د.عبداللطيف: سەلەفیەت ئەو ڕێبازەیە لە دیندارێتیدا كە سەلەفی صاڵحی لە سەر بووە، واتە پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم و هاوەڵانی لە سەر بووە، لە بواری بیروباوەڕ و بانگەوازی، وە لە بوارەكانی فەرمان كردن بە چاكە و نەهی كردن لە خەراپە، وە لە بوارەكانی ڕەوشت و پەروەردە و مامەڵە كردن لەگەڵ خەڵك و سەركردە و لەگەڵ گروپە جیاوازەكان و تێكڕای بوارەكانی تریش لە دیندا.
وە ئەم ڕێبازەش تەنها یەك ڕێباز بوو نەك دووان و سیان، كەواتە یەك جۆر سەلەفیەتیش هەیە، وە سەلەفیەتی ڕاستیش بەوە دەناسرێتەوە كە بەراورد بكرێت لەگەڵ مەنهەج و ڕێباز و سوننەتی پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم و هاوەڵانی، جا كە موافیقی ئەوان بوولە گشت بوارەكانی بیروباوەرو مەنهەجدا ئەوە سەلەفیەتە دەنا بە ئیدیعا و پڕوپاگەندە نابێت بەسەلەفیەت و لە سەر ئەویش حیساب ناكرێت، بۆ نمونە:
ئەوكەسانەی كە دەڵێن ئێمە لەعەقیدە سەلەفین بەڵام لە پەروەردەدا ئیخوانین ولە تەزكیەی نەفسدا صۆفین و لە جیهادا ئەفغانین ئەوە بێگومان سەلەفی نیە؛ چونكە سەلەفی ئەوكەسەیە كە لەگشت بوارەكانی دیندارێتیدا سەلەفی بێت، واتە لەسەر مەنهەجی پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم و هاوەڵانی و پێشینە چاكەكان بێت.
وە تەنها ئەو ڕێبازەش حەقە و ڕاستە لە دیندارێتیدا كە پێشینە چاكەكان (السلف الصالح)ی لە سەر بووە وەك لە چەندان بەڵگەوە بۆمان دەردەكەوێت وەك:
1.خوای گەورە فەرمووی::[وَالسَّابِقُونَ الْأَوَّلُونَ مِنَ الْمُهَاجِرِينَ وَالْأَنْصَارِ وَالَّذِينَ اتَّبَعُوهُمْ بِإِحْسَانٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ وَأَعَدَّ لَهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي تَحْتَهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا أَبَدًا ذَلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ]التوبة:100،، واتە: پێش كەوتووە یەكەمەكان لە كۆچكەر و پشتیوانانیان، وە ئەوانەش كە شوێنیان كەوتوون بە باشی تەنها ئەم دوو كۆمەڵەی موسوڵمانان خوا لێیان ڕازی بووە و بەهەشتێكی خۆشی بۆ تەرخان كردوون.
2.[ فَإِنْ آمَنُوا بِمِثْلِ مَا آمَنْتُمْ بِهِ فَقَدِ اهْتَدَوْا وَإِنْ تَوَلَّوْا فَإِنَّمَا هُمْ فِي شِقَاقٍ]البقرة 137
واتە: ئەگەر خەڵكی تریش جگە لە هاوەڵانی پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم وەكو ئەوان باوەڕ بهێنن و لە سەر ڕێبازی ئەوان بن ئەوە هیدایەت دراون، بەڵام ئەگەر وانەكەن و پشت هەڵ بكەن لەو ئیمان و ڕێبازەی هاوەڵان ئەوە پارچە پارچە و ناكۆك دەبن.
3. پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم فەرموویەتی ئوممەتی ئیسلام دەبێتە (73)گروپ هەموویان بۆ دۆزەخن جگە لە یەك كۆمەڵ نەبێت ئەویش تەنها ئەوانەن كە لە سەر ئەو ڕێبازەن كە من هاوەڵانمی لە سەرە.
كەواتە لە وەوە دەركەوت كە تەنها یەك ڕێبازی دینداری ڕاست هەیە ئەویش ئەوەیە كە سەلەفی صاڵحی لە سەر بووە.
