به‌ناوى خواى به‌خشنده و میهره‌بان
* رِێگاكانی فێركردن له یارمه‌تی دانی قوتابیاندا بۆ تێگه‌یشتنی بیرۆكه نوێیه‌كان
قوتابیانی سه‌ره‌تایی گوێ له مامۆستاكه‌یان ده‌گرن كاتێك باسی هۆیه‌كانی سك چوونی منداڵ و رِێگاكانی خۆپاراستن ده‌كات .قوتابیان به زه‌حمه‌ت تێ ده‌گه‌ن كه هه‌ر ئه‌و مێش و مه‌گه‌زانه‌ی له ماڵه‌كانیاندا هه‌ن، ده‌بنه هۆی سك چوون. گوێ له ئامۆژگاریه‌كانی مامۆستاكه‌یان ده‌گرن، به‌ڵام ناتوانن هیچ به‌رامبه‌ر مێشه‌كان بكه‌ن.
بۆ ئه‌وه‌ی قوتابیان ئه‌و بیرۆكه نوێیانه وه‌ربگرن. پێویسته ئه‌و نمونانه‌یان بۆ بهینرێته‌وه كه په‌یوه‌ندی رِاسته‌وه‌خۆیان به ژیانی رِۆژانه‌یانه‌وه هه‌یه. ئه‌و رِێگایانه‌ی خواره‌وه له وانه ووتنه‌وه یارمه‌تی قوتابیان ده‌دات بۆ تێ گه‌یشتنی ئه‌و بیرۆكه نوێیانه به‌و زمانه‌ی كه پێی ئاشنان.
خه‌ڵكی ده‌توانن له بیرۆكه‌ی نوێ تێ بگه‌ن ئه‌گه‌ر به‌راووردی بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌ی كه ده‌یزانن بۆ نموونه:
ئایا تۆ (پێ)ت هه‌یه ؟ به‌ڵێ "به پێكه‌نینه‌وه (پێ)یه‌كانی پیشان ده‌دات.
"ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر (رِیخ)پیسایی مانگادا برِۆیت، ئایا هه‌ندێك له‌و پیساییه به (پێ)ته‌وه ده‌نووسێ؟ "به‌ڵێ".
كه ده‌گه‌رِێیته‌وه ماڵه‌وه، ئایا هه‌ندێك له‌و پیساییه به زه‌ویه‌كه‌وه ده‌نووسێت؟
"به‌ڵێ، ئه‌گه‌ر پیساییه‌كه تازه و ته‌رِ بێت".
" ئایا مێش پێى هه‌یه؟" "به‌ڵێ، شه‌ش دانه‌ى هه‌یه‌گ.
" ئایا له‌و باوه‌رِه‌دایت كه چۆن پیسایى مانگا به پێى تۆوه ده‌نووسێت، ئاوه‌هاش پیسایى مرۆڤ به قاچى مێشه‌وه ده‌نوسێت؟" "به‌ڵێ".
به‌م شێوه‌یه گفتوگۆكه به‌رده‌وام ده‌بێت، گۆرِینه‌وه‌ى زانیارى به‌م شێوازه ماناى زیاتر به بیرۆكه نوێیه‌كان ده‌به‌خشێت. هه‌روه‌ها وا له خه‌ڵكى ده‌كات كه به پێى تاقیكردنه‌وه‌كانى خۆیان باسیان بكه‌ن. رِوون كردنه‌وه‌ى ئه‌م بیرۆكانه‌ش به زۆر شێوه ده‌كرێت: به چیرۆك، به نمایش، له یارى منداڵاندا، هتد....
رِێنماییه بنه‌رِه‌تیه‌كانى پاك و خاوێنى كه‌سی:
په‌یرِه‌وى هه‌موو ئه‌و رِێنماییانه‌ى خواره‌وه بكه. به قوتابیان بڵێ په‌یرِه‌ویان بكه‌ن و بۆیان رِوون بكه‌ره‌وه بۆ چى گرنگن. هانى قوتابیان بده كه به‌شدارى له‌و پرۆژانه‌دا بكه‌ن كه ماڵه‌كانیان و گونده‌كانیان ده‌كاته شوێنێكى گونجاوتر و دروستتر بۆ گوزه‌ران.
1- هه‌موو به‌یانیه‌ك دواى له خه‌و هه‌ڵستان، ده‌ست و ده‌م و چاوت به ئاو و سابوون بشۆ، هه‌روه‌ها پێش نان خواردن و دواى چوونه ئاوده‌ست.
