الحمد لله وحده ، و الصلاة والسلام على من لا نـبـي بعده :
لەبەر كردنی جلی شۆڕ لە خوارووی قاپدان (قولەپێ) وە چ بۆ فیز و تەكەبور لەبەر بكرێت ، یان وەكو خویەك یان وەكو دابونەریت هیچ فەرقی نیە و تاوانێكی زۆر گەورەیە و چەندین فەرموودە لەسەر ترسناكی تاوانی لەبەركردنی ئەم جۆرە جل و بەرگە هاتووە ، ئەم جۆرە جلەیش پانتۆڵ و شەرواڵی كوردی و دشداشەیش ئەگرێتەوە . لەو فەرمودانەش لەبارەی جلی شۆڕەوە هاتوون :
1 / پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم ئەفەرموێت: سێ جۆر كەس هەن لە قیامەتدا خوای پەروەردگار نایاندوێنێ و ڕویان تێناكاو لە تاوان پاكیان ناكاتەوە و سزایەكی توندیان دەبێت ... كەسێك جلی شۆڕ لەبەر بكات .
2/ پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم ئەفەرموێت: ئەو جل و بەرگەی لە خوار قاپدانەوە بێت ئەوە لە ئاگردایە .
(لێرەدا مەبەست پێی ئەو كەسەیە كە جلەكەی شۆڕ كردۆتەوە لە ئاگردایە ) .
3/ لە هبیب بن مغفل رضي الله عنه ئەفەرموێت گوێم لە پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم بوو ئەیفەرموو : هەركەسێك بۆ فیز و تەكەبور جلەكەی ژێر پێی بكەوێ ئەوا ژێر ئاگر دەكەوێ .
4/ لە ابن مسعود ەوە ئەفەرموێت : گوێم لە پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم بوو ئەیفەرموو : هەركەسێك بە جلی شۆڕەوە نوێژ بكات بۆ فیزو تكبر ئەوە باوەڕی بە حەڵاڵ و حەرامی خوا نیە .
5 / پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم فەرمویەتی : ئامان نەكەی جلەكەت شۆڕبكەیتەوە چونكە شۆڕی جل لە فیز زلیە ، وە خوای پەروەردگاریش پێی خۆش نیە .
جێگەی خۆیەتی ئاماژە بكەین بەوەی كە فەرمودەی ژمارە ( 3 و 4 ) هەندێك خەڵكی نەفامی ناشارەزا ئەیكەنە بەڵگە بۆ ئەوەی ئەگەر بۆ فیز و تەكەبور نەبێ ئاساییە ، بەڵام ئەمە دەعوایەكی پوچەڵە چونكە لە فەرمودەی ژمارە ( 1 و 2 ) بە هیچ شێوەیەك باسی تەكەبور و فیز زلی تیا نیە ، تەنانەت لە فەرمودەیەی ژمارە (5) پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم زۆر بە ڕاشكاوانە تەئكید ئەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە خودی جل شۆڕیەكە لە تەكەبور و فیز زلیە هەروەك ئەفەرموێ : ئامان نەكەی جلەكەت شۆڕبكەیتەوە چونكە شۆڕی جل لە فیز زلیە ، وە خوای پەروەردگاریش پێی خۆش نیە .
دەبینین لەم فەرمودەیە هیچ باسی فیز و تەكەبوری نەكردووە بەڵكو بە پێچەوانەوە خودی جل شۆڕكردنەوەكەی بە فیز و تەكەبور ناوبردوە .
لەم فەرمودانەوە گەورەیی تاوانی لەبەركردنی ئەو جۆرە جلانەمان بۆ دەردەكەوێ كە هۆكاری چونە ئاگرن ، و خوای پەروەردگار ناڕوانێ بۆ لەبەر كەری و نایدوێنێ و لەتاوان پاكی ناكاتەوە ، تەنانەت لە فەرمودەیەكیان خودی ئەو جۆرە جلە بە فیز و تەكەبور ناوی هاتووە با ئەوەش لەبەری بكات ئیدعای ئەوە بكات كە بۆ تەكەبور نیە ، ئەم كردەوەیەش خوا پێی خۆش نیە ، جلێكیش خوا پێی خۆش نەبێ چۆن لەو كاتە لەبەری ئەكەیت كە لەگەڵ خوادا قسە دەكەیت و لێی دەپاڕێیتەوە كە نوێژكردنە ؟
زانایانیش زۆر بە توندی باسی ترسناكی ئەم جۆرە جلەیان كردوە و بە حەرام و تاوانی گەورە دایان ناوە با بۆ تەكەبوریش نەبێ :
پێشەوا شەوكانی لە (نیل الاوطار(1/641)) ئەفەرموێ : هەندێك لە پاشینان هەستاون بە نوسینەوەی نوسراوێكی درێژ كە تیایدا جل شۆڕی بە ڕەهایی یەكلا كردۆتەوە كە حەرامە .
وە الحافظ لە (الفتح))(10/275 ) ئەفەرموێت : بەڵام سەبارەت بە جل شۆڕی بۆ جگە لە فیز زلی و تەكەبور روكەشی فەرمودەكان ئەوە دەگەیەنێت كە ئەویش حەرامە ، پاشان فەرموی : وە لایەنی حەرامێتی پێشدەخرێ ، لە لایەكی تریشەوە جێگەی توش بونە بە فیز زلی ، هەروەك ابن العربی فەرمویەتی : دروست نیە موسڵمان جلەكەی ئەوەندە شۆڕ بكاتەوە بە شێوەك بكەوێتە خوار قاپە ڕەقەیەوە ، وە بشڵێ من ئەو كارەم بۆ فیز زلی نیە ، چونكە یاساغی كردنەكە ئەوەش دەگرێتەوە هەروەكو لە گۆی وشەكەوە دەردەكەوێ . وە ناشبێ ئەو كەسەی كە گۆی وشە بیگرێتەوە لە حوكم دا بڵێت من ئەوە جێبەجێ ناكەم لەبەر نەبونی هۆكارەكەی لە مندا ـ كە فیز زلیە ـ چونكە دەعوایەكی باوەڕ پێنەكراوە . بەڵكو خودی شەرواڵ درێژیەكەی بەڵگەیە لەسەر فیز زلی و تكبری .
كەواتە ئەوانەش ئەڵێن بۆ تكبر لەبەری ناكەین ناتوانن بیسەلمێنن لەبەر دوو هۆ .
یەكەم / ئەوەی ئەیڵێن تەزكیەی نەفسە خوای پەروەردگاریش ئەفەرموێ : [ فَلَا تُزَكُّوا أَنفُسَكُمْ هُوَ أَعْلَمُ بِمَنِ اتَّقَى ] (النجم :32)
دووەم / ئەگەر بۆ تكبر نیە با تەنها جارێك بتوانن و دەست لەو جۆرە جلانە هەڵ بگرن و لەبەری نەكەن .
لەلایەكی تریشەوە لەبەركردنی ئەم جۆرە جلانە بۆ پیاوان حەرامە ، چونكە خۆ چواندنە بە ئافرەتان ، هەروەك لە (ابن عمر) ەوە هاتووە ئەفەرموێت : پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم فەرمویەتی : هەركەسێك بۆ فیز و تەكەبور جلەكەی شۆڕبكاتەوە خوای پەروەردگار لە ڕۆژی دواییدا تەماشای ناكات ( أم سلمة ) فەرموی : ئەی ئافرەتان چی بە پاڵدمی كراسەكانیان بكەن ؟ فەرموی : با بستێك شۆڕی بكەنەوە أم سلمة فەرموی : كەواتە پێكانیان دەر دەكەوێت ؟! ئەویش فەرمووی : با باڵێك شۆڕی بكەنەوە ، و لەوەش زیاتر شۆڕی نەكەنەوە (سلسلة الأحاديث الصحيحة : 1864 ) .
بەڵام بە پێچەوانەی ئەم فەرمودەیە ئێستا ئافرەتان جلەكانیان كورت دەكەنەوە و پیاوانیش شۆڕی دەكەنەوە .
لەو فەرمودەی سەرەوە بۆمان دەردەكەوێت بەدەر لەوەی ئەو جۆرە جلانە بۆ پیاوان حەرامە لە لایەكی تریشەوە خۆچواندنە بە ئافرەتان ، خۆ چواندن بە ئافرەتانیش لەعنەتی لەسەر هاتووە . هەروەك پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم ئەفەرموێت : ((لَعَنَ اللهُ المُتَشَبهِينَ مِنَ الرّجالِ بالنّسَاءِ)) .واتە : خوای پەروەردگار لەعنەتی كردوە لەو پیاوانەی خۆیان بە ئافرەتان ئەچوێنن .
لەعنەتیش واتە بێ بەشبون لە ڕەحمەتی خوا ، ئاخۆ موسڵمان گەر ژیر بێت چۆن خۆی بەر لەعنەت دەخا و خۆی دەكاتە هاوتای شەیتان ؟!
دەرئەنجام دەگەینە ئەوەی كە لەبەركردنی ئەم جۆرە جلە لە دوو ڕووەوە تاوانە :
یەكەم / بە دەقی فەرمودەی صحیح یاساغی لێكراوە
دووەم / خۆچواندنە بە ئافرەتان و لەعنەتی لەسەر هاتووە .
وە سەبارەت بە تاوانی گەورە زانایان فەرمویانە : لە نیشانەكانی تاوانی گەورە ئەوەیە ئەگەر بەڵێن بدرێ بە ئەنجامدەری بە ( چوونە ئاگر و دەركردن لە ڕەحمەتی خوا و لەعنەت ) ، یان هاوشێوەیان ، وە هەر یاساغیەك بەڵێنی تیابوو بە چونە ئاگر ئەوا لە ریزی گەورە تاوانەكان حسابی بۆ دەكرێ ، پەیامبەری خوایش صلی الله علیه وسلم فەرمویەتی : ((أسفل الكعبين من الازار فى النار)) بۆیە ئەگەر كارێكی سوننەت بوایە ئەوا بەڵێنی چوونە ئاگر نە ئەدرا بە ئەنجامدەری ، چونكە بەڵێنی چونە ئاگر لەسەر وازهێنان لە سوننەت نادرێ .
لەوەی باسمان كرد بۆمان دەركەوت كە لەبەركردنی جلی شۆڕ بۆ پیاوان لەلایەكەوە حەرامە وە لەلایەكی ترەوە خۆ چواندانە بە ئافرەتان و لەعنەتی لەسەر هاتووە .
وَآخِرُ دَعْوانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمينَ