنوتدا، لەوانە:
- زێدەڕۆیی كردن لە دەنگ بەرزكردنەوە لە دوعادا.
- دەنگ بەرزكردنەوە لەكاتی گریاندا.
- درێژكردنەوەی دوعای قنوت.
- دوعای خەتمی قورئان لە نوێژدا
لەكاتی تەواوكردنی خەتمی قورئاندا هیچ دوعایەك نەشەرعێنراوە بكرێت لە نوێژدا وئەمەش مەزهەبی مالیكیەكان و وتەیەكە لای حەنەفیەكان و وتەی پەسەندكراوی ئەلبانی و ابن عوسەیمینە.
1٢) ئەوەی لە دوای ویتر دەوترێت
سوننەتە لە دوای سەلام دانەوە لە ویتر بووترێت: سبحان الملك القدوس، سبحان الملك القدوس، سبحان الملك القدوس ولە سێیەم جاریاندا دەنگ بەرزبكاتەوە.
• شازدەیەم: نوێژی چێشتەنگاو
١) پێناسەی نوێژی چێشتەنگاو
نوێژی چێشتەنگاو: بریتیە لە نوێژێك كەلە كاتی سەرەتا ڕۆژدا ئەنجام دەدرێت.
٢) حوكمی نوێژی چێشتەنگاو
ئەم نوێژە موستەحەبە و ئەمەش بەیەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە(31 ).
٣) نوێژی (إشراق)
ئەم جۆرە نوێژە هەر نوێژی چێشتەنگاوە بەڵام لەسەرەتای كاتەكەیە، و ئەمەش وتەی پەسەندكراوی الطّيبـيِّ و وابن حجر و الهیتمی و الرملی و ابن باز و ابن عوسەیمینە.
٤) كاتی نوێژی چێشتەنگاو
كاتی نوێژی چێشتەنگاو بەبەرزبوونەوەی خۆر دەست پێ دەكات بەئەندازەی ڕمێك( 32) لەدوای دەرچوونیەوە هەتا وەستانی خۆر لەناوەڕاستی ئاسمان پێش ئەوەی لاربێتەوە(33 ) بەلای ڕۆژئاوادا و زانایانی حەنەفی و مالیكی وحەنبەلی دەقیان لەسەر ئەمە هەیە و شافعیەكانیش لە یەكێك لە بۆچوونەكەیاندا ئەمە هەڵدەبژێرن.
٥) باشترین كاتی نوێژی چێشتەنگاو
باشترین كات بۆ ئەنجام دانی نوێژ چێشتەنگاو بریتیە لەو كاتەی كە خۆر بەرزە و گەرمیەكەی توند دەبێت وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و شافعیەكان و حەنبەلیەكان.
٦) كەمترین ژمارەی ركاتەكانی نوێژی چێشتەنگاو
كەمترین ژمارەی ڕكاتەكانی بریتیە لە دوو ڕكات وئەمەش بەیەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
٧) زۆرترین ژمارەی ڕكاتەكانی نوێژی چێشتەنگاو
زانایان لەم بارەیەوە ڕاجیاوازن بۆ چەند وتەو بۆچوونێك، كەبەهێزترینیان دووانن:
بۆچوونی یەكەم: زۆرترین ژمارەی ڕكاتەكانی بریتیە لە هەشت ڕكات وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان وشافعیەكان (علی المعتمد) و حەنبەلیەكان.
بۆچوونی دووەم: زۆری ژمارەی ڕكاتەكانی سنوری نییە و ئەمەش وتەی پەسەندكراوی ابن جریری تەبەری و ابن باز و ابن عوسەیمینە.
• حەڤدەیەم: نوێژی (التسبیح)
نوێژی التسبیح نەشەرعێنراوە(34 ) و ئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەكان و وتەیەكی حەنەفیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن العربی و ابن حجری عسقلانی و ابن تیمیە و شەوكانی وابن باز وابن عوسەیمینە.