كەوابوو هەركەسێ لە سەر هەمان ڕێبازی پێغەمبەر و هاوەڵانی نەبێت لە گشت بوارەكانی دیندا لە عەقیدە و دەعوە و جیهاد وفەرمان بە چاكە و نەهی لە خەراپە و مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتداردا ئەوە سەلەفی نیە هەرچەندە پڕوپاگەندەی ئەوەش بكات.
وە ئەو كەسانەی دێن سەلەفیەت دەكەنە چەند بەش و جۆرێكەوە ئەمانە سەلەفی نین بەڵكو دوژمنی سەلەفیەتن.
وە لەگشت سەردەمێكدا زانا و پێشەوایانی سەلەفی دیار و ناسراوبوون لە هەموو وڵاتێك، جا هەر كەسێك ڕێگایەكی تری هەڵبژاردبێ جگە لە ڕێگای ئەو زانایانە ئەوە سەلەفی نیە، بۆ نموونە لە سەردەمی ئێمەدا زانا بەرزەكان بریتین لە إبن باز، البانى، إبن عثيمين، مقبل الوادعي، ربيع بن هادي ، أحمد النجمي، صالح الفوزان، صالح اللحيدان.....
2.دروستە سەلەفی بیت و حزبیش بیت لە هەمان كاتدا؟!!
د.عبداللطيف: بێگومان نەخێر، چونكە خوای گەورە فەرمویەتی:[وَأَنَّ هَذَا صِرَاطِي مُسْتَقِيمًا فَاتَّبِعُوهُ وَلَا تَتَّبِعُوا السُّبُلَ فَتَفَرَّقَ بِكُمْ عَنْ سَبِيلِهِ ذَلِكُمْ وَصَّاكُمْ بِهِ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ] (153:الانعام) واتە شوێن رێچكەكان مەكەون ئەگینا لاتان دەدەن لەرێگا راستەكەی خوا، كەواتە مرۆڤ یان لەسەر ڕێبازی ڕاستە كەسەلەفیەتە وەیان لەسەر یەكێ لەڕێچكە لادراوەكانە، وە ناكرێت لەسەر هەردوكیان بێت، كەوابوو لە سەلەفیەتدا حزب حزبێنە لە دیندا نیە ، جگە لە یەك حزبی گەورە كە گشت موسوڵمانانی گرتۆتەوە، كە تەنها ئەویش حزبی خوایە و پێشەوایەكەشی محمدە صلى الله علیه وسلم ، هەروەك خوای گەورە فەرموویەتی: [إِنَّ هَذِهِ أُمَّتُكُمْ أُمَّةً وَاحِدَةً وَأَنَا رَبُّكُمْ فَاعْبُدُونِ]الانبياء:92
واتە: ئوممەتی ئێوە تەنها یەك ئوممەتە نەك فرە حزب، وە هەروەها لە ئیسلامدا تەنها یەك ڕێگای ڕاست(صراط المستقیم) هەیە، وە یەك (سبیل المؤمنین) هەیە وە یەك حزب هەیە [أُولَئِكَ حِزْبُ اللَّهِ أَلَا إِنَّ حِزْبَ اللَّهِ هُمُ الْمُفْلِحُونَ] (22:المجادلة) ، وە جگە لەمە هەمووی ڕێچكەی لادراون و بە ڕێگای ڕاست دانانرێن.
