ئایا ئێن ئاڕ تی چی لەئاینی ئیسلام دەوێت ؟!!!
بەروار: 2011/11/26سەردارن: 3669نوسەر: هیوا زیرەك

ئەگەر زۆرێك لەمرۆڤەكان بەمروری زەمەن تاقی بكەیتەوە گومانی تێدا نیە دوای ماوەیەك یەكسەر ڕووی ئاشكرای دەردەكەوێت و خۆی بۆخۆی وات لێ دەكات بەجوانی ڕووی ڕاستەقینەی بناسیتەوە ، بێگومان لەم كوردستانەی خۆماندا كۆمەڵێك كەناڵی ئاسمانی هەیەو بەئاشكراو هەریەكەو حیزب و لایەنێك پشتیوانی دەكات ، ئەگەر تەماشای یەكەم بەرنامەی دامەزراندنیان بكەین دەبینین بەئاشكرا پرۆگرام و ئامانجەكانی خۆیان خستۆتە ڕوو ، ئایا دەبنە كەناڵێكی ئیسلامی یان عەلمانی یاخود هەواڵ و تێكەڵەیەك لەهەموو پرۆگرام و بەرنامە تەلەفزیۆنی یەكان ، وە ئایا سەر بەئۆپۆزیسیۆنن وەكو كەناڵەكانی لایەنە ئیسلامی یەكان و كەی ئێن ئێن ، یاخود وەكو كەناڵە حیزبیەكان كار دەكەن كە ڕووی جوانی حیزب دەخەنە ڕوو ، بەڵام ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە ئەوەیە ، كەناڵی ئین ئاڕ تی ، هەر لەسەرەتاوە خۆی وا ناساند كە كەناڵێكی سەربەخۆیەو سەر بەهیچ حیزب و لایەنێك نیە ، جا چ ئۆپۆزیسیۆن بێت یاخود دەسەڵات ، بەڵام چەند هەفتەیەكی تێپەڕ نەكرد یەكسەر ڕووی ڕاستەقینەی ئەو كەناڵە لەچەند شوێنێك بەشێوەیەكی نافەرمی ئاشكرا كرا ، وە خاوەن و ئەوەی كەپشتیوانی لێ دەكات خرایە بەر دیدی خەڵكی كوردستان ، هەموو ئەمانە كەباسمكرد تەنها مەبەستێكم هەیە لەو باسكردنە ، ئەویش ناساندنی ئێن ئاڕ تی یە بەخوێنەرانی كورد زوبان و ئایین پەروەر ، چونكە ماوەیەكە ئەو كەناڵە دەستی داوەتە دژایەتیكردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەڵام بەدیوێكی تردا ، ئەویش بەپێشكەشكردنی چەند بەرنامەیەك بەناوی (بەبوێری) ، هەروەها لەبەرنامەی چاوپێكەوتن كە لەگەڵ كۆمەڵێك كەسدا كەبیریان سەد دەر سەد دژی ئیسلامە ، ئەوەی جێگای سەرنجە لای خەڵكی كوردستان ئەوەیە كە هەموو ئەو بەرنامانە لەژێر ناوی بیری ئازاد و بەرنامەی تەلەفزیۆنی و پرۆگرامەكانیانە ، بۆ ؟؟؟؟ .