• هەژدەیەم: نوێژی (تحية المسجد)
١) حوكمی ئەم نوێژە
سوننەتە بۆ كەسێك كە دەچێتە ناو مزگەوتەوە ئەم نوێژە بكات كە دوو ڕكاتە وئەمەش بەیەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
٢) كەسێك نوێژی فەرز بكات ئەوا نوێژی (تحية المسجد)ی لەسەر دەكەوێ
هەركەس چووە ناو مزگەوتەوەو قامەت كرابوو بۆ نوێژ یان ئیمامی بینی لەناو نوێژدایە ئەوا نابێت سەرقاڵ بێت بە نوێژی (تحية المسجد)ەوە و لەسەری دەكەوێ( 35) و هەریەك لە ابن تیمیە و ابن حجر یەكدەنگیان لەسەری گێڕاوەتەوە.
٣) دروستێتی ئەنجام دانی دوو ڕكات بۆ كەسێك كە دابنیشێت پێش ئەوەی نوێژ بكات
تحیە المسجد ناكەوێ لەسەر كەسێك كە دابنیشێت وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان و حەنبەلیەكان(36 ).
٤) كەسێك دەچێتە ناو مزگەوتی حەرام و تەواف دەكات
هەركەس بچێتە ناو مزگەوتی حەرامەوەو تەواف بكات ئەوا تەوافەكەی بە تحیە المسجد بۆی هەژمار دەكرێت و ئەمەش بە یەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە( 37).
٥) كەسێك دەچێتە ناو مزگەوتی حەرامەوە نەوەك بۆ تەواف
هەركەس چووە ناو مزگەوتی حەرامەوە بۆ شتی تری وەكو نوێژ و خوێندنی عیلم وەكو نمونە نەوەك بۆ تەواف ئەوا دەبێت دانەنیشێت هەتا دوو ڕكات نوێژ دەكات وئەمەش وتەی حەنەفیەكان و مالیكیەكان و وتەی پەسەندكراوی ابن عوسەیمین و لیژنەی هەمیشەیی فەتوایە.
٦) تحیە المسجد لەكاتە نەهی لێكراوەكاندا
باسی ئەم بابەتە دێت لە باسی نوێژە هۆكاردارەكان لە كاتە نەهێ لێكراوەكان.
• نۆزدەیەم: نوێژی سوننەت لەنێوان بانگ وقامەت
نوێژی سوننەت شەرعێنراوە لەنێوان هەموو بانگ و قامەتێكدا(38 ) و ابن بەتتاڵ و ابن حجر یەكدەنگیان باس كردووە لەسەر سوننەتێتی ئەنجام دانی دوو ڕكات لەنێوان هەموو بانگ و قامەتێكدا جگە لە مەغریب چونكە ڕاجیاوازن تێیدا.
• بیستەم: نوێژی ئیستیخارە
١) پێناسەی ئیستیخارە
ئیستیخارە لە ڕووی زمانەوانیەوە: بریتیە لە داواكردنی خێر لە شتێكدا.
ئیستیخارە لە ڕووی شەرعەوە: هیممەت كۆكردنەوەو ئاڕاستەكردنی بۆ لای ئەو شتەی كە پەسەند و هەڵبژێردراوە لەلایەن خوای گەورە(39 ) ئەوەش بە نوێژ و دوعا لەنوێژی ئیستیخارەدا.
٢) حوكمی نوێژی ئیستیخارە
نوێژی ئیستیخارە سوننەتە وئەمەش بەیەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
٣) ئەنجام دانی نوێژی ئیستیخارە لە كاتە نەهی لێكراوەكاندا
ئەم نوێژە لەكاتە نەهی لێكراوەكاندا( 40) ئەنجام نادرێت وئەمەش بەیەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
٤) كات وشوێنی دوعاكە لە نوێژی ئیستیخارەدا
دوعاكردن لە نوێژی ئیستیخارەدا لە دوای تەحیات و پێش سەلام دانەوە دەبێت و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان و شافعیەكان و حەنبەلیەكان.
٥) دووبارەكردنەوەی نوێژی ئیستیخارە
ئەگەر كەسەكە هیچ شتێكی بۆ یەكلا نەبوویەوە ئەوا بۆی هەیە نوێژەكە دووبارە بكاتەوە وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان و شافعیەكان.