2- ئه‌گه‌ر ئاو و هه‌وا گه‌رم بوو (هاوینان)، هه‌موو رِۆژێك خۆت بشۆ، هه‌روه‌ها دواى ئیش كردن و ئاره‌ق كردنه‌وه‌ى زۆر. خۆشتنى رِێك و پێك له نه‌خۆشى پێستى وه‌كو (كرێش، زیبكه، گه‌رِى و په‌ڵه) ده‌تپارێزێ. كه‌سانى نه‌خۆش، هه‌روه‌ها ساواى نه‌خۆشیش پێویسته رِۆژانه بشۆرێن.
3- هه‌رگیز له سه‌ر خۆڵ به پێخاوسى مه‌گه‌رِێ و مه‌هێڵه منداڵانیش ئه‌م كاره بكه‌ن. هه‌ندێ كرمى وه‌كو كرمى قولاپی له ژێر پێوه ده‌چنه ناو له‌ش و ده‌بنه هۆى نه‌خۆشى.
4- هه‌موو رِۆژێك ددانه‌كانت به فڵچه بشۆ، هه‌روه‌ها پاش خواردنى شیرینى. ئه‌گه‌ر فڵچه و ده‌رمانى ددانت نه‌بوو، ده‌توانیت ددانه‌كانت به تێكه‌ڵێكى ووشك له خوێ و سۆده‌ى نان كردن پاك بكه‌یته‌وه.
5- زوو زوو نینۆكت بكه، چونكه میكرۆب و هێلكه‌ى كرم له ژێر نینۆكى درێژدا خۆیان ده‌شارنه‌وه.
6- تف له‌سه‌ر زه‌وى رِۆمه‌كه، تف بكه‌ره ناو سه‌تڵێكى خۆڵه‌وه سه‌رقاپی هه‌بێت. تف كردنه سه‌ر زه‌وى به ئاسانى میكرۆب بڵاوده‌كاته‌وه.
7- كاتێك ده‌كۆكیت یان ده‌پژمیت، به ده‌سته‌سرِ ده‌م و لووتت داپۆشه، ئه‌م كاره ناهێڵێت میكرۆب بۆ ناو هه‌وا و بۆ كه‌سانى دیكه بگوێزرێته‌وه.
8- منداڵى نه‌خۆش وه‌كو له وێنه‌كه‌دا رِوون كراوه‌ته‌وه، ده‌بێت دوور له منداڵى ساغ بنوێت. ئه‌و منداڵانه‌ى كه هه‌وكردنى پێست و گه‌رِى (ئاڵۆش)، یان ئه‌سپێیان هه‌یه، ده‌بێت به جیا بخه‌ون تا چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. ئه‌و منداڵانه‌ى كه تووشى كۆكه ره‌شه، سوورێژه، ئه‌نفلۆنزا، یان هه‌ر نه‌خۆشیه‌كى دیكه‌ى درم بوون، ده‌بێت له ژوورى جیاواز و به ته‌نیا بنوون و نابێت له منداڵى ساوا نزیك بكه‌ونه‌وه.
9- منداڵان له نه‌خۆشى سیل بپارێزه. ئه‌و كه‌سه‌ى كۆكه‌ى درێژخایه‌نیان هه‌یه یان تووشى نه‌خۆشى سیل بوون، ده‌بێت له كاتى كۆكه‌دا ده‌میان دابپۆشن. نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و ژووره بخه‌ون كه منداڵى تێدایه. ئه‌م نه‌خۆشانه ده‌بێت به زووترین كات چاره‌سه‌ر بكرێن. ئه‌و منداڵانه‌ى كه له ماڵێكدا ده‌ژین نه‌خۆشێكى سیلى تێدایه، ده‌بێت به ڤاكسینى (بى سی جی) له دژى نه‌خۆشیه‌كه بكوترێن.
10- جل و به‌رگى پاك له‌به‌ر بكه‌ن، به تایبه‌تى جلى ژێره‌وه.
11- په‌رداخى تایبه‌تى خۆتان هه‌بێت بۆ ئاو خواردنه‌وه.
سه‌رچاوه‌كان:
1- Morley, David, child to child programme. Institute of child health, London, 1985.
2- بنه‌ماكانى ته‌ندروستى گشتى: لیژنه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده، هه‌رێمى كوردستانى عێراق، 1999 .








