بەشی یەكەم: دیاری كردنی كاتە نەهی لێكراوەكان
لە دوای نوێژی بەیانییەوە هەتا بەرزبوونەوەی خۆر بەئەندازەی ڕمێك، وە وەستانی خۆر لەناوەڕاستی ئاسمان هەتا لار دەبێتەوە، وە لە دوای نوێژی عەسرەوە هەتا خۆر بەتەواوەتی ئاوا دەبێت، ئەم كاتانەی كەباس كران بریتین لە كاتە نەهی لێكراوەكان، وئەمەش مەزهەبی شافعیە(1) و ڕیوایەتێكە لە ئەحمەدەوە و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە وابن باز وابن عوسەیمینە.
بەشی دووەم: حوكمی نوێژكردن لە كاتە نەهی لێكراوەكاندا
* یەكەم: حوكمی دانەوەی قەزاكردنەوەی نوێژی فەرز لە كاتە نەهی لێكراوەكاندا
هەموو نوێژە فەرزەكان لە كاتە نەهی لێكراوەكاندا ئەنجام دەدرێت و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: مالیكیەكان و شافعیەكان وحەنبەلیەكان و وتەی كۆمەڵێكە لە سەلەف و وتەی پەسەندكراوی ابن المونزیر و إسحاق و أبو سەورە.
* دووەم: حوكمی كردنی ئەو نوێژانەی كە هۆكاریان هەیە لەكاتە نەهی لێكراوەكاندا
زانایان سەبارەت بەم باسە(2) دوو بۆچوونیان هەیە و ڕاجیاوازن:
بۆچوونی یەكەم: ئەنجام دانی نوێژە هۆكاردارەكان لە كاتە نەهی لێكراوەكاندا دروست و ڕێگەپێدراوە وئەمەش مەزهەبی شافعیەكان و ڕیوایەتێكە لە ئەحمەدەوە و وتەی كۆمەڵێكە لە سەلەف و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە وابن القیم وابن باز و ابن عوسەیمینە.
بۆچوونی دووەم: ئەنجام دانی نوێژە هۆكاردارەكان لە كاتە نەهی لێكراوەكاندا دروست و ڕێگەپێدراو نییە وئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە: حەنەفیەكان و مالیكیەكان و حەنبەلیەكان.
* سێیەم: حوكمی ئەنجام دانی سوننەتی ڕەها لەكاتە نەهی لێكراوەكاندا
دروست و ڕێگەپێدراو نییە لەڕووی شەرعیەوە ئەو نوێژە سوننەتانە ئەنجام بدرێن كە هۆكاریان نییە و ڕەهان لە كاتە نەهی لێكراوەكاندا، بەتایبەت لەكاتی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابووندا، و ابن عبدالبر و نەوەوی و العراقی یەكدەنگی زانایانیان لەسەر ئەمە باس كردووە.
بەشی سێیەم: حیكمەتی نەهی كردن لە ئەنجام دانی نوێژ لەكاتە نەهی لێكراوەكاندا
نەهی كردن لە نوێژكردن لەو كاتانەدا چەند حیكمەتێكی تێدایە، لەوانە:
١) كاتێك خۆر لە ناوەڕاستی ئاسماندایە ئەوا ئەو كاتە ئاگری دۆزەخ تاو دەدرێت و بەتوندترین شێوە گڕدەدرێت.
٢) بەڵام حیكمەتی نەهی كردن لە نوێژ لەكاتی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابووندا:
- دووركەوتنەوە لە خۆچوواندن بە هاوبەش پەیداكەران، چونكە ئەوان لە هەردوو كاتی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابووندا سوجدە بۆ خۆر دەبەن.
- هەروەها لەبەر ئەوەی خۆر لە هەردوو كاتی هەڵاتن و ئاوابووندا لەنێو دوو شاخی شەیتانەوە دەردەچێت و دیارنامێنێت.
٣) ڕێگەگرتن و دەرگاداخستن لەوەی ئەو كارە سەربكێشێت بۆ كارێكی نەهی لێكراوی گەورەتر، چونكە بنچینە ئەوەیە كە تەنها لەساتە وەختی خۆرهەڵاتن و ئاوابووندا نەهی لێكراوە نوێژ بكرێت بەڵام شەرع دانەر نەهی كردووە لەوەی نوێژ بكرێت لە دوای نوێژی بەیانییەوە و هەروەها لە دوای نوێژی عەسریشەوە، بۆ ئەوەی نەوەك نوێژخوێن بەردەوام بێت لە نوێژكردن هەتا كاتی نەهی.
٤) یەكێكی تر لە حیكمەتەكان بریتیە لە خۆكۆكردنەوە و پشو وەرگرتنێك بۆ ئەوەی دوای تەواوبوونی ماوەی نەهی، كەسەكە بە چالاكی و گورج وگۆڵیەكی ترەوە خۆی ساز و ئامادە بكات بۆ نوێژێكی تر وبەپەرۆش بێت بۆی.
٥) هەر شتێكی بەردەوام وا لە دڵ ودەروونی مرۆڤ دەكات تووشی خاوبوونەوەو سستی بێت و ئەگەر نەهی لێكرا لەچەند كاتێكدا ئەوا چالاكی بۆ دەگەڕێتەوە.
(1) جگە لە ڕۆژی هەینی كە وەستانی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمانیشدا دروستە نوێژبكرێت و هەروەها رێگەشیان داوە لە ناو حەرەمدا نوێژ بكرێت لەكاتە نەهی لێكراوەكاندا.
(2) پێشەوا نەوەوی دەڵێت: " مەبەست لەو نوێژانەی كە هۆكاریان هەیە ئەوانە كە هۆكارێك بۆ ئەنجام دانیان هەیە وەكو قەزاكردنەوە و نوێژی جەنازە و سوجدەی قورئان خوێندن وسوجدەی شوكر و نوێژی خۆرگیران و مانگ گیران و نوێژی تەواف..." (المجموع 4/170).








