بەشی سێیەم: حیكمەتی نەهی كردن لە ئەنجام دانی نوێژ لەكاتە نەهی لێكراوەكاندا
نەهی كردن لە نوێژكردن لەو كاتانەدا چەند حیكمەتێكی تێدایە، لەوانە:
١) كاتێك خۆر لە ناوەڕاستی ئاسماندایە ئەوا ئەو كاتە ئاگری دۆزەخ تاو دەدرێت و بەتوندترین شێوە گڕدەدرێت.
٢) بەڵام حیكمەتی نەهی كردن لە نوێژ لەكاتی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابووندا:
- دووركەوتنەوە لە خۆچوواندن بە هاوبەش پەیداكەران، چونكە ئەوان لە هەردوو كاتی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابووندا سوجدە بۆ خۆر دەبەن.
- هەروەها لەبەر ئەوەی خۆر لە هەردوو كاتی هەڵاتن و ئاوابووندا لەنێو دوو شاخی شەیتانەوە دەردەچێت و دیارنامێنێت.
٣) ڕێگەگرتن و دەرگاداخستن لەوەی ئەو كارە سەربكێشێت بۆ كارێكی نەهی لێكراوی گەورەتر، چونكە بنچینە ئەوەیە كە تەنها لەساتە وەختی خۆرهەڵاتن و ئاوابووندا نەهی لێكراوە نوێژ بكرێت بەڵام شەرع دانەر نەهی كردووە لەوەی نوێژ بكرێت لە دوای نوێژی بەیانییەوە و هەروەها لە دوای نوێژی عەسریشەوە، بۆ ئەوەی نەوەك نوێژخوێن بەردەوام بێت لە نوێژكردن هەتا كاتی نەهی.
٤) یەكێكی تر لە حیكمەتەكان بریتیە لە خۆكۆكردنەوە و پشو وەرگرتنێك بۆ ئەوەی دوای تەواوبوونی ماوەی نەهی، كەسەكە بە چالاكی و گورج وگۆڵیەكی ترەوە خۆی ساز و ئامادە بكات بۆ نوێژێكی تر وبەپەرۆش بێت بۆی.
٥) هەر شتێكی بەردەوام وا لە دڵ ودەروونی مرۆڤ دەكات تووشی خاوبوونەوەو سستی بێت و ئەگەر نەهی لێكرا لەچەند كاتێكدا ئەوا چالاكی بۆ دەگەڕێتەوە.








