بسم الله الرحمن الرحيم
گومانی تێدا نیە كە هەموو موسڵمانان ,بە بێ جیاوازی , پێغەمبەری خوایان خۆش دەوێت وە دەتوانین بڵێین تەنها شتە كە هەموو موسڵمانان لە كۆن و تازە و زانا و خەڵكی سادە و گەورە و بچوك لە سەری كۆك و هاوڕا بن سەرەڕای جیاوازیان لە زۆر بوارەكانی تری بیروباوەڕ و شتەكانی تردا , ئەگەر چی جیاوازی لە ڕادەی بەكردار (تطبيق) كردنی ئەم خۆشەویستیە شتێكی بەر چاو و هەست پێ كراوە , هەر بۆیە دەبینین خەڵكانێك ئەو خۆشەویستیە بە خۆپیشاندان و ئاژەوە گێڕی و هاوار كردن دەردەبڕن , بە پێچەوانەشەوە خەڵكانێكی تر بە گۆرانی وتن و ئاهەنگ گێڕان و شرینی بەخشینەوە خۆشەویستی دەردەبڕن بە بێ گوێ دانە ئەوەی كە ئایا ئەو كارانە لەگەڵ شەرعدا یەك دەگرنەوە یان نا ؟! لە بەرامبەر ئەمانەش موسڵمانێكی زۆری ورە ڕووخاو هەن كە دەڵێن ئێمە دەسەڵاتی هیچمان نیە و هیچمان پێ ناكرێت .
بەڵام موسڵمانی ژیر نابێت لە هیچ كام لەم دوو جۆرە بێت ,نە كارێك بكات كە سوودی بۆ دونیا و دوا رۆژی نیە بەڵكو دەبێتە زیاتر تۆرانی خەڵی لە ئیسلام و ناشرینكردنی و هۆكار دانە دەست دوژمنان وناحەزانی ئیسلام و پێغەمبەرەوە بۆ هێرش كردن وە زیاد لەوەش هیچ مانایەكی خۆشەویستی و سەرخستنی تێدا نیە بۆ پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ,هەروەك نابێت داماوانە دابنیشێت و بڵێت من هیچم پێ ناكرێت ,چونكە هەمووان دەزانین كە گەورەترین بەڵگە و نیشانە بۆ خۆشویستنی هەر كەسێك بریتیە لە شوێنكەوتن و چاولێكردن و هەنگاو نان بە پێی ویست و حەزی خۆشەویست. هە بۆیە دەڵێین با هەر یەك لە ئێمەی موسڵمان كە پێغەمبەری خوامان صلى الله عليه وسلم خۆش دەوێت كارێك ئەنجام بدەین كە بەڵگە بێت لە سەر ئەو ئیدعایە و سوودی دواڕۆژی تێدا بێت بۆمان , ڕێگاكانیش بۆ سەلماندنی ئەو خۆشەویستیە زۆر زۆرن بە پێی توانا و پلە و پایە و گەورە و بچوكی دەگۆڕێن بەڵام ئەوەی من مەبەستمە بیخەمە بەردەم خوێنەرانی خۆشەویست ئەوەیە كە ئەوەی من دیاریم كردووە بە هەموو كەسێك دەكرێت , گەورە و بچووك , خوێندەوار و نەخوێندەوار , كچ و كوڕ , كرێكار و مامۆستا , دەوڵەمەند و هەژار ... هتد وە بە ویستی خوای گەورە سودی دواڕۆژی تێدایە بۆ هەمووان, كە ئەویش بریتیە لە ئەنجام دانی دوو كار :
* تەوبە كردن و گەڕانەوە بۆ لای خوای گەورە لە تاوانێك , بە تایبەت تاوانە گەورەكان و بەیەكجاری وازهێنان لەو تاوانە .
*جێبەجێكردنی یەكێك لە سوننەتەكانی پێغەمبەری خۆشەویست صلى الله عليه وسلم بە تایبەت ئەو سوننەتانەی كە زۆرینەی خەڵكی پشتیان لێ كردوە و نامۆ بووە .