ئەو تاوانانەی كە حەدێكی دیاری كراویان بۆ دانەنراوە ئایا سزای شەرعی بۆ ئەوانە چییە ؟
بەروار: 2012/01/01سەردارن: 3489نوسەر: شێخى پایەبەرز:ابن تیمية‌ بە ڕەحمەت بێت

ئەو تاوانانەی كە حەدێكی دیاری كراوی بۆ دانەنراوە یان كەفارەتی بۆ دیاری نەكراوە ، وەك ئەو كەسەی منداڵێك یان ژنێكی بێگانە ماچ دەكات ، یان دەست بازی لەگەڵ ئافرەتێكدا دەكات بەبێ جووت بوون ، یان شتێكی حەرام دەخوات وەك خوێن و مردارەوەبوو ، یان كەسێك تۆمەتبار دەكات بە جگە لە شەرواڵ پیسی، یان دزی لە شوێنێك دەكات كە شوێنێكی پارێزراو نییە ، یان دزینی شتێكی كەم ، یان خیانەت كردن لە ئەمانەت ، وەك كارمەندانی ( بیت المال ) یان ماڵی ( الوقف ) و ماڵی هەتیو و هاوشێوەكانی ، ئەگەر خیانەت بكەن ، یان بریكار و هاوەڵ ئەگەر خیانەت بكەن ، یان كەسێك لە كڕین وفرۆشتندا گزی ( غش ) بكات ، وەك ئەو كەسانەی كە لە شتومەكی خواردن و كەل وپەل و هاوشێوەكانی دزی دەكەن ، یان لە كێشانە و پێوانە دزی لەخەڵك دەكەن ، یان كەسێك گەواهی ناڕەوا بدات ، یان گەواهی ناڕەوابخاتە سەر زاری كەسێك ، یان بەرتیل بدات بۆ ڕاپەڕاندنی ئیش و كارەكانی ، یان حوكم بە قورئان نەكات ، یان ستەم لە هاوڵاتیەك بكات ، یان تەعزیەباری وەكو سەردەمی نەفامی بكات ، یان بەدەم بانگهێشتی نەفامیەوە بچێت ، هەروەها هەموو حەرام كراوەكانی تر ، هەموو ئەو جۆرە كەسانە سزادەدرێن بەوەی سەرزەنشت دەكرێن و لۆمە دەكرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت ، بە ئەندازەی ئەوەی كاربەدەست بەپێویستی بزانێت ، بەگوێرەی زۆر و كەمی تاوانەكە ، ئەگەر تاوانەكەی زۆر بوو سزاكەی زیاتر دەبێت ، بە پێچەوانەی ئەوەی كە تاوانەكەی كەم بێت ، یان سەیری حاڵی تاوانبارەكە دەكرێت ، ئەگەر لەو كەسانە بوو كە خووی بە تاوانكردنەوە گرتبوو سزاكەی زیاتر دەدرێت ، بە پێچەوانەی كەسێك كە بە كەمی تاوان دەكات ، وە بەگوێرەی گەورە و بچوكی تاوانەكە ، ئەگەر كەسێك دەست بۆ كۆمەڵە ژن ومنداڵێكی خەڵك ببات زیاتر سزا دەدرێت وەك لە كەسێك كە تەنها دەست بۆ ژنێك یان منداڵێك ببات .
كەمترین تاوان حەدی تیادا نییە ، وە حەد هەرشتێكە كە كەسێك ئازار بدات ، بە وتە یان بەكردەوە ، یان قسە لەگەڵدا نەكردن ، یان هەڵس وكەوت لەگەڵ نەكردنی ، كەسێك سەر زەنشت دەكرێت بە ئامۆژگاری كردنی یان بە ترساندنی ، یان بە تورەبوون لێی ، هەندێك جار بەوە سزا دەدرێت كە سەلامی لێناكرێت تا پەشیمان دەبێتەوە لەو كردەوەی ئەگەر ئەم كارە بەرژەوەنــدنی تیــادابوو بۆی ، وەك چۆن پێغەمبـەری خودا صلى الله عليه وسلم قسـەی لەگەڵ ئەو ســـــــێ هاوەڵەدا نەكرد كە لە جەنگ دواكەوتن ، وە هەندێك جار بەوە سزا دەدرێت كە لەسەر كار لادەبرێت وەك چۆن پێغەمبـەری خودا صلى الله عليه وسلم و هاوەڵانی وایان دەكرد ، وە هەندێك جار سزا دەدرێت بەوەی لەگەڵ سەربازی موسڵماناندا بەكار ناهێنرێت وەك جەنگاوەرێك ، ئەگەر لە كاتی شەڕدا پشتی هەڵكرد و ڕایكرد ، چونكە پشت هەڵكردن لەجەنگ لە تاوانە گەورەكانە ، وە بڕینی مووچەكەی وەكو سزایەك بۆی ، وە كاربەدەست ئەگەر خۆی بەگەورە زانی لابردنی لەسەر كار سزایە بۆی .
