الحمد لله حمدا يبلغ رضاه، وصلى الله على أشرف من اجتباه، وعلى من صاحبه ووالاه، وسلم تسليما لا يدرك منتهاه
قورئان هەمووی وتەی خوای پەروەردگارە و لە ڕێگەی جبریلەوە – علیە السلام – ناردوویەتیە خوارەوە بۆ پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم ، بۆ ئەوەی خەڵكی لە :
گومڕاییەكانی كوفر و شیرك و ستەمەوە دەربكات بۆ ڕووناكیەكانی یەكتاپەرستی و باوەڕ و دادپەروەری .
خەڵكی لە بەندایەتی بەندەكان ڕزگاربكات بۆ بەندایەتیكردن بۆ خوای بەندەكان .
خەڵكی لە ڕەوشت نزمی و خراپەكاری دەربكات بۆ ڕەوشت بەرزی و چاكەكاری .
ئەم قورئانە پیرۆز و پڕ بەرەكەتە هەر سورەت و ئایەتێكی بخوێنیتەوە خێر و پاداشتی گەورەت دەست دەكەوێت بەڵام هەندێك سورەتی تێدایە تایبەتمەندی زیاتری هەیە و خوێنەرەكەی پاداشتی زیاتری دەست دەكەوێت ، یەكێك لەو سورەتانەش سورەتی مولكە .
سورەتی مولك باسی چی دەكات؟
باسی چەندین بابەتی گەورە دەكات هەندێك لەوانە :
1 . دەسەڵاتی خوا سبحانە لەوەی كە موڵكی بە دەستە و مردن و ژیانی بۆ تاقیكردنەوە دروست كردووە ، و ئاسمانەكانی بەڕێك و پێكی بەدیهێناوە .
2 . باسی سزای بێباوەڕان دەكات كە دەخرێنە ناو دۆزەخەوە لەكاتێكدا كە دۆزەخ ناڵەو قیژەی لێوە دێت ، و لە ڕق و قینی بێباوەڕان و تاوانباراندا خەریكە پارچە پارچە ببێت ، ئەوسا لەو بارە ناڕەحەتەدا دۆزەخیەكان دان بە تاوانەكانی خۆیاندا دەنێن و پەشیمانی دەكێشن و دەڵێن : ئەگەر گوێمان بگرتبایە و ژیریمان بە كاربهێنایە ئەوا لە جێنیشانی دۆزەخ نەدەبووین بەڵام پەشیمان بوونەوە لە كاتی خۆیدا نەبێت سوودی چیە ؟ هیچ ...
3 . باسی پاداشتی ئەو كەسانە دەكات كە لە پەنهانیدا و لەكاتێك دا چاوی خەڵكیان لەسەر نیە لە خوا دەترسن و خۆیان لە تاوان بە دوور دەگرن ، لێخۆشبوون و پاداشتی زۆر گەورە چاوەڕوانیان دەكات كە بریتیە لە بەهەشتێك پانتاییەكەی ئەوەندەی پانتایی ئاسمانەكان و زەوییە و ئەوەی نەفس حەزی لێبكات و چاو پێی ئۆقرە بگرێت تێیدایە و بەهەمیشەیی تێیدا دەمێننەوە .
پاداشتی خوێندنی سورەتی مولك
1 . پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی :((سورة من القرآن ثلاثون آية تشفع لصاحبها حتى تغفر له ( تبارك الذي بيده الملك ) ))
( صحيح الجامع : رقم 2027 ) . واتە : سورەتێك هەیە لە قورئاندا سی ئایەتە شەفاعەت و تكا بۆ خاوەنەكەی دەكات تاوەكو خوا سبحانە لێی خۆش دەبێت ئەم سورەتەش بریتیە لە (تبارك الذي بيده الملك) .
2 . ( ابن مسعود ) خوای لێ ڕازی بێت فەرموویەتی : ( هي المانعة بإذن الله – عزوجل - من عذاب القبر ) ( إسناده حسن / السلسلة الصحيحة : رقم 1140 ) . واتە : ئەم سورەتە ڕێگرە لە سزای گۆڕ .
3 . ( جابر )ی كوڕی ( عبدالله ) دەفەرموێت : ( كان رسول الله لا ينام حتى يقرأ ( ألم تنزيل ) السجدة ، و ( تبارك الذي بيده الملك) ( صححه الألباني في السلسلة الصحيحة : رقم 585 ) .واتە : پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) نەدەخەوت تاوەكو ئەم سورەتەی نەخوێندایە ( السجدة ) و ( الملك ) .
ئایا لە دوای بیستنی ئەم فەرموودانە دڵت داوای خوێندنی ئەو سورەتەت لێدەكات ؟
ئەگەر ( بەڵێ ) ئەوە نیشانەی زیندوویەتیەتی و بەقسەی بكە و شەوان پێش خەوتنت بیخوێنە بۆ ئەوەی لە سزای گۆڕ ڕزگارت ببێت و شەفاعەتت بۆ بكات .
ئەگەر ( نەخێر ) ئەوە نیشانەی نەخۆشیەتی بۆیە هەستە بە چارەسەركردنی پێش ئەوەی بمرێت .
والحمدلله والصلاة والسلام على رسول الله