3. ئایە سەلەفیەكانی كوردستان پشگیری لە حزبە ئیسلامیەكان دەكەن لە هەڵبژاردنەكان، یان خۆیان هەڵدەبژێرن وەكو حزبی نوری میسری و ئەمانیش لە مەودوا دێنە ناو ململانێی سیاسی و هەوڵی بە دەست هێنانی كورسیەكانی ناو پەڕلەمان دەدەن؟
د.عبداللطيف: من تەنها وەك مامۆستایەكی سەلەفی ئەوە بە ڕاست نازانم لە دیندا كە سەلەفیەت بكرێتە حزبایەتی و سەلەفیەكان حزب پێك بهێنن و ململانێی كورسی وەدەست هێنان بكەن، بەڵكو ڕاست لای من ئەوەیە كە مامۆستا سەلەفیەكان با بە ئامۆژگاریكار و چاكەكار و پەروەردەكار بمێننەوە و بانگەوازی گەلەكەیان بكەن بۆ تەنها خوا پەرستی و دووری لە دیاردەكانی شەخص پەرستی و هاوەڵ بۆ خوا دانان، وە هەوڵی زیندوو كردنەوەی سوننەت و ڕاماڵینی بیدعە و خواڕافە و نەفامی بدەن و دینی ڕاست بە خەڵك بگەیەنن و فەرمان بە چاكە بكەن و نەهی لە خەراپە بكەن و پاسەوانی لە دین بكەن لە گشت دەستێوەردانێك و یاری پێكردنێك و زیاد و كەمیەك، وە من خۆم هەوڵ بۆ ئەوە نادەم كە سەركردەیەك لابدەم و خۆم لە شوێنی ئەو بم، بەڵكو ئەگەر دەنگم بگاتە هەر لێپرسراو و سەركردەیەك دەمەوێت ئامۆژگاری خێری بكەم و دوعای خێری بۆ بكەم، جا ئایا كاك مەسعود بێت یان مام جەلال، یان سبەینێ مامۆستا علی باپیر یان مامۆستا صلاح الدین بهاء الدین حوكمی كوردستانیان بە دەست بێت، گرنگ لای ئێمە ئەوەیە بە ئەركی ئامۆژگاری و پاسەوانێتی دین هەڵسین و دینی حەق بگەیەنین كە دەبێتە هۆی ئارامی و ئاسودەیی و بەختەوەری و سەفەرفرازی خەڵكی و وڵاتیش.
4.ئایا سەلەفیەت پێشكەوتن و داهێنان و نوێكاری بەلاوە بیدعەیە؟!
د.عبداللطيف: نەخێر، سەلەفیەت یەعنی ئیسلام وە ئیسلامیش هانی داوین كەزیاتر لێكۆڵینەوە و وردبوونەوە و هەوڵ دانمان هەبێت بۆ كاری خێر و بەرژەوەندی موسوڵمانان.
وە هەر پێش كەوتنێكی دونیایی لە بواری تەكنەلۆژیا و ئەلیكتڕۆنی و پیشەسازی ئیسلام بە باشی دەزانێت، بە مەرجێك لە خزمەتی خەڵكی دابێت، وە بە هەمان شێوەش داهێنانی دونیای و نوێكاریش، واتە سەلەفیەت هیچ كاتێك بە كارەبا و سەیارە و قیتار و تەیارە و كۆمپیتەر و گشت داهێنانە دونیاییەكانی تری نەوتووە بیدعەیە و خەراپە.
وە ئەو كەسانەی كە ئەم پڕوپاگەندەیە بۆ سەلەفیەكان دەكەن یان نەفامن یان ناحەز و بوهتانكەرن، چونكە پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم فەرموویەتی:((أنتم أعلم بأمر دنیاكم)) رواه مسلم واتە: ئێوە شارەزاترن بە دونیا لە من، كەواتە هیچ كاتێك سەلەفیەكان نەیان ووتوە پێویستە دونیای ئەمڕۆی ئێمە وەكو دونیای سەردەمی پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم بێت!! نەیان ووتووە با كارەبا و سەیارە نەبێت وە با خۆشگوزەرانی دونیایی نەبێت!! چونكە خوای گەورە فەرموویوتی::[ قُلْ مَنْ حَرَّمَ زِينَةَ اللَّهِ الَّتِي أَخْرَجَ لِعِبَادِهِ وَالطَّيِّبَاتِ مِنَ الرِّزْقِ] واتە: كێ یە ئەو كەسەی كە ئەو ڕازاوەیی و جوانیانە حەرام دەكات كە خوا بە خەڵكی بە خشیوە، وە كێ رزقە پاكەكان حەرام دەكات لە بەندەكانی خوا؟!