٦) شێوازی دوعای إستیخارە
اللَّهُمَّ إِنِّي أَسْتَخِيرُكَ بِعِلْمِكَ وَأَسْتَقْدِرُكَ بِقُدْرَتِكَ وَأَسْأَلُكَ مِنْ فَضْلِكَ الْعَظِيمِ فَإِنَّك تَقْدِرُ وَلَا أقدر وَتعلم وَلَا أعلم وَأَنت علام الغيوب اللَّهُمَّ إِنَّ كُنْتَ تَعْلَمُ أَنَّ هَذَا الْأَمْرَ خَيْرٌ لِي فِي دِينِي وَمَعَاشِي وَعَاقِبَةِ أَمْرِي - أوقال فِي عَاجِلِ أَمْرِي وَآجِلِهِ - فَاقْدُرْهُ لِي وَيَسِّرْهُ لِي ثُمَّ بَارِكْ لِي فِيهِ وَإِنْ كُنْتَ تَعْلَمُ أَنَّ هَذَا الْأَمْرَ شَرٌّ لِي فِي دِينِي وَمَعَاشِي وَعَاقِبَةِ أَمْرِي - أَوْ قَالَ فِي عَاجِلِ أَمْرِي وَآجِلِهِ - فَاصْرِفْهُ عَنِّي وَاصْرِفْنِي عَنْهُ وَاقَدُرْ لِيَ الْخَيْرَ حَيْثُ كَانَ ثُمَّ أَرْضِنِي بِهِ ". «ويسمي حَاجته» .
• بیست و یەكەم: نوێژی تەوبە
ئەم نوێژە ڕێگەپێدراوە و ڕەوا دراوە لە كاتی ئەنجام دانی تاوانێكدا وئەمەش بەیەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.
• بیست و دووەم: ئەنجام دانی دوو ڕكات دوای دەستنوێژ
ئەم جۆرە نوێژەش موستەحەبە و دەقی لەسەرە لای حەنەفیەكان و شافعیەكان( 41) و حەنبەلیەكان و وتەی قازی عیازە لەمالیكیەكان وابن تیمیە وابن باز وابن عوسەیمینە.
(1) هەندێ لە سەلەف پەیوەستیان كردووە بە ماڵەوە نەوەك مزگەوت, ابن حجر دەڵێت: " هەندێ لە سەلەف ئەو ڕاكشانەیان بە سوننەت داناوە لە ماڵەوە نەوەك مزگەوت و ئەوەش لە ابن عومەرەوە دەگێڕنەوە و هەندێ لە شەیخەكانمان پاڵپشتی ئەو بۆچوونە دەكەن بەوەی كە ئەم كارە نەهاتووە لە پێغەمبەری خواوە صلى الله عليه وسلم كە كردبێتی لە مزگەوتدا, وە بەصەحیحی هاتووە لە ابن عومەرەوە بەوەی كە هەركەس ڕاكشایە لەناو مزگەوتدا دوای سوننەتی بەیانی وردە بەردی تێدەگرت, أخرجە ابن أبی شیبە" (فتح الباری 3/44).وە پرسیار كرا لە شێخ ابن باز : ئایا ڕاكشان دوای سوننەتی بەیانی لە مزگەوتدا دەبێت یان لە ماڵەوەدا؟ ئەویش لە وەڵامدا وتی: " نەخێر, ئەوە لە ماڵەوەدا دەبێت و لەمزگەوتدا ڕاناكشێت" (مسائل ابن باز رحمه الله – المجموعة الثانية) لعبدالله الروقي ص:34.
(2) هەندێ لە ئەهلی عیلم ئەم ڕاكشانە تایبەت دەكەن بە كەسێك كە شەونوێژی كردبێت.
(3) لای شافعیەكان سوننەتە دوای سوننەتی بەیانی ڕابكشێت پێش فەرزەكە, ئەگەریش نەیكرد ئەوا لێك جوودا بكرێنەوە.
(4) سوننەتی ڕەواتبی جەخت لەسەركراو لای شافعیەكان ژمارەیان دە ڕكاتە و نوێژی عەسریش هیچ سوننەتێكی نییە لەوانە هەرچەندە لەڕیزی سوننەتی ڕەواتبە نەك جەخت لەسەر كراو(موئەكەدە).