وە هەروەها سزای دەدرێت بە زیندانی كردن ، وهەندێك جار بە لێدان ، وە بەدەم و چاو ڕەشكردنی و سواركردنی لەسەر گوێدرێژ بەهەڵگەڕاوەی ، وەك لە عمری كوڕی خەتابەوە گێڕاوەتەوە كەوای كردووە لەو كەسەی كە گەواهی بەدرۆ داوە ، چونكە درۆزن ڕوو ڕەشە ئەویش دەم وچاوی ڕەشكرد ، وە قسەی هەڵگێڕاوەتەوە ئەویش سواربونەكەی هەڵگێڕایەوە .
بەڵام لایەنی زۆری ئەم جۆرە سزادانە ، وتراوە : دە قامچی زیاتری لێنادرێت ، وە زۆربەی زانایان دەڵێن : نابێت بگەیەنرێتە ئاستی داری حەد ، دیسان ئەوان دوو وتەیان هەیە ، هەیانە دەڵێن : نابێت بگاتە ئاستی كەمترین داری حەد ، نابێت بۆ كەسێكی ئازاد بگاتە ئاستی حەدی كەسێكی ئازاد ، ئەویش چل یان هەشتا داری حەدە ، وە نابێت بۆ كەسێكی بەندە بگاتە ئاستی سزادانی بەندەیەك ، ئەویش بیست یان چل داری حەدە ، وە وتراوە لە هەربارێكدا نابێت بگاتە ئاستی حەدی بەندەیەك ، هەرتاوانێك مەرج نییە ئەو سزایە بدرێت كە بۆ هاوشێوەكەی لە شەریعەتدا دانراوە ، بۆ نمونە ئەگەر كەسێك شتێك بدزێت لە شوێنێك دەرەوەی ئەو بازنەی پێدەڵێن پارێزراو دەستی نابڕێت ، ئەگەرچی داری حەدی لێدەدرێت زیاتر لەو كەسەی تۆمەتی شەرواڵپیسی دەداتە پاڵ بێتاوانێك ، وە هەركەسێك هەرچی بە ئافرەتێك بكات بەڵام شەڕواڵپیسی لەگەڵدا نەكات دیسان سزای شەرواڵپیسی بەسەردا ناسەپێت ، وەك لە عمری كوڕی خەتاب رضي الله عنه گێڕاوەتەوە : (( كەسێك مۆرەكەی تەزویر ( ساختە ) كردبوو ، بەوەش پارەی لە ( بیت المال ) وەرگرتبوو ، فەرمانی كرد ڕۆژی یەكەم سەد دار و ڕۆژی دووەم سەد دارو ڕۆژی سێ یەم سەد داری لێدا )) ، وە لە خەلیفە ڕاشدیەكانیان گێڕاوەتەوە : ئەگەر پیاو و ژنێك لە توێی جێگەیەكدا بەدی كران ، سەد داریان لێدەدرێت ، وە لە پێغەمبەری خودایان گێڕاوەتەوە صلى الله عليه وسلم : كەسێك جووت بێت لەگەڵ كەنیزەكی خێزانەكەی :(( إن كانت أحلتها له جلد مائة وإن لم تكن أحلتها له : رجم)) ( 1) ، واتە : ئەگەر ژنەكەی حەڵاڵی كردبوو بۆی سەد داری لێدەدرێت ، بەڵام ئەگەر حەڵاڵی نەكرد بوو بۆی : بەردباران دەكرێت ، ئەم بۆچونانە لە مەزهەبی ئەحمەد وئەوانی تردایە ، وە دوو بۆچونەكەی پێشوو لە مەزهەبی شافعی و ئەوانی تردایە ، بەڵام مالك و ئەوانی تر : لێیان گێڕڕاوەتەوە : تاوانی وا هەیە خاوەنەكە دەكوژرێت ، هەندێك لە هاوەڵانی ئەحمەد هاوڕان لەگەڵیدا ، بۆ نمونە ئەگەر موسڵمانێك سیخوڕی كرد بۆ دوژمنان لەدژی موسڵمانان ، ئیمامی ئەحمەد لە كوشتنی ئەو جۆرە مرۆڤانە ڕاوەستاوە ، بەڵام مالك و هەندێك لە حەنبەلیەكان بە دروستیان زانیوە " وەك ابن عقیل " كوشتنی ، وە أبوحنیفە و شافعی و هەندێكی تر لە حەنبەلیەكان " وەك قازی أبو یعلی " ئەوەیان بەدروست نەزانیوە .
هەندێك لە هاوەڵانی شافعی و ئەحمەدو ئەوانی تر بە دروستیان زانیوە : كەسێك بانگەوازكار بێت بۆ شتە داهێنراوەكان ( البدع ) كە پێچەوانەی قورئان وسونەتن بكوژرێن ، وە هەروەها زۆربەی هاوەڵانی مالكیش ئەوەیان بە دروست زانیوە و دەڵێن : مالك لەبەر ئەوە كوشتنی ( القدرية ) ی بەدروست زانیوە چونكە بشێوی دەنێنەوە لەسەر زەوی ، نە لەبەر هەڵگەڕانەوە لە ئاین ، وە هەروەها جادوباز ( ساحر ) یش لەبەر ئەو هۆیە دەكوژرێت ، چونكە زۆربەی زانایان ڕایان وایە جادوباز دەكوژرێت ، وە لە جندبەوە رضي الله عنه بە وتەی خۆی و فەرمودەی پێغەمبەری خوداش صلى الله عليه وسلم گێڕراوەتەوە : ((إن حد الساحر ضربه بالسيف))(2) ، واتە : سزای جادوباز كوشتنیەتی بە شمشێر ، وە هەروەها لە عمر و عثمان و حفصە و عبدالله ی كوڕی عمرو هاوەڵانی تریش رضي الله عنهم گێڕراوەتەوە ڕایان وایە دەكوژرێت ، هەندێك زانا دەڵێن : لەبەر ئەوەی كافر بووە ، وە هەندێكی تریان دەڵێن : لەبەر بشێوی ( الفساد ) نانەوەیە لەسەر زەوی ، بەڵام زۆرینەی زانایان ڕایان وایە دەكوژرێت وەكو حەدێك بۆی ، وە أبو حنیفە ڕای وایە كەسێك كە تاوان دووبارە بكاتەوە هەڕەشەی كوشتنی لێدەكرێت ، ئەگەر جۆری ئەو تاوانە شایانی كوشتن بێت ، وەك چۆن كەسێك نێربازی دووبارە بكاتەوە دەكوژرێت ، یان كەسێك كەسێكی تر تیرۆر بكات لەبەر ماڵ یان هەرشتێكی تر لەباتی دەكوژرێت .
وە بەڵگەش لەسەر ئەوەی تێكدەر وبشێویكار ئەگەر بەكوشتن نەبێت واز لەوكارە خراپانە نەهێنێت دەكوژرێت ، ئەو فەرمودەیە كە مسلم لە ( صحیحە ) كەیدا لە عرفجەی الاشجعیەوە رضي الله عنه ڕیوایەتی كردووە ، دەڵێت : گوێم لەپێغەمبەری خودا بوو صلى الله عليه وسلم دەیفەرموو :((من أتاكم وأمركم جميع على رجل واحد ، يريد أن يشق عصاكم ، أو يفرق جماعتكم فاقتلوه " وفي رواية : " ستكون هنات ، وهنات ، فمن أراد أن يفرق أمر هذه الأمة وهي جميع فاضربوه بالسيف كائناً من كان )) (3 ) ، واتە : ئەگەر ئێوە كۆك بوون لەسەر پێشەوا بوون و سەركردایەتی كەسێك ، كەسێك بێت و بیەوێت ئەو یەكدەنگی و كۆمەڵ بونەتان لێ تێك بدات بیكوژن ، وە لە ڕیوایەتێكی تردا : لە ئایندەدا كۆمەڵێك بشێوی وشتی ناوازە پەیدا دەبێت ، هەركەسێك بیەوێت كاری ئەم ئوممەتە تێك بدات لەكاتێكدا ئەوان تەبابوون ، ئەوە بەشمشێر بیكوژن هەركەسێك بوو .