بەرنامەی (بەبوێری) گەر خوێندنەوەیەكی زانستی یانەو ئاینی یانەی بۆبكەین ، دەبینین لەدوو خاڵ زیاتر هەڵناگرێت :
[یەكەمیان ]:
كۆمەڵە پرسیارێكی بەناو زانستی یانە دەكات ، دەبینین نەك زانا ئیسلامی یەكان و دەقە ئاینی یەكان ، بەڵكو زۆربەی زانایانی ڕۆژئاواو دوور لەدین تائێستا ئەو شتانەی ئەو زانایە كە ئەم لەهەندێ كون وقوژبنی سەرچاوەكاندا دەیهێنێتەوە ، ئەوان نەك هەر باوەڕیان پێی نیە بەڵكو بەدرۆشی دەخەنەوە ، واتە ئەو شتانەی كە پێشكەشكارو ئامادەكاری ئەو بەرنامە ئامادەی دەكەن و ئاراستەی میوانی بەرنامەكەی دەكەن ، خۆ هەموو زانایانی ڕۆژئاوا كۆ دەنگی یان نیە لەسەر ئەو بیرۆكە ، بەڵكو وەكو شتێكی شاز و ناباو وایە ، سەرەڕای ئەوەش بۆچی ئەو بەڵگانە كە دەخرێنە ڕوو باس ناكرێت كە تاكو چەند لەسەر ئەرزی واقیع بوونی هەیەو سەلمێنراوە ؟؟؟؟ ، چونكە كاكی پێشكەشكار یاخود لایەنی ئامادەكاری بەرنامە نەچوونە بەوردی لەسەر ئەو باس و خواستانە بەوردی بخوێننەوەو لەبەرامبەریشدا بەچاوێكی هەقیقەت و زانستیانە بیخەنە قاڵبی ئەرزی واقیعەوەو بەتەواوی بیپێون ، چونكە هەر دەقێك لەكتێبە زانستی یەكاندا هات پێویستە بسەلمێنرێت ، نەك هەر سەلماندنیش بەمێشك و بیروڕای خاوەن بیرۆكەكە ، وەكو بیرۆكەی (داروین) وەكو سمپڵێك ، بەڵكو دەبێت ئەرزی واقیع گەواهی ئەوە بدات كە سەد دەر سەد لەگەڵ بیرۆكەی دروستكردن و خەلقی ئەرزو ئاسمانەكان و ئەوەشی تێیدایە دەگونجێت ، بەڵام بەداخەوە ناپرۆفیشیناڵی لایەنی ئامادەكاری بەرنامەكەیە كە ناتوانێت ئەو لایەنە تاوتوێ بكات ، یاخود دەتوانێت ، بەڵام مەبەستەكەی ئەو گەوجاندنی خەڵكی كوردستانەو شێواندنی بیروڕایانە دەرهەق بەدروستكەریان كەخوای گەورەیە .
[دووەمیان] : لەڕووی ئاینی یەوە ئەگەر تەماشای پرسیارەكان بكەین ، دەبینین بۆئەوە نی یە كە خەڵكی موسوڵمانی كورد زوبان شارەزای دینەكەیان بن ، وە فێڵ و تەڵەكەكان و بیروڕا پوچەڵەكانی مولحیدەكان بزانن ، سەرەڕای ئەوەش كەناڵی ئێن ئاڕ تی لەبەر ئەوەی لایەنی ئیسلامی و دینداری لەهەرێمی كوردستان بەهەند وەرنەگرتووە كە زیاتر لە (95%) ی موسوڵمانە ، بەڵكو بەئاشكرا كۆمەڵێك شوبهەی ڕۆژئاوایی یەكان دێنێتەوە كە لای ئەوان هەر زوو ئیكسپایەر بووە ، بەڵام لەسەر مێزگردی ئەو كەناڵەوە دیسانەوە گەرم دەكرێتەوەو دەیانەوێت دەرخواردی بیری پاكی ئیسلامێتی خەڵكی كوردستانی بدەن ، نەك هەر ئەوەندەش بەڵكو وەكو لەخاڵی یەكەمدا ئاماژەم پێكرد زیاتر ئەوان بەو بیروڕا ڕۆژئاواییانە كە تەنها بیرۆكەی یەك زانایە كەچی بەشێوەیەك دەری دەبڕێت كە هەموو زانایانی جیهان ئەو ڕایەیان هەیە ، خۆی لەخۆیدا ئەم كارە سەرەتا گەوجاندنی خەڵكەو لەلایەكی تریشەوە ناپرۆفیشناڵی و ئەمانەتی عیلمی نەپاراستنیشە لەلایەن ئامادەكاری ئەو بەرنامەوە ، سەرەڕای ئەو هەموو دژایەتیكردنیشە لەبەرامبەردا نایانەوێت كەسی میوان لەبەرنامەكەدا بەویستی خۆی وەڵامی شوبهەو چەواشەكان بداتەوە ، نمونەی ئەمەش ئەو بەرنامەیە بوو كە (د.عبدالواحید) میوانی بەرنامەكە بوو ، چونكە ئەگەر بیانویستایە بگەنە خاڵی یەكلاكەرەوەو خاڵی كۆتایی بێگومان پێویست بوو لەسەر پێشكەشكاری بەرنامە ئەوەندە مۆڵەتی بەمیوانی بەرنامەكە بدایە تاوەكو بەجوانی و بەبەڵگەی ئاینی و زانستی ئەو شوبهانەی ڕەت بكاتەوە ، بەڵام هەموومان بینیمان چۆن دوای باسكردنی تەنها بەڵگەیەك لەلایەن (د.عبدالواحید)ەوە یەكسەر پێشكەشكارەكە هەوڵی دەدا زیاتر شوبهەكان نەڕەوێتەوەو ئاشكرا نەبێت ، بۆیە پرسیاری دیكەی ئاراستە دەكرد ، ئەمەش خۆی لەخۆیدا سانسۆر خستنە سەر میوانی بەرنامەیەو ئەتەكێتی گفتوگۆش بەو شێوەیە نیە ، چونكە پێویست دەكات ئەوەندەی پرسیارەكە كاتی وەڵامدانەوەشی پێ بدرێت ، بۆیە دەڵێم ئێن ئاڕ تی بەری ڕوناكی تیشكی خۆر بەبێژنگ ناگیرێت ، هەروەها تیشكی خۆریش بەفوی دەمی هیچ كەسێك دانامركێتەوە ، وە ئامۆژگاریشم بۆتان ئەوەیە ، ئەگەر باس و خواسێكی تازەتان پێ یە ، ئەوە ئەرزو ئەوەش گەز ، بەڵام تكایە بنێشتە كۆنەی خەڵكی مەنێنە دەمەوە ، هەروەها ئەو بەرنامەیەی كەئێوە ئێستا سەرقاڵن ، هەر زوو لەوڵاتاندا فەشەلی هێناو دوا بڕاو كراو بەبێ هیچ دەستكەتێك لەگۆڕەپانی زانستی و ئایینی پاشەكشەی كردو ئاڵای سپی هەڵكرد ، وە واش نەزانن ئەوەی ئێوە ئەنجامی دەدەن شتێكی گرنگەو پڕ بایەخە بۆخەڵكی كوردستان ، چونكە دڵنیابن تەنها كۆمەڵێكی كەم نەبێت بەو شوبهانەتان هەڵدەخەڵەتێت ئەگینا لای هەموان زوو ئەو فێڵە ئاشكرا بووەو بینیشمانە هەڵگری ئەو بیرۆكانە ڕۆژیان گەیشتۆتە كوێ و كێ پێشوازی لەو بیرۆكانە كردووە ، بۆیە ئەوەی لەم باسەدا خستمە ڕوو تەنها ئەوە بوو كە باسێكی كورت بخەمە ڕوو سەبارەت بەئەو بەرنامەیەو ئامۆژگاری بەڕێوەبەرانی ئەو كەناڵەش دەكەم سنورێك بۆئەو شتانە دابنێن و چیدی ئەو بەرنامە پێشكەش نەكەن ، چونكە سەنگی مەحەك لەهەموو بەرنامەیەك و پرۆژەیەكدا سود گەیاندن و بینەر ڕاكێشانە بۆلای كەناڵەكە ، بەڵام ئەم بەرنامەیەی ئێوە دەتوانن بەپێی ڕاپرسی گشتی ـ نەك ئەو كەسانەی كەخۆتان مەبەستتانە ـ ئەنجامەكەی وەربگرن ، كە دەبینن سەدا حەفتاو پێنج بەسەرەوە خەڵكی لەو بەرنامانە زویرەو بەچەواشەكاری دەزانێت ، بۆیە هەر ئەوەندە دەنوسم ، ئەگینا شتی زیاتر هەڵدەگرێت ، بۆیە گەر بەرنامەی لەو شێوەیە بەردەوام بوو بەپشتیوانی پەروەردگار لەباسەكانی دیكەدا بەدرێژی باسی لێوە دەكەم و هەندێ لەنهێنی یەكانی پشت پێشكەشكردنی ئەو بەرنامەیە دەخەمە ڕوو ئەگەر خوای پەروەردگار ویستی لەسەر بوو ، سەرەڕای ئەوەش ئەگەر كات هەبوو ئەوا كورتە وەڵامێكی بەرنامەی (چاوپێكەوتن) كە لەگەڵ (فوئاد میصری)یش ئامادە دەبێت إن شا‌ء ألله ، چونكە پێم وابێت ئەو مامۆستایە لەبەڕەكەی خۆی زیاتر پێی ڕاكێشا ، بۆیە یاسای ژیان وایە هەركەس لەڕاخەرەكەی خۆی زیاتر پێی ڕابكێشێت پێویستە ئاگادار بكرێتەوەو دواتر ئامۆژگاری و وەلامبدریتەوە .

بابەتەکانی تر