(5) ڕاجیاوازی هەیە لەسەر دیاری كردنی ژمارەی ڕكاتەكانی.
(6) ئەم كاتە لای مالیكیەكان لە هەموو ڕۆژەكاندا نەهی لێكراو نییە.
(7) مالیكەكان ناوی هیچ سوننەتێكی ڕاتبەیان نەهێناوە وەكو ڕاتبەی پێشی هەینی و هەروەها هیچ ڕاتبەیەكی تر دیاری ناكەن جگە لە ڕاتبەی بەیانی نەبێت.
(8) لای شافعیەكان سوننەتە چوار ڕكات لە پاش هەینیەوە بكرێت و دووانیان موئەكەدەن.
(9) ابن عوسەیمین پەیوەستی كردووە بەوەی كە نەكردنەكە بە ئەنقەست نەبێت و بەهۆی عوزرێكەوە بێت.
(10) ئەوانەش بریتین لە شافعیەكان و حەنبەلیەكانن.
(11) زۆرینەی زانایان لە حەنەفیەكان و مالیكیەكان و حەنبەلیەكان ئەوە پەسەند دەكەن كە هەموو ئەو سوننەتانەی كە هۆكاریان هەیە بە گشتی قەزاناكرێنەوە لەكاتە نەهی لێكراوەكاندا.
(12) پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم جاری وا هەبووە لە نیوەشەودا هەستاوە, یان كەمێك پێش ئەوە یان دوای ئەوە, یاخود جاری وا هەبووە بە دەنگی كەڵەشێر هەستاوە كەلە نیوەی دووەمی شەودا دەنگی هاتووە.
(13) زانایان ڕاجیاوازن سەبارەت بە دیاری كردنی ئەوەی كە كامە باشترینیانە: هەندێكیان بۆ ئەوە چوون كە یازدە ڕكات یان سیازدە ڕكات بەڵام درێژكردنەوەیان لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی زانایان دەڵێن ژمارەی ڕكاتەی ڕكاتەكانی شەونوێژ بیست ڕكاتە.
(14) ابن تیمیە دەڵێت: " قورئان خوێندن لە تەراویحدا موستەحەبە بە یەكدەنگی زانایانی موسڵمانان, بەڵكو لە گەورەترین مەبەستەكانی تەراویح بریتیە لە قورئان خوێندن تێیدا بۆ ئەوەی قورئان بدرێت بەگوێی موسڵماناندا, چونكە ڕەمەزان ئەو مانگەیە كە قورئانی تێدا دابەزیوە وە هەروەها پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم قورئانی دەخوێند بەسەر جبریلدا لە ڕەمەزاندا كە دەهاتە خوارەوە بۆ لای " (مجموع الفتاوی23/122-123)
(15) لای حەنبەلیەكان سوننەتێكی موئەكەدەیە ئیلا لەسەر پێغەمبەری خوا نەبێت صلى الله عليه وسلم كە واجب بووە لەسەری.
(16) لای مالیكیەكان دروستە یەك ڕكات ویتر بكرێت بەڵام مەكروهە ئەگەر هاتوو پێشتر نوێژێكی جووتی نەكردبێت.
(17) لای شافعیەكان دروستە تەنها یەك تەحیات بخوێنرێت و ئەمەش باشترە و وە هەروەها دروستیشە دوو تەحیات بخوێنرێت لە دوو ركاتەكەی كۆتاییدا.
(18) مەزهەبی حەنبەلیەكان بریتیە لە ڕێگەدان بە هەموو ئەو شێوازانەی كەباس كران جگە لەو شێوازەی كە دادەنیشێت لە شەشەم ڕكاتدا بۆ تەحیات و پاشان هەڵدەسێت بۆ حەوتەم و دیسان دادەنیشێت بۆ تەحیات و ئەمەش اختیاری ابن عوسەیمینە.
(19) لای مالیكیەكان لە سێ یەمدا إخلاص و الناس و الفلق (مەندوبە) بخوێنرێت.
(20) لای شافعیەكان سوننەتە لە سێ یەمدا إخلاص و الناس و الفلق بخوێنرێت.