وە هەروەها فەرموویەتی: [وَلَا تَنْسَ نَصِيبَكَ مِنَ الدُّنْيَا]القصص:77 واتە: بەشی خۆشگوزەرانی خۆت لە دونیا لە بیر مەكە، بەڵام بە مەرجێك حەڵاڵ و پاك بێت نەك حەرام و پیس و زیان بەخش.
كەواتە سەلەفیەت هیچ داهێنان و نوێكاری و پێشكەوتنێكی باشی دونیایی لە خەڵك حەرام نەكردووە و بەلایەوە بیدعە نیە.
بەڵكو ئەوەی كە بەلایەوە بیدعەیە و حەرامە تەنها دەستكاری كردنی دینە و زیاد و كەمی لێ كردن و داهێنانی شتێكی تازەیە بەناوی دینەوە هەروەكو پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم فەرموویەتی:یەتی((مَنْ أَحْدَثَ فِى أَمْرِنَا هَذَا مَا لَيْسَ مِنْهُ فَهُوَ رَدٌّ)) رواه مسلم واتە: هەر كەسێك لەم دینەی ئێمەدا شتێك دابهێنێت و زیادی بكات بە ناوی دینەوە كە لە دینەكە دا نەبێت ئەوە ڕەت دەركرێتەوە و لێی وەرناگیرێت چونكە دین خۆی كامل و تەواوە و هیچ نوقسانیەكی نیە و پێویستی بە پینە و زیادە و بیدعە ناكات، هەروەك خوای گەورە فەرموویەتی:[الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ]المائدة:3 واتە: من ئەمڕۆ دینەكەتانم بۆ كامیل و تەواو كردوون....
كەواتە دەركەوت كە لە دیندا داهێنان بیدعەیە بە ناوی دین نەك لە دونیادا.
بۆ نموونە نوێژی بەیانی دوو ڕكعەتە هەركەسێك ڕكعەتێكی تری بۆ زیادبكات ئەوە بیدعەیە و گومڕاییە، وە هەروەها لە دیندا تەنها دوو جەژنی ساڵانە هەیە، هەر كەسیك جەژنی سەری ساڵ و جەژنی لە دایكبوون زیادبكات ئەوە لێی وەرناگیرێت.
بەڵام هەركەسێك ڕێگا و بانێكی باش یان بینایەكی باش یان سەیارەیەكی باش یان پرۆژەیەكی دونیایی باش بۆ خەڵكی دابهێنێت ئەوە بیدعە نیە بەڵكو كارێكی باشە.
5. بۆچی سەلەفیەكان توندترن لە حزبە ئیسلامیەكان؟!
د.عبداللطيف: پێویستە پێش وەڵامەكە بزانین ئایا ئەو توندییەی لە سەلەفیەكان دا هەیە لە چ بوارێكدایە، بێگومان سەلەفیەكان لە دەست گرتنیان بە قورئان و سوننەت و لانەدانیان بۆ ڕاوبۆچون و قیل و قال بەهێزترن لە حزبە ئیسلامیەكان.
بەو مانایەی كە سەلەفیەكان لانادەن لە بەڵگەی قورئان و سوننەت، وە قسەی هیچ زانا و ئەمیر و ئەمیندارێك ناخەنە پێش قسەی خوا و پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم .
بۆ نموونە پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم فەرموویەتی مۆسیقا حەرامـە سەلەفیەكانیش بە حەرامی دادەنێن و بە فەرمان و ڕاوبۆچونی هیچ سەركردەیەك حەڵاڵی ناكەن، وە چەندان نموونەی تریش، وە ئەم پاپەندبوونەش بە قورئان و سوننەت لە لایەن سەلەفیەكانەوە توندڕەوی نیە بەڵكو پاپەندبوونێكی بە هێزە بە حەق وەك خوای گورە فەرمانی كردووە [خُذُوا مَا آتَيْنَاكُمْ بِقُوَّةٍ ] [البقرة: 63] [خُذِ الْكِتَابَ بِقُوَّةٍ] مريم:12.
