گرانه‌تا Typhoid fever
بەروار: 2010/06/20سەردارن: 4221نوسەر: بەشی پزیشکى لە ماڵپەڕى بەهەشت

نه‌خۆشى گرانه‌تا زۆر بڵاوه‌ به‌ تایبه‌تى له‌و شوێنانه‌ى كه‌ مه‌رجه‌كانى ته‌ندروستى كۆمه‌ڵگا په‌یرِه‌وناكرێن. هۆى ئه‌م نه‌خۆشیه‌ به‌كتریایه‌كه‌ پێ ى ده‌ڵێن سالمۆنێللا Salmonella. ئه‌م به‌كتریایه‌ له‌ پیسایی نه‌خۆشى دیكه‌وه‌ تێكه‌ڵى ئاو و خۆراك ده‌بێت و ده‌بێته‌ هۆى تووشبوونى به‌ربڵاو.
نیشانه‌كانى:
1- له‌ هه‌فته‌ى یه‌كه‌مدا، نه‌خۆشه‌كه‌ تایه‌كى هێواشى ده‌بێت كه‌ وورده‌ وورده‌ زیاد ده‌كات. هه‌روه‌ها نه‌خۆشه‌كه‌ سه‌رئێشه‌ و له‌وانه‌یه‌ لووتپژان و رِشانه‌وه‌ى هه‌بێت و حه‌زى له‌ خواردن نامێنێت. منداڵ له‌وانه‌یه‌ تووشى سكچوون ببێت و گه‌وره‌ش زیاتر تووشى قه‌بزى ده‌بێت.
2- له‌ هه‌فته‌ى دووه‌مدا نه‌خۆشه‌كه‌ ماندووتر ده‌بێت. سپڵى گه‌وره‌ ده‌بێت و تایه‌كه‌ى زیاتر به‌رز ده‌بێته‌وه‌.
3- هه‌فته‌ى سێ یه‌م نه‌خۆشى یه‌كه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانى زیاد ده‌كات، نه‌خۆشه‌كه‌ وورِێنه‌ ده‌كات به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت.
4- زۆربه‌یان له‌ هه‌فته‌ى چواره‌مدا چاك ده‌بنه‌وه‌.
پێویسته‌ نه‌خۆشه‌كه‌ چاندنى خوێنى بۆ بكرێت. پشكنینی ویداڵ Widdal test ته‌نها له‌وانه‌یه‌ بۆ ده‌ستنیشان كردنى نه‌خۆشیه‌كه‌ سوودى هه‌بێت، به‌ڵام بۆ به‌دواداچوون سوودى نى یه‌.
چاره‌سه‌ر:
1- دابه‌زاندنى تا به‌ فێنك كردنه‌وه‌ و خه‌پله‌ى دژى تا.
2- به‌كارهێنانى ئه‌نتى بایۆتیك وه‌ك كلۆرامفێنیكۆڵ یان كۆتریمۆكسازۆل بۆ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌. له‌ ئافره‌تى سكپرِدا، تاكو ته‌مه‌نى هه‌شت مانگى سكپرِى، ئه‌م ده‌رمانانه‌ زیانیان نىیه‌، به‌ڵام له‌ مانگى نۆیه‌مدا پێویسته‌ ئه‌مۆكسیسیلین به‌ ژه‌مى 6 گرام له‌ رِۆژێكدا بۆ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ به‌كاربهێنرێت.
3- گرانه‌تا ئاڵۆزكارى به‌ددى هه‌یه‌ وه‌ك:
- كوونبوونى رِیخۆڵه‌باریكه‌ و خوێنرێزىى رِیخۆڵه‌.
- هه‌وكردنى كۆئه‌ندامه‌كان وه‌كو مێشك، ناوپۆشى دڵ ...تاد.
له‌م بارانه‌دا ده‌بێت نه‌خۆشه‌كه‌ رِه‌وانه‌ بكرێت:
1- تا له‌ چوار ڕۆژ زیاتر بخایه‌نێت.
2- ورِێنه‌كردن و گێژى.
3- خوێنبه‌ربوونى رِیخۆڵه‌.
4- ئه‌گه‌ر پاش پێنج ڕۆژ له‌ چاره‌سه‌رى تاى هه‌ر مابوو.