هەندێك لە ئادابەكانی مزگـەوت
بەروار: 2011/12/30سەردارن: 3428نوسەر: هاوار عبدالله/ پێداچونەوەی:مامۆستا عدنان بارام

بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله، و الصلاة والسلام على رسول الله....و بعد :
ئەمانەی خوارەوە بریتین لەچەند ئادابێك كە پێویستە لەكاتی چونە مزگەوت وەك موسڵمانێكی شوێنكەوتەی سوننەت ڕەچاوی بكەین :
1 ـ پێویستە جل و بەرگێك لەبەر بكەین شایستە بێت بە ماڵی پەروەردگار هەروەك پەروەردگار ئەفەرموێ‌ : [ يَا بَنِي آدَمَ خُذُواْ زِينَتَكُمْ عِندَ كُلِّ مَسْجِدٍ ] ( الأعراف : 31 ) واتە : ئەی ڕۆڵەكانی ئادەم هەر كە دەچنە مزگەوت بۆ نوێژ و خوا پەرستی جل و بەرگی جوان و پاك و خاوێن لەبەر بكەن . بۆیە نابێت ئەو جلانە لەبەر بكەین كە ئەبنە هۆی ئەوەی تاوانمان بگات وەكو جلە وەرزشیەكان ( تراكسۆت ، فانیلەی وەرزشی ، سێ‌ چارەك ) چونكە ئەمانە لەچەن ڕویەكەوە لەبەركردنیان جائز نیە لەوانەش ( تراكسۆتەكان تەسكن و لەكاتی نوێژ كردن عەورەتی موسڵمان دەرئەخات و زۆرجاریش پشتی دەرئەكەوێ‌ ، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی جلە وەرزشیەكان خاچ و وێنە و هێمای ناشەرعی پێوەیە كە نوێژكردن پێوەی جائز نیە ، ئەم جۆرە جلانە كە لە ڕومان نەیەت بۆ بازاڕ و دەرەوە لەبەری بكەین چۆن لە ڕومان بێت بۆ ماڵی پەروەردگار لە بەری بكەین ؟
2 ـ چونە ژورەوە بۆ مزگەوت : پێویستە بە قاچی ڕاست بچینە ژوورەوە و بڵێین : ( بسم الله و الصلاة و السلام على رسول الله ، اللهم افتح لي ابواب رحمتك )
3 ـ ئەنجامدانی نوێژی (تحية المسجد) : واجبە لەكاتی چونە مزگەوت پێش دانیشتن دوو ڕكات نوێژی (تحية المسجد) ئەنجام بدەین .
4 ـ وەڵامدانەوەی بانگ بێژ : پێویستە كە گوێمان لە بانگ بوو وتەكانی بانگ بێژ وەكو خۆی لەپاشیەوە دوبارە بكەینەوە . جگە لەو كاتەی كە بانگ بێژ ئەڵێت : حي علی الصلاة ، وحي علی الفلاح
، دەبێ‌ بڵێین : لا حول ولا قوة إلا بالله پاشان صەلاوات ئەدەین لەسەر پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم .
5 ـ پاڕانەوەی پاش بانگ : پێویستە لە پاش كۆتایی هاتنی بانگ بڵێین : (( اللَّهُمَّ رَبَّ هَذِهِ الْدَّعَوَةِ التَّاْمَّةِ ، وَالصَّلاةِ القَائِمَةِ ، آتِ مُحَمَّدًَا الوَسِيْلَةَ وَالفَضِيلَةَ، وابْعَثْهُ مَقَاْمًا مَحْمُودًا الَّذْي وَعَدتَهُ )).
6 ـ ماوەی نێوان بانگ و قامەت : پێویستە لەو كاتە كورتە زۆر بەنرخە خۆمان سەرقاڵ بكەین بە پاڕانەوە لە پەروەردگار چونكە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم ئەفەرموێت :(الدعاء لا يرد بين الأذان والإقامة ) واتە : پاڕانەوەی نێوان بانگ و قامەت وەرگیراوە .