وە هەروەها لە لایەكی ترەوە سەلەفیەكان زۆر جەخت دەخەنە سەر تەنها خوا پەرستی و تەنها هاوار كردنە خوا، وە دوور كەوتنەوە لە گشت دیاردەكانی شەخص پەرستی و گۆڕ پەرستی، بەڵام چەندان جار بینیومانە لە كەناڵە ئیسلامیەكان كەسانێكی وا هێنراونەتە سەر شاشە كە بانگەواز بۆ بیدعە وخوڕافە دەكەن، وە ئەگەر پێویستیش بكات ناوی ئەو كەسانە باس دەكەین.
وە هەروەها لە بواری سوننەت و بیدعەدا سەلەفیەكان هەوڵی زیندوو كردنەوەی سوننەت و نەهێشتن و كەمكردنەوەی بیدعە دەدەن لە كاتێكدا حزبە ئیسلامیەكان خۆیان ئاهەنگی بیدعە دەكەن!!
وە ئەمەی سەلەفیەكانیش بە توندڕەوی دانانرێت، بەڵكو ئەوەی حزبیەكان بە كەمتەرخەمی و كورت ڕەوی دادەنرێت.
بەڵام كە مەبەست لە توندڕەوی بریتی بێت لە توندڕەوی و زێدەڕەوی لە تەكفیر دا ئەوە سەلەفیەكان لە حزبە ئیسلامیەكان دورترن لە زێدەڕەوی لە تەكفیر دا، سەلەفیەكان كۆمەڵگە بە موسوڵمان دەزانن و كەسیش تەكفیر ناكەن كە مەرجەكانی تەكفیر كردنی تێدا نەبێت و ڕێگرەكانیشی تێدا هەڵنەگیرابێت بە پێچەوانەی هەندێ لە نوسەر و كەسایەتی حزبە ئیسلامیەكان كە تێیاندا هەیە كۆمەڵگەی وڵاتە ئیسلامیەكان بە كۆمەڵگەی جاهیلی لە قەڵەم داوە و سەركردەی گشت وڵاتە ئیسلامیەكانیشیان بە كافر داناوە و بونەتە هۆی خوێن ڕێژییەكی زۆر.
سەلەفیەكان بەسەدان كتێبیان نوسیوە لە دژی زێدەڕەوی لە تەكفیر و توندڕەوی و كاول كاری و ڕەشە كوژی.
كەوابوو واقیع شاهێدە و نوسرا و كتێبـی هەردوولا شاهێدن لە سەر ئەوەی كە كێ توندڕەوە و كێش میانڕەوە.
6.بۆچی ئەو ئاسانكاریەی كە لای یەكگرتوو هەیە لای سەلەفیەكان نییە؟!
د.عبداللطيف: چونكە ئەوەی كە بە ئاسانكاری دانراوە لە ڕاستیدا ئاسانكاری نیە بە پێوەری شەرع، بەڵكو كەمتەرخەمی و شل ڕەوی و حەڵاڵ كردنی حەرامە، بۆ نموونە:_
1_هەڵبژاردنی كچ و ئافرەتی جوان و ناسك و ڕازاندنەوەیان بۆ خوێندنەوەی دەنگ و باس و هەندێ بەرنامەی تر ئەمە ئاسانكاری نیە بەڵكو بێ شەرعیە!
2_وە پەخش كردنی فیلمی توركی كە كچی سەر و قاچ ڕووتی تێدایە، ئەوەشیان ئاسانكاری نییە بەڵكو حەڵاڵ كردنی حەرامـە.
3_وە مۆسیقا و گۆرانی حەڵاڵ كردنی حەرامە!
4_وە هەروەها چەندان نموونەی تریش كە گوایە ئاسانكاری دەنوێنێت، بەڵام ئاسانكارییەكی حەرام نەك حەڵاڵ .
جا ئەم شێوە بە ناو ئاسانكارییە لە سەلەفیەت دا نییە هەروەك دەبینیـن لە زۆربەی ئەو كەناڵە ئاسمانیانەی كە لە سەر سەلەفیەت حیسابن ئەوە ئەو بێ شەرعیانە نابینرێن، وەك كەناڵی (الاثر) و(المعالی) و (المجد) و.....هتد.
