تاقی كردنەوەیەكی ناچاری
بەروار: 2012/05/31سەردارن: 4235نوسەر: وەرگێڕانی بەدەستكاری یەوە:إدریس محمود

الحمد لله، والصلاة والسلام على رسول الله، أما بعد
مرۆڤ لە ژیانیدا بەچەندین تاقی كردنەوەدا تێدەپەڕێت ، كە تاڕادەیەك خۆی تێیدا خاوەن بڕیارە بچێتە تاقی كردنەوەوە یان نەچێت ، بەڵام تاقی كردەوەیەكی تر هەیە كە لەڕاستی دا تاقی كردنەوەیەكی ناچاری یە و هەر دەبێت ئەنجام بدرێت .
لەم تاقی كردنەوەیەشدا سەركەوتوو نابێت مەگەر كەسێك كە ئامادەكاری پێشوەختی بۆ كردبێت و توێشووی بۆ ئامادە كردبێت ، بەڵام ئایا ئەم تاقی كردەوەیە چی یە ؟
تاقی كردنەوەیەكی ناوەندی گشتی یە ؟ یان تاقی كردنەوەیەكی بەكالۆریۆس و ماستەر یان دكتۆرایە؟
تاقی كردنەوەیەكە كە خوێندەوار و نەخوێندەوار بەشداری تێدا دەكات ، تایبەت نیە بە تەمەنێكی دیار كراوەوە ، هەموو كەسێك لە باڵغ بوونەوە دەگرێتەوە تاوەكو مردن ، ئەم تاقی كردنەوەیە شوێنی ئەنجام دانی ئەم دونیایە نیە بەڵكو لە دواڕۆژدایە ، وەكو خوای پەروەردگار فەرموویەتی :[فَلَنَسْأَلَنَّ الَّذِينَ أُرْسِلَ إِلَيْهِمْ وَلَنَسْأَلَنَّ الْمُرْسَلِينَ] (الأعراف: 6). واتە: ئینجا سوێند بێت بەخوا بێگومان پرسیار دەكەین لەوانەی كە پێغەمبەران بۆ ڕەوانەكراوە ، سوێند بێت بەخوا لە پێغەمبەرانيان دەپرسینەوە(دەربارەی هەڵوێستی خەڵكی).
هەروەها فەرموویەتی : [فَوَرَبِّكَ لَنَسْأَلَنَّهُمْ أَجْمَعِين عَمَّا كَانُوا يَعْمَلُونَ] (الحجر: 93). واتە: سوێند بە پەروەردگارت پرسیار لە هەموویان دەكەین بە گشتی لەو كار و كردەوانەی كە دەیانكرد.
هەركەسێك دژایەتی ئیسلام بكات و پێوەی پابەند نەبێت و خەڵكی لێ دوور بخاتەوە ئەوە خوای گەورە پرسیاری لێ دەكات دەربارەی ئەوەی كە كردویەتی ، و وە لەسەر ئەوەش لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكات .
خوای پەروەردگار دەفەرموێت :[وَلَتُسْأَلُنَّ عَمَّا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ] (النحل: 93). واتە : بێگومان پرسیارتان لێ دەكرێت دەربارەی ئەو كارانەی كە ئەنجامتان دەدا.
وە هەروەها فەرموویەتی : [وَلا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ إِنَّ السَّمْعَ وَالْبَصَرَ وَالْفُؤَادَ كُلُّ أُولَئِكَ كَانَ عَنْهُ مَسْؤُولاً] (الإسراء: 36).  واتە : لە شتێك مەدوێ و شوێنی شتێك مەكەوە كە زانست و زانیاریت دەربارەی نیە چونكە بەڕاستی دەزگاكانی بیستن و بینین و تێگەیشتن هەر هەمووی بەرپرسیارە لێی .
وە هەوەرها فەرموویەتی : [فَاسْتَمْسِكْ بِالَّذِي أُوحِيَ إِلَيْكَ ۖ إِنَّكَ عَلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ (٤٣) وَإِنَّهُ لَذِكْرٌ لَّكَ وَلِقَوْمِكَ ۖ وَسَوْفَ تُسْأَلُونَ] (الزخرف: 43-44). واتە: كەواتە تۆ بێ خەمبە و پابەندی ئەوەبە كە نیگات بۆ كراوە ، چونكە تۆ بەڕاستی لەسەر ڕێگایەكی ڕاستیت ، بەڕاستی ئەم قورئانە یادخەرەوەیە بۆ خۆت و قەومەكەت ، لە ئایندەشدا پرسیارتان لێ دەكرێ دەربارەی.

* ئەی برا و خوشكی لاو:

بزانە كە پێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم فەرموویەتی : ((لَا تَزُولُ قَدَمَا عَبْدٍ يَوْمَ الْقِيَامَةِ حَتَّى يُسْأَلَ عَنْ عُمُرِهِ فِيمَا أَفْنَاهُ ، وَعَنْ عِلْمِهِ فِيمَ فَعَلَ ، وَعَنْ مَالِهِ مِنْ أَيْنَ اكْتَسَبَهُ ،وَفِيمَ أَنْفَقَهُ وَعَنْ جِسْمِهِ فِيمَ أَبْلَاهُ)) (رواه الترمذي وصححه الألباني).
واتە : هەردوو پێی بەندە لە ڕۆژی قیامەتدا لە شوێنی خۆی لاناچێت تاوەكو پرسیاری لێ دەكرێت دەربارەی :
تەمەنی لە چیدا تەواو كرد؟
وەزانستەكەی كە لە چیدا كاری پێكردووە؟
وە لە ماڵەكەی كە چۆن دەستی كەوتووە و لەچی دا خەرجی كردووە؟
وە دەربارەی جەستەی كە لەچی دا سەرفی كردووە؟

* بیستت برا و خوشكی لاو؟
دەربارەی تەمەنی گەنجی؟ جا وەڵام بدەرەوە ، چی دەڵێیت بە پەروەردگارت لە ڕۆژێكدا كە هەموو خەڵكی لە گۆڕەپانی لێپرسینەوەدا ڕادەوەستێنرێت ، خەڵكی بە پێی تاوانەكانی خۆیان لە ناو عەرەقدا نوقوم بوون ، كەسی وا هەیە تاوەكو لای هەردوو گوێی عەرەق دایپۆشیوە.

* ئەی براو خوشكی لاو
ئایا بیرت لەو ڕۆژە كردوەتەوە كە پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : [مَا مِنْكُمْ مِنْ أَحَدٍ إِلا سَيُكَلِّمُهُ رَبُّهُ تَعَالَى يَوْمَ الْقِيَامَةِ ، لَيْسَ بَيْنَهُ وَبَيْنَهُ تُرْجُمَانٌ ، فَيَنْظُرُ أَيْمَنَ مِنْهُ فَلا يَرَى إِلا شَيْئًا قَدَّمَهُ ، ثُمَّ يَنْظُرُ أَشْأَمَ مِنْهُ فَلا يَرَى إِلا شَيْئًا قَدَّمَهُ ، وَيَنْظُرُ أَمَامَهُ فَتَسْتَقْبِلُهُ النَّارُ ، فَمَنِ اسْتَطَاعَ مِنْكُمْ أَنْ يَتَّقِيَ النَّارَ وَلَوْ بِشِقِّ تَمْرَةٍ فَلْيَفْعَلْ] (صححه الألباني). واتە: هەر یەكێك لە ئێوە ئیللا خوای گەورە لەڕۆژی قیامەتدا قسەی لەگەڵ دەكات بە بێ ئەوەی وەرگێڕێك لە نێواندا هەبێت ، سەیری لای ڕاستی خۆی دەكات تەنها ئەو كردەوانە دەبینێت كە پێشی خستووە ، پاشان سەیری لای چەپی دەكات هەر ئەو كردەوانە دەبینێت كە پێشی خستووە ، پاشان سەیری پێشی خۆی دەكات ئاگر پێشوازی لێ دەكات ، بۆیە هەركەسێك لە ئێوە دەیەوێت خۆی لە ئاگر بپارێزێت ئەگەر بەلەتە خورمایەكیش بێت با بیكات.
* چیت پێش خستووە.....؟ چیت كردووە بۆ ئەو ڕۆژە گەورە.....؟
* ئایا نوێژ و پەرستن و پابەندبوون بەشەرعی خوات پێش خستووە؟
* ئایا ترسان لەخوا و توڕەیی و سزای خوات پێش خستووە؟
* ئایا دڵت چاك كردووە و یەكلات كردووەتەوە بۆ خوا و پاكت كردۆتەوە؟
* ئایا پەیمانت بەخوا داوە كە ئیتر سەرپێچی نەكەی؟
* ئایا پەیوەست بویتە بەسوننەتی پێغەمبەرەكەت (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) وە كردووتە بە پێشەوای خۆت؟
* ئایا گوێڕایەڵی دایك و باوكت كردووە بەتایبەت لە كاتی پیربوونیاندا؟
* ئایا پارێزگاریت كردووە لە نوێژ و ڕۆژوو و شەو نوێژ و قورئان خوێندن؟
* ئایا بەشداری دەكەیت و دادەنیشت لەو شوێنانەی كە وانەی شەرعی تێدا دەوترێتەوە بۆ ئەوەی فێری دینەكەت ببیت؟
* ئایا بانگەواز دەكەیت بۆ ئاینی خوا ؟
* ئایا تۆ سوریت لەسەر ئەوەی خوا لە خۆت ڕازی بكەیت؟
پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی : (( مَنْ خَافَ أَدْلَجَ ، وَمَنْ أَدْلَجَ بَلَغَ الْمَنْزِلَ ، أَلَا إِنَّ سِلْعَةَ اللَّهِ غَالِيَةٌ ، أَلَا إِنَّ سِلْعَةَ اللَّهِ الْجَنَّةُ )) (صححه الألباني) واتە: هەر كەسێك بترسێت لەسەرەتای شەوەوە بەڕێ دەكەوێت ، هەركەسێكیش سەرەتای شەو بەڕێ بكەوێت دەگات بە مەنزڵ و شوێنی خۆی ، ئاگاداربن كاڵای خوا زۆر گرانبەهایە ، ئاگاداربن كاڵای خوا بەهەشتە.
لە كۆتایدا دەڵێم چیت ئامادەكردووە بۆ ئەو ڕۆژەی كە خوای گەورە دەربارەی دەفەرموێت : [يَوْمَ يَفِرُّ الْمَرْءُ مِنْ أَخِيهِ (٣٤) وَأُمِّهِ وَأَبِيهِ (٣٥) وَصَاحِبَتِهِ وَبَنِيهِ] (عبس: 34- 36).
واتە: ئەو ڕۆژە هێندە ترسناكە برا لە دەستی برای خۆی ڕا دەكات ، هەروەها لەدەستی دایك و باوكی ، لە دەستی هاوسەر و كوڕەكانی...
وَآخِرُ دَعْوَانَا أَنِ الحَمْدُ للهِ رَبِّ العَالمَيِن، وصَلَى اللهُ عَلَى نَبِيِّنَا مُحَمَّد، وَعَلَى آلِهِ وَصَحْبِهِ وَسَلَّم.

بۆ چاپ كردنی ئەم بابەتە و بڵاوكردنەوەی وەكو نامیلكەیەكی بچووك فەرموو لەخوارەوە دایبەزێنە

 

بابەتەکانی تر