7ـ نوێژكردن ڕوەو بەربەست (سترە) : واجبە ڕوە و بەربەستێك نوێژەكانمان ئەنجام بدەین ، چونكە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتی : ئەگەر یەكێك لە ئێوە نوێژی كرد ، با نوێژكردنەكەی ڕووە و سوترەیەك بێت ، و لێشی نزیك بێتەوە .
پێشەوا ( الشوكاني ) ـ بەڕەحمەت بێت ـ سەبارەت بەم فەرموودەیە فەرموویەتی : واتە : ئەو وتەیەی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم كە فەرموویەتی : با نوێژكردنەكەی ڕووە و سوترەیەك بێت ، بەڵگەیە لە سەر ئەوەی كە سوترە واجبە .
8 ـ خۆ پاراستن لە ڕۆیشتن بەبەردەم ئەوانەی نوێژ ئەكەن : ئەمەش كارێكی مەترسیدارە و دەبێ‌ خۆمان بپارێزین لەوەی بەبەردەم ئەوانە هەنگاو نەنێین كە نوێژ ئەكەن . چونكە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتی : ئەگەر ئەو كەسەی كە بە بەردەست نویژگەردا تێپەر دەبێت بزانێت چەند تاوانی لە سەرە ، ئەوا ئەگەر ( چل ) بووەستایە زۆر باشتر بوو بۆی لەوەی كە بە بەر دەستی دا بڕوات . ( أبو النضر ) دوای گێڕانەوەی ئەم فەرموودەیە فەرمووی : نازانم ووتی چل ڕۆژ ، یان چل مانگ ، یان چل ساڵ.
9 ـ خۆ پاراستن لەنوێژ كردن لە نێوان كۆڵەكەكانی مزگەوت : لە (معاویە)ەی كوڕی (قرە)وە رضي الله عنه دەگێڕنەوە ، ئەویش لە باوكیەوە رضي الله عنه كە فەرموویەتی : ئێمەی هاوەڵانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لەو سەردەمەدا نەهیمان لێ‌ دەكرا لە نوێژ كردن لە نێوان كۆڵەكەكانی مزگەوت ، و دەریش دەكراین لەو شوێنانەدا . (أنس)ی كوری (مالك)یش رضي الله عنه فەرمویەتی: ئێمەی هاوەڵانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لە سەردەمی پێغەمبەری خوادا صلى الله عليه وسلم خۆمان دەپاراست لەمەی كە ئێوە ئەنجامی دەدەن .
واتە : نوێژكردن لە نێوان كۆڵەكەكانی مزگەوت .
10ـ ڕێك كردنی ڕیزەكانی نوێژ و پڕكردنەوەی كەلێنەكان : پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم : سێ‌ جار فەرمووی : ڕیزەكانتان ڕێك خەن ، سویند بێ‌ بە خوای پەروەردگار ، یان ڕیزەكانتان ڕێك دەخەن یان خوای پەروەردگار جیاوازی و خیلاف دەخاتە نێو دڵەكانتانەوە
نوعمانی كوڕی بەشیر رضي الله عنه كە یەكێكە لە هاوەڵانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم پاش ئەوەی كە ئەم فەرموودەیە دەگێڕێتەوە دەفەرمووێت : دوای ئەوەی كە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم ئەوەی فەرموو : پیاوانم دەبینی شانیان دەلكاند بە شانی هاوڕێكانیانەوە ، و چۆكیان بە چۆكی هاوڕێكانیانەوە ، و قاپەڕەقەشیان بە قاپە ڕەقەی هاوڕێكانیانەوە .
11ـ تەواو كردنی ڕیزەكان : پێویستە تا ڕیزێك تەواو پڕ نەكەینەوە ڕیزی تر دروست نەكەین ، چونكە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : ئەو كەسەی ڕیزێك بگەیەنێت خوای پەروەردگار دەیگەیەنێت ، ئەو كەسەش ڕیزێك ببرێت خوای پەروەردگار دەیبڕێت .
ئەم جۆرە هەڕەشانەش بۆ ئەنجامدانی حەرامێك نەبێت ناوترێت .
12 ـ بەكارهێنانی سیواك : سوننەتە لە كاتی هەموو نوێژەكان سیواك بەكار بهێنین چونكە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : (لولا أنْ أشق على أمتي لفرضت عليهم السواك عند كل الصلاة كما فرضت عليهم الوضوء ) واتە: ئەگەر بارگرانی نەبوایە لەسەر ئوممەتەكەم ئەوا سیواك كردنم فەرز دەكرد لەگەڵ هەموو نوێژكردنێكدا هەروەكو چۆن دەست نوێژم فەرز كردوە لەسەریان
13 ـ خۆ پاراستن لە قسە كردن لە پاش (الله اكبر)ی پێش نوێژ : پێویستە لەگەڵ (الله اكبر)ی پێش نوێژ خۆمان بە قسە و شتی ترەوە سەرقاڵ نەكەین بەڵكو نوێژەكەمان دەست پێبكەین . پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتی : پێشنوێژ بۆ ئەوە دانراوە لاسایی و ئیقتدای پێوە بكرێتەوە ... كاتێ‌ ووتی: (الله اكبر) ئێوەش بڵێن: (الله اكبر) .
14 ـ خۆ پاراستن لە نیەت هێنانی نوێژ بە دەم : چونكە نیەت لە دڵدایە هەروەك ( شیخ الإسلام ابن تیمية ڕەحمەتی خوای گەورەی لەسەر بێت ) فەرموویەتی : (مَحَلُّ النِّيَّةِ الْقَلْبُ دُونَ اللِّسَانِ بِاتِّفَاقِ أَئِمَّةِ الْمُسْلِمِينَ فِي جَمِيعِ الْعِبَادَاتِ .)
واتە : بە كۆڕای زانایان لە هەموو پەرستنەكان نیتەت بە دڵ ئەهێنرێت نەك بە زمان : واتە نابێ‌ بەزمان نیەت بهێنرێ‌ . هەروەها فەرمویەتی : نیەت هێنان بە زمان كەم و كوڕیە لە عەقڵ و لە ئاین .
15 ـ خوێندنەوەی پاڕانەوەی دەستپێكردنی نوێژ (دعا‌ء الاستفتاح) : پێویستە لەپاش وتنی (الله اكبر)ی دەست پێكردنی نوێژ ئەم زیكرە بخوێنینەوە : (اللَّهُمَّ بَاعِدْ بَيْنِى وَبَيْنَ خَطَايَاىَ كَمَا بَاعَدْتَ بَيْنَ الْمَشْرِقِ وَالْمَغْرِبِ اللَّهُمَّ نَقِّنِى مِنْ خَطَايَاىَ كَمَا يُنَقَّى الثَّوْبُ الأَبْيَضُ مِنَ الدَّنَسِ اللَّهُمَّ اغْسِلْنِى مِنْ خَطَايَاىَ بِالثَّلْجِ وَالْمَاءِ وَالْبَرَدِ  .)
یان هەر زیكرێكی تر لە پێغەمبەری خواوە صلى الله عليه وسلم جێگیر بوبێت .
