ئیشكردن بە كرێكار و پێنەدانی كرێكەی
بەروار: 2011/10/28سەردارن: 2494نوسەر: باوکی فیردەوس سەنگاوی

پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم هانی خەڵكی داوە كە پەلەبكەن لە بەخشین‌و دانەوەی مافی كریكار‌و شاگرد.
دەفەرمووێ :« أَعْطُوا الْأَجِيرَ أَجْرَهُ قَبْلَ أَنْ يَجِفَّ عَرَقُهُ ». رواه ابن ماجة 2/817 وهو في صحيح الجامع 1493 .
واتە: « كرێی كرێكار بدەن پێش ئەوەی عەرەقەكەی وشك ببێتەوە »
لەو زوڵم‌و ستەمانەی لەناو گۆمەڵگا ئیسلامیەكاندا هاتۆتە ئاراو ڕویداوە، نەدانی كرێ‌‌و مافی كرێكار‌و شاگرد‌و فەرمان بەرانە، ئەمانەش چەند شێوازو دیمەنێكی جۆراو جۆری هەیە، لەوانە:
- ئەوەیە بەتەواوی‌و بە یەكجاری نكۆڵی لەحەق‌و مافی كرێ كارەكە دەكات‌و كرێكاریش بەڵگەیەكی ڕۆشنی پێ نی یە بۆ سەلماندنی مافەكەی خۆی ئا لەم حاڵەتە هەرچەندە مافی كرێكارەكە دەفەوتێ لە دونیادا بەڵام لەلای خوای گەورە وون نابێ‌و نافەوتێ لە قیامەتدا، لە ڕۆژی قیامەتدا زاڵم‌و ستەمكار دەهێنرێ كەماڵی ستەم لێ كراوی خواردووە، بۆیە لە چاكەكانی ستەمكارەكە دەدرێتە ستەم لێ كراو‌و ماف خوراوەكە، جا ئەگەر چاكەكانی نەما ئەوجا لە خراپەی ستەم لێكراوەكە دەخرێتە سەرشانی ستەمكارەكە‌و پاشان فڕە دەدرێتە دۆزەخەوە.
- جۆرێكی تر لەو ستەمانەئەوەیە:
نرخەكەی كەم دەكاتەوەو لێ ی دادەشكێنێ‌و مافەكەی خۆی بەتەواوی پێ نادات‌و بەبێ هیچ حەقێك لێی كەم دەكاتەوە.
خوای گەورەش لە بارەی كەم كردنەوەی مافی خاوەن حەق دەفەرمووێ: [وَيْلٌ لِّلْمُطَفِّفِينَ] سورة المطففين (1)
نمونەی ئەم جۆرەش: ئەوەیە كە هەندێ لەخاوەن كارگەكان دەیكەن كاتێك هەندێ كرێكار‌و شاگرد ڕوودەكەنە وڵات‌و شارەكەیان لەسەر بڕێكی دیاری كراو بەڵێنامەو عەقدێك بەیەك دەدەن، جا كە پەیوەندی كرد بەكارگەكەوەو پێوەی پەیوەست بوو ‌و دەستی كرد بە كاركردن‌و ئیش كردن، ئەوجا خاوەن كارگەكە دەچێت دەست لە پەیمان نامەكەدەدات‌و دەیگۆڕێت بۆ كریەكی كەمتر، جا ئەو كرێكارانەش بە دڵشكا‌وی‌و ناڕەزایی‌و ناچاری دەمێنەوە، زۆر جار ناتوانن حەق‌و مافی خۆیان بسەلمێنن، بۆیە داماوی خۆیان بەرز دەكەنەوە بۆلای خودا، ئەم كارە حەرامە هەرچەندە خاون كارگە زاڵمەكە موسڵمانیش بێ‌و كرێكارەكەش كافربێ .
جا ئەم داشكاندن‌و كەمكردنەوەی حەق‌و مافی كرێكار جۆرێكە لە ڕێگری لە ڕیگای خوای گەورە‌و تاوانی كرێكارەكەش دێتە سەر شانی خاوەنكار.
- جۆرێكی تر لە‌و وزوڵمانەی لە كرێكارو فەرمانبەر دەكرێ‌ ئەوەیە :
ئیشی ئیزافی بۆ زیاد بكات یان ماوەی ئیش كردن‌و دەوامكردنەكەی بۆ زیاد دەكات، وە تەنها كرێكەی خۆیشی پێ بدرێ‌ بەبێ ئەوەی كرێ‌ی ئیشە زیادەكەی بۆ دابنرێ .
 - جۆرێكی تر لەو ستەمانە ئەوەیە:
مافەكەی دوادەخات‌و دەست بەدەستی پێ دەكات‌و بە ئەمڕۆ ناسبەی مافەكەی دەخوات،ئەوجا مافەكەی پێنادات مەگەر دوای هەوڵ‌و تێكۆشان‌و تەقەلاكردنێكی زۆر‌و شكات‌و سكاڵا كردن‌و مەحكەمە پێ گرتن نەبێ .
زۆر جار مەبەستی خاوەن ئیش لە دواخستنی مافەكە بێزاركردن‌و وەڕزكردنی كرێكارەكەیە، تاوەكو واز لەمافەكەی خۆی بهێنێ‌و داوای نەكاتەوە، یان مەبەستی ئەوەبێ سود لە پارەو حەقی كرێكارەكە وەرگرێ بەوەی دەیخاتە ئیشەوەو هەڵی دەسوڕێنێ.
لەكاتێكدا كرێكارە هەژارەكە ژەمەخواردنی ڕۆژانەی خۆی دەست ناكەوێ‌و ناشتوانێ وەكو خەرجی كێشان بۆ ماڵ‌و منداڵی خۆیشی بینێرێتەوە كە پێویستیانەو ئەم لەپێناویاندا دووچاری غەریبی و دەربەدەری بووە. جا دۆزەخ وماڵ وێرانی و سزای سەختی ڕۆژی قیامەت بۆ ئەو زاڵم‌و ستەمكارانەی مافی كرێكارو شاگرد‌و فەرمانبەران دەخۆن .
«أبوهریرە» لە پێغەمبەرەوە صلى الله عليه وسلم دەیگێرێتەوە كە فەرموویەتی: «قَالَ اللَّهُ تَعَالَى ثَلَاثَةٌ أَنَا خَصْمُهُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ رَجُلٌ أَعْطَى بِي ثُمَّ غَدَرَ وَرَجُلٌ بَاعَ حُرًّا فَأَكَلَ ثَمَنَهُ وَرَجُلٌ اسْتَأْجَرَ أَجِيرًا فَاسْتَوْفَى مِنْهُ وَلَمْ يُعْطِهِ أَجْرَهُ». رواه البخاري انظر فتح الباري 4/447 واتە: «خوای پەروەردگار دەفەرمووێ : دوژمنی سێ كۆمەڵ لە خەڵكیم لە ڕۆژی قیامەتدا‌و خۆم یەخەیان دەگرم: كەسێك لەبەر من شتێكی پێ بدرێ و پاشان ناپاكی بكات لەو شتەی وا پێی دراوە، وە پیاوێك كەسێكی ئازاد بفرۆشێ و پارەكەی بخوات، وەكەسێك كرێكارێك بگرێ، ئەویش بەباشی كاری خۆی بكات، بەڵام كرێكەی خۆی بە جوانی پێنەدا»