(21) لای حەنەفیەكان بە دەق هاتووە بەوەی كە هیچ ڕێژەیەك دیاری نەكراوە لە قورئان خوێندن لە نوێژدا و ئەگەر ئەوە بخوێنرێت كەلە ئەسەردا هاتووە ئەوا كارێكی چاكە, وە نابێت هەمیشە یەك جۆر سورەت بخوێنێت وبەردەوام بێت لەسەری نەوەك بە واجبی بزانێت و ببێتە هۆی هەجر كردنی باقی قورئان.
(22) ابن أسیر دەڵێت: " ویترەكەی بەتاڵ نەكاتەوە" واتەوە نابێت یەك ڕكات بكات بۆ ئەوەی ویترەكەی پێشوی جووت بكات و پاشان نوێژ بكات. ( النهایە 5/107).
(23) لای مالیكیەكان ویتر قەزا ناكرێتەوە ئەگەر دوای نوێژی بەیانی بیری كەوتەوە, بەڵام پێش نوێژی بەیانی ئەگەر كات هەبوو ئەوا دەتوانێ بیكات.
(24) ئەمەش بەگشتی ئەگینا ڕاجیاوازیان هەیە: ئایا بە درێژی ساڵ ڕێگەپێدراوە یان هەندێكی؟ باسی دێت.
(25) قنوت لای أبی حەنیفە واجبە بەڵام لای پێشەوا محمد و أبی یوسف سوننەتە.
(26) نەوەوی دەڵێت: " ئەوەی مەشهورە لە مەزهەبی ئێمەدا ئەوەیە كە قنوت لە نیوەی دووەمی مانگی ڕەمەزاندا موستەحەبە" (المجموع 4/24).
(27) لای ئەوان قنوت لە نوێژی بەیانیدا سوننەتە.
(28) ابن عبدالبر دەڵێت: " پێشەوا مالیك لای وایە كە قنوت لە نیوەی دووەمی مانگی ڕەمەزاندا مەشروعە و وە دوعاكردن لەكەسێك كە شایەنی دوعالێكردن بێت, بەڵام كە مصریەكان ریوایەتیان لێیەوە كرد ئەوەیان تەرك كرد, ریوایەتی مصریەكان ئەمەیە كە أبی القاسم و أشهب وابن وهب لە مالیكەوە, دەڵێن: پرسیار كرا لە مالیك: ئایا مرۆڤ دەتوانێت لە نوێژی ویتردا قنوت بخوێنێت؟ ئەویش وتی: نەخێر, أشهب دەڵێت: پرسیار كرا لە مالیك دەربارەی خوێندنی قنوت لە بەیانیاندا؟ ئەویش وتی: بەڵێ دەتوانرێ لە بەیانیاندا, بەڵام ویتر و رەمەزان وای نابینم قنوتی تێدا بخوێنرێت" ( الإستذكار 2/76).
(29) هەندێ لە ئەهلی عیلم وای بۆ چوون كە قنوت تەنها لە نیوەی دووەمی رەمەزاندا دروستە وئەمەش مەزهەبی شافعیەكان و ریوایەتێكە لە ئەحمەدەوە. بەڵام موستەحەبە بەبەردەوامی نەخوێنرێت لە هەموو شەوێكدا و بەڵكو جارجار قنوت بكرێت.
(30) بەلای ئەوانەوە باشتر وایە قنوت لە دوای ركوعەوە بخوێنرێت لەگەڵ ئەوەی كە لە پێش ركوعیشەوە هەر دروست و رێگەپێدراوە.
(31) لای شافعیەكان سوننەتی موئەكەدەیە.
(32) پێشەوا ابن عوسەیمین دەڵێت: " كاتی نەهی بریتیە لە دەرچوونی خۆر هەتا بە ئەندازەی ڕمێك بەرزدەبێتەوە بەچاوی سەر ببینرێت, ئەگینا ئەم بەرزبوونەوەیە بەئەندازەی ڕمێك بەپێی واقع سەدان جار لە ڕووبەری زەوی گەورەترە, بەڵام ئێمە لە ئاسۆدا بە ئەندازەی ڕمێك یان مەترێك دەیبینین". (الشرح المممتع) (4/88, 87).
(33) پێشەوا ابن عوسەیمین دەڵێت: " واتە پێش لاربوونەوەی خۆر بەكاتێكی كەم, دەوروبەری دە خولەك, چونكە ئەو تۆزە پێش لاربونەوەی خۆر ئەوە كاتی نەهیە كە نوێژی تێدا بكرێت, لەبەر ئەوەی لەو كاتەدا دۆزەخ تاو دەدرێت" (الشرح المممتع) (4/88, 87).
(34) پێشەوا الشربینی دەڵێت: " نوێژی التسبیح كە چوار ڕكاتە و سێ سەد جار ئەم زیكرەی تێدا دەڵێت: (سبحان الله والحمد لله ولا إلە إلا الله والله أكبر) پاش تەكبیرەی ئیحرام و پێش دەستپێكردنی قورئان خوێندن پازدە جار و دوای قورئان خوێندن و پێش ركوع دە جار ولە ركوعدا دە جار ولە هەستانەوە لە ركوع دە جار ولە سوجدەدا دە جار ولە هەستانەوە لە سوجدەدا دە جار ولە سوجدەی دووەمدا دە جار كە هەمووی دەكاتە حەفتاو پێنج جار و لە چوار ركاتدا دەكاتە سێ سەد جار" (مغنی المحتاج)(1/225).
وە بە نوێژی تەسبیح ناوزەد كراوە لەبەر زۆری دووبارە كردنەوەی ئەو زیكرە تێیدا بە جیاواز لەگەڵ نوێژەكانی تردا و لەبەر ئەوەی ئەو زیكرە مەبەستە تێیدا.
(35) شافعیەكان و حەنبەلیەكان و هەندێ لە مالیكیەكان دەقیان لەسەری هەیە لەسەر ئەوەی كەسەكە دەتوانێت نیەتی فەرز و تحیە المسجد پێكەوە بهێنێت و دروستە و هەردووكیانی بۆ هەیە.
(36) حەنبەلیەكان ئەوەی لێ دەردەكەن ئەگەر هاتوو نێوانی دانیشتنەكە و نوێژەكە زۆر و درێژ بوو. ئەوا لەسەری دەكەوێ.
(37) حەنبەلیەكان لەگەڵ زۆرینەدا لەسەر ئەوە كۆك ویەكدەنگ كە ئەگەر كەسێك چووە ناو مەككەوە یەكەم شتێك كە دەیكات بریتیە لە تەواف, بەڵام ڕاجیاوازیەكە لەسەر ناوەكەیە, چونكە ئەوان ناوی نانێن " تحیە المسجد" بەڵكو پێی دەڵێن: " تحیە الكعبە" بەهەمان شێوە دەڵێن ئەوە تحیە المسجدی لەسەر ناخات و بەڵكو دوو ڕكاتی تەواف شوێنی تحیە المسجد دەگرنەوە.
(38) سەبارەت بە دوو ڕكاتی پێش مەغریب خیلافی تێدایە و پێشتر باسی لێوە كرا كە ڕاجح ئەوەیە ئەنجام بدرێن.
(39) لە برێتی یەكتر ئەنجام دانی ئیستیخارە دروست نییە و دەبێت خاوەنی كار وئیشەكە خۆی هەستێت بە كردنی نوێژەكە نەک کەسێک ڕابسپێرێ ئەو نوێژەى بۆ بکات.
(40) بەڵام هەندێ لە ئەهلی عیلم وەكو ابن تیمیە و جگە لەویش بۆ ئەوە چوون كە دروستە نوێژی ئیستیخارە ئەنجام بدرێت لەكاتە نەهی لێكراوەكاندا ئەگەر هاتوو كارەكە بەپەلە وپێویست بوو وە بەدواخستنی نوێژەكە كارەكە لەدەست دەردەچوو.
(41) ئەم نوێژە لای ئەوان تەنانەت لەكاتە نەهی لێكراوەكانیشدا هەر دروست ورێگەپێدراوە بكرێت چونكە هۆكاری هەیە.