16 ـ سەیر كردنی شوێنی سوژدە : پێویستە تا نوێژەكەمان تەواو ئەبێ‌ تەماشای شوێنی سوژدەكەمان بكەین و چاو نەگێڕین بەملا و ئەولادا چونكە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم نەهی دەكرد لە چاو گێڕان بە ئاسماندا " وە جەختیشی لە سەر ئەم قەدەغەكردنە كردوە ، وەك ئەفەرموێت: كۆمەڵە كەسانێك هەن لە كاتی نوێژدا چاو بەئاسماندا دەگێڕن ، واز دەهێنن یان خوای پەروەردگار بیناییان لێ‌ بسینێتەوە
17 ـ دانانی دەست لەسەر سنگ : لە ( طاووس ) ەوە دەگێڕێتەوە كە : پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم لە كاتی نوێژكردنیدا دەستی ڕاستی دەخستە سەر دەستی چەپی ، پاشان لە سەر سنگی توندی دەكردن . )
وە " نەهیشی دەكرد لە دانانی دەستەكان لە ئاستی كەلەكە ( الإختصار): واتە : دانانی دەستەكان لە سەر یان لە ئاستی كەلەكە ) لە كاتی نوێژدا " ، و هەر ئەم شێوە دانانەشە نەهی لێ‌ دەكرد .
18 ـ خۆپاراستن لە وتنی (آ‌مین) بەرلە پێش نوێژ : پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتی : ئەگەر پێشنوێژ ئامینی كرد ئێوەش لە گەڵیا ئامین بكەن ، چونكە ئەو كەسەی ئامینەكەی لە گەڵ ئامینی فریشتەكانی خوادا جوت بوو ئەوا خوای پەروەردگار لە هەموو گوناهەكانی خۆش دەبێت . بەڵام خەڵكێك هەن بەرلە پێش نوێژ (آ‌مین) ئەكەن ، ئەم جۆرە كەسانە ئامینەكەیان نابێتە هۆی لێخۆشبونی تاوانەكانیان چونكە لەگەڵ (آ‌مین)ی پێش نوێژ و فریشتەكان یەك ناگرێتەوە .
19 ـ خۆ پاراستن لە پێشكەوتنی ئیمام لە سجود و ركوع : پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتی : پێشنوێژ بۆ ئەوە دانراوە لاسایی و ئیقتدای پێوە بكرێتەوە ، جا پێشی مەكەون، كاتێ‌ ووتی: (الله اكبر) ئێوەش بڵێن: (الله اكبر)، كاتێ‌ چووە ركوعەوە ئێوەش بچنە ركوعەوە، ... كاتێ‌ سەجدەی برد ئێوەش سەجدە بەرن .
20 ـ پێویستە لە كاتی چونە سوژدە دەستەكانمان پێش ئەژنۆمان بخەینە سەر زەوی چونكە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتی: " إذا سجد أحدكم ؛ فلا يبرك كما يبرك البعير ، وليضع يديه قبل ركبتيه " واتە : ئەگەر هەریەك لە ئێوە سوژدەی برد ، با وەكو ووشتر نەكات ، بەڵكو دەستەكانی پێش ئەژنۆكانی بخاتە سەر زەوی
21 ـ خۆپاراستن لە پێشكەوتنی ئیمام لە كاتی سەر بەرزكردنەوە لە سجود چونكە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی :(أما يخشى الذي يرفع رأسه قبل الإمام أن يحول الله رأسه رأس حمار) . متفق عليه واتە : ئەو كەسەی بەرلە پێش نوێژ سەری لە سوژدە بەرز دەكاتەوە ئایە ناترسێ‌ خوا سەری بگۆڕێ‌ بۆ شێوەی گوێ درێژیێك .
22 ـ لەپاش نوێژ پەلە نەكەین لە دەرچوون لە مزگەوت ، بەڵكو جوان وایە دانیشین تاوەكو زیكرەكانی پاش نوێژ ئەخوێنینەوە پاشان دەربچین .
23 ـ لە پاش تەواو بونی نوێژ و لەكاتی دەرچوون لە مزگەوت پێویستە بە قاچی چەپ دەر بچین و بڵێین :
 بسم الله والصلاة والسلام على رسول الله اللهم إني أسألك من فضلك اللهم اعصمني من الشيطان الرجيم .
 
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِين