خواى گه‌وره ده‌فه‌رمووێ :[قُلْ لِلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ ذَلِكَ أَزْكَى لَهُمْ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ]النور: ٣٠، واته: « ئه‌ى پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم به پیاوانى باوه‌ڕدا بفه‌رموو : چاوه‌كانیان داخه‌ن له ئاست ئافره‌تانى نامه‌حره‌م دا بۆیان نه‌ڕاونن، وه داوێن و عه‌وره‌تى خۆیان بپارێزن له‌حه‌رام، بێ گومان ئه‌وه باشتر‌و پاكتره بۆیان، وه‌خوداش ئاگاداره به‌هه‌موو ئه‌وكارانه‌ى كه ده‌یكه‌ن».
وه‌پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم ده‌فه‌رموێ: « فَزِنَا الْعَيْنِ النَّظَرُ»رواه البخاري انظر فتح الباري 11/26 واته: « زیناى چاو تێڕوانینه »
واته تێڕوانین بۆ ئه‌و شتانه‌ى كه خواحه‌رامى كردووه لێ ى بڕوانێت .
به‌ڵام تێروانین ئه‌گه‌ر بۆ پێویستیه‌كى شه‌رعى بێت وه‌كو تێڕوانین له‌كاتى خوازبێنى كردن‌دا، یان تێڕوانینى دكتۆرێك بۆ نه‌خۆش ....ئه‌وه‌ى جیاوازه و له‌م حاڵه‌ته جیاده‌كرێته‌وه .
هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئافره‌تیش حه‌رامه بڕوانێ بۆ پیاوى نامه‌حره‌م ، ڕوانینێك كه‌جێگاى فیتنه بێ و مه‌ترسی بێ.
وه‌كوخواى گه‌وره ده‌فه‌رمووێ:[وَقُلْ لِلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ ]النور: ٣١ واته: « ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا صلى الله عليه وسلم به‌ئافره‌تانى بڕوادار بڵێ: باچاویان داخه‌ن له‌ئاست تێڕوانینیان بۆ پیاوانى نامه‌حره‌م و داوێنى خۆیان بپارێزن له حه‌رام ».
هه‌روه‌ها حه‌رامه تێڕوانین به‌شه‌هوه‌ته‌وه بۆ كه‌سانى بێ مووی جوان، وه‌حه‌رامه پیاو له عه‌وره‌ت و شه‌رمینگاى پیاو بڕوانێ ، وه ئافره‌تیش له‌عه‌وره‌ت و شه‌رمینگاى ئافره‌ت بڕوانێ .
وه‌هه‌روه‌ها عه‌وره‌ت و شه‌رمینگایه‌ك كه تێڕوانین بۆی دروست نه‌بێ ، ده‌ست لێدانیشی دروست نىیه.
وه له و گاڵته‌و سوكایه‌تی و فڕوفێڵانه‌ی كه شه‌یتان به عه‌قڵی هه‌ندێ كه‌سی ده‌كات و هه‌ندێ كه‌سی پێوه گیرداوه ئه‌وه‌یه كه هه‌ندێ كه‌س له وێنه و ڕه‌سمى گۆڤار‌و فلیمه‌كان ده‌ڕوانن و ته‌ماشاى ده‌كه‌ن به‌بیانوى ئه‌وه‌ی ئه‌مانه حه‌قیقى نین و ته‌نها ڕه‌سم وێنه‌ن، ئه‌م جۆره بڕوبیان و به‌هانانه ته‌نها چاوبه‌سته‌ی شه‌یتانه و به‌س، ئه‌گه‌ر نا شتێكى ڕون وئاشكراو بێ چه‌ندوچوون و حاشاهه‌ڵنه‌گره كه ئه‌م وێنه و ڕه‌سمانه سه‌رچاوه‌ن بۆ خراپه‌و بێ ئابرویى و كارى ناقوڵاو به‌دڕه‌وشتی و وروژاندنی شه‌هوه‌ت و ئاره‌زووبازى.