وە هەروەها بۆ ئەو كەسانەی كە مەی دەخۆنەوە فەرمان كراوە بەكوشتنیان جاری چوارەم ، بە بەڵگەی ئــــەو فەرمودەیەی كـــــــە ئەحمەد لـــــە ( المسند ) لە دیلم الحمیری رضي الله عنه گێڕاوەتەوە :( سألت رسول الله صلى الله عليه وسلم فقلت يا رسول الله : إنا بأرض نعالج بها عملاً شديدا ، وإنا نتخذ شرابا من القمح نتقوى به على أعمالنا ، وعلى برد بلادنا ، فقال : هل يسكر ، قلت : نعم ، قال : فاجتنبوه ، قلت إن الناس غير تاركيه ، قال : فإن لم يتركوه فاقتلوهم ) ( 4) ، واتە : پرسیارم كرد لە پێغەمبەری خودا صلى الله عليه وسلم وتم : ئەی پێغەمبەری خودا ، ئێمە لە وڵاتێكین ئیش وكاری سەخت ودژوار دەكەین ، وە ئێمە خواردنەوەیەك لەگەنم دروست دەكەین ، بۆ ئەوەی بەهێزبین لە ئیش وكارەكانمان ، وە لەبەر سەرما وسۆڵەی وڵاتەكەمان دەیخۆینەوە ، فەرمووی : سەرخۆش دەكات ؟ وتم : بەڵێ ، فەرمووی : لێی بەدووربن ، وتم : خەڵكی وازی لێناهێنن ، فەرمووی : هەركەس وازی نەهێنا بیكوژن .
لەبەر ئەوەی تێكدەر وەك دەست درێژكار وایە ، ئەگەر وازی لەو كارەی نەهێنا بەكوشتن نەبێت دەكوژرێت ، بەوەش كەباسمانكرد سزادان دوو جۆرە :
[یەكەم] : لەسەر تاوانێك كە ئەنجام دراوە ، سزادان بەرەنجامی تاوانێكە وەك سەرزەنشتێك لەلایەن خوداوە ، بۆ نمونە سزادانی مەی خۆر یان سزای كەسێك كە بەبێتاوان كەسێكی تر بەشەرواڵ پیسی تاوانبار دەكات ، وە بڕینی دەست وپێی ڕێگر و بڕینی دەستی دز .
[دووەم ]: سزادان لەبەر ئەنجام نەدانی كارێكی پێویست ، یان وازنەهێنان لەكارێكی حەرام لە ئاینــــدەدا وەك چۆن كەسێك لەئاین هەڵگەڕابێتەوە داوای پەشیمان بونەوەی لێدەكرێت ، ئەگەر پەشیمان نەبووەوە دەكوژرێت ، وە هەروەها نوێژ نەكەر و زەكات نەدەر وپێ شێلكەری مافی خەڵك سزا دەدرێن تا ئەوەی لەسەریانە بەجێی دەهێنن ، ئەگەر كەسێك سزا درا بەلێدان ، بۆ جاری دووەم زیاتر سزا دەدرێت ئەگەر ئەوەی پێویست بوو لەسەری بەجێی نەهێنا ، بۆ نمونە دروستە سزای نوێژنەكەر بدرێت چەند جارێك تا نوێژ دەكات ، یان ئەوەی پێویستە لەســـەری بە ئەنجــــامی دەگەیەنێت ، وە ئەو فەرمودەیەی كە لە هەردوو ( صحیحه ) كەدا هاتووە ، لە پێغەمبەری خوداوە صلى الله عليه وسلم دەفەرموێت : ((لا يجلد فوق عشرة أسواط إلا في حد من حدود الله ))(5) ، واتە : لە دە قامچی زیاتر لەكەس نادرێت مەگەر كەسێك یەكێك لە سنورەكانی ( حد ) خودا ببەزێنێت ، هەندێ لە ئەهلی زانست بەوە ڕاڤەیان كردووە ، كەوا مەبەستی لەسنوری خودا ئەوەی كە حەرام كراوە لەبەر مافی خودا ، چونكە زاراوەی سنورەكان ( الحدود ) لە قورئان وسوننەتدا مەبەست پێی جیاوازی كردنە لە نێوان حەڵاڵ و حەرام ، وەك كۆتایی حەڵاڵ وسەرەتای حەرام ، لە یەكەمدا دەفەرموێت :[ تِلْكَ حُدُودُ اللّهِ فَلاَ تَعْتَدُوهَا ] سورة البقرة:(229) . واتە : ئەوانە سنوری خودان مەیانبەزێنن ، وە لەباری دووەمدا دەفەرموێت :[ تِلْكَ حُدُودُ اللّهِ فَلاَ تَقْرَبُوهَا ] سورة البقرة:(187) . واتە : ئەوانە سنوری خودان نزیكیان مەكەونەوە . بەڵام ناونانی سزادانی دیاری كراو بە ( حد ) ، ئەو شتە لەنەریتەوە ( عرف ) وەرگیراوە ، وە مەبەستی فەرمودەكەش : هەركەسێك لە كەسێكی تریدا لەبەر پێشێلكردنی مافێكی خۆی ، وەك لێدانی پیاو لە خێزانەكەی ئەگەر گوێڕایەڵی نەكرد لەسەر شتێك كە سەرپێچی خودا نەبوو ، نابێت دەدار زیاتری لێبدات ، وە ئەو جەڵدەی كە شەریعەتی ئیسلامی پێهاتووە : قامچیەكی مام ناوەندە ، چونكە باشترین شتەكان وەرگرتنی مام ناوەندەكەیەتی ، علی رضي الله عنه دەفەرموێت : ((لێدانێكی مام ناوەند ، وقامچیەكی مام ناوەند )) ، جەڵدە لێدان نابێت بە گۆچان وشتی تر بێت بەڵكو بە جۆرە قامچیەكی تایبەتە ، وە ئەو جۆرە قامچیەش بەكارنایەت كــــە پێی دەوترێت ( الدرة ) بەڵكو بۆ سەرزەنشتكردن بەكاردێت .
عمری كـــوڕی خەتاب رضي الله عنه : لـــــە كاتی تــــــەمێكردن و سەرزەنشتكردنــــدا ( الدرة ) ی بەكار دەهێنا ، بەڵام بۆ سنورەكان قامچی بەكار دەهێنا وە هەموو كەل وپەلەكەی لەبەر دانەدەكەند ، بەڵكو تەنها ئەوەی لەبەر دادەكەند كە بەرگیری لە لێدانەكە بكردایە وەك فەروە و فەرەنجی هاوشێوەیان ، وە نابەسترێتەوە ئەگەر پێویستی بەوە نەكرد ، وە لە دەم و چاوی نادرێت ، چونكە پێغەمبەری خودا صلى الله عليه وسلم دەفەرموێت : ((إذا قاتل أحدكم فليتق الوجه))(6 ) ، واتە : لە هەر كەسێكتان دا خۆتان لە لێدانی دەم و چاوی بپارێزن ، چونكە لێدانەكە بۆ كوشتنی نییە بەڵكو بۆ تەمیەكردنیەتی ، وە هەر ئەندامێكی پێویسـتە لەو ئــازارە بەشداربێت ، وەك پشت وشان وڕانەكانی .
========================
(1) رواه أبوداود (4459)،والترمذي(1451)،و ابن ماجه(2551)،والنسائي(3360)،وضعفه الألباني في ضعيف أبي داود.
(2) رواه الترمذي(1865)،و ضعفه الألباني في ضعيف الجامع(2699).
(3)رواه مسلم(1852).
(4) رواه أبوداود(3683)،و صححه الألباني في المشكاة(3651).
(5) رواه البخاري(6848)،ومسلم(1708).
(6)رواه البخاري (2559)، ومسلم (2612).