كەواتە ئاسانكردنی ڕاستەقینە بە حەڵاڵ كردنی حەرام نابێت، بەڵكو بە دووری لە زێدەڕەوی و توندڕەوی و بە دەست گرتن بە میانڕەوێتی سوننەت دەبێت، نەك میانڕەوێتی حزبایەتی كە بە مەبەستی ڕاكێشانی گەنجان و خەڵكانێكی زۆر بۆ حزب چەندان حەرام حەڵاڵ دەكرێت بۆ ئەوەی خەڵكی لێیان زویر نەبن و بە ئاسانكار و میانڕەو لە قەڵەمیان بدەن.
7.بۆچی دوای بیست ساڵ و تاكو ئێستاش بەشێك لە حزبە ئیسلامیەكان و سەركردەكانیان، سەلەفیەت بە مەترسی دەزانن و دژایەتیان دەكەن، قسەتان بۆ هەڵدەبەستن؟ وەك لە گۆڤاری چاودێر هەریەك لە مامۆستا علی باپیر و عبدالستاری زاوای و وتەبێژێكی یەكگرتووش لەپەرلەمان سەلەفیەت بە توند ڕەو حیساب دەكەن، وە بەخەراپی دەزانن كە ئەندامەكانیان سەلەفی بن و هەڕەشەی سزادانیان لێ دەكەن كە ببنە سەلەفی؟!
د.عبداللطيف: وەڵامم بۆ ئەو قسانە لە چەند خاڵیكدایە:
یەكەم:كەواتە ئەو بەرێزانە دانیان نا بەوەی كە ئەوان نە سەلەفین وە نە بە سەلەفیش ڕازین، كەواتە ئەمە هەموو ئەو قسانەی پێشووی كەسانێكی كۆمەڵ بە درۆ دێنێتەوە كە گوایە ئەوانیش سەلەفین!
دووەم: لە دوای ئەم قسەیەی ئەم دوو بەڕێزە دەڵێم شەرمەزاری و شورەیی و ڕیسوایییە كە كەسێك خۆی بە سەلەفی بزانێت و لە ناو حزبەكەشیاندا بمێنێتەوە، چونكە ئەوان پێی ڕازی نابن و سەریان پێی بەرز نین و سزاشی دەدەن وەك كاك عبدالستار وتی.
سێهەم: زۆربەی ئەوانەی ئیدیعای سەلەفی دەكەن و ئەمڕۆش بە توندڕەو دادەنرێن لە ناوحزبی كۆمەڵدا لە ڕاستیدا تەكفیرین نەك سەلەفی، چونكە سەلەفیەت توندڕەوێتـی نیە، كەوابوو نەدەبوو م.علی باپیر تۆمەتی توندڕەوێتی بداتە پاڵ سەلەفیەكان، بەڵكو دەبوو ئەم تۆمەتانەی بدایە پاڵ تەكفیریەكانی ناو حزبەكەی خۆی، وە پێویست بوو سەلەفیەتی میانڕەوو تەكفیریەتی زێدەڕەوی لەیەك جیاكردبانەوە. لە كاتێكدا كە من سیانزە یان چواردە ساڵ پێش ئێستا مامۆستا علی پاپیرم وریا كردەوە لە كتێبەكانی ئەبو بەصیری تەكفیری لە هەولێر لە ماڵی ناسراوێكی هەردووكمان كە بەیەكەوە لە وێ دانیشتبووین، كە ئەو ئەو كاتە بە توندڕەوی دانەدەنا تا دوایی خۆشی گەیشتە ئەو قەناعەتە، جا ئایا سەلەفیەكان توند ڕەون؟!
وە هەروەها تەنها یەك شەو و ڕۆژ پێش مردنی مامۆستا مەلا عثمان_ڕەحمەتی خوای لێ بێت_ لە قامیشلی لە ئوتێل بە مامۆستا(عثمان)م وت وریابن لەو فكرە توندڕەویەی كە دزەی كردۆتە ناو بزوتنەوە و گەنجانێكی زۆر هەواداری توندڕەوی و تەكفیر بوونە و كەوتونەتە شوێن كتێبەكانی ئەبو بەصیر و ئەبو قەتادەی فەلەستینی و كەسانێكی تری تەكفیری هاوشێوەی ئەوان!
مامۆستا(عثمان)یش فەرمووی منیش هەستم بەوە كردووە و بە كارێكی زۆر خەراپی دەزانم بەڵام لە دەست مندا نەماوە!
كەواتە ئایا سەلەفیەكان توند ڕەون یان توند ڕەوی لە ناو ئیسلامیەكاندا سەری هەڵدا؟!
وە هەروەها چەندان كتێبم نوسیوە لە دژی زێدەڕەوی لە تەكفیر و تەقاندنەوە و كاول كاری و ڕەشە كوژی، كە لە بەرامبەردا هیچ وریا كردنەوەیەكی وەهامان نەبینـی لە حزبە ئیسلامیەكان بە كتێب و نوسراو، جا ئایا سەڕەڕای ئەوەش ئەوان بوونە میانڕەوو ئێمەی سەلەفیش بە توندڕەو تۆمەت بار كراین، بەڕاستی سەیرە(رَمَتْني بِدائها وانسَلّتْ)
8.باس لەوە دەكرێت سەلەفیەت لە كوردستان لە گەشانەوە دایە، بۆیە لەلایەن حزبە ئیسلامیەكانەوە كار دەكرێت بۆ ناشیرین كردنی كارەكانی ئێوە؟
د.عبداللطيف: سەلەفیەت لە گەشانەوە دایە چونكە زانستی شەرعی لە زیادبوندایە، وە تاكو كۆمەڵگە كۆمەڵگایەكی بە ئاگاو خاوەن زانستی شەرعی بێت ئەوە زیاتر بەرەو سەلەفیەت دەگەڕێتەوە چونكە هەر كاتێك زانست و بەڵگە لە ئارا دا بن ئەوە سەلەفیەت زیاتر دەناسرێت و جوانی و ڕاستێتیەكەی زیاتر بۆ خەڵكی دەردەكەوێت، بەڵام تاوەكو حەماسەت و سۆز و ئاشوب لە ئارا دا بن و باڵ بكێشن بە سەر گەنجاندا ئەوە لە سەلەفیەت دوور دەبن و بەرەو حزبایەتی و توندوتیژی دەڕۆن .
وە بێگومان كاری زۆر كراوە بۆ ناشیرین كردنی سەلەفیەكان، جارێك پێیان دەوترێت بە كرێ گیراو، وە جاری وا هەیە پێیان دەڵێین باوەڕیان بە حوكمی خوا نیە، یان باوەڕیان بە جیهاد نیە یان باوەڕیان بە پیاوچاكان نیە یان باوەڕیان بە ئیمامە سەر مەزهەبەكان نیە، وە یان دژایەتی موسوڵمانان دەكەن، وە یان دەڵێن ئیشیان شەڕواڵ كورت كردن و ڕیش درێژكردنە، وە هەروەها جۆرەها بوهتانی تریشیان بۆ دەكەن، بەڵام ئەم تەم و مژانە هەر دەڕەونەوە و بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێت و پەڵە هەوری هاوینیش بەردەوام نابێت، وە پەتی درۆش كورتە، جا هەر گەنجێك بە تەواوی لە سەلەفیەت بگات ئەوە واز دەهێنێت لە حزبایەتی و دەبێت بە سەلەفی، بەو مانایەی كە شوێن پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم و هاوەڵانی و پێشینە چاكەكان دەكەوێت لە دیندارێتیدا، نەك شوێن من یان مامۆستایەكی تری سەلەفی بكەوێت و هەویەی حزبی بۆ بكرێت، نەخێر سەلەفیەت حزبایەتی نیە و سەركردەی حزب و بەیعەتی تێدا نیە و خەڵك بانگ كردن نیە بۆ لای خۆمان بەڵكو بانگ كردنیانە بۆ ڕێگای ڕاستی خوا و شوێن كەوتنی سوننەتی پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم .